پشکنینی حەمەماڵتا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-06-05-14:57:00 - کۆدی بابەت: 13119
پشکنینی حەمەماڵتا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی حەمەماڵتا (بە ئینگلیزی; Brucelosis test، بە عەرەبی; تحلیل الحمى المالطية) ئەم پشکنینە بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی حەمەماڵتا یاخود بروسیڵۆسس، کە نەخۆشییە لە ئەنجامی تووشبوون بە بەکتریای برۆسێلاوە سەرهەڵدەدات. هۆکاری ئەم نەخۆشی حەمەماڵتا بەهۆیواتا بەکتریای بروسلاوەیە، بەکتریایەکی چیلکەیی گرام نەرێنییە. نەخۆشییەکە لە نێوان ئاژەڵان سەریهەڵدا و دواتر گوازرایەوە بۆ مرۆڤ لە ڕێی بەرکەوتنیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ئاژەڵەوە یاخود بەرکەوتنیان بەرهەمە ئاژەڵییە پیسبووەکان بە بەکتریاکە، لە نموونەی بەرهەمە ئاژەڵییەکان وەک شیر و گۆشتی ئاژەڵ، هتد. 

نیشانەکانی حەمەماڵتا 

لە کاتی بوونی نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی سوک و کورتخایەن (تا، سەرئێشە، لاوازی، ئارەقکردن و لیمفەدینۆپاثی واتا نەخۆشی لیمڤەکان). لە کاتی بوونی درێژخایەنی نەخۆشییەکە (خەمۆکی، ماندوویەتی، ئازاری ماسولکە و هەوکردنی درێژخایەن; واتا ئەو هەوکردنەی لەوانەیە ماوەی چەند ساڵێک بخایەنێت).

دەستنیشانکردنی حەمەماڵتا

  • دەستنیشانکردنی  کلینیکی لەلایەن دکتۆرەوە. 
  • جیاکردنەوەی بەکتریاکە و چاندنی لەسەر خوێن
  • دەستنیشانکردن بە ڕێگەی خوێن و سیرۆلۆجی   
  • لە ڕێگەی پشکنینی ڕۆز بێنگاڵەوە (Rose Bengal Test)، کە پاش بە کارهێنانی بە بینی ڕاستەوخۆی تۆپەڵبوون حەمەماڵتا دەستنیشاندەکرشت. 
  • لە ڕێگەی پشکنینی (Complete fixation) کە لە ڕێگای ئامێری ئیلایزاوە ئەنجامدەدرێت، ئەم پشکنینە وەڵامدانەوەی بەرگرییە کۆئەندام بۆ بوونی بەکتریاکە نیشاندەدەت. 

بنەماکانی پشکنینی حەمەماڵتا

پشکنینی رۆس بێنگاڵ وەک یەکێک لە پێشکنینە  تاقیگەییەکان بۆ دیاریکردنی نەخۆشی حەمەماڵتا ئەنجامدەدەرێت. پێشیدەوترێت پشکنینی تۆپەڵبوونی حەمەماڵتا چونکە پشت دەبەستێت تۆپەڵبوونی نێوان دژەتەنەکانی دژی بەکتریای برۆسێلا کە لە خوێنی نەخۆشدا دروستبووە لەگەڵ بەکتریای برۆسێلا کە ئەمەیان لە ڕیاجنتی تایبەت لە تاقیگەکاندا هەیە.

لەبەر ئاسان ئەنجامدانی پشکنینەکە و پێویست بوونی بەکەرەستەی سادە یەکێکە لە پشکنینە بەردەستەکانی زۆربەی تاقیگەکان و تەنانەت لە تاقیگە بچووکەکانی کۆڵانەکانیش ئەنجامدەدرێت.

