ناوهڕۆك
ناساندن
تیۆری جۆن واتسۆن بە ئینگلیزی (John B.watson theory)، بە عەرەبی (نضرية جون واتسون)، زانا جۆن واتسۆن بە باوکی قوتابخانەی ڕەفتاری هەژمار دەکرێت، لە ساڵی (١٩١٢)دا، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی کرد بە بڵاوکردنەوە دەربارەی سایکۆلۆژیای ڕەفتار، لە سەرەتای کارکردنی بۆچوونەکانی ئیڤان پافلۆڤ بەرز نرخاند لە ناساندنی دەروونزانی بە ڕوانگەیەکی جیاواز، توێژینەوەکانی واتسۆن لەسەر منداڵێک بە ناوی (ئەلبێرت) دەنگدانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە، کە تیایدا واتسۆن توانی ئەوە بسەلمێنێت هەموو ڕەفتارەکان لە دەرئەنجامی مامەڵەکردنە لەگەڵ ژینگەی دەرەوە، مرۆڤ تەنها سێ هەڵچوونی سەرەکی هەیە ئەویش بریتییە لە (ترس، توڕەبوون و خۆشەویستی) و هەموو هەڵچوونەکانی تر لە کاتی وەڵامدانەوە بۆ ورووژێنەرەکان دروست دەبن.
بیرۆکە سەرەکییەکانی واتسۆن
منداڵ کە لە دایک دەبێت چەند وەڵامدانەوەی دەماری سەرەتایی و هەندێ هەڵچوونی هەیە و لە ڕێگەی ورووژێنەرەکانی دەرەکییەوە پەرەدەسێنێت. منداڵ لە کاتی لە دایکبوونیدا هیچ ئامادەباشی و توانستی ژیری نییە. پێی وایە ڕەفتار پێویستە لە سنووری ورووژێنەرەکان و وەڵامدانەوە بۆ ئەو ورووژێنەرانە سەیربکرێت. واتە چەمکی وەک (هەست و نەست و ویست)، هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە لە بابەتەکانی دەروونزانی چونکە بابەتێکی وەک نەست ناتوانرێت بە شێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. بۆماوە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە لە فێربوونی ڕەفتارەکان بەڵکو ژینگە ئەم ڕۆڵە دەگێڕێت، هەرچەندە واتسۆن ڕۆڵی بۆماوەیی بە لاواز زانی لە فێربوونی ڕەفتارەکان بەڵام بە شێوەیەکی ڕەها ڕەتی نەکردەوە.
پێویستە جەستە وەک یەکەیەک یان پێکهاتەیەک سەیر بکرێت کە توانای ئەنجامدانی چەندین کاری ئاڵۆزی هەیە، ڕۆڵی توێژەر لە بواری دەروونزانی سەرنجدانە بۆ ڕەفتارە جیاجیاکان تاوەکو شیکردنەوەی بۆ بکات، هیچ جیاوازییەک نییە لە فێربوونی ڕەفتارەکان جا چ ڕەفتارەکە ئەرێنی بێت یان نەرێنی نەبێت. چونکە هەموو ڕەفتارێک لەسەر هەمان بنەما کار دەکەن، ئەو وەڵامدانەوەی زیاترین دووبارە بوونەوەی هەیە بۆ ورووژێنەرەکان ئەگەری فێربوونی زیاتر هەیە بە تایبەتی ئەگەری وەڵامدانەوەکە پاداشتی لە دوادا هات.