زیندەوەرەکانی وشکایی و بوونیان بە دەریایی

له‌لایه‌ن: - ئاکار قطب الدین - به‌روار: 2020-12-29-00:53:00 - کۆدی بابەت: 938
زیندەوەرەکانی وشکایی و بوونیان بە دەریایی

ناوه‌ڕۆك

زیندەوەرەکانی وشکایی و بوونیان بە دەریایی

هەندێ لە زیندەوەران لە کەناری دەریاکاندا دەژین و دوو دڵن لەوەی لەسەر وشکایی یان لەناو دەریادا بژین، بۆ نموونە: هەندێک قرژاڵ لە وەرزێکی دیاریکراودا--دەریا بەجێ دەهێڵن، بەڵام لە وەرزی داهاتوودا دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ ناو دەریا، هەروەها هەندێک جۆری کیسەڵ کە کێشیان دەگاتە (١٠٠) کیلۆگرام لە دەریا دێنە دەرەوەو لەناو لە گەرمەکاندا هێلکەکانیان دادەنێن.

نەهەنگ

نەهەنگ لە هەموو زیندەوەرەکانی تر سەیرترە، چونکە لە سەردەمانێکدا نەهەنگ زیندەوەرێکی بچووکی وشکایی بووەو لەبەر چەند هۆکارێک، ژیان لەناو ئاودا پێی باشترە بووەو بۆ ناو دەریا گەڕاوەتەوە، دەریا کاری کردووەتە سەر کێشی ئەو زیندەوەرانەو بەرە بەرە کێشیان زیادی کردووەو بوونەتە زیندەوەری زەبەلاح، دیارترین ئەو زیندەوەرانەو گەورەترینیان نەهەنگی شینە، کە لە ئاو دابڕاوەو دوورە دەستەکانی ناوچەی جەمسەری باشووردا دەژیت.
هۆکاری مانەوەی نەهەنگی شین لە جەمسەردا بۆ دەوڵەمەندی ئاوی جەمسەر بە (دیاتۆمات) دەگەڕێتەوە، هەروەها دەستکەوتنی (کۆبیبۆدا) کە خواردنێکی باشی نەهەنگەکانە، نەهەنگی شین بە گەورەترین زیندەوەری دونیا دادەنرێت، تەنانەت زۆرێک لەو دەیناسوورانەی کە لە سەردەمانێکدا لەسەر زەوی ژیاون لە نەهەنگی شین بچووکتر بوون، جارێکیان یەکێکیان لەم نەهەنگانە لە دەرەوەی کەنارەکانی دوورگەی (نیوچۆرچیا)ی بەستەڵەکاوی ڕاوکراوە، ئەم نەهەنگە درێژییەکەی (٣٢) مەتر و کێشەکەی (١٢٥) تەن بوو، چەندان جۆری تری نەهەنگی گەورە لە دەریادا دەژین کە ددانیان هەیە لەوانە نەهەنگی (عەنبەر) ئەم نەهەنگە درێژییەکەی تەنها (٢٠) مەتر، بەڵام دەتوانین بە (شای دەریا) دایبنێین، ئەم جۆرەی نەهەنگ لە ڕێگەی چناکەی ژێرەوەی کە زۆر گەورەیە دەتوانێت یەک بەلەم لە ناوەڕاستەوە بکات بە دوو کەرتەوە، دەتوانێت بە یەک لێدان لە ڕێگەی کلکییەوە تەفر و توونای بکات و بیشکێنێت، سەری نەهەنگی عەنبەر زۆر ڕەقە و ئەو کەشتیانەی کە بە (الشراعي---هەوایی) ناسراون بشکێنێ، نەهەنگی عەنبەر لەبەر چاونەترسی لە مەلەکردندا وەکو نەهەنگەکانی تر خێرا نییە، (حەبارە) زەبەلاحەکان خواردنی بەتامی ئەم جۆرەی نەهەنگە و بۆ دەستکەوتنی بەرەو بنی دەریای تاریک قووت دەخواتەوە تا حەباری دەستکەوێت.
