ناوهڕۆك
سەرما و تاریکی بنی دەریا
سەیرترین شوێنی دەریا کە لە هەموو شوێنەکانی تر سەیرترە، نە نزیک سەر ڕووی ئاوە و نە لە بنی دەریایە، بگرە لەنێو ئەو دوو شوێنەدایە کە نە ئاسمانی بە سەرەوەیەو نەزەوییەکیش لە ژێری، بۆ هەر ئاڕاستەیەک بڕوانی تەنها ئاو دەبینی، لەم شوێنە هیچ زیندەوەرێک شوێنی مانەوەی نییە وەک مانەوەی (مەحار) لەناو قووڕی دەریا و مانەوەی جۆرێکی ماسی وەک (ئاتوم) لەناو بەردەکانی دەریا، بگرە شوێنی خۆ
حەشاردانیش نییە بۆ خۆحەشاردنەوە لەو دوژمنانەی کە هێرش دەکەن، هەر هەموو زیندەوەرەکان لەم شوێنانەدا لە جووڵەیەکی بەردەوامدان.
ئەم دونیایە تا ئەو کاتەی کە تەکنیکی کەشتی زانستی ژێر دەریایی نەگەیشتبوو بە ئاستی ئەمڕۆ---کەس نەیبینی بوو، تەنها سێ کەس نەبێت کە ئەوانیش پەرەپێدەرانی ئەو جۆرە تەکنیکەن و زانای لێهاتوون لە بواری جیهانی ئاودا، زانایەکی وەک دکتۆر (پیپی)و یاریدەرەکەی ساڵی ١٩٣٤ توانییان بگەنە قوڵایی ٩٣٠ مەتر، کاتێک لە ڕێگەی ژێر دەرییایەکەیانەوە کە لە شێوەی تۆپ ئاسنین بوو لە ئاوەکانی دەرەوەی دوورگەی بەرمۆدا ئەو تاقیکردنەوەیان ئەنجامدا، دواتر ساڵی ١٩٤٩ (ئۆتیس بارتۆن) لە دەرەوەی کەنارەکانی کالیفۆرنیا تا قوڵایی ١٤٠٠ مەتر ڕۆیشت، ئەمانە لە ڕێگەی بەکارھێنانی کەرەستەی ڕووناککردنەوەی تایبەتەوە چەندان زیندەوەری سەیریان بەدی کرد و دۆزییەوە کە تا ئەو کاتە کەس نەیانبینی بوو.
پرسیار ئەوەیە ئەگەر لە تواناماندا بوایە بڕۆینە ژێر ئاوەوە تا ئەو قووڵییەی کە پیپی و بارتۆن پێی گەیشتن ئەو کات چیمان دەبینی؟
یەکەم شت کە تێبینیمان دەکرد ئەوەیە کە بەرە بەرە ڕۆشنایی لاواز دەبێت و نامێنێت، تاقی بکەرەوە کاتێک پەرداخێک پڕ دەکەیت لە ئاو، دەتوانی بە ئاسانی شت لەو دیویەوە ببینی، بەڵام ئەگەر مەودای ئەو ئاوە کیلۆ مەترێک بێت یان بڵێن ٦٠ مەتر، ئەو کات بە دڵنیاییەوە هیچ نابینین.
