نەخۆشی چەوری جگەر

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-06-24-16:07:00 - کۆدی بابەت: 13286
نەخۆشی چەوری جگەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشی چەوری جگەر (بە عەرەبی: مرض الكبد الدهني، بە ئینگلیزی: fatty liver diseaseجگەر دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سکەوە لە ژێر پەردەی ناوپەنچک و لە لای ڕاستی گەدە دایە، گەورەترین ئەندامی ناوەوەی جەستەی مرۆڤە کێشەکەی نزیکەی ١،٥ کیلۆگرامە. ئەرکە سەرەکییەکانی جگەر بریتین لە لابردنی ژەهرەکان و پاشماوەکانی هەندێک دەرمان لە هەمان کاتدا وەکوو کۆگایەک وایە بۆ ڤیتامین B12. خوێنی کۆئەندامی هەرس پێش ئەوەی بڕوات بۆ هەر بەشێکی  تری لەش سەرەتا لە جگەردا دەپاڵێورێت.

نەخۆشی چەوری جگەر (steatosis) بریتییە لە کۆبوونەوەی چەوری زیادە لە خانەکانی جگەردا، هەروەها نەخۆشییەکی باوی جگەرە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. بە نزیکەی لە هەر ١٠ کەسێکدا یەکێکیان تووش دەبێت. ئاساییە جگەر هەندێک چەوری تێدا بێت، بەڵام ئەگەر چەورییەکە زیاتر لە ١٠٪ی کێشی جگەر پێکبهێنێت، ئەوا نەخۆشی چەوری جگەرت هەیە و لەوانەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزی.

ڕەنگە چەوری جگەر هیچ زیانێکی نەبێت، بەڵام هەندێجار چەوری زیادە دەبێتە هۆی هەوکردنی جگەر. ئەم حاڵەتە پێی دەوترێت (steatohepatitis)، زیان بە جگەر دەگەیەنێت. هەندێجار هەوکردنی جگەر پەیوەندی بە بەکارهێنانی کحولەوە هەیە. ئەمەش بە هەوکردنی چەوری جگەری کحولی ناسراوە. بەڵام ئەگەر هۆکارەکەی کحول نەبوو ئەم حاڵەتە پێی دەوترێت هەوکردنی چەوری جگەری ناکحولی یان nonalcoholic steatohepatitis) NASH).

هەوکردنی جگەر لەوانەیە بە تێپەڕبوونی کات ببێتە هۆی ڕەقبوونی جگەر و پێی دەوترێت بەمۆمبوونی جگەر (cirrhosis)، ئەم حاڵەتە مەترسیدارە و زۆرجار دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی جگەر. NASH یەکێکە لە سێ هۆکارە سەرەکییەکانی بە مۆمبوونی جگەر.

هۆکارەکانی نەخۆشی چەوری جگەر

خواردنی کالۆری زیادە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا. کاتێک جگەر وەکوو پێویست چەوریەکان تێکناشکێنێت، بڕێکی زۆری چەوری کەڵەکە دەبێت. هەروەها بوونی هەندێک حاڵەتی تر ئەگەری توشبوون بە چەوری جگەر زیاتر دەکەن وەک: قەڵەوی، شەکرە یان بەرزی سیانەگلیسیراید. هەروەها بەکارهێنانی کحول و خێرا دابەزاندنی کێشی لەش و بەدخۆراکی ڕەنگە ببنە هۆی چەوری جگەر. بەڵام هەندێک کەس تووشی چەوری جگەر دەبن تەنانەت ئەگەر هیچ کام لەم حاڵەتانەیان نەبێت.

هۆکارەکانی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی چەوری جگەر

زۆربەی ئەو نەخۆشانەی چەوری جگەریان هەیە تەمەنیان مامناوەندە و کێشیان زیادە. ئەو هۆکارانەی زۆرترین مەترسی توشبوون بە نەخۆشی چەوری جگەر زیاد دەکەن بریتین لە:

  • کێشی زیادە (٢٥-٣٠ :BMI)
  • قەڵەوی (سەروو ٣٠ :BMI)
  • شەکرە
  • بەرزبوونەوەی ئاستی سیانەگلیسیراید.

نیشانەکانی مێتابۆلیک (metabolic syndrome) و نەخۆشی چەوری جگەر

زۆرێک لە توێژەران پێیان وایە کە نیشانەکانی مێتابۆلیک کۆمەڵێک تێکچوونە کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکەن ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە گەشەکردنی چەوری جگەردا. نیشانەکانی مێتابۆلیزم بریتین لە:

  • قەڵەوی، بە تایبەتی لە دەوروبەری کەمەر (قەڵەوی سک)
  • بەرزی پەستانی خوێن
  • بەرزبوونی یەکێک یان زیاتری ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە لەشدا لەوانە بەرزبوونی ئاستی سیانەگلیسیراید یان نزمبوونی ئاستی لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز (HDL) (کۆلیسترۆڵی سودبەخشە)
  • بەرگری ئەنسۆلین (insulin resistance)، ئەنسۆلین هۆرمۆنێکە یارمەتی ڕێکخستنی ڕێژەی شەکر دەدات لە خوێندا.

دەکرێت بەرگری ئەنسۆلین گرنگترین هۆکاری NASH بێت. لەبەر ئەوەی ئەم حاڵەتە دەتوانێت بۆ چەندین ساڵ بە جێگیری بمێنێتەوە و زیانێکی کەمی لێدەکەوێتەوە، زۆرێک لە توێژەران لەو بڕوایەدان کە توشبوونی جگەر بە نەخۆشییەکی تر، وەک هەوکردنی بەکتریا یان تێکچوونی هۆرمۆنەکان، ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی بە مۆمبوونی جگەر زیاتر دەکات.

