ئیمپڕاتۆریەتی مەکدۆنی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-23-18:08:00 - کۆدی بابەت: 13258
ئیمپڕاتۆریەتی مەکدۆنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیمپڕاتۆریەتی مەکدۆنی (بە عەرەبی: الٲمبراطوریة المكدونیة، بە ئینگلیزی: Macedonia Empire) ئیمپڕاتۆریەتی مەکدۆنی یان شانشینی دێرین یان ئیمپڕاتۆریەتی ئەسکەندەریشی پێ دەوترێت، بریتییە لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لە نێوان هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا کە پانتاییەکی زۆری لە ژێر دەستدابووە. گەرچی ئەم شوێنانەی بە داگیرکاری و زەبری هێز داگیرکردووە بەڵام بووە هۆی بوژانەوەی ئەو ناوچانە لە ڕووی کولتوور و تەلارسازی و فەرهەنگ و زمان. هەر لەبەر ئەمەشە لای مێژوونووسان بە ئیمپڕاتۆریەتی بوژاندنەوە ناسێنراوە چونکە بووە هۆی پێشخستنی وڵاتە داگیرکراوەکان لە هەموو بوارێکدا. 

زانیارییە گشتییەکان

ناو ئیمپڕاتۆریەتی مەکدۆنیا 
پایتەخت ئەیجی ٨٠٨-٣٩٩ پێش زایین، پێلا ٣٩٩-١٦٨ پێش زایین. 
زمانی فەرمی زمانی مەکدۆنی دێرین، زمانی ئاتیک، زمانی کۆینی گریکی.
سیستمی حووکمڕانی مۆناریشیزم 
ئایینی فەرمی میسۆلۆجی گریک، ئایینی هێلێنیستیک 
ڕووبەر ٥٫٢٠٠٫٠٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە 

بەر لە سەدەی چوارەمی پێش زایینی مەکدۆنیا یاخود مەسەدۆنیا تەنها شانشینێکی بچووک بوو. ڕووبەڕی شانشینەکە هێندەی شارێک بوو لە شارەکانی گریک وەک ئەسینا یاخود سپارتا یان تیبس کە شارێک بوو لەشارەکانی دەوڵەتی ئەخامێنیدی فارسی. واتا شانشینێکی بچووک بوو و هیچ پێگەیەکی بەهێزی سیاسی و سەربازی نەبوو لە ناوچەکەدا، لە ماوەی دەسەڵاتی پاشا فیلیپی دووەم  ٣٥٩-٣٣٦ پێش زایین هەندێک فراوان خوازی کرد و هێرشی کردە سەر خاکی گریک و شانشینی ساراکان ئۆدریسیان داگیرکرد. 

فیلیپی دووەم بەوە ناسراو بوو کە ڕیفۆرمێکی گرنگی ئەنجامدا لە بواری سەربازی، سیاسی ئەنجامدا، هەر لەو سەردەمەدا مەکدۆنییەکان هێرشیان کردە سەر ساریسیا و شانشینەکانی ئەسینا و سیبیسیان شکست پێ هێنا. سەردەمی زێڕینی مەسەدۆنیا لە سەردەمی ئەسکەندەری سێیەم دەست پێ دەکات کە بە ئەسکەندەری گەورە یاخود ئەسکەندەری مەکدۆنی ناسراوە توانی فراوان خوازی بکات و سنووری شانشینەکەی فراوان بکات و چەندین وڵات و هەرێمی تر بخاتە سەر نەخشەی مەکدۆنیا و ئیمپڕاتۆریەتێکی بەهێزی دروستکرد کە بۆ ئەو سەردەمە گەورەترین ئیمپڕاتۆریەت بوو لە ڕووی ڕووبەر. 

مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی مەکدۆنی 

سەرەتای مێژوو 

مێژووی کلاسیکی هیرۆدۆت و سوسیدادس ئاماژە بەوە دەدەن گەلی مەکدۆنیا یاخود مەسەدۆنیا و گەلی گریک باوانێکی هاوبەشیان هەیە. سوسیدادس دەڵێت خواوەندەکانی گریک و مەکدۆنیا هەمان سەرچاوەیان هەیە بەڵام دانیشتوانی هەردوو وڵات لە دوو شوێنی جیاواز و دوو پێگەی جیاوازی بیر و باوەڕی ئایینی و کۆمەڵایەتی هاتوونە بوون. بەر لە دروست بوونی گریک و مەکدۆنیا مێژووی سوسیدادس ئاماژە بە بوونی شانشینی ئارجند دەدات لە نێوان گریک و مەکدۆنیا کە پاشای یەکەمی شانشینەکە ناوی ئارگۆس بووە کە بە یەکەم کەس دادەنرێت باوەڕی بە میسۆلۆجیای هیراکۆلسی هەبووە کە بنەمای هەردوو میسۆلۆجی گریک و مەدۆنیایە. 

دوای ئەوەی شانشینی مەکدۆنیا دروست دەبێت ئەم شانشینە هیچ بەرەو پێش چوونێکی نابێت لە ڕووی بوژاندنەوە و پێش کەوتن چونکە خەڵکەکەی زۆر پەیوەست دەکرێن بە بابەتی بێ سوود. بەڵام دواتر کاتێک گەلی گریک ئەکادیمیای فەلسەفە دادەمەزرێنن و دەبێتە سەرەتایەک بۆ کرانەوە بە ڕووی بابەتە عەقڵییەکان، ئیتر شانشینی مەکدۆنیاش لە ژێر کاریگەری فەلسەفە و ڕێبازی سیاسی و ڕۆشنبیری گریکدا دەکرێنەوە لە لە نێوان سەدەی پێنجەم بۆ چوارەمی پێش زایینیدا.

گەشە سەندنی مەکدۆنیا لە ژێرکاریگەری گریکدا

سەردەمی پێشکەوتنی مەکدۆنیا هاوکاتە لەگەڵ دوو سەردەم، یەکەمیان سەردەمی پاشا فیلیپی دووەم و سەردەمەکەی تر هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتی ئەسکەندەری سێیەم. لە مێژوودا گریکەکان بە پێشەنگی چەند بوارێک دادەنرێن و هەموو ئەو بوارانەش کاریگەریان لەسەر بەهێزبوونی پێگەی شانشینی مەکدۆنی هەبووە، بۆ نموونە لە ڕووی بۆچوونە سیاسییەکان و بەتایبەتیش مۆناریش کە بۆچوونێکی نوێی سیاسی بوو، ئەکادیمیای فەلسەفی، ئەدەب و شانۆ و هۆنراوە، ڕەوانبێژی، ڕیفۆرمی سەربازی. 

گریک بەوە ناسراو بوو سەردەم بۆ سەردەم نوێبوونەوەی لە پایەکانی دەوڵەتدا دەکرد، بۆ نموونە سپارتاکان هەموو ١٠ ساڵ جارێک ڕیفۆرمیان لە سوپادا دەکرد و کەسە بە ساڵدا چووەکان دوور دەخرانەوە و کەسانی لاو دەخرانە جێگەیان. هەر لەبەر ئەمەش کاتێک پاشا فیلیپی دووەم کاتێک بۆ یەکەم جار هێرشی کردە سەر شانشینەکانی گریک سوودی لە ڕیفۆرمەکانی گریک بینی بوو هەر ئەمەش وایکرد شانشینی ئەسینای دێرین بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکات. 

هەستانەوەی مەکدۆنیا

مەکدۆنیا تا سەردەمی فیلیپی دووەم لەسەر نەخشەی ئەورووپا بە کەمی ئاماژە بە شوێنەکەی دەکرا چونکە هیچ پێگەیەکی ستراتیجی نەبوو، تەنانەت سەرچاوەی مێژوویی کەمیش لەبەر دەستن باسی سەردەمی سەرەتای دروست بوونی مەکدۆنیا بکات. بەڵام ساڵی ٣٥٩ پێش زایین کاتێک پاشا فلیپی دووەم تەمەنی ٢٤ ساڵ بوو کە بووە پاشا لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژیری دیپلۆماسی توانی ساراکانس لە بێرسادێس بسەنێتەوە و داگیری بکات، ئەم داگیرکردنە یەکەم هەوڵی فراوان خوازی مەکدۆنییەکان بوو. بێرسادێسەکان گەرچی پشتیوانی پوسانیان هەبوو بەڵام شکستیان هێنا لە ڕووی پاشا فیلیپدا. 

