یەکەم جەنگی هاوپەیمانی

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2025-02-27-21:13:00 - کۆدی بابەت: 14938
یەکەم جەنگی هاوپەیمانی

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

جەنگەکانی هاوپەیمانی سەردەمێکی گرنگ بوون لە مێژووی ئەوروپا کە بە شۆڕشی فەرەنسی دەستی پێکرد و بە رووخانی ناپلیۆن بۆناپارت کۆتایی هات. ئەم جەنگانە چەندین هاوپەیمانی نێوان وڵاتانی ئەوروپی (بەتایبەت بەریتانیا، پروسیا، روسیا و نەمسا) دژی فەرەنسا پێکهێنا.
لە سەرەتادا، جەنگەکان بۆ بەرگری لە شۆڕشی فەرەنسی بوون. دواتر، کاتێک ناپلیۆن هاتە سەر دەسەڵات، جەنگەکان چوونە قۆناغێکی نوێوە. ناپلیۆن توانی زۆربەی ئەوروپا داگیر بکات و سیستەمێکی نوێی فەرمانڕەوایی دابمەزرێنێت.
کۆتایی جەنگەکان بە شکستی ناپلیۆن لە شەڕی واتەرلۆ لە ساڵی ١٨١٥ هات. دوای ئەوە کۆنگرەی ڤیەننا بەسترا کە نەخشەی سیاسی ئەوروپای گۆڕی و سیستەمێکی نوێی دیپلۆماسی دامەزراند.
جەنگی هاوپەیمانی دابەش ئەکرێت بۆ حەوت قۆناغ:
١. یەکەم جەنگی هاوپەیمانی (١٧٩٢-١٧٩٧)
٢. دووەم جەنگی هاوپەیمانی (١٧٩٨-١٨٠٢)
٣. سێیەم جەنگی هاوپەیمانی (١٨٠٥)
٤. چوارەم جەنگی هاوپەیمانی (١٨٠٦-١٨٠٧)
٥. پێنجەم جەنگی هاوپەیمانی (١٨٠٩)
٦. شەشەم جەنگی هاوپەیمانی (١٨١٣-١٨١٤)
٧. حەوتەم جەنگی هاوپەیمانی (١٨١٥) 
ئەم ڕاپۆرتە باسی " یەکەم جەنگی هاوپەیمانی  (١٧٩٢-١٧٩٧)- War of the First Coalition" دەکات:
ئەم قۆناغە، یەکەم جەنگی سەرتاسەری بوو کە دەوڵەتانی ئەوروپی دژی فەرەنسای شۆڕشگێڕی ئەنجامیاندا. ئەم جەنگە هەنگاوی سەرەتایی زنجیرەیەک لە جەنگەکان بوو کە بە جەنگەکانی ناپلیۆنی (١٧٩٢-١٨١٥) ناسراون.

زەمینەی مێژوویی

شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی ١٧٨٩ دەستیپێکرد، کاتێک پاشایەتی لویسی شازدەیەم لەژێر فشاری نارەزایەتییە جەماوەرییەکان و قەیرانی ئابووری کەوتبوو. سیستەمی فیودالی و دەسەڵاتی ڕەهای پاشایەتی بەرەنگاری بۆچوونە نوێیەکانی ڕۆشنگەری، ئازادی و یەکسانی بۆوە. لە ٢٠ی نیسانی ١٧٩٢، پەرلەمانی فەرەنسا جەنگی دژی نەمسا ڕاگەیاند، کە سەرەتای یەکەم جەنگی هاوپەیمانی بوو.
بنەماڵە پاشایەتییەکانی ئەوروپا بە ترسەوە تەماشای گۆڕانکارییەکانی فەرەنسایان دەکرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ژانویەی ١٧٩٣ لویسی شازدەیەم لەلایەن شۆڕشگێڕەکانەوە لەسێدارە درا. پاشاکانی ئەوروپا نیگەران بوون کە شۆڕش بۆ وڵاتەکانیان بڵاو ببێتەوە. هاوکات، فەرەنسییەکان بڕوایان وابوو کە زلهێزەکانی ئەوروپا پیلانیان هەیە بۆ لەناوبردنی شۆڕش و گەڕاندنەوەی سیستەمی پاشایەتی.

