نازپێدان و زۆر زیاد خۆشویستنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-16:34:00 - کۆدی بابەت: 1992
نازپێدان و زۆر زیاد خۆشویستنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

نازپێدان و زیاد لە حەد خۆشویستنی منداڵ

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە کوشندانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان، دەرهەق بە منداڵەکانیان دەیکەن، بریتییە لە نازاندن و زیاد لە حەد خۆشویستنی منداڵ، مخابن! هەندێ دایک و باوک لە بەخێوکردنی منداڵەکانیان زیادەڕۆیی دەکەن، واتە ناز دەدەن منداڵ و بەناز پەروەردەی دەکەن و هەرچی بخوازێ و دەستی بۆ ببات، بەبێ سێ و دوو بۆی جێبەجێ دەکەن.
ئەمەش بۆ چەند هۆکاریک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هۆکاری تاقانەبوونی منداڵ
  • لێکجیانەکردنەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی منداڵ و ئارەزووەکانی.
  • نزمی ئاستی زانستی دایک و باوک.
  • دەوڵەمەندی و هەڵڕستنی پارە بەسەریدا.
  • لێنەپێچینەوە لەسەر هەڵەکانی.
  • خۆشەویستییەکی لەڕادەبەدەری دایک و باوک بۆ منداڵ.
  • ئاشنا نەبوونی دایک و باوک بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • نەشارەزایی و ناوشیاری دایک و باوک.
  • کەم ئەزموونی و ناشارەزایی.

زیانەکانی نازاندن و زیاد لە حەد خۆشویستنی منداڵ

ئەڵبەتە ئەم نازاندنە زیانێکی زۆر بە کەسایەتی و بەهرە و تواناکانی منداڵ دەگەیەنێت، کە لەم چەند خاڵەدا چڕیان دەکەینەوە:

  • منداڵی نازنندی (نازپێدراو)، هەمیشە لەسەر داواکارییەکانی پێداگر دەبێت و عینادی دەکات.
  • جیاوازی لە نێوان خواستەکانی و ئارەزووەکانی خۆی ناکات.
  • داوای شتگەلێکی ناماقوڵ و زیاد لە پێویست لە دایک و باوکی و کەسانی دیکە دەکات.،
  • ڕێز لە مافی کەسانی دیکە ناگرێ.
  • هەوڵدەدات ڕای خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت.
  • بەردەوام دەم بە گلەیی دەبێت.
  • ناتوانێ لە هەمبەر کێشە و ئاستەنگەکاندا، ئارام و دانبەخۆداگر بێت.
  • وا دەزانێ هەمیشە لەسەر هەقە و هەق تەنیا لای ئەوە.

ئەڵبەتە ئەم نازاندنە بۆ هیچ منداڵێک تاسەر نابێت، بۆیە هەر کاتی دایک و باوک پشتیان لە منداڵەکە کرد و وەک خۆی نازی نەدایە، ئەوا منداڵەکە لە ڕووی دەروونییەوە دووچاری شڵەژان دەبێت و ناتوانێ لە ناو ژینگەی خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگە خۆی بگونجێنێت و دووچاری دڵتەنگی و دڵەڕاوکێ و پەرێشانی دەبێ و ناتوانێ ببێتە کەسێکی پشتبەخۆبەستوو و سەرکەوتوو و بەرپرسیارەتی وەرگر، هەروەها دووچاری ڕەشبینی دەبێت و دەبێتە کەسیكی گۆشەگیر و خەمۆک و لاواز و خۆویست و خۆپەرست و ناتوانێ بە تەنیا بڕیار بدات و هەناگو بهاوێژێت و بەرگەی ئەو ئاستەنگ و کێشانە بگرێت کە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی مندال بە شێوەیەکی هاوسەنگ بێتە پەروەردەکردن و دوور بێت لە ئیفرات و تەفریت، پێویستە دایک و باوک بە شێوەیەکی بابەتییانە و زانستییانە منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و خۆیان لە نازاندنیان بەدوور بگرن.
بۆ ئەم مەبەستەش  پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  • پێویستە خۆشویستنی منداڵ بە ئەندازەیەک بێت، نە شیش بسووتێت نە کەباب!
  • بە ئەندازەی پێویست گرنگی بە منداڵ بدەن، واتە نە زیادەڕۆیی تێدا بکرێت، نە پشتگوێ بخرێت.
  • گشت داواکارییەکانی منداڵ جێبەجێ نەکەو ویست و ئیرادەی خۆیان ڕادەستی نەکەن.
  • وا منداڵ بار نەهێنن، کە داوای هەر شتێکی کرد، بێ سێ و دوو بۆی بەردەست و جێبەجێ بکرێت.
  • دەبێ دایک و باوک لێگەڕێن مندال پشت بەخۆی ببەستێت و بەخۆی نان بخوات، یاخود بچێتە دووکان و یاری بکات و بچێتە قوتابخانە، بەڵام ڕێنمایی بکەن و چاودێری کارەکانی بکەن.
  • دەبێ دایک و باوک یەک شێوازی پەروەردەیی لەگەڵ منداڵ پەیڕەو بکەن.
  • نابێ ئازادییەکانی منداڵ سنووردار بکەن.
  • نابێ منداڵ لە یاری بێبەش بکرێت.
  • نابێ زێدە لە پێویست پارەی پێ بدرێت.
  • دەبێ دایک و باوک جیاوازی بکەن لە نێوان پێداویستییە سەرەکییەکانی منداڵ و ئارەزووەکانی.
  • دەبێ مندال وا ڕام بکرێت کە ڕێز لە ماف و ئازادییەکانی کەسانی دیکە بگریت.
  • دەبی زیدە لە حەد پەسنی منداڵ نەکرێت.
  • دەبێ منداڵ فێرە ئارامگرتنی و دانبەخۆداگرتن بکرێ.
  • دەبێ منداڵ بزانێ کە مافی هەیە و ئەرکیشی لەسەرە.


سەرچاوەکان



920 بینین