پاشا فیلیپ یاسای باوک و باپیرانی گۆڕی بە ناوی ڕیفرۆم و لە ژێر کاریگەری یاسای مۆنۆجۆمی گریکدا یاسای پۆلیجۆمی داڕشت کە کۆمەڵگەی مەکدۆنیای ڕێکخستەوە و ڕێگری دەکرد لە کاری بەدڕەوشتی بەتایبەتی یاسای فرەژنی نەهێشت کە پێشتر پیاو دەیتوانی حەوت ژن بهێنێت بەڵام بەهۆی یاسای پۆلیجۆمی پیاو تەنها دەیتوانی یەک ئافرەت بکاتە هاوژینی خۆی. 

سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی مەکدۆنیا 

سەردەمی ئەسکەندەری سێیەم لە نێوان ساڵانی ٣٣٦-٣٢٣ پێش زایینی بووە. ساڵی ٣٥٦ پێش زایینی لە دایکبووە و ساڵی ٣٢٣ پێش زایینی لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. ئەسکەندەر بەوە ناوبانگی دەرکردبوو دیپلۆماتکارێکی نایاب بوو. هەر لە منداڵی ئەزموونی کاری دیپلۆماسی بینیوە و لە کۆڕی وەزیرەکان و خانەدانەکان دانیشتوە و کتێبی لە بواری سیاسەتدا خوێندووەتەوە. ئەسکەندەر کاریگەر بووە بە دوو بابەت، یەکەم فەلسەفەی گریک، دووەمیان میسۆلۆجیا. ئەسکەندەر هەمیشە باسی لەوە کردووە هێز و توانا و سەرکەوتنەکانی بەهۆی نزاکانی بووە بۆ خواوەندەکان بەتایبەتی جوپیتەر و مێرکوری و ڤینۆس و دەستەی خواوەندەکانی چاکە. 

جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوەکان و فراوان بوونی مەکدۆنیا

کاتێک ئەسکەندەر بووە پاشا، سەردەمێکی نوێ لە ژیانی خۆی و گەلی مەکدۆنیا دەستی پێکرد. چونکە دوای یەکەم جەنگ تا کۆتایی تەمەنی ڕۆژێک پشووی نەدا و هەردەم لە جەنگدا بووە. بۆ هەر جەنگێک بە تاکتیک و پلانێک شەڕی کردووە و جیاواز بووە لە جەنگێکی تر هەر ئەمەش وایکردووە ناوبانگی ئەسکەندەر دەنگ بداتەوە، لەو سەردەمەدا کە هەموو ئەو وڵات و هێزانەی شەڕی لەگەڵ کردوون لە مەکدۆنیا بەهێزتر بوون. گرنگترین جەنگ بریتییە لە جەنگی دەوڵەتی فارس کە خۆی لە ژمارەیەک جەنگ دەبینێتەوە، جەنگی دەوڵەتی ئاخەمەنشید، جەنگی سوریا، جەنگی میسڕ، جەنگی گۆگمێلا لە نزیک ئامێدی، جەنگی هندو لە هندستان. لە هەموو ئەم جەنگانەدا بە پێی سەرچاوە مێژووییەکانی مەکدۆنیا هێزی مەکدۆنیا ژمارەیان هەمیشە کەمتر بووە. 