ڕۆڵی تەوەرەکانی هاوپەیمانی

یەکەم جەنگی هاوپەیمانی پێکهاتبوو لە زۆربەی زلهێزەکانی ئەوروپا کە ئامانجی هاوبەشیان بەرەنگاربوونەوەی فەرەنسای شۆڕشگێڕی بوو. سەرەکیترین هێزەکان بریتی بوون لە:

بەریتانیا

بە ڕابەرایەتی ویلیام پیت، بریتانیا ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێکخستنی هاوپەیمانییەکەدا هەبوو. هۆکاری سەرەکی بەشداریکردنی بریتانیا دژایەتی ئایدیۆلۆژیکی شۆڕشی فەرەنسا و نیگەرانی لە فراوانخوازی فەرەنسا بەتایبەت لە ناوچەی هۆڵەندا بوو. حکومەتی بریتانیا لە شوباتی ١٧٩٣ جەنگی دژی فەرەنسا ڕاگەیاند و ڕۆڵی سەرەکی لە پشتیوانی دارایی لە هاوپەیمانەکانی دژی فەرەنسا بینی. هێزی دەریایی بریتانیا بەهێزترین هێزی دەریایی جیهان بوو و توانی گەمارۆیەکی کاریگەر لەسەر بەندەرەکانی فەرەنسا دروست بکات.

نەمسای هاپسبۆرگ

ئیمپراتۆر فرانسیس دووەم ڕۆڵی سەرەکی لە دژایەتی شۆڕشی فەرەنسا بینی. نەمسا نیگەرانی ئایدیۆلۆژیکی و ستراتیژی هەبوو، بەتایبەت لەبەر ئەوەی ماری ئانتوانێت، ژنی لویسی شازدەیەم، خوشکی ئیمپراتۆری نەمسا بوو. هاوکات، نەمسا دەیویست پێگەی خۆی لە ئیتالیا و ناوچەی هۆڵەندای نەمساوی (بەلجیکای ئێستا) بپارێزێت.

پروسیا

بە ڕابەرایەتی فریدریک ویلیامی دووەم، پروسیا سەرەتا لەگەڵ نەمسا هاوپەیمان بوو. سوپای پروسیا کە بە دیسپلینی بەرز و شێوازی جەنگی ڕێکخراو ناسرابوو، هیوای زۆر بوو بۆ هاوپەیمانییەکە، بەڵام ناکۆکی لەگەڵ نەمسا و گۆڕانکاری لە بەرژەوەندییەکان، وایکرد کە پروسیا لە ساڵی ١٧٩٥ لە ڕێی پەیماننامەی بال لە جەنگەکە بکشێتەوە.

ئیسپانیا

بە ڕابەرایەتی شاڵەس چوارەم، ئیسپانیا سەرەتا دژی فەرەنسای شۆڕشگێڕی بوو، بەڵام دوای چەند سەرکەوتنی سەربازی فەرەنسا، لە ساڵی ١٧٩٥ پەیمانی سان ئیلدیفۆنسۆی واژۆ کرد و بوو بە هاوپەیمانی فەرەنسا.

سەردینیا (پیدمۆنت)

بە ڕابەرایەتی ڤیکتۆر ئیمانوێلی یەکەم، سەردینیا بەشداری لە جەنگەکە کرد بەهۆی نزیکی جوگرافی لە فەرەنسا و نیگەرانی لە بڵاوبوونەوەی فکری شۆڕشگێڕی.

کۆماری هۆڵەندا

دەستێوەردانی سوپای فەرەنسا لە هۆڵەندا وایکرد کۆماری باتاڤیا دروست ببێت کە بوو بە دەوڵەتێکی ژێردەستی فەرەنسا.

میرنشینە ئیتالییەکان

چەندین میرنشینی بچووکی ئیتالی وەک ناپلی، توسکانی و ڤینسیا بەشدارییان لە هاوپەیمانییەکە کرد.

ڕەوتی جەنگ

قۆناغی یەکەم (١٧٩٢-١٧٩٣): دەستپێکی جەنگ

جەنگ بە فەرمی لە نیسانی ١٧٩٢ دەستیپێکرد کاتێک فەرەنسا جەنگی دژی نەمسا ڕاگەیاند. سەرەتا، سوپاکانی هاوپەیمانان دەستیان بە هێرشکردنە سەر خاکی فەرەنسا کرد. فەرماندەیی گشتی سوپاکانی هاوپەیمانان بە دیوکی برانزویک درابوو کە بە مانیفێستێکی توند هەڕەشەی لە پاریس کرد ئەگەر زیان بە خانەوادەی پاشایەتی بگات.
 
شەڕی ڤالمی (٢٠ی ئەیلولی ١٧٩٢):
یەکەم بەریەککەوتنی گەورەی ئەم جەنگە بوو، کاتێک سوپای پروسی-نەمساوی بە ڕابەرایەتی دیوکی برانزویک هێرشیان کردە سەر فەرەنسا. بەڵام سوپای فەرەنسی بە سەرکردایەتی جەنەراڵ کێلێرمان و دۆمۆریی، لە ناوچەی ڤالمی توانییان بەرگری لە هێرشەکە بکەن. ئەم سەرکەوتنە مۆراڵی بەرزکردەوە و وەرچەرخانێکی گرنگ بوو بۆ شۆڕشگێڕان.
 
