دابارین و جۆرەکانی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-01-03-20:05:00 - کۆدی بابەت: 958
دابارین و جۆرەکانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

دابارین (بە عەرەبی: الھطول، بە ئینگلیزی: Precipitation)، دابارین بریتییە لە ھەموو ئەو کردارانەی لە چینی یەکەمی بەرگە ھەوا (ترۆپۆسفیر)، لە بنکی ھەورەکانەوە دادەبارێتە سەر ڕووی زەوی بە شێوەی (بەفر و باران و تەرزە). بڕی شێی ناو بەرگی گازی بە ڕێژەی (٠,٠٣٧٪) ئاوی سوری گشتی پێکدێنێت، ئەم بڕە کەمە تێکڕای ھەموو دابارینی سەر ڕووی زەوییە. دابارین لە ناوچە شێدارەکان گرنگی و بایەخی کەمترە، بەڵام لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان گرنگی و بایەخی زیاترە، چونکە لەم ناوچانەدا شێوازی کشتوکاڵی (دێمی) دەکرێت کە پێشت بە ئاوی باران دەبەستێت.

شێوەکانی دابارین

باران (Rain)

دڵۆپە ئاوی مامناوەندی و گەورەن کە قەبارەیان لە (٥٠٠) مایکرۆن زیاترە، دیارترین جۆری دابارینە بەهۆی ئەوەی پلەی گەرمی لە زۆربەی هەرە زۆری هەرێمەکانی سەر ڕووی زەوی لە پلەی بەستن بەرزترە. باران لە ڕووی چڕییەوە دابەش دەبێت بۆ:

  • یەکەم: کزە باران ئەگەر تێکڕای دابارین (٠,٥) ملیم بێت.
  • دووەم: بارانی مامناوەند ئەگەر تێکڕای دابارین لە نێوان (٠,٥ بۆ ٤) ملیم بێت.
  • سێیەم: بارانی چڕ ئەگەر تێکڕای دابارین  لە (٤) ملیم زیاتر ببارێت لە ماوەی کاتژمێرێکدا. 

لە کاتێکدا باران دەبارێت کە بڕی هەڵمی ئاوی تەواو لە هەوادا بوونی هەبێت بەو مەرجەی پلەی گەرمی چینی خوارەوەی هەوا لە سفر پلەی سەدی زیاتر بێت.

نمە باران (Drizzle)

دڵۆپە ئاوی زۆر بچووکە کە قەبارەیان لە (٥٠٠) مایکرۆن تێناپەڕێت، ئەم جۆرە بارانە لە هەوری چینی نزم و تەمەوە دادەبارێت، چونکە تەوژمی هەوا لە هەوردا بوونی نییە بەرزی بکاتەوە بۆ ئەوەی دڵۆپە بارانەکان قەبارەیان گەورە بێت، هەر بۆیە زۆر بە هێواشی دادەبارێتە سەر ڕووی زەوی کە بڕەکەی لە ملیمەترێک تێپەڕ ناکات.

بارانی دەستکرد

بریتییە لە پڕۆسەی چاندنی هەورەکان بە ماددەی (یۆدی زیوی، دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی وشک و کلۆریدی پۆتاسیۆم و کلۆریدی کالیسۆم) ئەم ماددانە لە ڕێگای موشەک یان فڕۆکە بە هەورەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، دواتر کرداری چڕبوونە چالاک دەبێت و بەم جۆرەش باران لە هەورەکانەوە دادەبارێتە سەر زەوی، بارانی دەستکرد دەبێتە هۆی زیادبوونی باران بەڕێژەی (١٠٪ بۆ ٢٠٪) هەریەک لە وڵاتانی (ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا و فەڕەنسا) خاوەنی ئەم داهێنانەن. ئەنجامدانی ئەم کردارەش پێویستی بە چەند مەرجێک هەیە کە بریتین لە:

  • ئەستووری هەورەکە: نابێت ئەو هەورەی ماددەکانی تیادا دەڕشێندرێن ئەستوورییەکەی لە ٥٠٠ مەتر کەمتر بێت.
  • پلەی گەرمی هەورەکە: واباشترە کە پلەی گەرمی هەورەکە کەمتر نەبێت لە (٥ -)° پلەی سەدی.
  • بوونی هەڵمی ئاو لە هەوا: ڕۆڵێکی یەکلا کەرەوەی هەیە لە باراندنی بارانی دەستکرد، چونکە بوونی هەڵمی ئاو لە هەوادا پیویستە بۆ گەشەکردنی دڵۆپە ئاوەکان.

بەفر (Snow)

پەلکە سەهۆڵی شێوە ئەستێرەیی یان گۆییە، قەبارەیان لە (٢,٥) سانتیمەتر تێپەڕناکات هەمان ئەو هەورەی بارانی لێ دەبارێت دەشێت بەفریش ببارێنێن. جیاوازی نێوان دابارینی باران و بەفر دەوەستێتەوە سەر پلەی گەرمی هەورەکە و هەوای خوارەوەی هەورەکە. هەر بۆیە بەفر لە بازنەکانی ناوەڕاستی زەوی لە وەرزی زستان دادەبارێت، لە ناوچە نزمەکانی بازنە خولگەییەکان لە لوتکەی چیا بەرزەکان دادەبارێت، بەڵام بە شێوەیەکی دەگمەن.

تەرزە (Hail)

دەنکە سەهۆڵی شێوە گۆی و هێلکەییە کە قەبارەیان جیاوازە، ڕەنگە زۆر جار قەبارەی بگاتە نیو کیلۆگرام، تەرزە تەنها لە هەوری کەڵەکەداری باراناوی لە ناوچەی گێژەڵوکەی هەوای ناو هەورەکان دادەبارێت، قەبارەی دەنکە تەرزەکانیش دەوەستێتەوە سەر بەهێزی تەوژمی هەوای ناو هەورەکە، هەر چەند تەوژمەکە بەهێزتر بێت قەبارەی دەنکە تەرزەکە گەورەتر دەبێت بە پێچەوانەشەوە هەر چەند تەوژمی هەوای ناو هەورەکە بێهێزتر بێت ئەوا دەنکۆڵە تەرزەکە بچووکتر دەبێت. بە شێوەیەکی گشتی تەرزە دەنکۆڵە گەورەکان تیرەکەیان دەگاتە نزیکەی (١٩) سانتیمەتر و کێشیان (٧٦٥) گرامە، بەڵام تەرزە دەنکۆڵە بچووکەکان (٥) ملیم کەمترن، بەڵام ئەو قەبارەییەی زیاتر دادەبارێتە سەر زەوی تیرەکەی (٢) سانتیمەترە.

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی باران

١- دەبێت بڕی ئەو بارانەی دادەبارێت بە شێوەیەک بێت کە بتوانێت قەرەبووی ئەو بڕە ئاوە بکاتەوە کە ڕووەک لە دەستی داوە لە ڕێگای ڕەگ و گەڵاکانی بەهۆی پڕۆسەی ئاڕەقکردنی ڕووەک و کرداری بەهەڵمبوون.
٢- دەبێت باران بارینەکە لە شێوەی نمە باران بێت بۆ ئەوەی خاک توانای هەڵمژین و داچۆڕانی هەبێت بۆ چیینەکانی خوارەوە. 
٣- نزیکی ماوەی دابارین و ڕێکی لە دابارین.

چۆن گرنگی باران پێوانە دەکرێت؟

گرنگی باران لە ڕێگای بەھای ڕاستەقینەی باران پێوانە دەکرێت. بەھای ڕاستەقینەی باران بریتییە لەو بڕە ئاوەی کە ڕووک دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، دووای ھەموو ئەو کردارانەی بەسەر پڕۆسەی داباریندا دێن.

