خراپترین ئاکارەکان لە نێوان ژن و مێرد بەرانبەر یەکتری

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-05-29-21:14:00 - کۆدی بابەت: 13048
خراپترین ئاکارەکان لە نێوان ژن و مێرد بەرانبەر یەکتری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خراپترین ئاکارەکان لە نێوان ژن و مێرد بەرانبەر یەکتری (بە عەرەبی: أسوأ سلوك بين الزوج والزوجة تجاه بعضهما البعض، و بە ئینگلیزی: The worst behavior between husband and wife towards each other)، لەگەڵ پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەکەوێتە سەرشانت بۆیە دەبێت توانای هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتی و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەت هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری بریتییە لەوەی کە مرۆڤێکی تر دێتە ژیانت. 

خراپترین ئاکارەکان لە بەرانبەر هاوسەرەکەتدا

١- پشتگوێ خستن (گرنگی پێنەدان)
ئەو ئاکارە ناشیرینەیە کە زۆربەی هاوسەرەکانی ئێستە پێوەی دەناڵێنن، پشتگوێ خستن لەلای هاوسەرەکان پێناسە کراوە بە (نەویستن) واتا کەسی بەرانبەر تۆی ناوێت. سەرەتای هەستکردن بە پشتگوێ خستن لە بێزارییەوە سەرهەڵدەدات واتا کاتێک ڕەگەزی بەرانبەر بێزاری خۆی دەردەبڕێت بەرانبەر بە تۆ، ئەوا هەوڵبدە هەرچی زووە دڵی بە دەست بهێنیتەوە و شتانێک بکە کە دڵخۆشی بکەیت هەتا نەگاتە کاتی پشتگوێ خستن و هاوسەرگیرییەکەتان هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها پشتگوێ خستن هۆکاری سەرەکییە بۆ خیانەتکردن لە لایەن کەسی بەرانبەرەوە.

٢- ئالوودەبوون بە شتانێک جگە لە هاوسەرەکەت
ئالوودەبوون بە هەرشتێکەوە بێت جگە لە هاوسەرەکەت دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ جیابوونەوە و دوور کەوتنەوە لە هاوسەرەکەت. لیزار بەهار چارەسەرکەری مۆڵەتپێدراو بۆ هاوسەرگیری خێزان لە شاری نیوپۆرت بیچ ‎دەڵێت: "ئالوودەبوونەکەت بە خێرایی دەبێتە لایەنی سێیەم لە ژیانی هاوسەرگیریتدا". بۆ نموونە ئالوودەبوون بە (سۆشیال میدیا، مۆبایلە زیرەکەکەت، چوونە دەرەوەی شەوان و درەنگ گەڕانەوە بۆ لای خێزانت، گرنگیدان بە کەسانی تر، خواردنەوە کحولیەکان، قومارکردن،... چەندانی تر). ئالوودەبوون وات لێ دەکات زیاتر سەرنجت لەسەر ئەو شتە بێت کە ئالوودەی بوویت نەک هاوسەرەکەت هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندی خێزان.

٣- دوورکەوتنەوە لە سەرجێیکردن (سێکس)
ئەگەر لە ماوەی پەیوەندی هاسەرگیریدا سەرجێیکردنت لەگەڵ هاوسەرەکەت کەم بووەوە یان بوونی نەما، ئەوا ڕەنگە هاوسەرگیرییەکەت بەرەو کۆتایی بڕوات. لەبەرئەوە ئازاردانی دەروونی هاوسەرەکەت بە ڕێگری کردنی لە سەرجێیکردن دەبێتە هۆی ئەوەی کە هاوسەرەکەت لێت دووربکەوێتەوە. ڕاوێژکارێکی تری خێزانی بە ناوی تێسینا دەڵێت: "پێویستە هەستێکی باشتان هەبێت بەرانبەر بە یەکتر بۆ ئەوەی هەمیشە پێکەوە بمێننەوە، خۆ ئەگەر بەردەوام شەڕ بکەن و ڕەخنە بگرن لە یەکتر و بە شێوازێکی نەرێنی بیر بکەنەوە بەرانبەر یەک ئەوا ناتوانن نزیکی یەک بن و دڵخۆشی بە یەک ببەخشن".

بەپێی توێژینەوەیەکی کە لە ساڵی ٢٠١٣ لەسەر ژن و پیاوی تەمەن ٢٠-٤٩ ساڵ کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی مێشک لە زانکۆی پزیشکی ڤێیەنا ئەنجامدراوە، باوەشکردنێک کە ١٠ چرکە یان زیاتر بخایەنێت دەتوانێت پەستانی خوێن داببەزێنێت و هۆرمۆنی هەستکردن بە باشی ئۆکسیتۆسین دەربدات و لە هەمان کاتدا ئاستی هۆرمۆنەکانی شڵەژان کەمدەبێتەوە. 