لەکاتی بەکارهێنانی ژێر دەریایی لە ڕێگەی پەنجەرە تایبەتەکانییەوە تێبینی ئەوە دەکرێت کە ڕۆشنایی بەرە بەرە لە ژێر ئاودا لاواز دەبێت، سەرەتا تیشکی سوور نامێنێت دواتر زەرد و پاشان سەوز، لە قوڵایی ٤٥ مەتر بە دواوە تەنها ڕەنگی شین دەمێنێت، هەموو شتێک شین دەکاتەوە وەک ئەوەی چاویلکەیەکی شینت بەکار هێنابێت، لەو قووڵاییە هەموو شتێک تەماوی دەبێت، دکتۆر پیپی بە هەوڵێکی زۆر لە قوڵایی ١٢٠ مەتر ئینجا توانی لاپەڕەی ڕۆژنامەیەک بخوێنێتەوە، لە قوڵایی ٥٧٠ مەتریش ڕۆشنایی شین نامێنێت و تاریکی هەموو لایەکی دەتەنێ، لەم قووڵییەدا پلەی گەرما دادەبەزێت، تەنانەت ئەو کاتەی کە پلەی گەرمی ئاو لە کەمەری زەویدا دەگاتە ٨٢ پلەی فهرنایت ئەوا لە قوڵی ١٨٠ مەتر دا دەگاتە ٣٠ پلەی فهرنایت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، تا ڕووبچین بەرەو بنی دەریا ئەوا پلەی گەرما دادەبەزێت، لەبنی دەریاش دەگاتە پلەی بەستن، بەڵام ئاو نایبەستێت بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە دوایی باسی دەکەین.
کاتێک دەگەیتە ئەو شوێنە سەیرەی کە دەکەوێتە ناوەندەوە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، زۆر لەو شوێنانەدا دەژین، ئەم زیندەوەرانە لە زیندەوەرانی شوێنەکانی تری دەریا و وشکایی جیاوازترن.
کاتێک بە دوای ڕووەکی دەریایی دا دەگەڕێن ئەوا هیچی لێ بەدی ناکەین، چونکە ڕووەک پێویستی بە ڕۆشنایی و گەرمی هەیە و لەو شوێنەدا ئەو دوو شتە نییە، هەروەها هیچ ئاماژەیەک بۆ بوونی ڕووەکی تری وەک (دیاتۆمات)و ڕووەکی لە جۆری ڕووەکەکانی دەریایی (سرجاسۆ) نییە، لەم شوێنە تاریک و ساردەدا تەنها کۆمەڵێک زیندەوەر دەگەڕێن.
باشە ئەم زیندەوەرانە چی دەخۆن؟ هەموو ئەو خۆراکەی کە بە زیندەوەرەکانی ئەم شوێنە دەگات لە سەرەوە بۆیان دادەبەزێت، ئەو ڕووەک و زیندەوەرانەی کە لە سەرەوەی ئەم شوێنە دەمرن بەرە بەرە دادەبەزن تا ببنە خۆراکی ئەمان، ئەو کاتەش کە ئەم خواردنە پێیان نەکات ئەوا ئاسایی یەکتری دەخۆن، بەپێی ئەو یاسایەی کە دەڵێت: بخۆ تا دەخورێت.
دەباشە شێوەی ئەم زیندەوەرانە چۆنە کە لەم شوێنە دەبینرێن؟ (قەندیل)ی دەریا بە هەموو شێوەو ڕەنگەکانی لەم شوێنەدا دەژین، هەندێکی تر لە شێوەی شریتە و هەندێک کلکێکی درێژ بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت، هەروەها کرمە تیرییەکان بە کۆمەڵ دەژین و لەگەڵ جۆرێکی سەیری زیندەوەر کە پێی دەوترێت: (جناحیة القدم) ئەم زیندەوەرە شێوە باڵێکی هەیە و بەملاو بەولادا باز دەدات.
زۆربەی ئەو زیندەوەرانەی کە لەم شوێنەدا دەژین هاوشێوەی ڕۆبیانن، هەندێک لە زیندەوەرەکان وەکو پارچە شووشە وایەو هەندێکی تر فرە ڕەنگە، جۆری ماسییەکانی ئەم شوێنە ڕەنگە موچووڕکە بە گیانتانا بهێنن یان بە تەواوەتی بترسێنن، هەیانە بە ڕادەیەک ددانەکانی درێژە کە ناتوانێت دەمی دابخات، هەیانە کۆئەندامی ھەرسی ئەوەندە کێشی دێت کە دەتوانێت ماسییەکی تر کە سێ ئەوەندەی خۆی بێت بخوات.
