دیواری بەرلین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-02-21:30:00 - کۆدی بابەت: 5109
دیواری بەرلین

ناوه‌ڕۆك

پەردەی ئاسنین

دیواری بەرلین، دیوارێكی درێژ بوو كە هەردوو بەشی بەرلینی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی جیادەكردەوە، هۆكاری دروستكردنیشی دانانی سنووری نێوان هەردوو ئەڵمانیا و ڕێگری لە كۆچی خەڵكی بوو بۆ ئەڵمانیای خۆرئاوا، لە ١٣/٨/١٩٦١ دروستكرا و بەردەوام نۆژەن دەكرایەوە، و لە ٩/١١/١٩٨٩ ڕووخێنرا.

وڵات ئەڵمانیای خۆرهەڵاتئەڵمانیا
درێژی ١٨٠،٩ كیلۆمەتر
بەرزی لە زەوییەوە ٣،٦٠ مەتر
ساڵی دروستكردن  ١٣/٨/١٩٦١
تێچوو ٤٠٠,٠٠٠,٠٠٠ ماركی ئەڵمانیای خۆرهەڵات
ماددە چیمەنتۆی بەهێزكراو

بەرپرسانی ئەڵمانیای دیموكرات ناوی دیوارەكەیان نابوو دیواری پاراستن لەدژی فاشیزم، و بەشی خۆرئاوایش ناوی نابوو (دیواری عەیبە)، كە ویلی براندت ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئەم ناوەی لێنا و بە دیواری ڕێگری لە ئازادی دانا.

هەروەها لە ئەوروپا بە دیواری ئاسنین ناوزەند دەكرا، چونكە بەشی خۆرئاوا و ئەوروپای لە بەشی شیوعی جیهان جیادەكردەوە لەماوەی جەنگی سارد.

هۆكاری دروستكردنی ئەم دیوارە زیادبوونی ڕێژەی كۆچكردن بوو بۆ بەشی خۆرئاوا، پێشتر چەندین ڕێگا تاقیكرایەوە وەك تەلی دڕكاوی و هەڕەشە، بەڵام خەڵكی بەردەوام بوون لە كۆچ، بەمەش حكومەت بە دانانی دیوارێكی زۆر بەرز ئەو مەترسییەی ڕەواندەوە.

دیوارەكە نۆ دەرچەی سەرەكی هەبوو لە نێوان دوو وڵاتەكە، بەڵام هاتووچۆ تێیاندا سنووردار و بە پشكنین بوو، ئەو كەسەشی دەڕۆشتە دەرەوە دەبوایە بەڵگەی مۆركراوی هەبوایە.

ئەوانەی ویستی هەڵهاتنیان هەبوو

لە ساتی دروستكردنییەوە تاوەكو ڕووخاندنی زیاتر لە ١٢٠ كەس كوژراون بەهۆی هەوڵی تێپەڕین لە دیوارەكە، ژمارەكە جێگیر و دڵنیانیە بەڵام لە ١٢٠ زیاتر بوون، یەكەم كەسیش كوڕێكی گەنجی ٢٤ ساڵە بوو لە ٢٨/٨/١٩٦١ ویستی هەڵهاتنی هەبوو بۆ بەشی خۆرئاوا و كوژرا، هەروەها:

  • ١٤ كەس لە قوربانییەكان ئەوانەبوون كە خۆرئاواوە ویستویانە كۆچ بكەن بۆ خۆرهەڵات.
  • ٣٢ كەس تەنانەت ویستی تێپەڕینیان نەبووە، بەڵام بەهۆی گومانەوە كوژراون.
  • ٨ پاسەوان بەشێوەی نامۆ و هەڵە كوژراون.
  • %٨٠ـی كوژراوان لەژێر تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە بوون و هەشت كەسیان ژن بوون.

ئەم ڕاپۆرتەش لەلایەن ئەڵمانییەكانەوە ئامادەكراوە بەناوی مەرگ لەسەر دیواری بەرلین لە ١٩٦١ بۆ ١٩٨٩، و ژمارەی كوژراوان بە ٢٠٠ كەس مەزەندە دەكات.

لە ١٠٠ هەزار كەس تەنیا ٥٠٠٠ كەس لەو ساڵانەدا توانییان دیوارەكە تێبپەڕێنن و بپەڕنەوە، ئەویش زیاتر لەو كاتەبوو كە زۆرترین بەشی سنوورەكە تەلی دڕكاوی بوو، دوای دانانی دیوارەكەش هەڵاتن لە ژێرزەوییەكان و ڕێگای میترۆ و سیستمی ئاوەڕۆ و تونێل هەڵكەندنەوە ئەنجام دەدرا.

لە نێو ئەمانەش:

  • ٥٧ كەس توانییان بە هەڵكەندنی تونێلێك بە درێژایی ١٤٥ مەتر بگەنە بەشی خۆرئاوا.
  • ڕاكردنی دوو برا بەدروستكردنی دوو باڵی زۆر سادە و فڕینێكی ماوەكورت بەسەر دیوارەكەدا، كە بەشێوەیەكی زۆر سەیر توانییان بپەڕنەوە.

ڕووخاندنی دیوارەكە

لە ساڵی ١٩٨٩ گرژی و خۆپیشاندان لە بەشی خۆرهەڵات دروستبوو و درێژەی كێشا، دوای چەند هەفتەیەك لە بەردەوامی خۆپیشاندان، بە ناچاری حكومەت لە ٩/١١/١٩٨٩ ڕایگەیاند خەڵكی ئازادن لەوەی سەردانی بەشی خۆرئاوا بكەن، دواتریش خۆپیشاندەران چوونە سەر دیواری بەرلین و لەولاشەوە خەڵكی ڕۆژئاواش هاتنە پاڵیان و پێكەوە گردبوونەوە.

خەڵكی لەسەر دیوارەكە بە چەكوش دەستیان كرد بە یەكخستنەوەی وڵاتەكەیان و ڕووخاندنی دیوارەكە، و لە ٢٢/١٢/١٩٨٩ یەكەمین دەرگا كرایەوە لە دیوارەكەدا بەناوی براندبۆرگ، دواتریش بە ڕەسمی لە ١٣/٦/١٩٩٠ دەستكرا بە ڕووخاندنی تەواوی دیوارەكە و لە مانگی یانزەی ١٩٩١ تەواوبوو.


سەرچاوەکان



1562 بینین