ئەو هۆکارانەی کار دەکەنە سەر بڕی دابارین

١- دابەشبوونی ناوچەکانی پەستانی هەوا
گرنگترین هۆکارە بۆ دیاریکردنی بڕی دابارین، چونکە لە ناوچەکانی پەستان نزم تەوژمی سەرکەوتنی هەوا و باران بارینیان چڕە، بەڵام لە ناوچەکانی پەستانی بەرز تەوژمی هەوایی بە ئاڕاستەی خوارەوە زاڵە. لەبەر ئەم هۆکارەش ناوچەی کەمەرەیی پەستان نزم بەرزترین بڕی بارانی جیهانی تیادا تۆماردەکرێت.

٢- بەرزی و نزمی لە ئاست ڕووی دەریا
کاتێک هەوا بەر ناوچەیەکی بەرز و شاخاوی دەکەوێت دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی و چڕبوونەوە ڕوودەدات، بۆیە ناوچەی شاخاوی کاریگەری هەیە لەسەر بڕی دابارین لە شێوەی ڕیزە شاخی بە یەکگەیشتوو یان بارستە شاخی گەورە کە بڕی دابارین لەو ناوچانە زیاترە، بەڵام ئەو ناوچانە دەکەونە سێبەری باران و ئاڕاستەیان لە با نییە بڕی دابارینیان کەمترە.

٣- دووری و نزیکی لە ڕووبەرە ئاوییەکان
سەرچاوەی سەرەکی هەڵمی ئاو لە هەوادا ڕووبەرە ئاوییە گەورەکانە وەکوو (دەریا و زەریاکان) لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە نزیک کەناراوەکان بڕی دابارینیان زیاترە، بە بەراورد بەو ناوچانەی کەوتوونەتە نێو ڕووبەرە وشکانییەکان. کاریگەری ئەم هۆکارەش لە کیشوەری ئاسیا زۆر بە ڕوونی بەدیاردەکەوێت، بە تایبەتی ئەوناوچانەی کەوتوونەتە ناوەوە بیابانن چونکە لە دەریاوە دوورن و بوونی چیایی بەرز هۆکارێکی ترن بۆ نەگەیشتنی هەوای شێدار بۆ ناوەوەی ڕووبەری وشکانی، هەر بۆیە تێکڕای دابارین لەم ناوچانەدا کەمە.

٤- جۆری تەوژمی دەریایی
ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە نزیک تەوژمی سارد بڕی دابارینیان کەمترە، چونکە هەوای سەر تەوژمی سارد و قوڕسە و ئارامە و بەرز نابێتەوە بۆ ئەوەی چڕبوونەوە ڕووبدات، بەڵام ئەو ناوچانەی نزیکن لە تەوژمی گەرم بڕی دابارینیان زیاترە، چونکە هەوای سەر ئەم تەوژمانە سوکە و ئارام نیین لە ئەنجامدا بەرز دەبنەوە و چڕبوونەوەی هەڵمی ئاو ڕوودەدات یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابارین.

٥- ناوچەکانی بەرەی هەوایی
ئەو ناوچانەی کە بارستە هەوای مەیلەو گەرم و شێدارە بە بارستە هەوای گەرم و وشک دەگەن، دەرئەنجام ناوچەکە وشک و کەم باران دەبێت، چونکە هەوا گەرم و وشکەکە کێشی سوکە بۆیە بەرز دەبێتەوە نابێتە هۆی خەستبوونەوە، بەڵام کاتێک بارستە ھەواییەکی وشک و سارد بەر بارستە هەوایەکی شێدار و مەیلەو گەرم دەکەوێت هەوا گەرم و شێدارەکە بەرز دەبێتەوە دەبێتە هۆی چڕبوونەوە و دابارین.