ئەم جۆرە (حەبارە) زەبەلاحانە درێژییەکەیان ١٥ مەترە و زۆر بەهێزە، بەڵام لەو دەمەی دەکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ نەهەنگی عەنبەر، چاری نەهەگەکە ناکات و دواجار نەهەنگەکە دەیکوژێت و لەت و پەتی دەکات و دەیخوات.
تاکە دوژمنی سەرسەختی نەهەنگی (عەنبەر) مروڤە، کە بۆ ئەوەی سوود لە ڕۆنەکەی وەربگرێت و بێ بەزەییانە ڕاوی دەکات.
نەهەنگی عەنبەر جۆرێکی بچووکتری هەیە کە زۆر دڕندەترەو ناسراوە بە (بکوژ)، درێژییەکەی دەگاتە (١٠) مەتر و لەشی زۆر بەهێزە و ددانەکانی زۆر گەورە و دەریاوانەکان زۆر لێیدەترسن، نەهەنگی بکوژ هەرگیز پەلاماری نەهەنگی عەنبەر نادات، بەڵام بە کۆمەڵ وەکو گەلە گورگ هێرش دەکەنە خواردنی، شمشێری سەر پشتی ئەم جۆرە نەهەنگە بکوژە هەر وەکو ئاڵای کەشتی چەتەکانی دەریا کە ئاماژەی بۆ ترس و دڵەڕاوکێ دەکات، بە زۆری لەسەر ئاو دیارە، لە خێزانی نەهەنگەکاندا جۆرێکی تری نەهەنگی سەیر هەیە کە بە (کەرکەدەنی دەریا) ناسراوە، ئەمیان لە ناوچە جەمسەرییەکانی باکووردا دەژیت، نێرەکانی ئەم کەرکەدەنە ددانی لەوانەیە لە درێژیدا بگاتە (٣) مەتر، ددانەکانی کەرکەدەنی دەریا لە کاجێڕەی سەرەوەی دەمی بەرەو دەرەوە درێژ دەبێتەوە، خەڵکی ئەسکیمۆ ئەم ددانەی کەرکەدەنی دەریا وەکو خنجەرێکی عاجی بەکاری دەهێنن بۆ ڕاپەڕاندنی ئیش و کاری ڕۆژانەیان، جۆری زۆر لە دۆلفینەکان لە ئاودا مەلە دەکەن، هەیانە دەمی وەکو دەمە بوتڵە و هەیانە وەکو باڵندەکان دەنووکی هەیە.
بەرازی دەریا لە دۆلفینەکان بچووک ترن، ڕەنگی ڕەشەو گیانی زۆر سوورەو لەگەڵ شەپۆلەکان مەلەو یاری دەکات، بەڵام ڕاوچییەکان زۆر بواری نادەن و ڕاوی دەکەن، ئەم جۆرەی نەهەنگ گۆشتی وەکو گۆشتی مانگا بەلەزەت و بەتامە.
بەرازی دەریا حەزی بە مەلەکردنە بە دەوری کەشتییەکاندا، لە (زیلاندای تازە) یەکێک لە بەرازێکی دەریایی زۆر بە ناوبانگە و ناونراوە (بیلۆرانس جاک)، ئەم بەرازەی دەریا ڕێنوێنی کەشتییەکان دەکات، تا بە سەلامەتی بگەنە بەندەرەکان، ئەم مەسەلەیە هانی دەسەڵاتدارانی ئەو دوورگەیەی دا یاسایەک بۆ پاراستنی ئەم بەرازە بەناوبانگە دەربکات.
هەندێک لە جۆرەکانی (دۆلفین) و (بەرازی دەریا) بەرەو ڕووبارو دەریاچەکان کۆچ دەکەن، بۆ نموونە: جۆرێکی (دۆلفین) لە ڕووباری (جانج) دەژیت، کە ڕووبارێکی زۆر پیرۆزی هیندییەکانە، ئەم (دۆلفین)ە بە یەکجاری کوێر بووە، چونکە لەناو ئاوی ڕووبارە قوڕاوییەکاندا دەژیت.