شەڕی جیماپ (٦ی تشرینی دووەمی ١٧٩٢):
سوپای فەرەنسی بە ڕابەرایەتی جەنەراڵ دۆمۆریی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا دژی سوپای نەمسا لە بەلجیکا. ئەم سەرکەوتنە ڕێگای بۆ داگیرکردنی بەلجیکا لەلایەن فەرەنسا خۆشکرد.
 
شەڕی نێرویندێن (١٨ی ئاداری ١٧٩٣):
سوپای نەمسا بە سەرکردایەتی فێردریک جۆسیاس، شازادەی ساکس-کۆبورگ، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا دژی سوپای فەرەنسی. ئەم شکستە وایکرد بەلجیکا بکەوێتەوە دەست هاوپەیمانان.

ڕەوتی جەنگ-قۆناغی دووەم (١٧٩٣-١٧٩٤)

قەیرانی ناوخۆیی فەرەنسا و دروستبوونی سوپای نوێ، ساڵی ١٧٩٣ قۆناغێکی دژوار بوو بۆ فەرەنسا: لویسی شازدەیەم لەسێدارە درا، جەنگی ناوخۆ لە ڤاندێ هەڵگیرسا، و لازارێ کارنۆت بەرپرسی سوپا کرا کە هەوڵی دا سوپایەکی نوێ دروست بکات.

یاسای سەربازگیری گشتی (Levée en masse - ٢٣ی ئابی ١٧٩٣):
یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی کۆنڤانسیۆنی نیشتمانی فەرەنسا بوو. بەپێی ئەم یاسایە، "هەموو هاووڵاتیانی فەرەنسی بە بەردەوامی بۆ خزمەتی سوپایی ئامادەکران". ئەم بڕیارە سوپایەکی مەزنی نیشتمانی دروستکرد کە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە هاوکێشەی هێزدا دروستکرد. لە کۆتایی ١٧٩٤، فەرەنسا نزیکەی ٨٠٠,٠٠٠ سەربازی هەبوو کە لەو سەردەمە ژمارەیەکی بێوێنە بوو.
 
شەڕی هۆندسخۆت (٨ی ئەیلولی ١٧٩٣):
جەنەراڵ ژان-نیکۆلا هۆش توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت دژی هێزەکانی بریتانیا بە سەرکردایەتی دیوکی یۆرک و ئۆلبانی.
 
شەڕی واتیگنیە (١٦ی تشرینی یەکەمی ١٧٩٣):
سەرکەوتنی فەرەنسا لەم شەڕەدا دژی سوپای نەمسا یارمەتیدەر بوو بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بەلجیکا.

ڕەوتی جەنگ-قۆناغی سێیەم (١٧٩٤-١٧٩٥): 

سەرکەوتنەکانی فەرەنسا و جیابوونەوەی پروسیا، ساڵی ١٧٩٤ سەرکەوتنە سەربازییەکانی فەرەنسا بەردەوام بوون. ناپلیۆن بۆناپارت وەک ئەفسەرێکی توانا دەرکەوت و توانی لە باشووری فەرەنسا و باکووری ئیتالیا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
 
شەڕی فلیوروس (٢٦ی حوزەیرانی ١٧٩٤):
یەکێک لە شەڕە یەکلاکەرەوەکانی جەنگ بوو. سوپای فەرەنسی بە ڕابەرایەتی جەنەراڵ ژان بابتیست ژۆردان توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت دژی هێزەکانی نەمسا و پروسیا. ئەم سەرکەوتنە وایکرد فەرەنسا جارێکی تر بەلجیکا داگیر بکات.
 
داگیرکردنی هۆڵەندا (کانوونی دووەمی ١٧٩٥):
سوپای فەرەنسی بە سەرکردایەتی جەنەراڵ پیشێگرۆ توانی بە تەواوی هۆڵەندا داگیر بکات. بەهۆی زستانی زۆر سارد، کەناڵەکانی هۆڵەندا بەستبوویان و سوپای فەرەنسا توانی بەسەر بەستەڵەکەوە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی هۆڵەندا. کۆماری باتاڤیای دروستکرد کە هاوپەیمانی فەرەنسا بوو.
 
پەیماننامەی بال (٥ی نیسانی ١٧٩٥):
گرنگترین گۆڕانکاری دیپلۆماسی لەم قۆناغەدا بوو. پروسیا پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ فەرەنسا واژۆ کرد و لە هاوپەیمانییەکە کشایەوە. ئەمە لاوازبوونێکی گەورەی هاوپەیمانییەکە بوو.
 
پەیماننامەی سان ئیلدیفۆنسۆ (١٨ی تەمموزی ١٧٩٥):
ئیسپانیاش هاوشێوەی پروسیا، پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ فەرەنسا واژۆ کرد و بوو بە هاوپەیمانی فەرەنسا دژی بریتانیا.