هەندێک لە زیندەوەرەکانی ئەم شوێنە چاویان دەرپۆقیوە، هەیانە بە تەواوەتی چاوی نییە، ڕەنگی باوی زیندەوەرەکانی ئەم شوێنە ڕەش و سوورە.
چۆن ئەو زیندەوەرانە دەتوانن لە تاریکی ئەو قوڵاییەدا بگەڕێن، لە کاتێکدا ڕۆشنایی ڕۆژ بەهیچ شێوەیەک ناگاتە ئەوێ؟ ئەوا زیندەوەرەکانی ئەوێ پشت بەو ڕۆشناییە کە دەبەستن کە لەوێدا هەندێک لە زیندەوەرەکان بەرهەمی دەهێنن، ئەم ڕۆشناییە بە ڕۆشنایی سارد ناو دەبرێت، چونکە گەرمایی نابەخشێت.
ئەو ڕۆشناییەی کە لەسەر ڕووی دەریا دەیبینین، جۆرێک لە بەکتریا دروستی دەکات کە لە هەموو جۆرەکانی تری ڕووەک بچووکترە، کۆمەڵێک پێیانوایە کە ئەم بەکتریایە بچووکترین ڕووناکین لە بووندا، هەندێ جۆری ماسی هەیە کە بڕێک لەم بەکتریایانە دەخاتە ناو دەمی تا سوودیان لێ ببینێت لەکاتی جووڵەی لە شەودا.
لە شوێنێکی وادا زۆرێک لە زیندەوەرەکان ڕۆشنایی تایبەتی خۆیان هەیە، هەیانە هاوشێوەی کەشتی نەفەرهەڵگر لە قەد لەشی ڕۆشنایی و ک پەنجەرەی ئەو کەشتییە هەیە، هەیانە توانای کردنەوەو کوژاندنەوەی ئەو ڕۆشناییانەی هەیە لەکاتی پێویستدا هەڵی دەکات و دواتر دەیکوژێنێتەوە، زۆربەی کات ئەو ڕۆشناییانە سپییە، بەڵام ڕەنگی سوور و سەوز و زەرد و شین و تەنانەت بەنەوشەش هەیە، ماسی هەیە ڕۆشناییەکی سوور وەک گڵۆپ بەسەر سەریەوەیە، هەیانە ڕەنگی شین لەقەد کلیکیە، لێرەدا پرسیارێک خۆی دەورووژێنێت بۆچی ئەم زیندەوەرە سەیرانە لەم شوێنەدا دەژین؟ لە ڕاستیدا ژیان لەناو ئاودا دوو شت کۆنتڕۆڵی دەکات، ئەوانیش پلەی گەرما و پەستانە، هەتا قووڵی زیاد بکات پلەی گەرمی کە دەبێتەوە و پەستان زیاد دەکات، زیندەوەرەکانی ئەم شوێنە لە ئاوی فێنک دا ئۆقرە ناگرن، هەروەها هیچ شتێک نییە کە پاڵیان پێوە بنات تا بەرەو شوێنەکانی تر بڕۆن.
هەندێک لە جۆرەکانی ماسی لە ئاستەدا دەژین کە کیسەی هەوای ناو سکیان بواریان پێدەدات، ئەم کیسەیە پڕ دەبێت لە هەواو یارمەتی ماسی دەدات بەئاسانی بجوڵێتەوە، لە ڕاستیدا پەستانی زۆر ناهێڵێت بەرەو بنی دەریا بڕۆن، چونکە ئەگەر ئەو سەرکێشییە بکەن ئەوا پەستان بەرەو سەرەوە فڕێیان دەدات، ئەمەش وا دەکات لەو شوێنە تاریک و ساردەی خۆی بمێنێتەوە کە هاوشێوەی نییە.