کڵاشینکۆف - AK47

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-23-23:36:00 - کۆدی بابەت: 5237
کڵاشینکۆف - AK47

ناوه‌ڕۆك

AK47

كڵاشینكۆف یاخود AK47 (بەڕووسی : ئەڤتۆمات كاڵاشینكۆفا 1947) چەكێكی ڕێژنگی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و ڕووسیای ئێستایە لە ساڵی 1947 بە دەستی میخائیل كڵاشینكۆف دروستكرا، ناوی چەكەكەش هەر لەناوی دروستكەرەكەیەوە هاتووە.

چۆنیەتی دروستكردنی

میخائیل كڵاشینكۆف كاتێك لە 1941 بریندار دەكرێت لە جەنگی جیهانی دووەم لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە و لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر دروستكردنی چەك و پارچەكانی هەروەها بەشداری لە پێشبڕكێی ئەوكات دەكات كە بۆ ئەو كەسانەی بیرۆكەی دروستكردنی چەكیان پێیە سازدەكرا لە یەكێتی سۆڤیەت، ئەویش بیرۆكەی چەكەكەی لە چەكی ئەڵمانی STG44ـی ئەڵمانییەوە بۆ هات و بەمەش كڵاشینكۆفی ڕووسی هاتە بوون.

باوترین چەكی جیهانی

لە ساڵی 1947ـەوە كڵاشینكۆف لەناو سووپای سۆڤیەت بەكارهێنرا، لە ساڵی 1950ـشەوە كۆمپانیای IZH دەستی كرد بە دروستكردنی ڕێژەیەكی زۆر لەم چەكە بۆ ئەوەی ساڵی 1955 ببێتە چەكی سەرەكی سووپای سوور.

لە دوای ئەویش چەند وڵاتێك كە ناسرابوون بە وڵاتانی سەربازگەی ڕۆژهەڵات هەستان بە دروستكردنەوەی هەمان چەك هەرچەندە هەندێكی زۆریان نەیانتوانی سەركەوتووبن لە دروستكردنەوەی بەو شێوە باشە، ئەمەش بۆ بەكارهێنانی لە سووپای خۆیاندا، ئەوانیش وڵاتانی : سودان، كینیا، چین، كۆریای باكوور، بولگاریا، ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، ڕۆمانیا، پۆڵەندا، یۆگۆسلاڤیا، عێراق، میسڕ، سوریا.

ئەم چەكە لە زیاتر لە 40 وڵاتی دونیا چەكی سەرەكی سوپایە، لەلای گرووپە تیرۆرستی و شۆڕشگێرەكانیش باشترین چەكە و دڵخوازی هەموویانە بەهۆی هەرزانی و بەهێزییەكەیەوە چونكە كەمتر خراپ دەبێت لەچاو ئەوانی دیكە.

چەند نموونەیەكی دیكەی هەیە بە چەند شێواز و نرخ و كێشێكی جیاواز كە بە هەمان شێوازی میكانیكی كاردەكەن، هەروەها چەندین چەكی دیكە هەن كە ناوی AKـیان پێوەیە، وەك: AKM – AK12 – AK74 – AK103 – AK9.

هەروەها لە لیستی دیارترین داهێنانەكانی سەدەی بیستدا ناوی هەیە و گۆڕانكارییەكی گەورەی هێنایە مەیدانی چەكەوە، و لە هەموو جۆرە كەشوهەوایەك كاردەكات و تێكچوونی زۆر كەمە، لە باران و بیاباندا كێشەی نییە، تەنانەت لە كاتی سووتانی چەكەكەشدا كاردەكات هەتاوەكو پارچەكانی لێدەبنەوە.

لە ساڵی 2004 لە كۆی 500 ملیۆن چەكی جیهان، زیاتر لە 100 ملیۆن چەك كڵاشینكۆف بوون.

بەجیهانیبوونی ئەم چەكە بە ڕادەیەكە كە چەكی كڵاشینكۆف لە ئاڵای وڵاتی مۆزەمبیقدا هەیە.