ئەو نەخۆشانەی لە کۆتایی هەفتەی دووەمی نیشانەکانن و دەگەنە ئاستی لوتکە لە ماوەی نێوان هەفتەی (چوارەم بۆ هەشتەم) دواتر دادەبەزێتەوە بۆ نیوە لە ماوەی شەش مانگدا، نەخۆشییەکە دەکرێت بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە نەخۆشەکەدا بمێنێتەوە.  

لە کاتی تێکەڵکردنی دڵۆپێک سێرۆمی خوێن لەگەڵ دڵۆپێک گیراوەی بەکتریا کە بەکتریایەکی تێدایە و وەکو دژە پەیداکەر ڕۆڵ دەبینێت (ئەمە بە ئامادەکراوی لە تاقیگەکاندا هەیە) و لە کۆتاییدا بۆیەی پەمەیی ڕۆز بێنگاڵ زیاد دەکرێت. ئەگەر سیرۆمی خوێنی نەخۆشە دژە تەنی دژی بەکتریاکە تێدابێت ئەو کاتە لەگەڵ دژە پەیداکەر (واتا بەکتریای برۆسلا) تۆپەڵبوون دروست دەکەن، تۆپەڵبوونەکە بەچاوی ئاسایی لە ناو بۆیە پەمەییەکەی ڕۆز بێنگاڵا دەبینرێت و دەتوانرێت دیاری بکرێت.
 
بۆ دیاریکردنی ڕێژەی دژەتەن هەمان ڕێگەی پشکنینی ڤیداڵ بەکاردەهێنرێت (widal test) کە پشکنینێکە بۆ دیاریکردنی نەخۆشی گرانەتا ئەنجامدەدرێت. کارتێکی تایبەت بە پشکنینەکە هەیە کە لە شەش بازنەی پێکهاتووە سیڕەمی نەخۆشەکە بە شەش ڕێژەی جیاواز دەخرێتە سەر بازنە جیاوازەکان بە یارمەتی مایکرۆپایپێتێک (ئامێرێکی بچووکی ڕاکێشانی گیراوە). دواتر ڕیاجنتی تایبەت  زیاد دەکرێت بۆ هەر بازنەیەکی سەر کارتەکە و بە پارچە داری بچووکی تایبەت سیرەمی خوێنەکە و ڕیاجنتەکە تێکەڵ دەکرێت، پاشان بە شێوەیەکی بازنەی کارتەکە دەسوڕێنرێتەوە بۆ تێکەڵکردنی تەواوی سیڕەم و ڕیاجنتەکە، بۆ ماوەی دوو خولەک بەردوام دەبێت لە خولانەوەی کارتەکە، لە هەر کاتێکیش دا تۆپەڵبوون دیاری کرا کاتەکە دەنووسرێتەوە، لە کۆتاییدا بە پێی کیتی تایبەتی پشکنینەکە لە ڕێی کاتی بینی تۆپەڵبوونەکەوە ڕێژەی دژەتەن دیاری دەکەیت.

ئەنجامی پشکنینەکە

نەبوونی هیچ تۆپەڵبوونێک دەستنیشانی ئەنجامی نەرێنی پشکنینەکە دەکات، واتا نەبوونی حەمەماڵتا.

بوونی کەمترین تۆپەڵبوون دەستنیشانی ئەرێنی پشکنینەکە دەکات، واتا بوونی نەخۆشی حەمەماڵتا.
 
ئەم پشکنینە جۆرییەتیەکی بەرزی هەیە بە ڕێژەی ٩٥ لەسەدا، بەڵام شارەزایان نیگەرانییەکیان لەسەر پشکنینەکە هەیە لە کاتی خوێندنەوەی ئەنجامەکەیدا، لەبەرئەوەی پشکنینەکە پشت بە کات دەبەستێت و پێویستە بە وردی کاتی بینی تۆپەڵبوون و ڕێنمایی کیتی پشکنینەکە ڕەچاوبکرێت بۆ ئەوەی بە تەواوی ڕێژەیەکی ڕاستی دژەتەن لە پشکنینەکەیا بخوێنرێتەوە.


سەرچاوەکان



76 بینین