سەگی دەریا

(سەگی دەریا) بە سروشتی خۆی لەناو دەریاو لەسەر وشکایی دەژیت، ئەم جۆرە زیندەوەرە بەهۆی گۆشتەکەی یان سوود وەرگرتن لە پێستەکەی بە زۆری ڕاو دەکرێت، بەڵام بەناوبانگترین ئەم جۆرانە ئەوانەن کە پێستەکانیان لەبواری پیشەسازی جلوبەرگدا بەکار دەهێنرێت و چاکەتی زۆر گەرمیان بۆ زستان لێ دروست دەکرێت.
لە هاویندا (سەگی دەریا) بە کۆمەڵە لە دوورگانەی کە پێیان دەڵێن (بریبیلۆفس) لە دەریای (بیرنگ) دەردەکەون، لەوێدا دایکەکان بەچکە دەکەن، چەند مانگێک لەوێدا دەمێنێتەوە، بەچکەکانیان لە گوێی ئاوەکاندا یان لە شەپۆلەکان بۆ خۆیان فێری مەلە کردن دەبن، سەبارەت بە گەرمی تیشکی هەتاو ئەوا تەمی ناوچەکە دەیانپارێزێت لە خەتەرە، وەکو وتمان (سەگی دەریا) لەو دوورگانە کە ئاماژەیان بۆ کرد کۆ دەبنەوە، ژمارەیان ئەوەندە زۆرە کە لە دووری چەند کیلۆ مەترێکەوە دەنگ و قیژەیان دەبیسرێت، (سەگی دەریا) مەلەوانێکی کارامەیە و بۆ وەدەستهێنانی خواردن توانای هەیە تا بنی دەریا قووت بخواتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا (سەگی دەریا) ناتوانێت زۆر لە ژێر ئاودا بمێنێتەوە، چونکە لە جۆری ئەو زیندەوەرانەیە کە پێویستی بە هەوای ئاسایی سەر وشکایی هەیە بۆ هەناسەدان.
زیندەوەرێکی تر هەیە کە بە خۆشی لە دەریا دەژیت، ئەویش ئەسپی دەریایە وە دوو ددانی درێژی هەیە کە لە کاجیڕەی سەرەوەی بەرەو خوارەوە شۆڕبووەتەوەو درێژییەکەیان دەگاتە یەک مەتر و (٦٠) کیلۆگرام کێشەکەیەتی، لە ڕێگەی ئەو دوو ددانەوە دەتوانێت لە دەریاوە سەرکەوێتە سەر پارچە بەفرێکی سەر دەریا، لەوێدا خۆی بداتە بەر تیشکی خۆر و پشوویەک بدات.
کەس لەو بڕوایەدان نییە کە ورچ بڕواتە ناو دەریا، بەڵام ورچی سپی جەمسەری زۆر دڵخۆشە کاتێک لەنێو شەپۆلەکانی جەمسەردا ڕاو دەکات، زۆر جار بۆ ماوەی زیاتر لە (٣٠) کیلۆمەتر لە گوێ ئاوەکاندا بۆ ڕاوکردنی ماسی یان (سەگی دەریا) مەلەی کردووە، ڕاستە ئاوی جەمسەر زۆر ساردە، بەڵام تووکە سپییەکەی هەمیشە بە گەرمی دەیهێڵێتەوە.

ورچ

ورچی ڕەشی ناوچەی (ئالاسکا) زۆر گەورەیە و کێشەکەی دەگاتە (٧٥٠) کیلۆگرام، دەتوانین بڵێین لە هەموو جۆرەکانی تری ورچ گەورەترە، هەندێک ورچ لە ناوچە دوورەکانی جەمسەری باشوور هەن کە بە درێژایی وەرزی هاوین دەخەون، بەڵام لە ناوچەی جەمسەری باکووردا ورچی سپی هیچ شوێنێکی نییە تا تیایدا بحەوێتەوە، بۆیە بە ناچاری بەرگەی ئەو هەموو بەفر و باران و بەستەڵەکانە دەگرێت کە بەدرێژایی شەوانی تاریک و درێژی ناوچەی جەمسەری بەسەریدا تێ دەپەڕن.
لە ناوچە گەرمەکاندا هەندێک زیندەوەری تر دەژین کە پێمان خۆش نییە لەسەر وشکایی و نزیک لە ماڵەکانمانەوە بیان بینین، ئەوانیش چەندان جۆری مارە، ئەم مارانە چەندان ڕەنگی هەیە، وەکو زەرد و ڕەش و سەوز، زۆریان زیاتر لە دوو مەتر درێژن، هەیانە زۆر ژەهراوی و کوشەندەن، بەڵام خۆش بەختانە ئەمانە زۆر لە مرۆڤەوە دوورن، چونکە لە ئاوە گەرمەکاندا دەژین.


سەرچاوەکان



1139 بینین