ڕژێمی فەرمانڕەوایی لە دۆڵی نیل

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-30-13:21:00 - کۆدی بابەت: 3965
ڕژێمی فەرمانڕەوایی لە دۆڵی نیل

ناوه‌ڕۆك

ڕژێمی فەرمانڕەوایی لە دۆڵی نیل چۆنبووە؟

میسر بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دابەشکرابوو بە ویلایەت، یاخود دەوڵەتی شار کە بووە هۆی دابەشکردنی دانیشتوانی (صعید) و دانیشتوانی دەلتا، لە سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زاین مینا پاشا توانی میسر یەکبخات، ئەو کەسانەی کە لە پاشا نزیک بوون بانگەشەی ئەوەیان دەکرد یەکگرتنی میسر کارێکە لە توانای مرۆڤ بەدەرە، ئەوەی بەم کارە هەڵبستێ ئەوە خواوەندە، بیرۆکەی بە خواوەندبوونی پاشا بانگەشەی بۆ کرا و لە نێوان خەڵکیدا بڵاو بووەوە، ئەم بیر و ڕایە بۆ ئەو پاشایانەی کە دوای مینا پاشاش حوکمیان کرد مایەوە و پارێزگاریان لێکرد، وای لێهات پاشای میسر لە تێڕوانینی ڕەسمی خودا بێت، جێبەجێکردنی فەرمانی و وتەکانی بە یاسا دادەنرا و پێویستی بە دەرکردنی یاسا نەدەکرد، بۆیە یاسای نووسراوە لە میسر سەری هەڵنەدا و پاشا بەگوێرەی نەریتی باو حوکمی دەگێڕا و دەسەڵاتی دونیایی و ئاینی بەدەست پاشاوە بوو، نیشانەکان وا پیشآن دەدەن کە پاشای میسری بە تایبەت لە پاش مردنی پەرستراوە، بەهۆی گرنگی پلە و پایەی پاشا گۆڕی مەزنیان بۆ ناشتنی هەڵکەندووە و دواتر پەرەی پێدراوە بۆتە (ئەهرام)، ئەوانەی کە یارمەتیدەری پاشا بوونە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ژمارەی میر و فەرمانبەر و نووسەری پایتەخت بوون، بە فەرمانڕەوایی هەرێمەکان هەڵساون و لە بەڕێوەبردنی هەرێمەکان لە پایتەخت و بایەخیان داوە بە کۆکردنەوەی باج و ناردنی بۆ پایتەخت.
خەڵکی نەیوێراوە سەیری پاشا بکات، هەروەها بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵدا نەکردووە، بەهۆی پیر سەیرکردنیان پێیان گوتووە ڕێزدارمان و سەروەرمان و لە سەردەمی پاشانشینی هاوچەرخدا نازناوی فیرعەون سەریهەڵدا کە مانای (ماڵی گەورە) یاخود (کۆشی گەورە)ـی هەیە، ئەو نازناوە بە پاشای میسر گوتراوە و پێی ناسراوە.
نابێ دژ بە پاشا بوەستن یاخود شۆڕشی لەسەر بکەن، چونکە بە بۆچوونی فەرمی لە هەڵە بەدەرە، چونکە خواوەندە، سەرەڕای ئەوەی کە فیرعەون خواوەندە و دەسەڵاتی بێسنوور بووە، کەچی ئاگاداری هەڵسوکەوتەکانی بووە و هەوڵی داوە دادپەروەری جێبەجێ بکات و خراپەی بۆ خەڵک نەبێ یاخود ئازاریان نەدات، دەبوایە بە شێوەیەکی جوان و بە ئەدەبەوە هەڵسوکەوت بکات هەروەک خواوەند، لە سەرەڕۆیی مرۆڤ بەدوور بێت، ئەم جۆرە ڕژێمە وای کردووە سەربەستی پەیوەست بێت و ڕەفتار و مامەڵەی لەگەڵ خەڵکیدا باش بێت.

تێبینی: ئەم بڵاوکراوەیە تەنها وەک زانیارییەکی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت لە لایەن ئینسکلۆپیدیای زانیارییەوە و مەبەستمان بڵاوکردنەوەی هیچ بیر و باوەڕێکی هەڵە و ناڕاست نییە.


سەرچاوەکان



438 بینین