تێستێسترۆن

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-22-18:44:00 - کۆدی بابەت: 4326
تێستێسترۆن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێستێسترۆن یان تێستۆسترۆن (بە ئینگلیزی: testosterone, بە عەرەبی: التستوستيرون)، هۆڕمۆنێکی سەرەکییە لە لەشی نێرینەدا. بەگشتی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن لەلایەن گونەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە مێینەدا هەیە و لەلایەن هێلکەدانەکان، ڕژێنەی سەرووگورچیلە و چەورییە خانەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت. ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە وەچە خستنەوە (زۆربوون)، گەشەکردن و هێشتنەوەی لەش بە تەندروستی، هەروەها ڕۆڵی هەیە لە دەرکەوتنی ئەو تایبەتمەندییانەی لە نێرینەدا هەیە وەک گڕبوونی دەنگ و زیادبوونی مووی جەستە و ڕووخسار. 

ئەرکی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن چییە؟

لە نێرینەدا، تێستێسترۆن بەرپرسیارە لە بنیاتنانی ئەندامە گرنگەکانی وەک چووک و گونەکان. هەروەها گرنگە لە گەشەسەندنی ئەو تایبەتمەندییانەی لە نێرینەدا هەن وەک گۆڕانی دەنگ و هەبوونی مووی جەستە و ڕووخسار. یەکێکی تر لە ئەرکەکانی ئەم هۆڕمۆنە ئەوەیە کە سپێرم و خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەرهەم دەهێنێت و بەشداری لە بنیاتنانی ئێسک و ماسولکەکان دەکات. هاوسەنگی ئەم هۆڕمۆنە لە لەشدا زۆر گرنگە بەجۆرێک ڕێگری لە ڕوودانی هەندێک حاڵەتی وەک پووکانەوەی ئێسکەکان دەکات. لەبەرئەوەی بەشداری لە بنیاتنانی ئێسکەکان دەکات، کەواتە کەمی ئەم هۆڕمۆنە دەبێتە هۆی پووکانەوەی ئێسکەکان و لە کەسی هەرزەکاردا کێشەی دەرنەکەوتنی تایبەتمەندییەکانی نێرینە دروست دەکات. مێشک و مێشکەڕژێن کۆنتڕۆڵی ڕێژەی بەرهەمهێنانی تێستێسترۆن دەکەن، لەلایەن مێشکەوە نیشانەیەک بۆ ژێرمێشکەڕژێن دەنێردرێت و پاشان ژێرمێشکەڕژێن بۆ گونەکان دەیگوازێتەوە. بەم شێوەیە ڕێژەی تێستێسترۆن لە لەشدا ڕێک دەخرێت، واتە کەمی و زۆری ئەم هۆڕمۆنە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی کێشە لەم میکانیزمەدا. تێستێسترۆن بەتەنها لە نێرینەدا نییە بەڵکوو لە مێینەشدا هەیە بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لەبەرئەوەی هۆڕمۆنێکی سەرەکی نییە لە لەشی مێینەدا. هەبوونی ئەم ڕێژە کەمە بۆ تەندروستی مەمکەکان و سوڕی مانگانە گرنگە. 

بەرزیی ئاستی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن

بەرزیی ڕێژەی تێستێسترۆن لە نێرینەدا باو نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ئەم حاڵەتە ڕووبدات. ناهاوسەنگی و هەبوونی ڕێژەیەکی بەرز لەم هۆڕمۆنە دەکرێت بەهۆی بوونی گرێ لە گونەکاندا ڕووبدات تەنانەت ئەگەر گرێکە بێ‌زیانیش بێت واتە خانەی شێرپەنجەیی نەبێت، هەروەها دەکرێت بەهۆی بەکارهێنانی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن وەک تەواوکەری خۆراکی ڕووبدات. ئەگەر ئەم حاڵەتە چارەسەر نەکرێت و بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت ئەوا کەسەکە دووچاری چەند گرفتێک دەبێتەوە وەک:

 • کەمبوونەوەی ڕێژەی سپێرم
 • گەورەبوونی پڕۆستات و هەبوونی کێشەی میزکردن
 • نەخۆشییەکانی جگەر
 • کۆبوونەوەی شلەی زیادەی لەش کە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی پێیەکان
 • کەمخەوی
 • زیادبوونی قەبارەی ماسولکەکان بە شێوەیەکی نائاسایی