چۆن ڕێژەی چەوری جگەر بەرز دەبێتەوە؟

ڕوون نییە ئەم چەورییە چۆن پەیدا دەبێت. لەوانەیە چەورییەکە لە بەشەکانی تری جەستەوە بێت، یان جگەر چەوری زیادەی  ڕیخۆڵەکان هەڵبمژێت. هەروەها  ئەگەری هەیە کە جگەر توانای گۆڕینی چەوری لەدەست بدات بۆ فۆڕمێک کە بتوانرێت لەناوببرێت.

نیشانەکانی نەخۆشی چەوری جگەر

نەخۆشی چەوری جگەر لە خۆیەوە هیچ نیشانەیەکی دەرناکەوێت، بۆیە زۆرجار کاتێک کەسێک  بە هۆکاری دیکە پشکنینی بۆ دەکرێت، ئەو کات بۆیان دەردەکەوێت کە چەوری سەر جگەریان هەیە. NASH دەتوانێت بۆ ساڵێک یان تەنانەت دەیان ساڵ زیان بە جگەر بگەیەنێت بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی هەبێت. کاتێک نەخۆشیەکە خراپتر دەبێت لەوانەیە تووشی ماندوێتی و دابەزینی کێش و ناڕەحەتی سک و لاوازی و سەرلێشێواوی ببیت.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی چەوری جگەر

لەوانەیە پزیشکەکەت شتێکی نائاسایی لە پشکنینی خوێندا ببینێت یان تێبینی بکات کە جگەرت کەمێک گەورە بووە. دەکرێت ئەمانە نیشانەی چەوری جگەر بن. بەڵام بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە نەخۆشییەکی تری جگەرت نییە، لەوانەیە پزیشکەکەت داوای چەند پشکنینێکی تری خوێن بکات لەوانەش پشکنینی فەرمانەکانی جگەر کە ئەمانە دەگڕیتەوە (AST, ALT, ALP, GGT, Serum bilirubinسۆنەر، وێنەگرتن بە لەرەلەری موگناتیسی ( MRI) و تیشکی تەنووری سیتی سکان (CT_scan).

ئەگەر نەخۆشەکە هیچ کام لە نەخۆشیەکانی تری نەبوو، لەوانەیە تووشی NASH بووبێت. تاکە ڕێگا بۆ ئەوەی بە تەواوی دڵنیا ببیتەوە، ئەنجامدانی بایۆپسی جگەرە. پزیشکەکە بە دەرزی نمونەیەک لە شانەکانی جگەر وەردەگرێت و لە ژێر مایکرۆسکۆپدا پشکنینی بۆ دەکات.

ئەو پرسیارانەی کە پێویستە دوای دەستنیشانکردن لە پزیشکەکەتی بکەیت 

 

  • هۆکاری توشبوونم بە چەوری جگەر چییە؟
  • ئایا من NASHم هەیە؟ ئەگەر نا، ئەگەری تووشبوونم بە NASH چەندە؟
  • ئایا تووشی نەخۆشی بە مۆمبوونی جگەر بووم؟ ئەگەر نا، ئەگەری تووشبوونم  چەندە؟
  • ئایا پێویستە کێشم دابەزێنم؟ چۆن بتوانم بە سەلامەتی ئەوە بکەم؟
  • ئایا پێویستە هیچ دەرمانێک بخۆم بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ و سیانەگلیسیراید؟
  • بۆ پاراستنی جگەرم پێویستە خۆم لە چی دەرمانێک یان مادەی تر بەدوور بگرم؟

خۆپاراستن لە نەخۆشی چەوری جگەر

هیچ چارەسەرێکی پزیشکی و نەشتەرگەری بۆ چەوری جگەر نییە، بەڵام ڕەنگە هەندێک هەنگاو یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن یان چاکبوونەوەی هەندێک لە زیانەکان. بەگشتی ئەگەر چەوری جگەرت هەیە، بە تایبەتی ئەگەر NASHت هەیە، پێویستە:

  • دابەزاندنی کێش: پێویستە بە ڕێگایەکی تەندروست کێشت داببەزێنی ئەمەش بە واتای دابەزینی نیو بۆ یەک کیلۆگرام زیاتر نەبێت لە هەفتەیەکدا.
  • دابەزاندنی سیانەگلیسیرید لە ڕێگەی خۆراک، دەرمان یان هەردووکی
  • دوور بکەوەرەوە لە خواردنەوەی مەی
  • ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە پێویستە کۆنتڕۆڵی بکەیت
  • خۆراکی هاوسەنگ و تەندروست بخۆ
  • چالاکی جەستەیی زیاد بکە
  • پشکنینی بەردەوام لە لای پزیشکی پسپۆر

چارەسەرکردنی نەخۆشی چەوری جگەر

چەوری جگەر  جێگەی سەرنجی لێکۆڵینەوەکانە. زانایان لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا دەرمانی جۆراوجۆر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی هەوکردنی جگەر، لەنێویاندا دەرمانی نوێی شەکرە کە ڕەنگە یارمەتیت بدات تەنانەت ئەگەر نەخۆشی شەکرەشت نەبێت. لەوانە مێتفۆرمین، پایۆگلیتازۆن، ڕۆزیگلیتازۆن و بێتاین. دەرمانێکی دیکە کە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت بریتییە لە دەرمانی ئۆرلیستات (Xenical) کە دەرمانێکە ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی بەشێک لە چەورییەکانی خۆراکەکەت. ئەنجامە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە ئۆرلیستات ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی چەوری لە جگەردا.


سەرچاوەکان



119 بینین