٤- مامەڵەکردن لەگەڵ هاوسەرەکەت وەک دوژمن
جۆن گۆتمان نووسەری کتێبی (بۆچی هاوسەرگیرییەکان سەرکەوتوو دەبن یان شکست دەهێنن) لە ماوەی دوو دەیەدا لێکۆڵینەوەی لە نێوان ٢٠٠٠ هاوسەر کردووە و بۆی دەرکەوت کە سووکایەتی کردن بە یەکتر، ڕەخنەگرتنی زۆر و بێمانا و بەرگریکردن لە خۆت لەکاتێکدا هەڵەیت لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی جیابوونەوە. ئەم هەڵوێستە نەرێنیانە کاتێک دێنە ناو هاوسەرگیرییەوە کە ئێمە لە یەکتر بێزار دەبین.

٥- ڕێگەدان بە کەسێک بێتە نێوان تۆ و هاوسەرەکەت
تەنانەت ئەگەر لە دایک و باوک و خوشک و براکانت نزیک بیت، کاتێک باس لە ئەولەویەتەکانت دەکەیت هێڵێک بکێشە، و کاتێک هاوسەرگیری دەکەیت تۆ خێزانێکی تایبەت بە خۆت دادەنێیت کەواتە هاوسەرەکەت لە پێش هەموو شتێکەوەیە. لەکاتی ڕوودانی کێشەیەک لە نێوان خۆت و هاوسەرەکەتدا یاخود بوونی هەر شتێکی نەرێنی پێویست ناکات خێزانەکەت بزانن و ببن بە لایەنی سێیەم.

٦- بەکەم زانینی هاوسەرەکەت و خێزانی هاوسەرەکەت
لە کاتێکدا هاوسەرگیری دەکەیت لەگەڵ کەسێکدا تۆ دوور دەکەویتەوە لە خێزانەکەت و دەچیتە ناو ژیانێکی نوێ و تازەوە، دەبێت لەگەڵ خێزانی هاوسەرەکەت بەڕێز و باش بیت و لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وریا و تێگەشتوو بیت و دەبێت لایەنی بەرانبەریش لەگەڵ خێزانەکەی تۆدا بە هەمان شێوە بێت. بەکەم زانینی هاوسەرەکەت واتا کەمی خودی کەسەکە خۆی چونکە ئەو کەسەی بۆتە هاوسەرت هەڵبژاردەی خۆت بووە و دەبێت ڕێزی لێبگریت، چونکە بەکەم زانین دەبێتە هۆکاری درووستبونی کێشە و ناکۆکی لە نێوان هاوسەرەکان و ڕێگا ئاسان دەکان بۆ جیابوونەوەیان.

٧- ڕەتکردنەوەی چارەسەرکردنی کێشەکان

کاتێک هاوسەرەکان دەرگای گفتوگۆ بەڕووی یەکتر دادەخەن کێشەکان هەتابێت گەورەتر دەبێت و دەبێتە هۆی بێزاری و گرنگی پێنەدانی یەکتر و زیاتر زیان بە پەیوەندییەکە دەگەیەنن. زۆرێک لە هاوسەرەکان وا خۆیان نیشان دەدەن کە هەموو شتێک باشە بۆ ئەوەی ڕووبەڕوو یەکتر نەبنەوە. لەکاتێکدا ئەمە زۆر هەڵەیە چونکە دەبێتە هۆکار بۆ داخستنی دەرگای گفتوگۆ و چارەسەرنەکردنی کێشەکان و دەست تێوەردانی لایەنی سێیەم.

٨- پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی هاوسەرەکەت
ئەو ڕەفتارەی کە هەرگیز کەسێک ناتوانێت لە بەرانبەر هاوسەرەکەیدا بەرگەی بگرن بریتین لەوەی کە بە مەبەست پێداویستییەکانی هاوسەرەکەی پشتگوێ بخات. ئەمەش کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی لایەنی بەرانبەر دەبێت ئەگەر پشتگوێ بخرێت، ئەم ڕەفتارە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە ناڕەزایی و تەنانەت ئەگەری هەیە ببێەتە هۆی لەناوچوونی پەیوەندی هاوسەرگیری. ئەمانە بە ئاشکرا ڕوونن کە هەرگیز ناتوانرێت لە پەیوەندییەکدا بەرگەی بگیرێت.


سەرچاوەکان



75 بینین