بەرزیی ئاستی تێستێسترۆن زیاتر لە مێینەدا باوە، هۆکاری سەرەکی زۆربوونی ئەم هۆڕمۆنە لە لەشی مێینەدا دەگەڕێتەوە بۆ بوونی فرەکیسی هێلکەدان. فرەکیسی هێلکەدان بریتییە لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کیسی بچووک لە هێلکەدانی مێینەکەدا و نیشانەکانی بریتیین لە: ناڕێکی سوڕی مانگانە، زیادبوونی مووی لەش، خەمۆکی و زیادبوونی کێشی لەش. ئەو خانمانەی ڕێژەی تێستێسترۆنیان بەرزە یان بەهۆی ئەو دەرمانەی بۆ ئەم حاڵەتە بەکاری دەهێنن لەوانەیە دووچاری بچووک بوونەوەی مەمکەکان ببن.

کەمیی ئاستی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن

لە نێرینەدا، لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ڕێژەی تێستێسترۆن کەم دەکات، بەتایبەتی لەدوای تەمەنی ٤٥ ساڵییەوە کە ساڵانە بەڕێژەی ١٪- ٢٪ بەرهەم هێنانی ئەم هۆڕمۆنە لە نێرینەدا کەم دەکات. واتە کەمیی تێستێسترۆن بەشێوەیەکی گشتی لە کەسی بەتەمەندا باوە، لەبەرئەوەی ژمارەی ئەو نیشانانەی بۆ ژێرمێشکەڕژێن دەچن کەم دەبنەوە، بەمەش گونەکان بڕێکی کەمتر لەم هۆڕمۆنە بەرهەم دەهێنن، ئەم حاڵەتە پێی دەوترێت نەمانی دەردانی هۆڕمۆن (Hypogonadism). هەروەها دەکرێت بەهۆی بەکارهێنانی چارەسەری کیمیایی یان هەبوونی بڕێکی زۆر لە ماددەی ئاسن، کەمی ئەم هۆڕمۆنە ڕووبدات. نیشانەکانی کەمیی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن بریتیین لە:

 • لاوازبوونی ماسولکەکان 
 • گەورەبوونی قەبارەی مەمکەکان 
 • هەستکردن بە ماندووێتی 
 • کێشەی سەرنجدان و بيرەوەرى
 • زیادبوونی چەوری جەستە
 • کەمبوونەوەی مووی جەستە
 • پوکانەوەی ئێسکەکان

دەکرێت بەهۆی کەمیی تێستێسترۆن کەسەکە دووچاری پووکانەوەی ئێسک ببێت، بەڵام لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەر بۆ کێشەی کەمی ئەم هۆڕمۆنە وردە وردە کێشەی پووکانەوەی ئێسک نامێنێت. 
کەمیی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن لە ئافرەتاندا باو نییە لەبەرئەوەی ئەمە هۆڕمۆنێکی سەرەکی نییە لە لەشی مێینەدا و بە ڕێژەیەکی کەم هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ڕووبدات. نیشانەکانی وەک لاوازبوونی ماسولکەکان و کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی دەگرێتەوە. 

چەند ڕێگایەک بۆ زیادبوونی تێستێسترۆن

ئەو شتانەی دەبنە هۆی زیادبوونی ئاستی تێستێسترۆن و دەکرێت لە کاتی کەمی ئەم هۆڕمۆنە جێبەجێ بکرێن بریتیین لە:

 1. ئەنجامدانی وەرزش 
 2. خواردنی بڕی پێویست لە پڕۆتین، چەوری سوودبەخش و کاربۆهیدرات. خۆراکەکان کاریگەرییان لەسەر ئاستی تێستێسترۆن هەیە لە لەشدا بە جۆرێک نەخواردنی بڕی پێویست لە پڕۆتین و زیادخۆری لە خواردندا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئەم هۆڕمۆنە لە لەشدا. 
 3. خەوتن بە بڕی پێویست 
 4. کەمکردنەوە و دوورکەتنەوە لە دڵەڕاوکێ


سەرچاوەکان



4406 بینین