جۆرەکانی دابارین

بارانی بەرزی و نزمی 

ئەم جۆرە بارانە دروست دەبێت لە ئەنجامی بەریەک کەوتنی هەڵمی ئاو و هەورەکان لەگەڵ چیاکان، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵمی ئاو هەورەکان و دواتر ڕوودانی پڕۆسەی چڕبوونەوە و دابارین. تایبەتمەندی ئەم جۆرە بارانە پەیوەستە بە بڕی هەڵمی ئاوی هەڵگیراو کە باییە بەردەوامەکان هەڵیانگرتووە.

بارانە هەڵگیراوەکان 

ئەم جۆرە بارانە ڕوودەدات بە هۆکارێکی میکانیکی کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەوا لەبەر بەرزی پلەی گەرمی و نزمبوونەوەی چڕییەکەی، بە جۆرێک دوای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەواکە گەرم دەبێت و چڕییەکەی کەم دەکات و بەرز دەبێتەوە بەرەو سەرەوە دابارینی بەرز بووەوە ڕوودەدات. ئەم جۆرە بارانە لە ناوچە گەرمەکان ڕوودەدات کە تیشکی خۆر لەسەریان ستوونە بۆ ماوەیەکی درێژ وەکوو ناوچە کەمەرەییەکان.

بارانە گەردەلولییەکان

ئەم جۆرە بارانە دروست دەبێت لە ئەنجامی بەریەک کەوتنی دوو بارستە هەوا، کە بارستە هەوایەکیان ساردە و بارستە هەواکەی تر گەرمە. هەر بۆیە بارستە هەوا گەرمەکە کێشی سوکە و چڕی کەمترە بۆیە بەرز دەبێتەوە، بەڵام بارستە هەوا ساردەکە کێشی قوڕسە و چڕی زیاترە بۆیە دەکەوێتە خوارەوە (بەرز نابێتەوە)، دواتر بەهۆی بەرزبوونەوەی هەوا گەرمەکە بۆ سەرەوە دابەزین لە پلەی گەرمی ڕوودەدات دواتر دەست دەکات بە چڕبوونەوە و لە دواییدا  دابارین ڕوودەدات.

پەیوەندی نێوان مرۆڤ و دابارین

مرۆڤ لەم چەند ساڵەی دوایدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەستی خستۆتە پڕۆسەی دابارین لەسەر زەوی بە شێوەی ئەرێنی و نەرێنی، بۆنموونە بارانی دەستکرد لە ڕێگای ڕشاندنی هەورەکان بە (یۆدی زیو)، بەڵام ئەنجامدانی ئەم کردارە  پێویستی بە تێچووەکی زۆر هەیە و کۆمەڵێک هەل و مەرجی پێویستە. یان دروێنەکردنی ئاو لە ڕێگای دروستکردن و بنیات نانی بەست و بەنداوەکان بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و ئاودێری کشتوکاڵی و چالاکی گەشت و گوزار، بەم جۆرەش بڕی هەڵمی ئاو لە هەوادا زیاد دەکات، دواتر پڕۆسەی چڕبوونەوە و دروستبوونی هەورەکان چاڵاک دەبێت و بە شێوەی بەفر و باران و تەرزە دادەبارێتەوە سەر زەوی.

یان لە ڕێگای زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی چاندنی دار و درەخت کە دووبارە کرداری بەهەڵم بوونی ڕووەک لە هەوادا زیاد دەکات. مرۆڤ چۆن دەتوانێت بڕی دابارین لەسەر ڕووی زەوی زیاد بکات بە هەمان شێوەش دەتوانێت بڕی دابارین لەسەر ڕووی زەوی کەم بکات، لە ڕێگای گۆڕینی پێچاوپێچی ڕووبارەکان و داپۆشینی ڕووبەرە ئاوییەکان و گۆڕینی شێوەی پۆشاکی ڕووەکی بۆ باڵەخانە و بیناسازی. ئەم ڕێگایانە گشتیان هۆکاری سەرەکیین بۆ کەمکردنەوەی بڕی شێ لە هەوادا، بەم جۆرەش بڕی دابارین لەسەر ڕووی زەوی کەم دەکات.


سەرچاوەکان



3888 بینین