شۆڕشەکانی شێخ مەحمود

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-30-14:09:00 - کۆدی بابەت: 3939
شۆڕشەکانی شێخ مەحمود
جەنگ و شۆڕشەکان

شۆڕشەکانی شێخ مەحمود - شۆڕشەکانی شێخ مەحموود ئینسکلۆپیدیای زانیاری

ناوه‌ڕۆك

كێشەی شاری موسڵ

داگیرکاردنی تەواوی ویلایەتی موسڵ لە لایەن ئینگلیزەکانەوە لەساڵی ١٩١٨ز پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی سایکس-بیکۆی ساڵی ١٩١٦ زاینی نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا بوو، چونکە بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە ویلایەتی موسڵ ناوچەیەکی دەسەڵاتی فەڕەنسی بوو ئەمە لەلایەک، لە لایەکی ترەوە داگیرکردنی شاری موسڵ لە لایەن بەریتانیاوە بە بێ شەڕ و دوای ئاگربەستی مۆدرۆس بوو بە هۆی دروستبوونی کێشەکەیەک لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی کە بە (كێشەی ویلایەتی موسڵ) ناسراوە.

هەڵوێستی شێخ مەحمود و ئینگلیز بەرامبەر یەك

بەریتانیا تەواو پێچەوانەی ویست و ئارەزووی خەڵکی کورد لەساڵی ١٩٢٥ ز ویلایەتی موسڵی بە دەوڵەتی تازە دامەزرێندراوی عێراقیەوە لکاند. ئینگلیزەکان پێش ئەوەی بێنە سلێمانی شێخ مەحموود: خۆی نامەی بۆ ناردن و ئامادەیی کوردی بۆ پشتیوانی ئینگلیز دەربڕی بە مەرجێک مافەکانی گەلی کورد لەبەرچاو بگرن.

دوای ئەمە (مێجەر نۆئێل) بە نوێنەرایەتی ئینگلیز هاتە سلێمانی و لە ١٧ تشرینی دووەم ی ١٩١٨ زاینیدا شێخ مەحموودی وەک حوکمداری کوردستان ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی سنووری دەسەڵاتی شێخ مەحموود مانای حوکمداری بۆ ڕوون بکرێتەوە کە دواتر ئەمانە بوون بە خاڵێکی گرنگ لە ناکۆکییەکانی نێوانیاندا. سەرەتا شێخ مەحموودی حەفید لە ٢١ی نیسانی ١٩١٩ دوای ئەوەی ئینگلیزەکان ویستیان حکومەتەکەی بروخێنن، ئەویش هەرچی فەرمانبەر و سەربازی ئینگلیز هەبوو لە ناوچەی سلێمانی توانی دەریان بکات، بۆیە ئینگلیزەکانیش هێرشێکی گەورەیان کردە سەر شێخ مەحموود و پایتەختەکەی، ئەوەبوو چەند شەڕێکی گەورە لە نێوانیاندا ڕووی دا تا لە حوزەیرانی ١٩١٩ زاینیدا لە شەڕی دەربەندی بازیان، کە تێیدا جەنگاوەرەکانی کورد بە سەرۆکایەتی شێخ مەحموود ئازایەتییەکی گەورەیان نواند لە بەرامبەر هێزی داگیرکاری ئینگلیزدا. بەڵام ناهاوسەنگی تەرازووی هێزی سوپایی لە نێوان هەردوو لا کەمی ئازووقە و تەقەمەنی جەنگی و خیانەتی هەندێک لە سەرۆک هۆزەکانی کورد و دواتریش برینداربوونی شێخ مەحموود لە پاڵ  (بەردە قارەماندا)، سەرجەم ئەم خاڵانەبوون بە هۆی تێکشکاندنی سوپاکەی شێخ مەحموود و دواتریش بە دیل گرتنی شێخ مەحموود خۆی، دوای بەدیل گرتنی شێخ مەحموود ئینگلیزەکان بڕیاری لە سێدارەدانیان دا، بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕدرا بەدەست بەسەری ڕەوانەی هیندستان کراو تا ساڵی ١٩٢٢ ز لەوێ مایەوە. لە ماوەی هێشتنەوەی شێخ مەحموود لە هیندستان باروودۆخی عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لەهەڵچوون دابوو. لەو ماوەیەدا لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٠ زاینی حکوومەتی کاتی عێراق دامەزرێنرا. لە ئازاری ساڵی ١٩٢١یشدا بە سەرپەرشتی (وینستۆن چەرچڵ)ـی وەزیری داگیرگەکانی بەریتانیا لەسەرچارەنووسی عێراق و باشووری کورستان کۆنگرەی قاهیرە بەسترا. لەم کۆنگرەیەدا جگە لە بڕیاری دانانی (فەیسەڵ کوری حسێن) بە پادشای عێراق، چارەنووسی ویلایەتی (موسڵ)ـیش وەک بەشێک لە دەوڵەتی عێراق سەیرنەکرابوو. ئەو کاتەی شێخ مەحموود لە هندستان دەست بەسەر بوو، سلێمانی تا ساڵی ١٩٢٢ز ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز و ئەفسەرەکانیدا بەڕێوە دەچوو لەو ماوەیەدا (١٩١٩ – ١٩٢٢)ز لە ئەنجامی گوشاری خەڵکی کورستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی، هەڕەشە و مەترسی تورک لە چەند ناوچەیەکی کوردستان، ئینگلیز بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە ئازادکردنی شێخ مەحموودی بە باشترین چارەسەر دەزانی.

