نەخۆشی تورەکەی ئاوی

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-14-14:12:00 - کۆدی بابەت: 13185
نەخۆشی تورەکەی ئاوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشی تورەکەی ئاوی بە ئینگلیزی (Hydatid Disease)، بە عەرەبی (مرض عداري)، زانستی پزیشکی ڤێترینەری بایەخێکی تایبەت دەدات بە نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، کە بە سێوەیەکی زانستی پێیان دەوترێت "Zoonose" کە ئەو نەخۆشییانە دەگرێتەوە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە شێوەیەکی سروشتی دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

چەند نەخۆشییەکی هاوبەش هەیە لە نێوان سەگ و مرۆڤدا، یەکێک لەو نەخۆشیانە نەخۆشی (تورەکەی ئاوی)یە، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ لە ئەنجامدا زیانێکی گەورە بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت. لە کوردستاندا ئەم دەردە ترسناکە زۆر بەربڵاوە چونکە بەخێوکردن و ڕاگرتنی سەگ بە هەموو جۆرەکانیەوە بۆ مەبەستە جیاجیاکانی ژیان لەلایەن خەڵکەوە لە سەردەمی هاوچەرخدا لەزیادبوونە.

هۆکاری نەخۆشی تورەکەی ئاوی

هۆکاری نەخۆشی تورەکەی ئاوی دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە کرمە شریتیەکان، کە قەبارەی بچووکە و درێژییەکەی نزیکەی "٦ملم" دەبێت. ئاژەڵە گۆشت خۆرەکانی وەک گورگ و ڕێوی و پشیلە بە خانەخوێی هەمیشەیی ئەم کرمە شریتییە دادەنرێت. واتا ئەم کرمە بە شێوەیەکی سروشتی لە ڕیخۆڵە باریکەی ئەو ئاژەڵە گۆشت خۆرانەدا دەژی و بۆ ماوەی شەش مانگ دەمێنێتەوە. کرمی پێگەیشتوو لە سێ بەش پێکدێت سەرومل و لەش، لەشی کرمەکەش لە سێ پارچە پێک دێت و پارچەی سێیەم ژمارەیەکی زۆر هێلکەی تێدایە. ئاژەڵە گیاخۆرەکانی وەکو مەڕ و بزن و مانگا و ئەسپ و حوشتر بە خانەخوێی کاتی ئەم کرمە شریتییە دادەنرێت واتە کرمەکە قۆناغێک لە قۆناغەکانی سووڕی ژیانی لەلەشی ئەم گیانەوەرەدا بەسەر دەبات و بەم قۆناغەش دەوترێت تورەکەی ئاوی. دروستبوونی تورەکەی ئاوی زیانێکی گەورە بە زۆربەی ئەندامەکانی لەش دەگەیەنێت بە گشتی و بە تایبەتی جگەر و سییەکان.

کورتەیەک لە سوڕی ژیانی کرمی

کرمی پێگەیشتوو لە ڕیخۆڵە باریکەی ئاژەڵە گۆشت خۆرەکانی وەکو سەگ دەژیت نزیکەی ماوەی شەش مانگ تیایدا دەمێنێتەوە و هەندێ جار ژمارەیان دەگاتە (٣٠-٣٦) هەزار کرم. پارچەی سێیەمی لەشی کرمەکە کە ژمارەیەکی زۆر هێلکەی تێدایە لە لەشی کرمەکە جیادەبێتەوە لەگەڵ پاشەڕۆی ئاژەڵەکەدا دەچێتە دەرەوەی لەش و هێلکەکان لەسەر گژوگیا بڵاودەبنەوە، ئەم هێلکانە بۆ ماوەیەکی درێژ توانای مانەوەیان هەیە لە دەوروبەردا و بەرهەڵستی نالەباری ژینگە دەکەن. مرۆڤ و ئاژەڵی گیاخۆری وەک مەڕ و بزن و مانگاش تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن لە ڕێگەی خواردنی سەوزە و گژوگیایی پیسبوو بە هێلکەی کرمەکە و لە دواییدا هێلکەکان دەگەنە ڕیخۆڵە باریکەی ئەو گیانلەبەرانە و لە ئەنجامدا لە ڕێگەی خوێنەوە دەگەنە زۆربەی ئەندامەکانی لەش وردە وردە دەگۆڕێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی تورەکەی ئاوی کە زیانێکی گەورە بە ئەندامی تووشبوو دەگەیەنێت، بە ڕێژەی:

  • ٪٥٨ تووشی جگەر دەبێت.
  • ٪٢٧ تووشی سیەکان دەبێت.
  • ٪١٥ تووشی دڵ و گورچیلە و سپڵ و ماسولکەکان و ئێسقان و مێشک و بۆشایی سک دەبێت.

چۆنیەتی گواستنەوی تورەکەی ئاوی (Echinoceccus granulosus)

یەکەم/ لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا نەخۆشی تورەکەی ئاوی زیاتر بڵاوبوەتەوە بە تایبەتی لە ناوچە کشتوکاڵییەکاندا چونکە سەگ و پشیلە و هەندێ گۆشتخۆری تر بەشێوەیەکی بەربڵاو هەیە.

دووەم/ زۆربەی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن ئەو منداڵانەن کە یاری لەگەڵ سەگ و پشیلەدا دەکەن، نەخۆشییەکە دەگوێزرێتەوە بەهۆی پیسبوونی دەست و جل وبەرگیان بە هێلکەی کرمەکە لەبەر ئەوەی هێلکەی کرمەکە شریتیە کە توانای هەیە بە زۆربەی بەشەکانی لەشی سەگەکەوە بلکێت بە تایبەتی کلک ە پەلی پێشەوە و پەلی دواوە.

سێیەم/ مرۆڤ تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت لە ڕێگەی خواردنی سەوزەی پیسبوو بە هێلکەی ئەم کرمە شریتییە.

چوارەم/ لەبەر بڵابوونەوەی بێ سنوری سەگ و پشیلە لە باخچە و بێستان و کێڵگەدا، تورەکەی ئاوی زیاتر توشی ئەو کەسانە دەبێت کە لەم شوێنەدا کاردەکەن.

چەند ئامۆژگارییەکی پێویست

  • بەیاخدان بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لە رێگەی کەناڵە جیاجیاکانی راگەیاندنەوە و بەستنی کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی بە شێوەیەکی بەردەوام.
  • ڕوونکردنەوەی ترسناکی نەخۆشی تورەکەی ئاوی لە خوێندنگەکانی شار و لادێ بە شیوەیەکی زانستی.
  • شوشتنەوەی هەموو جۆرە سەوزە و میوەیەک بە شیوەیەکی بەردەوام.
  • ڕێگەگرتن لە بەردەم بڵاوبوونەوەی سەگت بەڕەڵا لە شارەکاندا و هەروەها لە هەموو بێستان و کێڵگەکاندا و ئاگادارکردنەوەی ئەو تیمە تایبەتانەی هەیە بۆ لەناوبردنی سەگی بەڕەڵا.
  • ئەو سەگانەی کە لەماڵان بەخێودەکرێن، پێویستە لە ماڵەکاندا شوێنێکی تایبەتی هەبێت و بە هیچ شێوەیەک بەشداری خواردن و خواردنەوەی مرۆڤ نەکات و بەلایەنی کەمەوە هەفتەی جارێک بشۆرێن و پێدانی ئەو دەرمانانەی کە دەبێتە هۆی نەهێشتنی کرمەکان بە گشتی و کرمە شریتیەکان بە تایبەتی و کوتانی سەگەکان دژی هەندێک نەخۆشی ترسناک کە هەڕەشەیەکی بەردەوامە لەسەر مرۆڤ.
  • پێویستە بە بەردەوامی سەردانی پزیشکانی ڤێترنەری بکرێت لە لایەن خاوەن سەگەکانەوە بە مەبەستی وەرگرتنی ئامۆژگاری پێویست.


سەرچاوەکان



72 بینین