پشکنینی ئاسنی خەزنکراو

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-06-05-15:47:00 - کۆدی بابەت: 13122
پشکنینی ئاسنی خەزنکراو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی ئاسنی خەزنکراو (بە ئینگلیزی; Ferritin test، بە عەرەبی; تحلیل الفيريتين)، بریتییە لەو پشکنینەی بڕی ئاسنی خەزنکراو لە خوێندا پێوانە دەکات. ئاسنی خەزنکراو پڕۆتینێکی خوێنە کە ئاسنی تێدایە. پشکنینی ئاسنی خەزنکراو یارمەتی پزیشک دەدات بۆ تێگەشتن لەوەی چەند ئاسن لە جەستەدا هەڵگیراوە.

ئەگەر پشکنینی ئاسنی خەزنکراو ئەوە ئاشکرا بکات کە ئاستی ئاسنی خەزنکراوی خوێن کەمترە لە ئاستی ئاسایی، ئەوە نیشان دەدات کە کۆگا ئاسنینەکانی جەستە کەمن و کەسەکە کەمی ئاسنی هەیە، هەروەها لەوانەیە لە ئەنجامدا تووشی کەمخوێنی ببێتەوە.

ئەگەر پشکنینی ئاسنی خەزنکراو ئاستێکی بەرزتر لە ئاستی ئاسایی نیشان بدات، ئەوا لەوانەیە نیشانەی ئەوە بێت کە کەسەکە نەخۆشییەکی هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە ئاسنی زۆر هەڵبگرێت. هەروەها لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ  نەخۆشی جگەر، هەوکردنی جومگەی ڕۆماتید،غودە یان نەخۆشییەکانی تر بکات. هەروەها هەندێک جۆری شێرپەنجە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە ئاستی ئاسنی خەزنکراوی خوێن بەرز بێت.

چ کاتێک پشکنینەکە دەکرێت؟

ئەگەر پزیشک گومانی ئەوەی هەبێت کە ئاستی ئاسنی زۆر یان کەم هەبێت لە جەستەدا، لەوانەیە پێشنیاری تاقیکردنەوەی پشکنینی ئاسنی خەزنکراو بکات. شیکارییەکە دەتوانێت دەستنیشان یان پێشنیاری ئەم حاڵەتانە بکات:

  • کەمخوێنی ئاسن
  • هێمۆکرۆماتۆس (نەخۆشییەک کە وا لە جەستەت دەکات ئاسنی زۆر هەڵمژێت لەو خواردنانەی دەخورێن)
  • نەخۆشی جگەر
  • نەخۆشی ستڵی پێگەشتوو (Adult Still's disease)

واتا پزیشک لەوانەیە پێشنیاری پشکنینی ئاسنی خەزنکراو بکات کاتێک گومانی تووشبوونی کەسەکە بە نەخۆشییەک دەکات کە دەبێتە هۆی زۆربوونی ئاسن لە جەستەی نەخۆشدا، بۆ نموونە هێمۆکرۆماتۆس. هەروەها پزیشک لەوانەیە پشکنینی ئاسنی خەزنکراو بەکاربهێنێت بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی کەسی نەخۆش و پێدانی ڕێنمایی چارەسەر.

چۆن ئامادەکاری دەکرێت؟

ئەگەر نموونەی خوێن تەنها بۆ ئاسنی خەزنکراو بەکاربهێنرێت، دەکرێت کەسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی پێش پشکنینەکە خواردن و خواردنەوە بخواتەوە. ئەگەر نموونەی خوێن بۆ تاقیکردنەوەی تر بەکاربهێنرێت، لەوانەیە پێویست بکات بۆ ماوەیەک پێش تاقیکردنەوەکە کەسەکە خۆی لە خواردن بگرێتەوە.  لەکاتی پشکنینی ئاسنی خەزنکراو، ئەندامانی تیمی چاودێری تەندروستی نموونەی خوێن وەردەگرن بە دانانی دەرزیەک بۆ ناو خوێنهێنەرێک لە قۆڵ. پاشان نموونەی خوێن دەنێردرێت بۆ تاقیگەی کیمیایی بۆ شیکارکردن. پاش وەرگرتنی خوێن، کەسەکە دەتوانێت ڕاستەوخۆ بگەڕێیتەوە سەر چالاکییە ئاساییەکانی.

ئەنجامەکان

ڕێژەی ئاسایی بۆ خوێن بریتییە لە:

  • بۆ پیاوان ٢٤ بۆ ٣٣٦ مایکرۆگرام بۆ هەر لیترێک
  • بۆ ئافرەتان ١١ بۆ ٣٠٧ مایکرۆگرام بۆ هەر لیترێک

ئەنجامی کەمتر لە ئەنجامە ئاساییەکان

ئەم ئەنجامە ئەوە نیشان دەدات کە کەسەکە کەمی ئاسنی هەیە، هەروەها لەوانەیە نەخۆش بێت. ئەگەر ئاستی ئاسنی خەزنکراو نزم بێت، پزیشک هەوڵدات هۆکارەکەی دیاری بکات لە ڕێگەی زانینی زانیارییە تەندروستییەکانی نەخۆشەکە (مێژووی خێزان، بۆماوەیی، بوونی نەخۆشی تر)  بۆ ئەوە هۆکاری کەمی ئاسنی خەزنکراو دیاری بکات.

ئەنجامی بەرزتر لە ئەنجامە ئاساییەکان

ئاستی بەرزتری ئاسنی خەزنکراو لە ئاستی ئاسایی لە چەند حاڵەتێکدا دەبینرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتانە لەوانەیە پێویستی بە تاقیکردنەوەی زیاتر هەبێت لەسەر بنەمای نیشانەکان و پشکنینی جەستەیی زیاتر.
لە نموونەی حاڵەتەکانی هۆکاری بەرزی ئاستی ئاسنی خەزنکراوی جەستەن:

  • نەخۆشی هێمۆکرۆماتۆس
  • پۆرفیریا (کۆمەڵێک نەخۆشی کە بەهۆی کەمی ئەنزیمەوە دروست دەبێت کە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار و پێستت هەیە)
  • هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی یان نەخۆشییە درێژخایەنەکانی تر
  • هەوکردن
  • نەخۆشی جگەر
  • هایپەرثایرۆیدیزم غودەی چالاک
  • شێرپەنجەی خوێن یان لیوکیمیا 
  • لیمفۆمای هۆدکین
  • خوێن گواستنەوە
  • خراپ بەکارهێنانی کحول
  • زۆر بەکارهێنانی تەواوکەری ئاسن (وەرگرینی ئاسن بە حەپ)

ئەگەر ئاستی ئاسنی خەزنکراوی جەستەی کەسەکە لە سەرووی ئاساییەوە بێت، پزیشک لەوانەیە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان هەبێت لەگەڵ ئەنجامی شیکاری زیاتر  بۆ دیاریکردنی هەنگاوی داهاتوو کە چارەسەرییەکە.


سەرچاوەکان



123 بینین