هەستکردن بە تاوان چ کاتێک باشە؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2024-05-26-18:41:00 - کۆدی بابەت: 12999
هەستکردن بە تاوان چ کاتێک باشە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

هەستکردن بە تاوان چ کاتێک باشە؟ (بە ئینگلیزی: When is it okay to feel guilty. بە عەرەبی: متى يكون من الجيد الشعور بالذنب). کاتێک هەواڵێکی ناخۆش دەبیستیت یاخود هاوار بەسەر کەسێکدا دەکەین، یان دڵی کەسێک دەشکێنین، دواتر هەست بە تاوان دەکەین یاخود ئازاری ویژدانمان هەیە. هەستەکان وەک تابلۆ ڕێنیشاندەرەکانن کە ڕێگای ڕاستی ژیانمان پێ پیشان دەدەن، کاتێک هەستی کەسێک بریندار دەکەین هەست بە تاوان دەکەین.

هەستکردن بە تاوان چییە؟

کاتێک بنەما ئەخلاقییەکان و بنەماکانی کەسێتی دەخەیتە ژێر پێتەوە، هەست بە تاوان دەکەیت و ئازاری ویژدانت بۆ دروست دەبێت. هەندێک کاتیش کەسانی تر پەیڕەوە مرۆڤییەکان دەخەنە ژێر پێیان و تۆش لەبەر ئەو ڕەفتارە ناشرینانەیان ناچاریت بەشێوازێکی تر ڕەفتاریان لەگەڵدا بکەیت و هەربۆیە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دواتر تووشی ئازاری ویژدان ببیت.

ئەو هۆکارانەی کە کاریگەری دەخەنە سەر بڕی هەستکردن بە تاوان

بڕی هەستکردن بە تاوان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و پەیوەستە بە کەسایەتی و ئەو ژینگەیەی ئەو کەسە تێیدا گەورە بووە. بۆ نموونە ئەو کەسانەی زۆر هاوسۆزن و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەهێزیان هەیە زیاتر لەوانی تر دووچاری هەستکردن بە تاوان دەبنەوە، و ئازاری ویژدانیان زیاتر بۆ دروست دەبێت. کەسانی ناکۆمەڵایەتی و لووتبەرز کەمتر ئازاری ویژدانیان دەبێت و هەست بە تاوان دەکەن.

ئەم بابەتە تا ئاستێکیش پەیوەندی بە شێوازی تەربێتکردنی منداڵەوە هەیە. ئەو منداڵانەی کە هەر لە منداڵییەوە فێردەکرێن بەرپرسیارێتی هەڵەکانیان لە ئەستۆ بگرن، لە کاتی گەورەییاندا دەبنە کەسێک کە دوای هەڵەکردن تووشی ئازاری ویژدان دەبن و بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر کارێک دەکەن.

هەستکردن بە تاوان چ کاتێک باشە؟

کەمترین کەس بیریان لەوە کردووەتەوە کە دەکرێت هەستکردن بە تاوان سوودیشی هەبێت، هەستکردن بە تاوان وەک پارچە سکەیەکە کە دوو ڕووی هەیە، ڕوویەکی ئەرێنی و ڕوویەکی نەرێنی ئەوە خۆتیت کە هەڵیدەبژێریت سوود لە کام ڕوویان وەربگریت. بۆیە هەستکردن بە تاوان کاتێک باشە کە:

  • بەباشی جیاوازی نێوان ڕاست و هەڵە جیابکاتەوه.
  • هەستە ناخۆشەکە لە مێشکماندا بمێنێتەوە و ڕێگر بێت لە دووبارەکردنەوەی هەڵە.
  • ببێتە هۆکارێک کە بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێیت بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەکەت
  • ببێتە هۆی هاودەردیکردن لەگەڵ کەسی ستەم لێکراو.
  • بەهۆی ئەم هەستەوە دەستپێشخەر بیت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت باشتر و پتەوتر بکەیت.
  • کاتێک هەواڵێکی خراپ دەبیستیت هەستێکی ناخۆشت لا دروست ببێت و تەواوی هەوڵت بدەیت بۆ هاوکاریکردنیان.

