ئیرەیی لە منداڵدا

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-23:01:00 - کۆدی بابەت: 2172
ئیرەیی لە منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

ئیرەیی لە منداڵدا .. ململانێ یاخود چاولێگەری؟

گەر لەدەست ئیرەیی منداڵەکەت بێزاریت، باشتر وایە ئەم بابەتە بخوێنیتەوە: یەکێک لەو کاردانەوە باوانەی کە زیاتر لە نێوان مندالان و مێردمنداڵاندا دەبینرێت (حەسوودی، ئیرەیی)ـە، کاتێک تەشەنە دەکات کە هۆکارەکانی ململانێ و چاولێگەری لەئارادا بێت.
ئەڵبەتە ئیرەیی کاردانەوەی دژەکان و کێشمەکێشمێکی تەواو نەناسراو و گرنگە، کە لە تەمەنی منداڵیدا لە کەسێتیدا دەبێتە بوون و دەمێنێتەوە و، لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بۆ کەسەکان گرنگی پەیدا دەکات، چونکە جگە لە دروست بوونی توڕەیی و ڕق لێبوونەوە، هەستی خۆ بەکەم زانین لە مندالدا دروست دەکات، دەبێتە هۆکاریش لە تەمەنی بەرەو ژوورتردا و پەیوەندی خۆی لەگەڵ ناوەند و تاکەکانی کۆمەڵدا لەدەست دەدات و بە تەنها دەمێنێتەوە.

پەیوەندی ئیرەیی و ترس

ئیرەیی زۆر کات لەگەڵ ترسی دەروونی و تووڕەییدا بەیەکەوە گرێ دراون، زۆرینەی توێژەرەوەکان باوەڕیان وایە کە لە کچاندا با ئەندازەیەکی زیاتر لە کوڕان بینراوە، لە لایەکی ترەوە زۆرینەی دروون ناسان باوەڕیان وایە ئیرەیی پەسەندکراو وەک دڵەڕاوکێ لە ڕووی بەرەوپێشچوونی کاروبارەکانی ژیان پێویستە، و دەبێتە هۆکارێک چالاکی و توانا و هەوڵی تاکەکان بگەیەنێتە ئەنجام، لەگەڵ ئەوەشدا ئیرەیی زیاد لە سنووری خۆی وەک دڵەڕاوكیی زۆر دەبێتە دیاردەیەکی نەخۆشی و لە جێبەجێکردن و گونجاندنی منداڵدا جیاوازی دروست دەکات، ئێستا دەبێت بپرسین ...

ئایا کاردانەوەی منداڵ لە تەمەنی (١-٥) ساڵیدا سروشتییە؟

جوڵێنەری بنەڕەتی ئیرەیی لە منداڵدا، حەز بە بوونی دایکێک بە شێوەی تەنها بۆ خۆی، کاتێک بە چاو دەبینێت کاتێک دایکێک منداڵێکی تر دێنێتە دونیاوە.
لە ماوەی (٢-٤) ساڵدا، منداڵ بەهۆی ئەو وابەستە زیاترەی کە هەیەتی بەرامبەر بە دایکی زۆر بێتاقەت دەبێت، (دکتۆر ڕاس) دەروونناسی بەناوبانگ لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەڵێت: ئیرەیی خوشک و برا لە سێ ساڵیدا (٢٣٪) و لە شانزە ساڵیدا (٣٪) یە، هەندێ پسپۆڕان بڕوایان وایە نەرجسیەت و کەللە شەقی لە نیشانەکانی کەسی حەسوودە.
باشترین ڕەوش بۆ پەیبردن بە ئیرەیی، وێنە و یارییە! بۆ نموونە مندالێک دووچاری ئیرەیی بووە داوای لێ بکرێت ناوی تاکەکانی خێزان بنووسێت، ناوی ئەوانەی کە خۆشی ناوێت ناینووسێت، تەنانەت کاتێک یادی دەخەیتەوە و دەڵێی وا گومان دەبەم کەسێکت بیرچووە، دوای ئەندازەیەک وەسان وەڵام دەداتەوە کە (نا ناوی ئەوانەی کە خۆشم ویستووە نووسیوە).
یاخود ئەو منداڵەی تووشی ئیرەیی بووە، داوای لێبکرێت با وینەی خانووەکەی خۆیان بکێشێت و شوێنی تاکە تاکەی خێزانەکەی دیاری بکات، دوای وێنە کێشانەکە دەبینی شوێنی ئەو کەسەی ڕقی لێیەتی دیاری نەکردووە.
یاخود یاری کردنی بە بووکەڵەی جیاواز، ئەوەی بە ناوی ئەو کەسەوە بێت کە ئەو ڕقی لێیەتی، یان لای لێناکاتەوە، یان پارچە پارچەی دەکات، یان لێی دەدات، یان جاری وا هەیە ئەیسووتێنێت!
هەندێک باوەڕیان وایە یاری و وێنە کێشان لەگەڵ ئەوەی ڕەوشتێکە بۆ دیاریکردن و پەیپێبردن بە فاکتەرەکانی ئیرەیی، لە هەمان کاتدا ڕەوشێکە بۆ چارەسەر، چونکە کەسی توشبوو بەهۆی ئەوەوە هەست و نەستی خۆی دەردەبڕێ و خۆی بەتاڵ دەکاتەوە لەو دەردە.

با خیزانەکەی ورد مامەڵە بن

لەم جۆرە خێزانانەدا پشتیوانی دایک بۆ منداڵێکیان دەبێتە هۆی ئیرەیی، یاخود تینی ئەو حەسوودیە لای منداڵەکانی تر زیاد دەکات، کەواتە دایک و باوک لە تەشەنەکردن یان دابەزینی ڕێژەی ئیرەیی و ململانێی نێوان منداڵەکانیاندا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە، وە دەبێت دایک و باوک ئیرەیی منداڵەکانیان قبوڵ بکەن، دەبێت ئارام گر بن و هەوڵبدەن بە خۆشەویستی و خەرجکردنی کاتی زیاتر و قەناعەت پێکردنی منداڵی گەورەتر ڕەنگدانەوەی ئیرەیی زیاتر دێنێتە خوارەوە، لێدانی منداڵ ئەو هەستی ئیرەیی بردنە هێواش هێواش دەگۆرێت بۆ دوژمنایەتی و تۆڵە سەندنەوە.
ئەرکی دایک و باوک ئەوەیە منداڵەکان بەجۆرێک فێرکەن، هەر لە سەرەتادا لەگەڵ یەکتری یاری بکەن و یارمەتی یەکتر بدەن و خۆشەویستی لە نێوانیادا دروست بەکن، تاوەکو ڕێگە بگرێت لە حەسوودی و ملمانێ.


سەرچاوەکان

64 بینین