ترشە ئەمینییەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد دادکوش محەمەد دادکوش - به‌روار: 2024-09-08-14:51:00 - کۆدی بابەت: 14553
ترشە ئەمینییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ترشە ئەمینییەکان(بە ئینگلیزی : Amino acids، بە ئەڵمانی : Aminosäuren) پێکهاتەی ئۆرگانیین، ئۆرگانیک واتە ئەو ئاوێتانەن کە کاربۆنیان تێدایە.
ترشە ئەمینییەکان پێکدێن لە گەردیلەیەکی کاربۆنی ناوەندی (C) کە بەستراوەتەوە بە گەردیلەیەکی هایدرۆجین (H)، گروپێکی ئەمینی (NH2)، یەک گروپی کاربۆکسیل (COOH) و زنجیرەیەکی لاوەکی گۆڕاو.

ترشە ئەمینییەکان چین

ترشە ئەمینییەکان بریتین لەو گەردانەی کە هەموو زیندەوەران بەکاریان دەهێنن بۆ دروستکردنی پڕۆتین؛ جەستە پێویستی بە ٢٠ ترشی ئەمینی جیاواز هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست کار بکات، نۆ دانە لەو ترشە ئەمینییانە پێیان دەوترێت ترشە ئەمینییە بنەڕەتییەکان (Essential amino acids).
ترشە ئەمینییەکان لە هەموو زیندەوەراندا بوونیان ھەیە، لە [مرۆڤ، ئاژەڵ، ڕووەک، قارچک، ڤایرۆس و بەکتریا]دا هەیە.
ئەم ترشانە بناغەی بنیاتنانی پڕۆتینن، پڕۆتینەکان زنجیرەیەکی درێژی ترشە ئەمینییەکانن؛ جەستە هەزاران پڕۆتینی جیاوازی تێدایە کە هەریەکەیان فرمانی تایبەتیان هەیە.
هەر پڕۆتینێک ڕیزبەندی ترشە ئەمینییەکانی خۆی هەیە و بە ڕێکی بەیەکەوە بەستراون، کە  وادەکات پڕۆتینەکە شێوەی جیاواز وەربگرێت و ئەرکی جیاوازی هەبێت لە جەستەدا.

جۆرە جیاوازەکانی ترشە ئەمینییەکان

جەستە پێویستی بە ٢٠ جۆری جیاوازی ترشی ئەمینی هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست کار بکات؛ ئەم ٢٠ ترشە ئەمینییە بە شێوازی جیاواز کۆدەبنەوە و پڕۆتین لە جەستەی مرۆڤدا دروست دەکەن.
جەستەی مرۆڤ چەندین ترشی ئەمینی دروست دەکات، بەڵام ناتوانێت نۆ جۆر لەو ترشە ئەمینییانەی کە پێویستت پێیانە دروست بکات؛ کە پێیان دەوترێت ترشە ئەمینییە بنەڕەتییەکان(Essential amino acids)، کە دەبێت لەو خواردنانەی دەیخۆیت بەدەستیان بهێنیت.

نۆ جۆرەکەی ترشە ئەمینییە بنەڕەتییەکان بریتین لە

١-هیستیدین[Histidine]: یارمەتی دروستکردنی ماددەیەکی کیمیایی (دەمارە گوێزەرەوە)ی مێشک دەدات کە پێی دەوترێت هیستامین.
هیستامین ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە فرمانی بەرگری جەستە، هەرسکردن، خەوتن و توانای سێکسی.

٢-ئایزۆڵوسین[Isoleucine]: بەشدارە لە میتابۆلیزمی ماسولکەکانی جەستە و کارکردنی بەرگری لەش؛ هەروەها یارمەتی جەستە دەدات هیمۆگڵۆبین دروست بکات و وزە ڕێکبخات.

٣-ڵوسین[Leucine]: یارمەتی جەستە دەدات بۆ دروستکردنی پڕۆتین و ھۆڕمۆنی گەشەکردن؛ هەروەها یارمەتی گەشەکردن و چاککردنەوەی شانەکانی ماسولکەکان دەدات و برینەکان چاک دەکاتەوە و ئاستی شەکری خوێن ڕێکدەخات.

