ڕێگەدان بە منداڵ بۆ ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە بمێنێتەوە

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-08-22:52:00 - کۆدی بابەت: 2098
ڕێگەدان بە منداڵ بۆ ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە بمێنێتەوە

ناوه‌ڕۆك

ڕێگەدان بە منداڵ بۆ ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە بمێنێتەوە

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ڕێگەدان بە مندال، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە بمێننەوە، بە واتایەکی دیکە، هەندێ لە دایکان و باوکان چ بە مەبەست بێت، یان بێ مەبەست، چ بە نەزانین بێت، یان بە زانین، ئازادییەکی ڕەها و بێ قەید و مەرج بە منداڵەکانیان دەدەن، بۆ ئەوەی بە حەزی خۆیان بچنە دەرەوە و تا درەنگانی شەو لە کوچە و کۆڵانەکان بسووڕێنەوە، ئەمەش بۆ چەندین هۆکار دەگەرێتەوە، لەوانەڵ:

  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • بێباکی و کەمتەرخەمی و خەمساردی.
  • ناوشیاری و بێئاگابوون لە ئەرکی خۆیان.
  • ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • بەناز پەروەردەکردنی منداڵەکانیان.
  • فرە منداڵی و هەبوونی ژمارەیەکی زۆری منداڵ.
  • چاولێکەری.
  • نزمی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری.
  • فرەکاری و سەرقاڵی.
  • دووری دایک و باوک لە ماڵەوە.

ئەڵبەتە ڕێگەدانی دایک و باوک بە منداڵ، بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی بچێتە دەرەوە و بە ئارەزووی خۆی بگەڕێتەوە ماڵەوە، نەک هەر تەنیا زیانی بۆ منداڵ دەبێت، بەڵکو دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەش باجەکەی دەدەن، کە دەتوانین ئەو زیانانە لە چەند خاڵێکدا چرکەینەوە:

  • منداڵ دووچاری سەرکێشی و لاساری دەبێت.
  • منداڵ تووشی هاوڕێی خراپ دەبێت و پەنا بۆ کاری نابەجێ و ناشیاو دەبات، وەک جگەرەکێشان و قومار و ماددە هۆشبەرەکان و دزی و قۆڵبڕی و ڕێگری و جەردەیی و ...تاد.
  • منداڵ ڕووبەڕووی کێشە و گرفتێکی زۆر دەبێتەوە.
  • لە ژێر دەسەڵاتی دایک و باوک دەردەچێت و دەبێتە کەسێكی کەللە ڕەق و گوێنەبیس و فەرمان شکێن.
  • چاو لە کەسانی سەرسەری و شەلاتی و خۆڕی دەکات.
  • دەبێتە هۆی ئەوەی لە خوێندن داببڕێت و واز لە خوێندن و قوتابخانە بهێنێت.
  • لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.
  • فێڵ لە دایک و باوکی دەکات.
  • فێرە درۆ دەبێت و هەوڵ دەدات دەستخەڕۆ و چەواشەیان بکات.
  • ناتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.
  • دووچاری ڕووداوی نەخوازراو دەبێ.
  • لە ژیاندا دەبێتە کەسیکی شکستخواردوو و دۆڕاو.
  • دایک و باوکی ئەو جۆرە منداڵانە ڕووبەڕووی کێشەی کۆمەڵایەتی دەبن لەگەڵ خەڵکیدا.
  • دایک و باوکی ئەو جۆرە منداڵانە، ناتوانن منداڵەکانیان کۆنترۆڵ بکەن.
  • دایک و باوکی ئەو جۆرە منداڵانە ناتوانن سوود لە توانا و بەهرەکانیان وەربگرن.
  • هەم خێزان، هەمیش کۆمەڵگە بە دەست ئەو جۆرە منداڵانە دەناڵێنێ.
  • کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی زۆر دەبێت.
  • خێزان و کۆمەڵگە ناتوانن وەک پێویست سوود لە بەهرە و تواناکانی ئەو جۆرە منداڵانە وەربگرن.
  • دایک و باوک منداڵەکانیان، لە ئایندەدا تووشی کێشە و گرفت دەبن و ناکۆکی و دووبەرەکی دەکەوێتە نێوانیان و چارەسەرەکە ئەستەم دەبێت.

چارەسەر کردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی نە منداڵ لە دەرەوە خۆی بدۆڕێنێتر و دووچاری کێشە و گرفت و هاوڕێی خراپ و دەرد و چەرمەسەری ببێت، نە دایک و باوکی ئەو جۆرە منداڵانە و کۆمەلگەش ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە، پێویستە لەسەر دایک و باوک و سەرپەرشتیاران، لە کاتی پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان، ئەم هەنگاوانە بهاوێژن:

  • زۆر بە هەستیاری و بەرپرسیارانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
  • بە هیچ شێوەیەک لێێان غافڵ نەبن.
  • پێویستە لەسەر دایکان و باوکان ئاگاداری منداڵەکانیان بن، بە تایبەتی لە کاتی چوونە دەرەوە و گەڕانەوەدا، ئاخۆ لەگەڵ کێ چوونەتە دەرەوە، بۆ کوێ ڕۆیشتوون، خەریکی چی بوون و کەی دەگەڕێنەوە؟
  • پێویستە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و پتەو لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکان هەبێت، لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی و ڕێزگرتنی یەکتری.
  • پێویستە دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیان دۆست و هاوڕێ بن، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نهێنی خۆیان پێیان بڵێن.
  • پێویستە لە سەرەدەریکردندا نە زۆر شل بن، کە منداڵەکانیان ڕەها بکەن، نە هێندە ڕەقیش بن کە منداڵەکانیان حەپس بکەن.
  • پێویستە ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆیان بزانن و جێبەجێ بکەن.
  • نابێ چاولێکەر بن و چاو لەم و لەو بکەن.
  • نابێ بە پاساوی کار یان هەر شتێکی دیکە، خۆیان لە چاودێری و بەدواداچوونی منداڵەکانیان بدزنەوە.
  • دەبێ بە بەردەوامی و لە ڕێگەی دان و ستاندن و گفتوگۆکانەوە باس لە کێشە و چارەسەرەکان بکرێت و بە هیچ شێوەیەک پەنا نەبرێتە بەر توندوتیژی و شەڕەنگێزی و تەریقکردنەوە.


سەرچاوەکان



527 بینین