کونی ئۆزۆن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-06-17:25:00 - کۆدی بابەت: 4217
کونی ئۆزۆن

ناوه‌ڕۆك

گازی ئۆزۆن چییە؟

ئۆزۆن لە پێکهاتە کیمیاویەکەیدا لە ئۆکسجین دەچێت، بەڵام لە شێوازدا لە ئۆکسجین جیاوازە. بە واتا گەردیلەکانی ئۆزۆن تەنها دەنکۆکەی ئۆکسجینی تیایە. بەڵام ژمارەی ئەو گەردیلانە و ڕێکخستنیان جیاوازی هەیە لەگەڵ گەردیلەکانی گازی ئۆکسجین دا.
بەڵام ئۆزۆن سێ دەنکۆکە لە ئۆکسجینی تێدایە لە هەر گەردیلەیەکدا. کە بە شێوەی سێگۆشە ڕیز بوونە.
ئۆزۆن ڕەنگێکی شینی کراوەی هەیە و بۆنەکەی زۆر بەهێزە و بە سروشت ژەهراوییە- لە تایبەتمەندییە کیمیاویەکانیدا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئۆکسجین دا هەیە و بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە بەرگە هەوادا هەیە. لە چینە بەرزەکانی ئاسماندا. کە لە یەکگرتنی کار لێکردنێکی سەروی وەنەوشەیی لەگەڵ ئۆکسجین دا دروست دەبێت.
ئۆزۆن بە شێوەیەکی ناڕآستەوخۆ سوود بەخشە بۆمان. لەبەر ئەوەی تیشکە زیان بەخشەکانی سەرووی وەنەوشەیی دەمژێت.
بۆ ئەوەی ئۆزۆنمان دەست بکەوێت ئۆکسجینی ئاسای بە ناو بۆریەکدا دەبەین کە لە کارەبای بێدەنگ بەتاڵی دەکەین. ئەلکترۆداتەکانیش بە مادەیەکی نەگەیەنەر دادەپۆشین. بۆ ئەوەی ڕەوتەکانی خاڵی کردنی کارەبایی نزم بێت. وە لێدانی ڤۆڵتییەکی بەرز دەنێرێت بۆناوی ئەلکترۆداتەکان.
دەبێت ئەم ڕێگەیە بەکار بهێنین بۆ ئەوەی ئۆکسجین ئەو وزەیە وەرگرێت کە پێویستی پێیەتی بۆ دروست کردنی ئۆزۆن و هەروەها بۆ ئەوەی ئۆزۆنەکە گەرم نەبێت و ببێتەوە بە ئۆکسجینە ئاساییەکەی جاران.
ئۆزۆن کارلێککەریكی بەهێزی دژە ژەنگە، کە لە پاککردنەوە ئاو و هەوا و لابردنی ڕەنگەکانی مەوادە خۆراکییەکاندا بەکار دێت. هەروەها بەرگری دەکات لە گەشەکردنی بەکتریا لە عەمبارەکانی خواردندا و لە پیشەسازی دەرمانیشدا بەکار دەهێنرێت.

ئۆزۆن شێوەیەکە لە شێوەکانی ئۆکسجین، توخمێکی کیمیاویە، توخمێکە زۆرترین بوونی هەیە لەسەر زەویدا، کە نزیکەی ٥/١ی هەوا پێکدێنێت. نایترۆجینیش زۆربەی باقیەکەی هەوا پێکدێنێت. ئۆکسجینی سادە لە شێوەی گەردیلۆکدا هەیە پێی دەوترێت (ئۆزۆن) کە لە سێ گەردیلەی ئۆکسجین پێکدێت. زۆربەی ئۆزۆن لە چینی سەرەوەی جەودا دروست دەبێت لەسەر دەستی تیشکەکانی سەرو وەنەوشەیی، ئەو تیشکانەش گەردیلۆکەکانی ئۆکسجین شیتەڵ دەکەن بۆ گەردیلەی ئۆکسجینی سەربەخۆ. کاتێک هەندێکی ئەو گەردیلانە دەگەنە گەردیلۆکەکانی ئۆکسجینی تر ئۆزۆن دروست دەبێت. ئۆزۆن لە چینێکدا کۆدەبێتەوە بەرزیەکەی لە نێوان ١٩-٣٥ کیلۆمەتر لەسەر ڕووی زەویەوە بەرزە، ئەم چینەش پێی دەوترێت چینی ئۆزۆن، کە ژیان لەسەر زەویدا دەپارێزێت بە پاڵفتە کردنی هەندێک لە تیشکە بەهێزەکانی خۆر. لەسەر دەستی ئامێری تیشکی x و ئامێرەکانی تری کارەبایی هەورەتریشقەدا لە نزیک زەویەوە ئۆزۆن دروست دەبێت. دەشێت لە کاتی بڕینەوەی پارچە ئاسنێکدا بە ئۆکسجین  تیشکێکی شینت بەرچاوکەوتبێت، ئەو تیشکە هێمایەکە بۆ ئەوەی ئۆزۆن دروستدەبێت. ئۆزۆن بە شێوەیەکی خێراتر لە ئۆکسجین لەگەڵ مەوادەکانی تردا یەکدەگرێت. ئۆزۆن بە خێراییەکی زیاتر میکرۆبەکان دەکوژێت، لەبەر ئەوە لە پاککردنەوەی ئاو و شوێنەگشتیەکاندا بەکاردەهێنرێت، هەروەها لە سپی کردنەوەی زۆر لە مەوادە بەکارهاتووەکانی وەکو مۆم و قوماش و ئارددا بەکاردەهێنرێت، ئۆزۆن بۆنێکی (کارەبایی) بەهێزی هەیە ئەگەر زۆری لێ هەڵبمژرێت عەزیەتی سنگ دەدات.