ڕەوتی جەنگ-قۆناغی چوارەم (١٧٩٦-١٧٩٧):

هەڵمەتی ناپلیۆن لە ئیتالیا و کۆتایی جەنگ، ناپلیۆن بۆناپارت لە مارسی ١٧٩٦ کرا بە فەرماندەی سوپای فەرەنسا لە ئیتالیا. هەڵمەتی ناپلیۆن لە ئیتالیا یەکێک لە سەرکەوتووترین هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەو سەردەمە بوو.
 
شەڕی مۆنتینۆت (١٢ی نیسانی ١٧٩٦):
یەکەم سەرکەوتنی ناپلیۆن بوو دژی سوپای نەمسا و سەردینیا لە باکووری ئیتالیا.
 
شەڕی لۆدی (١٠ی ئایاری ١٧٩٦):
ناپلیۆن توانی پردی لۆدی بەسەر ڕووباری ئادای ئیتالیادا داگیر بکات و سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا. ئەم سەرکەوتنە وایکرد میلان بکەوێتە دەست فەرەنسا.
 
شەڕی ئارکۆل (١٥-١٧ی تشرینی دووەمی ١٧٩٦):
سەرکەوتنێکی گەورەی ناپلیۆن بوو دژی سوپای نەمسا لە باکووری ئیتالیا. ناپلیۆن توانی بەشێکی زۆری باکووری ئیتالیا داگیر بکات.
 
شەڕی ڕیڤۆلی (١٤-١٥ی کانوونی دووەمی ١٧٩٧):
سەرکەوتنێکی تەواوی ناپلیۆن بوو دژی سوپای نەمسا. دوای ئەم شەڕە، ناپلیۆن توانی مانتوا (ناوەندی بەرگری نەمسا لە ئیتالیا) داگیر بکات.
 
پەیماننامەی کامپۆ فۆرمیۆ (١٧ی تشرینی یەکەمی ١٧٩٧):
ئەم پەیماننامەیە کۆتایی بە یەکەم جەنگی هاوپەیمانی هێنا. ناپلیۆن لەجیاتی حکومەتی فەرەنسا ئەم پەیماننامەیەی لەگەڵ نەمسا واژۆ کرد. بە پێی ئەم پەیماننامەیە:
- نەمسا هەموو ماف و ئیددیعایەکی لەسەر بەلجیکا دەستبەرداری بوو و فەرەنسا فەرمی کرد.
- کۆماری ڤینیسیا لەنێوان فەرەنسا و نەمسا دابەشکرا.
- کۆماری لیگوریا (جەنەوا) و کۆماری سیسالپین (باکووری ئیتالیا) وەک دەوڵەتی ژێردەستی فەرەنسا دروستکران.
- فەرەنسا دوورگەکانی ئایۆنیان (کۆرفو و دوورگەکانی تر) و بەشێکی باشووری ئالبانیای بەدەستهێنا.
بریتانیا تاکە وڵاتی سەرەکی بوو کە لە هاوپەیمانییەکەدا مایەوە و درێژەی بە جەنگ دا تا ساڵی ١٨٠٢ (کاتی پەیماننامەی ئامیان).

ئەنجامەکانی جەنگ

فەرەنسا سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا کە گۆڕانکاری گەورەی لە نەخشەی سیاسی ئەوروپادا دروستکرد:
• فەرەنسا بەلجیکا (نەمسای خوارەوە)، هۆڵەندا و ناوچەکانی رۆژئاوای روباری راین داگیرکرد و کۆنترۆڵی تەواوی بەسەریاندا سەپاند.
• بەپێی پەیماننامەی کامپۆفۆرمیۆ (١٧٩٧)، نەمسا ناچارکرا دان بنێت بە دەسەڵاتی فەرەنسا بەسەر باکووری ئیتالیا و لۆمباردیا. بەرامبەر بەوەش، فەرەنسا ڤینیسیای بە نەمسا بەخشی.
• فەرەنسا کۆمارە هاوپەیمانەکانی دامەزراند (کۆماری باتاڤیا، کۆماری لیگوریا، کۆماری سیسالپین) کە بوونە دەوڵەتی بووکەڵەی فەرەنسا.
• ئینگلتەرا تەنیا وڵاتێک بوو کە بەردەوام بوو لە بەرەنگاربوونەوەی فەرەنسا، بەتایبەتی لە دەریادا.
• بریتانیا لە کۆلۆنییەکانی فەرەنسا و هۆڵەندا لە هیندستان و کاریبی داگیرکرد.
• ئەم سەرکەوتنانە بووە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ناپلیۆن بۆناپارت کە ڕێگەی بۆ دەسەڵاتی زیاتر و دواتر بوونی بە ئیمپراتۆر خۆشکرد.


سەرچاوەکان



1082 بینین