دوای ئەوەی شێخ مەحموود لە نێو پێشوازییەکی گەورەدا لە ٣٠ ئەیلوولی ١٩٢٢ ز گەیشتەوە سلێمانی، لە ١٠ تشرینی یەکەم ی هەمان ساڵدا بە فەرمانێکی حوکمداری کابینەی حکومەتەکەی لە سلێمانی ڕاگەیاند و خۆیشی وەک (مەلیک)ـی کورستان ناساند، ئەندامانی حکومەتەکەی شێخ مەحموود بریتی بوون لە:

سەرۆک وەزیران و سوپا سالار شێخ قادری حەفید
وەزیری ناوخۆ شێخ محەمەد غەریب
وەزیری دارایی کەریمی عەلەکە
وەزیری مەعاریف (پەروەردە) مستەفا پادشای یامولکی
وەزیری ئەشغال محەمەد ئاغا عەبدولڕەحمان ئاغا 
لێپرسراوی گشتی گومرگ ئەحمەد بەگی فەتاح بەگ
لێپرسراوی گشتی ئاسایش سەید ئەحمەدی بەرزنجی
موفەتیشی گشت میر لیوا سدیق پاشا قادری 
وەزیری بەرگری ساڵح زەكی بەگ ساحێبقران

شەڕێكی دیكە و بۆردومانی سلێمانی

ئینجا موتەسەڕیف و قائیمقام و بەڕێوبەری ناحیە و پۆستە گرنگەکانی تری دەستنیشان کرد و ئاڵای کوردستان لە هەموو دام و دەزگا و بیناکانی حکومەت هەڵکرا، بێگومان ئەم کارانە بەدڵی ئینگلیز و تەنانەت حكومەتی عێراقیش نەبوو، شێخ مەحموود نەیدەویست و بەوەش ڕازی نەدەبوو کە تەنها داردەستی ئینگلیز و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئەوان بێت، بەڵکو دەیویست سنووری دەسەڵات و سنووری جوگرافی دیاریکراو بێت و کەس دەست نەخاتە نێو کاروبارییەوە ئەمە لە لایەک و لەلایەکی ترەوە ئەو کاتە تورکەکان هێزیکیان بە سەرۆکایەتی عەلی شەفیق (ئۆزدەمیر پاشا) ڕەوانەی ڕەواندز کردبوو، ئەمانە هەوڵیان دەدا لە شێخ مەحموود نزیک ببنەوە، شێخ مەحموودیش ئەو کاتە چ بەهۆی نائومێد بوونی لە ئینگلیز و چ لە ژێر کارتێکردنی تورکخوزەکان وردە وردە لە تورکەکان نزیکتر دەکەوتەوە. سەرجەم ئەمانە ڕێگا خۆشکەر بوون بۆ دووبارە گرژبوونەوەی پەیوەندییەکانی شێخ مەحموود و ئینگلیز و دواتریش دەست پێکردنەوەی شەڕی نێوانیان. ئینگلیزەکان بۆ لەناوبردنی حکومەتەکەی شێخ مەحموود لە ٢٢ی شوباتی ١٩٢٣ بە فرۆکە بە سەختی بۆردومانی شاری (سلێمانی)ـیان کردوو خەڵکێکی مەدەنی زۆریان کوشت. شێخ مەحموودیش لە سەرەتای هەمان ساڵدا ڕوویکردە ئەشکەوتی جاسەنە لە سورداش. بەڵام دوای ئەوەی ئینگلیز لە حوزەیران ی ١٩٢٤ز (سلێمانی)ـیان چۆڵکرد. لە تەمووزی هەمان ساڵدا جارێکی تر شێخ مەحموود گەڕایەوە شارەکە.

شەڕ و ناکۆکی نێوان شێخ مەحموود و ئینگلیز کۆتایی پێنەهات، دوای ئەوەی بە پێی بڕیاری کۆمەڵەی گەلانیش ویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە لکێنرا ئەم بڕیاری لکاندنە پێچەوانەی خواستی ڕووناکبیران و زۆرینەی خەڵکی ویلایەتەکە و جووڵانەوەی ڕزگاری گەلی کورد بوو. تا ئەو کاتەی بە پێی ڕێکەوتنی ئینگلیز و شێخ مەحموود، شێخ مەحموود لە گوندی پیران و لەسەر سنوری ئێران مایەوە بە مەرجێک دەست لە کاروباری سیاسیەوە وەرنەداتەوە.


سەرچاوەکان



3202 بینین