جەنگی گۆگمێلا

جەنگی گۆگمێلا یەکێکە لە گرنگترین جەنگەکانی ئەسکەندەری مەکدۆنی. کە لە خاکی کوردستان ڕوویداوە بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان لە نێوان ئامێدی و شاری هەولێردا لە نێوان دەوڵەتی فارس و دەوڵەتی مەکدۆنی بوو. ژمارەی سەربازەکانی دەوڵەتی فارس لە نێوان ٥٠ هەزار بۆ ١٢٠ هەزار سەرباز بوو. دەوڵەتی مەکدۆنیش ٤٧ هەزار سەرباز بووە. ئەنجامیش سەرکەوتنی مەکدۆنیا بوو. بەهۆی ئەم سەرکەوتنە دەوڵەتی مەکدۆنیا توانیان خاکی میزۆپۆتامیا داگیر بکەن و دەروازەی دەوڵەتی فارس بەڕوویاندا کرایەوە تا زیاتر پێش ڕەوی بکەن. 

فراوان خوازی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا

دوای ئەوەی دەوڵەتی مەکدۆنیا توانی ئیمپڕاتۆریەتی فارس ملکەچ بکات ڕووی فراوان خوازی بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەست پێکرد. قەندەهار و ڕوخشانا و پاکستان و ئەفغانستان و هندستانی داگیرکرد. لەگەڵ هەندێک هەرێمی تری وەکو ئۆمفیس و ئەمفی و ئندوس و هیداسپێس و ئەسپۆسۆپی و کەمبۆجاس و ئەشڤیناش و ئەمبیهی ئەم هەرێمانە وەکو شانشینی بچووک حووکمی ناوچەیەکی دیاریکراویان کردووە، سەیر لەوەدا بووە ناوچەکان زۆری سەخت و شاخاوی بوون کەچی ئەسکەندەر توانیویەتی داگیریان بکات! 

بوژاندنەوەی وڵاتانی داگیرکراو

مێژوونووسان لەم بابەتەدا یەک بۆچوونیان هەیە و دەڵێن دەوڵەتی مەکدۆنی تاکە ئیمپڕاتۆریەت بووە کەوا وڵاتە داگیرکاوەکانی پێش خستووە و دابونەریتیانی گۆڕیوە. کولتوور و فەرهەنگ و زمانی پێشخستوون، جگە لەوە کۆڕی ڕۆشنبیری بۆ کردوونەتەوە و گرنگیان داوە بە شانۆ و فەلسەفە. سەردەمانێک دوای فەلسەفەی گریک و ڕۆم و مەکدۆنی، فەلسەفەی هیندی ڕۆڵی باڵای هەبووە لە ئاسیادا ناوبانگترین کتێبی فەلسەفیش نووسرابێت کتێبی "کەلیلە و دیمنە"یە کە لەلایەن بەیدەبای فەیلەسوف بۆ دەبشەلیمی پاشا نووسراوە. 

جگە لەوە لە بواری تەلارسازی دەوڵەتی مەکدۆنی ئەزموونی تەلارسازی گریک و مەکدۆنیا و ڕۆمی گواستەوە بۆ وڵاتە داگیرکراوەکان و چەندین کۆشک و تەلاری سەردەمیانەی تێدا دروستکران. بۆ نموونە دەوڵەتی ساسانی کە دەوڵەتێکی فارسی بوو تا کاتی ڕووخانیان بە بنەما و ڕێسای تەلارسازی مەکدۆنیا و ئەسکەندەر باڵەخانە و کۆشکیان بنیاد دەنا. جگە لە مانە ئەسکەندەر شارێکی لە میسڕ دروستکرد بەناوی ئەسکەندەرییە کە شارێک بوو لە ڕووی زانست و زانیاری ڕکابەری ئەورووپای دەکرد، لە شارەکەدا چەندین ئەکادیمیا بوونی هەبوو، جگە لەوە منارەی ئەسکەندەرییە کە هەر لە سەردەمی ئەسکەندەر دروستکرا نموونەیەکی تری تەلارسازی نوێ بوو چونکە تەنها لە ڕێگەی مەشخەڵی ئاگر بەندەری شارەکە ڕووناک دەکرایەوە و بینایی دەریاوانەکانی فراوانتر دەکرد تا بە ئاسانی لە شەودا گوزەر بکەن.


سەرچاوەکان



254 بینین