کونی ئۆزۆن 

لە ساڵی ١٩٨٥ دا زاناکان هەوڵی دۆزینەوەیەکی ترسناکیان ڕاگەیاند دەربارەی چینی ئۆزۆنی پارێزەری زەوی، چونکە ئەو چینە تووشی داخوران بوو بوو لە ناوچەکانی بازنەی جەمسەری باشوور و باکوور بە تایبەتی لە وەرزی بەهاردا. ماددە کیمییاییەکانی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن CFCs هۆی سەرەکی داخورانی ئۆزۆن و گۆرێنی بۆ ئۆسکجین بوو، شیبوونەوەی چینی ئۆزۆن  دەبێتە هۆی دروستبوونی کونی ئۆزۆن. ئەمەش وادەکات ڕێژەیەکی زۆر لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی (UV)ـی کوشندە بگاتە سەر ڕووی زەوی کە ژیانی زیندەوەران دەخاتە مەترسی و بۆ‌هێڵەکان (جینەکان) لەناودەبات و دەبێتە هۆی شێرپەنجەی پێست.

هاریکاری نێودەوڵەتی بۆ کەم کردنەوەی کونی ئۆزۆن

لە ساڵی ١٩٨٧ کۆمەڵێک لە وڵاتانی جیهان کۆبوونەوەیەکیان لە کەنەدەدا سازدا و لەسەر گرتنەبەری هەندێک ڕێ و شوێن پێکهاتن بۆ ڕێگەگرتن لە بەردەم داخورانی چینی ئۆزۆن، هەروەها هەندێک ڕێکەوتننامەش مۆرکران بۆ کەم کردنەوەی بەکارهێنانی بەکارهێنانی  CFCs و دواتریش قەدەغەکردنی یەکجارەکی، لەبەر ڕۆشناویی رآزی بوونی زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ هەوڵی خێرای کۆنترۆڵکردنی ماددەی پیسکەری CFCs و دۆزینەوەی جێگرەوە بۆی و تەنانەت دابین کردنی چارەسەری تەکنەلۆژی بۆ کێشەکە وای کرد زۆربەی زاناکان بابەتی پاراستنی چینی ئۆزۆن بەسەرکەوتنێکی ژینگەیی بزانن بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا جەنگ لە پێناوی پاراستنی چینی ئۆزۆندا کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو تازە دەستی پێکردووە چونکە گەردە پیسکەرەکانی CFCs  دەتوانن بە چالاکی بمێننەوە لە چینی ستراتۆسفیردا بۆ ماوەیی ٦٠ تا ١٢٠ ساڵ واتە ئەو ماددە پیسکەرانەی کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا فڕێ دراونەوە ناو هەوا هەتا ئێستاش چینی ئۆزۆن وێران دەکەن، بۆیە گەڕاندنەوەی چینی ئۆزۆن بۆ دۆخە ئاساییەکەی چەندین ساڵی دیکەی دەوێت.

پیسبوونی هەوا و تەندروستی مرۆڤ

بەرکەوتنی بڕێکی کەم لە هەوای پیس دەبێتە هۆی چەندین کێشە و تەنگ و چەڵەمەی تەندروستی ترسناک کە زۆر بە خراپی کاردەکاتە سەر ژیانی منداڵ و پیرەکان و تووشبوانی هەناسەبڕكێ و هەستیاری (حەساسیەت) و نەخۆشیەکانی تووشبوو بە هەوکردنی سییەکان و دڵ. کاریگەرییە کورت خایەنەکان بریتین لە کۆکە و سەرئێشە و هەناسە بڕکێ و تەنگە نەفسی و سوور هەڵگەڕآنی لووت و چاو و قورگ، بەڵام کاریگەرییە درێژ خایەنەکان بریتین لە شێرپەنجەی سییەکان کە زۆر ترسناکە چونکە مرۆڤ زوو هەستیان پێ ناکات.


سەرچاوەکان



3265 بینین