٤-ڵایسین[Lysine]: بەشدارە لە بەرهەمهێنانی هۆڕمۆن و وزە؛ هەروەها گرنگە بۆ کالیسیۆم و کارکردنی بەرگری لەش.

٥-میثیۆنین[Methionin]: یارمەتی گەشەی شانەکانی جەستەت و میتابۆلیزم و پاککردنەوەی ژەهراویبوون دەدات؛ هەروەها میثیۆنین یارمەتی هەڵمژینی کانزا سەرەکییەکان دەدات، لەوانە زینک و سیلینیۆم.

٦-فێنڵ ئاڵنین[Phenylalanine]: پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی نێردراوە کیمیایییەکانی مێشکت، لەوانە دۆپامین، ئێپینفرین و نۆرۆئەپینفرین. هەروەها گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی ترشە ئەمینییەکانی تر.

٧-ثریۆنین[Threonine]: ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کۆلاجین و ئیلاستین.
ئەم پڕۆتینانە پێکهاتەیەک بۆ پێستت و شانەکانی بەستنەوە دابین دەکەن؛ هەروەها یارمەتیدەرن لە دروستبوونی خوێن مەیین، کە یارمەتیدەرن بۆ ڕێگریکردن لە خوێنبەربوون.
ثریۆنین ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە میتابۆلیزمی چەوری و کارکردنی بەرگری لەشت.

٨-تریپتۆفن[Tryptophan]: یارمەتی پاراستنی هاوسەنگی نایترۆجینی دروستی جەستەت دەدات. هەروەها یارمەتی دروستکردنی ماددەیەکی کیمیایی (دەمار گوێزەرەوە)ی مێشک دەدات کە پێی دەوترێت سیرۆتۆنین؛ کە سیرۆتۆنین باری دەروونی و ئارەزووی خواردن و خەوتن ڕێکدەخات.

٩-ڤەیڵین[Valine]: بەشدارە لە گەشەی ماسولکەکان و دووبارە دروستکردنەوەی شانەکان و بەرھەمھێنانی وزە.

ئەرکی ترشە ئەمینییەکان

جەستەی مرۆڤ ترشە ئەمینییەکان بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی پڕۆتین؛ جۆرە جیاوازەکانی ترشە ئەمینییەکان و شێوازی پێکەوە بەستنیان ئەرکی هەر پڕۆتینێک دیاری دەکەن.
کەواتە، ترشە ئەمینییەکان بەشدارن لە چەندین ڕۆڵی گرنگ لە جەستەدا، وەک ئەمانە:

١-ھەرسکردنی خۆراک
٢-گەشەکردن و چاککردنەوەی شانەکانی جەستە.
٣-دروستکردنی هۆڕمۆن و ماددە کیمیایییەکانی مێشک (دەمارە گوێزەرەوە).
٤-سەرچاوەیەکی دابینکردنی وزەن.
٥-پاراستنی تەندروستی پێست، قژ و نینۆکەکان.
٦-دروستکردن و چاککردنەوەی تێکشکاوی ماسولکە.
٧-بەھێزکردنی سیستمی بەرگری لەش.

نیشانەکانی کەمی ترشە ئەمینییەکان

ترشە ئەمینییەکان بۆ هەموو کارەکانی جەستە پێویستە، بۆیە کەمبوونی کاریگەری لەسەر هەموو جەستە دەبێت. ئەگەر ترشێکی ئەمینی نەمابێ یان لە جەستەی زیندەوەراندا کەمبووبێت، ئەوا ترشە ئەمینییەکانی تر بە شێوەیەکی ناتەواو و ناڕێک کاردەکەن بۆ دروستکردنی پڕۆتین، ئەمەش دەبێتە ھۆی کەمبوونی پڕۆتین.
ئەگەر کەمی پڕۆتین هەبوو، سەرەتا جەستە دەست دەکات بە تێکدانی بارستەی ماسولکەکان بۆ ئەوەی دووبارە ترشە ئەمینییەکان دابین بکاتەوە؛ بەڵام ئەگەر پڕۆتین بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کەم بێت، ئەوا دەبێتە ھۆی چەند نەخۆشییەک، وەک:

١-لە دەستدانی ئارەزووی خواردن.
٢-ڕشانەوە.
٣-تێکچوونی مژینی خۆراک، هەڵگرتن و گواستنەوەی ماددە خۆراکییەکان و ماددە گرنگەکان.
٤-تێکچوونی لایەنی ھەست و سۆز (گۆڕانی باری دەروونی، خەمۆکی توند و دڵەڕاوکێ).
٥-توڕەبوون.
٦-کێشە لە خەوتن و کەم خەوی.
٧-ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکان (بۆ نموونە کەمبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین و هۆڕمۆنەکانی تایرۆید).
٨-دواکەوتنی گەشەکردن و گەشەکردن لە گەنجاندا.
٩-ماندوویەتی جەستەیی و لاوازی.
١٠-لەدەستدانی ئارەزووی سێکسی و کەمبوونەوەی توانای منداڵبوون.
١١-زیادبوونی فشاری ئۆکسجینی و لێکەوتەکانی (زوو پیربوون، لاوازی سیستەمی بەرگری، سستبوونی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و هتد).

ئەو خۆراکانەی ترشە ئەمینییەکانیان تێدایە

ترشە ئەمینییە بنەڕەتییەکان دەتوانرێت لە چەندین خۆراکی جیاوازدا بەدەست بھێندرێن؛ باشترین سەرچاوەی ترشە ئەمینییەکان لە پڕۆتینی ئاژەڵیدا هەیە، وەک:
١-گۆشتی مانگا و گۆشتی سوور بە گشتی.
٢-گۆشتی مریشک و پەلەوەر.
٣-ھێلکە.
٤-گۆشتی ماسی.
٥-بەرھەمە شیرەمەنییەکان.
٦-سۆیا.
٧-گەنمەشامی.
پڕۆتینی ئاژەڵی بە ئاسانی هەڵدەمژرێن و لە لایەن جەستەوە بەکاردەهێنرێن.
ئەم خۆراکانە هەر نۆ ترشە ئەمینییە بنەڕەتییەکانیان تێدایە و پێیان دەوترێت پڕۆتینی تەواو[Complete protein].

ئەو خۆراکانەی کە بەشێک لە ترشە ئەمینییە بنەڕەتییەکانیان تێدایە پێیان دەوترێت پڕۆتینی ناتەواو[Incomplete protein].
ئەم خواردنانە بریتین لە:
١-گوێز.
٢-تۆوەکان.
٣-نۆک.
٤-سەوزەکان.
٥-فاسۆلیا و هەندێک لە دانەوێڵەکان.
ئەگەر ڕێجیمێکی ڕووەکی پەیڕەو دەکەیت، پێویستە چەند جۆرێک لە پڕۆتینی ناتەواو بخۆیت، بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە هەر نۆ ترشە ئەمینییە گرنگەکان بەکاردەهێنیت.

بەکارھێنانی ترشە ئەمینییەکان بەشێوەی تەواوکەری خۆراکی

بە گشتی دەتوانیت هەموو ئەو ترشە ئەمینییە گرنگانە بەدەستبهێنیت کە جەستەت پێویستی پێیەتی بە خواردنی خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ. هەندێک کەس بۆ باشتر خەوتن، باشترکردنی باری دەروونی و بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزشی تەواوکەری ترشی ئەمینی دەخۆن؛ بەڵام بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) ئەم تەواوکەرە خۆراکییانەی پەسەند نەکردووە تاوەکوو ئێستا.
بۆیە پێش بەکارھێنانی هەر تەواوکەرێک، لەوانەش تەواوکەری ترشە ئەمینییەکان، پێویستە ڕاوێژ بکەیت بە پزیشک بۆ دوربوون لە کێشە تەندروستییەکان.


سەرچاوەکان



110 بینین