نامەكەی كڵاشینكۆف بۆ قەشەی ڕووسیا

ساڵی 2012 دروستكەری چەكەكە میخائیل كڵاشینكۆف نامەیەك ئاڕاستەی قەشەی گەورەی ڕووسیا دەكات بە ناوونیشانی "ویستی شەیتانی" و دەنووسێت:

"ئایا كە چەكەكەی من گیانی خەڵكی دەستێنێت، ئایا من تاوانبارم؟

هەرچەند تەمەنم زیاتر ببێت، زیاتر ئەم پرسیارە لەلام دروست دەبێت و گەورەتر دەبێت، دەپرسم ئایا بۆچی خودا ڕێگای دا مرۆڤ ویستی شەیتانی و جەنگ و ڕووبەڕووبونەوەی هەبێت!؟".

نامەكەی كڵاشینكۆف بە دەستوخەتی خۆی و بە واژووی خۆی نێردراوە، لە كۆتایی نامەكەشدا دەنووسێت "لەلایەن بەندەی خوداوە، میخائیل كڵاشینكۆف".

تایبەتمەندییەكانی كڵاشینكۆف

  • قەبارەی فیشەك: 7.62 × 39 ملم (جۆری یەكەمی كڵاشینكۆف)
  • ماوەی گەیشتن: 750 مەتر (جۆری یەكەمی كڵاشینكۆف)، 1000 مەتر (AKM)
  • درێژی: 869 ملم (جۆری یەكەمی كڵاشینكۆف) – 876 ملم (AKM) – 1020 لەگەڵ حەربەی پێشەوەی.
  • كێش: 4،3 كیلۆگرام
  • كێشی حەربەكەی: 450 گرام
  • كێشی مەخزەنی بەتاڵ: 322 گرام
  • كێشی فیشەك: 7 گرام
  • ژمارەی هێڵی لولپێچی ناو چەكەكە: 4 هێڵ
  • درێژی هێڵەكان: 235 ملم
  • خێرایی سەرەتای فیشەك لەگەڵ دەرچوونی: 715 مەتر لە چركەیەك
  • مەخزەن: 30 فیشەك دەگرێت، بەڵام دەكرێت بكرێتە 40 فیشەك یاخود 75 فیشەك لە چەكی RPK.
  • سیستمی پاككردنەوە :  گاز
  • جەستەكەی: داری جێگیر، یاخود نوشتاوە، ماددەی نوشتاوە.

وڵاتانی بەكارهێنەر

  • ئەفغانستان
  • ئەلبانیا
  • ئەنگۆلا
  • جەزائیر
  • ئەرمینیا
  • ئازەربایجان
  • بەنگلادیش
  • بێنین
  • بۆسنە و هەرسك
  • بوتسوانا
  • بەڕازیل
  • بولگاریا
  • كەمبۆدیا
  • چاد
  • كۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست
  • چیلی
  • چین
  • دوورگەكانی قەمەر
  • كۆنگۆ
  • كۆماری كۆنگۆی دیموكرات
  • كوبا
  • میسڕ
  • ئەسیوبیا
  • ئەریتریا
  • فینلەندا
  • گابۆن
  • جۆرجیا
  • یۆنان
  • ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات
  • غینیا
  • یەمەن
  • غینیای بیساو
  • غیانا
  • مەجەر
  • هیندستان
  • ئێران
  • عێراق
  • كینیا
  • لاوس
  • لیوستو
  • لیبیریا
  • لیبیا
  • ئیسرائیل
  • كازاخستان
  • مەقدۆنیای باكوور
  • مەدەگەشقەر
  • مالی
  • ماڵتا
  • مەكسیك
  • مۆڵدۆڤا
  • مەنگۆلیا
  • پاكستان
  • ڕووسیا
  • فلیپین
  • ئیماڕات
  • سوریا
  • توركیا
  • ئۆگەندا
  • ئۆزپاكستان

هەندێك لە جەنگەكان


سەرچاوەکان



3117 بینین