نموونەیەکی کاریگەری ئەرێنی هەستکردن بە تاوان

بۆ نموونە یەکێک لەو شتانەی کە زۆرجار مرۆڤ هەست بە تاوان دەکات بۆی سروشتە. وەک دەزانین مرۆڤ بۆ ئەوەی زۆرینەی نیازەکانی بەدیبهێنیت زیان بە سروشت دەگەیەنێت، کە ڕەنگە بەهۆی ئەمەوە ئازاری ویژدانی بۆ دروست ببێت و هەست بە تاوان بکات. کە ئەم هەستە وادەکات کارێک بکەیت بۆ پاراستنی سروشت، بۆ نموونە کاتێک بۆ سەیران و گەشتوگوزار دەچیتە دەرەوه هەمیشە عەلاگەت پێیە و زۆر وریای لەوەی هیچ زبڵ و پیسییەک لە دەرەوە بەجێ نەهێڵیت و ژینگەکە بپارێزیت. 

کێشەی هەستکردن بە تاوان بە ڕێژەیەکی زۆر

هەستکردن بە تاوان کاتێک زیاد دەکات کە ماوەیەکی زۆر بیری لێ بکەیتەوە، بەردەوام گوێگرتن و بەدواداچوون بۆ هەواڵ، دووبارەکردنەوەی هەڵە، ئەمانە وردە وردە هەستێکی تاوانی زۆر دەدەن بە بەرانبەر. دوو گروپ لە کەسەکان بەهۆی هەستکردن بە تاوانەوە تووشی کێشە دەبن، گروپی یەکەم کەسانێکن کە هەمیشە ئازاری ویژدانیان هەیە و پێیان وایە کەسێکی باش نین. گروپی دووەم کەسانێکن کە بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەکی زۆرەوە تووشی ئازاری ویژدان دەبن. بۆ نموونە کاتێک کۆتایی بە پەیوەندییەک دەهێنن، بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە پای شکانی دڵی کەسی بەرانبەر بەردەوام دەیانەوێت یارمەتی کەسەکە بدەن.

ئەم دوو گروپە هەرچەندیش کە هەوڵ بدەن ئازاری ویژدانیان کەم ناکات و تەنها زیانیان پێ دەگات. گروپی یەکەمیان هەدمیشە پێیان وایه کە شایەنی پەیوەندی باش، کاری گونجاو، هەر بەدەستهێنانێکی تریان نییە. گروپی دووەمیش خۆیان دەکەن بە قوربانی بۆ کەسی بەرانبەریان کە لەوانەیە لە کۆتایدا دووچاری نەخۆشی دەروونی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ببن.

ڕێگیکردن لە هەستکردن بە تاوانی زۆر

جیاوازی نێوان هەستکردن بە تاوانی باش و خراپ، دەستپێشخەرییە. کاتێک لە حاڵەتێکدا دەستپێشخەرییەکی جوان و لە کاتی خۆیدا دەکەیت هەست بە گرنگی دەکەیت و ئیتر هەستکردن بە تاوانت کەم دەبێتەوە. کاتێک هەڵەیەک بەرانبەر کەسێک دەکەیت داوای لێبووردنی لێ بکە و دیاری پێشکەش بکە یاخود باوەشی پێدا بکە و دڵنیابەرەوە لەوەی کە تۆی بەخشیووە. پاشان ئیتر بیری لێ مەکەرەوە چونکە ئەوەی لەسەر تۆ بووە بەجێت گەیاندووە.

ئەگەریش هەستکردن بە بەرپرسیارێتی زۆرت وات لێ دەکات ئازاری ویژدانت زۆربێت، هەمیشە لە هەر حاڵەتێکدا ئەوەی بە تۆ دەکرێت و لە تواناتدا هەیە بیکە و ئەگەر بەدڵی تۆ نەبوو خۆت سەرزەنشت مەکە. چونکە تەواوی توانای خۆتت خستووەتە کار و ئیتر پێویست بە هەبوونی ئازاری ویژدان ناکات.


سەرچاوەکان



1731 بینین