مارماسی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-06-01-17:18:00 - کۆدی بابەت: 13088
مارماسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مارماسی (بە ئینگلیزی: Eel، بە عەرەبی: اسماک الانقلیس)، لە کۆمەڵەی ماسییەکاندا پۆلێندەکرێت و نشینگەکەی زۆربەی ناوچە ئاوییەکان دەگرێتەوە، وەک زەریا و ڕووبارەکان لەگەڵ ئاوە سازگارەکان، بەڵام جۆری ئاوە سازگارەکان خراوەتە لیستی ئەو گیانەوەرانەی کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، بەتایبەتی لە ژاپۆن و ئەمریکا، بە ڕێژەیەکی گەورەتریش لە ئەورووپا، ژمارەی تاکەکانی بە دیاریکراوی زانراو نییە، بەڵام گەورەترین مەترسی لەسەریان خواردنی جۆرەکانی ئاوە سازگارەکانە لەلایەن مرۆڤەکانەوە.

ڕەگەزی جیاوازی زۆر لە مارماسی هەیە کە دەگاتە ٨٠٠ دانە، بوونەوەرێکی خێرایە و لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٣٢ کیلۆمەتر ببڕێت، هەروەها چەندین تایبەتمەندی پەرەپێداوە بۆ ئەوەی توانای ژیانکردنی هەبێت، خواردنی مارماسی بۆ مرۆڤ کارێکی گونجاوە، بەڵام بەمەرجێک کە بەتەواوەتی کوڵابێت و لێنراو و ئامادەکراوبێت، چونکە هەردوو خوێنەکەی و پێستی هەندێک لە جۆرەکانی ژەهراوین، بەڵام دوای کوڵاندن ئەو پێکهاتە پڕۆتینییە ژەهراوییەی لە خوێنیدا هەیە لەناودەچێت و خواردنی نابێتە هۆی زیان، بۆ پێستی جۆرە ژەهراوییەکانیش دەبێت بەتەواوەتی پێستەکەی لاببرێت ئینجا شیاوی خواردنە.   

شێوەی دەرەوەی

سەرنجڕاکێشترین تایبەتمەندی ئەوەیە کە درێژییەکەی بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازە، دەکرێت لە نێوان چەند سانتیمەترێک هەتاکوو نزیکەی سێ مەتر ببێت، هەرچەندە کە شێوازی دەرکەوتنی وەک مارە بەڵام لە ڕاستیدا مار نییە و ماسییە و پەڕەکەی هەیە، پێستێکی ساف جەستەی داپۆشیوە و بە چینێک ماددەی لینج دەورەدراوە، دەکرێت ڕەنگی پێستەکەی ڕەش یان ڕەساسی بێت یاخود تێکەڵەی چەند ڕەنگێک بێت، کێشی لە نێوان ٣٠ گرام بۆ ٢٥ کیلۆگرامە، درێژییەکەشی دەگۆڕێت لە نێوان پێنج سانتیمەتر هەتاکوو چوار مەتر، بەڵام وردەکارییەکانی شێوەی مارماسی بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە درێژی و شێوازی دەم و پەڕەکەکان لە جۆرێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازی تێدایە.  

خۆراک

ئەم ماسییە بوونەوەرێکی گۆشتخۆرە و نێچیرەکانی بریتین لە ماسی بچووکتر، بێ بڕبڕەکان، توێکڵدارەکان، قرژاڵ، ڕۆبیان و ژیشکی دەریا، هەروەها ئەوانەی لە ئاوە سازگارەکاندا دەژین دەکرێت کرمۆکەی مێرووی وەک مێش و کرمۆکەی کرمەکانیش بخۆن، لەهەمان کاتدا مارماسیش دەبێت بە نێچیری بوونەوەری تری وەک مارماسی گەورەتر، ماسی گەورە لەگەڵ ئەو باڵندانەی کە ماسیخۆرن یان مەمکداری وەک ڕاکۆن و مرۆڤەکان.

مارماسییەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان ئەوا بە گوێرەی جۆرەکان شێوازی خۆپاراستنی جیاوازیان هەیە، بۆ نموونە جۆرە گەورەکان ددانی تیژیان هەیە کە دەتوانن بوونەوەرەکان برینداربکەن، یان جۆرە کارەباییەکەی دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی گرفتی هەناسەدان و دڵ و لوولەکانی خوێن لە ئەو کەسانەی بەرگرییان لاوازە یان نەخۆشی کۆئەندامی سوڕانیان هەیە، یاخود مارماسی ئاگری پێستەکەی ژەهراوییە و دەبێتە هۆی زیانگەیاندن.  

یەکگرتن و زۆربوون

دەکرێت مارماسییەکان بەتەنها بژین یاخود پێکەوە و لە کۆمەڵەدابن، لەکاتی یەکگرتندا دەبنە کۆمەڵەی گەورە و بە دەوری یەکتریدا سەما دەکەن، ماوەی مانەوەی مارماسییە بێچووەکان لە هێلکەدا دیاریکراو نییە، بەڵام دوای ئەوەی هەڵدێن ناودەبرێن بە شووشە، بە قۆناغی کرمۆکەیی مارماسییەکان دەوترێت شوشە بەهۆی ئەوەی کە جەستەیان ڕوونە و دەرکەوتنێکی وەک شوشەی هەیە، جگە لە ئەمانە زانیاری زۆر ورد لەسەر سوڕی ژیانی مارماسییەکان نازانرێت، بەڵام تەمەنی درێژە و لە زۆرینەی ماسییەکان زیاتر دەژی، هەرچەندە بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت و بەگشتی دەکرێت مارماسی ٣٠-٧٠ ساڵ بژی.  

جۆرە سەرەکییەکان

  • مارماسی گەورە یان مارماسی فڕیوو
  • مارماسی گورگ
  • مارماسی ڕاستەقینە
  • مارماسی کارەبایی
  • مارماسی شریتی
  • مارماسی ئاڵتوونی
  • مارماسی باخچە
  • مارماسی ئاگری


سەرچاوەکان



68 بینین