ستایش نەکردنی منداڵ لە کاتی ئەنجامدانی کاری چاکە

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-08-23:48:00 - کۆدی بابەت: 2100
ستایش نەکردنی منداڵ لە کاتی ئەنجامدانی کاری چاکە

ناوه‌ڕۆك

ستایش نەکردنی منداڵ لە کاتی ئەنجامدانی کاری چاکە

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ستایش نەکردنی منداڵ لە کاتی ئەنجامدانی کاری چاکە، واتە، هەندێ دایک و باوک چ بە مەبەست یان بێ مەبەست، ستایشی منداڵەکانیان ناکەن، لەسەر ئەو کارە چاکانەی کە ئەنجامی دەدەن، ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجای دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • ناوشیاری و بێئاگایی ئەو جۆرە دایک و باوکانە.
  • نزمی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری ئەو جۆرە دایک و باوکانە،
  • درک نەکردنی دایک و باوک بەو ڕاستییە کە ستایشکردنی منداڵ لەسەر ئەنجامدانی کاری چاک و باش ئەرک و بەرپرسیارییەتییە.
  • ئاشنا نەبوونی ئەو جۆرە دایک و باوکانە بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • هەژاری و نەداری.
  • فرەکاری و سەرقاڵی.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • بێباکی و خەمساردی.
  • نەشارەزایی.
  • لەبار نەبوونی ژینگەیەکی گونجاو.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

بێگومان ئەگەر دایک و باوکەکان لە کات و ساتی خۆیدا ستایشی منداڵ نەکەن لەسەر ئەنجامدانی کاری چاکە، نەک هەر تەنیا منداڵ، بگرە دایک و باوک و خێزان و کۆمەلگەش لەم هەڵەیە زەرەرمەن دەبن و باجەکەی دەەن، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ تا سەر لەسەر ئەنجامدانی کاری چاک و شایستە بەردەوام نابێت.
  • منداڵ پەیتا پەیتا بەرەو تەمبەڵی و تەوەزەلی و خەمساردی و بێباکی دەچێت.
  • هێز و وزەی کارکردن لە ناخی منداڵ کز و لاواز دەبێت.
  • دوور نییە ڕوو لە ئەنجامدانی کاری نابەجێ بکات، بۆ ئەوەی سەرنجی دایک و باوک و خزم و کەسوکارەکانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
  • ناتوانێ بەرەو داهێنان و ئەفراندن هەنگاو بنێت.
  • ئەرک و کارەکانی بە سستی ئەنجام دەدات.
  • لە ژیاندا بێ ئومێد دەبێت و ڕووبەڕووی کێشە و گرفت دەبێتەوە.
  • هەم دایک و باوکی منداڵەکان، هەمیش خێزان و کۆمەڵگە لە بەهرە و تواناکانی ئەو جۆرە منداڵانە بێبەش دەبن.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی منداڵ بەردەوام بێت لەسەر ئەنجامدانی کاری چاکە و لە ئەرکەکانیدا سارد نەبێتەوە، پێویستە لەسەر دایک و باوکەکان، ئەم هەنگاوە گرنگانە بهاوێژن:

  • پێویستە دایک و باوکی منداڵ ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە بزانن کە ستایشکردنی منداڵ لە کاتی پێویست، نەک هەر باشە، بەڵکو پێویستیشە و دەبێ ستایش بکرێت، بۆ ئەوەی زیاتر هانبرێت بۆ ئەنجامدانی کار و کۆششی زیاتر و بەرهەمدارتر.
  • دەبێ دایک و باوک بزانن چ کاتێک پێویستە ستایشی منداڵ بکرێت و چ کاتێکیش پێویست نییە، یاخود زیانی هەیە!
  • دەبێ ستایشی دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان لە دڵەوە هەڵقوڵاو بێت، تاکو زیاتر کاریگەری لەسەر دڵ و دەروونی منداڵ جێبێڵێت.
  • دەبێ ستایشکردنی منداڵ لە کات و ساتی خۆیدا بێت و دوانەخرێت بۆ کاتێکی دیکە.
  • پێویستە دایک و باوک بە شێوەیەکی کردەیی ستایشکردن لە ژیانی خۆیاندا بەرجەستە بکەن، بۆ ئەوەی منداڵ فێرە ئەو وانە گرنگە بێت.
  • دەبێ دایک و باوکەکان، ستایشکردنی منداڵەکانیان بە گرنگ بزانن، بە تایبەتی لەو کاتەی کە منداڵ کارێکی چاکە ئەنجام دەدات، پێویستی بە ستایش کردنە، هەروەها ستایشی کارە چاکەکانیشی بکرێت، بۆ ئەوەی ڕژد بێت لەسەر ئەو کارە چاکانە.
  • دەبێ دایک و باوک ستایش وەک هۆکارێکی پەروەردە و فێرکردنی بەکار بهێنن.
  • پێویستە جاربەجار هاوشانی ستایش، دیاری و خەڵاتیش بە منداڵ بدرێت، بۆ ئەوەی هەست بکات کە کەسانێک هەن ڕێز لە کارە چاکەکانی دەگرن و بەرز دەینرخێنن.
  • دەبێ دایک و باوک لە کاتی پێویست سەردانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بکەن، بۆ ئەوەی بزانن و بتوانن بە شێوەیەکی زانستیتر و بابەتیتر و پەروەردەییتر سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانین بکەن.
  • دەبێ منداڵ هەر تەنیا لەو کاتە ستایشی نەکرێت، کە کاری چاکە ئەنجام دەدات، بەڵکو پێش ئەنجامدانی کارێكی چاوەڕوانکراویش ستایش بکرێت، کە شایانی ستایشکردن بێت.
    بۆ نموونە لە بارەی میوانەوە: دەبێ جار بە جار دایک و باوک بە منداڵ بڵێن: میوان زۆر خۆشەویستە، بۆیە کاتێ میوانێکمان بۆ دێت، ئەگەر بە جوانی پێشوازیی لێ بکەیت و قەدری بگریت و خزمەتی بکەیت، هەم لای خۆمان، هەمیش لای میوانەکەمان خۆشەویست و ڕێزلێگیراو و ستایشکراو دەبێت.
    یان دایک و باوک بە منداڵ بڵێن: پەڕاندنەوەی نابینە لە شەقام، خێر و پاداشتێکی زۆری هەیە و هەکەسێک ئەو کارە بکات، هەم لە دونیا دەبێتە خۆشەویستی خەڵک، هەمیش لە قیامەت ڕەزامەندی خودایی مەزن بەدەست دەهێنێت!
  • پێویستە دایک و باوک زیاتر جەخت لەسەر دەستکەوتەکان بکەنەوە، نەک کەسایەتی منداڵ.
  • پێویستە لەسەر کاری چاکە، ستایشی منداڵ بکرێت، هەرچەند کارەکە کەمیش بێت، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵ ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە بە کاری چاکە بدات و لەسەری بەردەوام بێت.
  • کاتێ دایک و باوک، ستایشی منداڵ دەکەن، منداڵ هەست بەوە دەکات، کە کەسێکی ڕێزلێگیراو و پەسەندکراو و سوپاسکراو و گرنگیپێدراوە.
  • پێویستە دایک و باوکەکان بۆ ستایشکردنی منداڵەکانیان، ئەو وشەگەلانە بەکاربهێنن، کە منداڵەکانیان حەزیان لێیە و پێی دڵخۆشن.
  • منداڵ بە ستایشکردنی، فێر دەبێت ڕێز لە کار و چاکەی خەڵکانی دیکە بگریت و ستایشی ڕۆڵیان بکات.

 


سەرچاوەکان



619 بینین