زیانەکانی حەپی دژە سکپڕی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-11-22:30:00 - کۆدی بابەت: 5282
زیانەکانی حەپی دژە سکپڕی

ناوه‌ڕۆك

حەپی دژە سکپڕی

ئەم حەپانە یەکێکە لەڕێگا دڵنیاکان بۆ ڕێگریکردن لە سکپڕی، کۆمەڵێک دەرمانی دیاری کراون کە ڕۆژانە بڕێکی زۆریان لێ سەرف دەبێت، بەپێی ئامارەکانی نێودەوڵەتی تەندروستی (٦٢.٢٠١٢) ژن لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٠ ئەم حەپانەیان بەکارهێناوە.

دوو جۆر حەپی دژە سکپڕی هەیە کە هەردوو جۆرەکە ئەو ماددە هۆڕمۆنیانەی تێدایە کە لە جەستەی ژنەکەدا هەیە بەشێوەیەکی سروشتی، حەپەکان یان (ئیسترۆجین) بەتەنها یان هەردوو هۆڕمۆنی (ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن)ـە پێکەوە، ئەم هۆڕمۆنانە سوڕی مانگانەی ژنان ڕێکدەخەن و ڕێژەیان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ دووگیانی، جگە لە ڕێگریکردن لە سکپڕی ئەم حەپانە بۆ شتی کەش بەکاردێن وەک:
١- وەستانی سوڕی مانگانە
٢- ڕێکخستنەوەی سوڕی مانگانە
٣- بۆ لابردنی زیپکەی پێست
٤- مەترسی کیسی هێلکەدان کەمتر دەکاتەوە 
٥- هەروەها مەترسی شێرپەنجەی هێلکەدان کەم دەکاتەوە
بە هەموو ئەمانەشەوە زیانی زۆری هەیە و بە ژێی کەسەکەش دەگۆڕێت پێش بەکارهێنانی ئەم حەپانە دەبێت وریا بیت هەم سوود و هەم زیانەکانیشی بزانێت.

زیانەکانی حەپی دژە سکپڕی

سەرئێشە و شەقیقە

یەکێک لە زیانەکان ئەوەیە کە ئەم حەپانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی هۆڕمۆنی (ئیستڕۆجین) لە جەستەدا و کەمی ئەمەش لەوانەیە ببێت هۆی سەر ئێشە یان شەقیقە.
بەدواداچوونێک لەساڵی ٢٠٠٥ دا کراوە لە ڕۆژنامەیەکی ژنان و منداڵبوون لە ئەمریکادا، دەرکەوتووە کە زۆرینەی ئەو ژنانەی کە حەپی (ئیستڕۆجین-پڕۆجیسترۆن)ـیان بەکارهێناوە دوای مانگێک ئەم نیشانانەیان تێدا دەرکەوتووە، هەروەها دەرکەوتووە مەترسی شەقیقە زیاد دەکات کاتێک هۆڕمۆنی ئیستڕۆجین کەم دەبێتەوە، ئەگەر سەرئێشەت بۆ دروست بوو ئەوا سەردانی پزیشک بکە تا حەپەکەت بۆ بگۆڕێت.

حاڵەتی دڵتێکچوون

زۆرێک لە ژنان لە کاتی بەکارهێنانیدا هەست بە دڵتێکچوون دەکەن، ئەمە بەردەوامە تا چەند ڕۆژێکی کەم و دوای ئەوە نامێنێت، حاڵەتی دڵتێکچوون ئەنجامی کەمی هۆڕمۆنی (ئیستڕۆجین)ـە کە دەتوانێت گەدە بوروژێنێت، ئەو حەپانەی کە بڕێکی زۆری (ئیستڕۆجین)ـیان تێدایە زیاتر ئەم حاڵەتە دروست دەکەن، خواردنی حەپەکە لەگەڵ خواردندا یان خواردنی پێش خەو لەوانەیە یارمەتیت بدات لە کەمکردنەوەی ئەم حاڵەتەدا، تەنانەت بەکارهێنانی (ئەنتی ئەسید) بەنزیکی نیو کاتژمێر پێش خواردنی حەپەکە یارمەتی گەدە دەدات و لە دڵتێکچوون دەیپارێزێت، خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە هەموو ڕۆژێک لە کاتێکی جێگیر و نەگۆڕدا حەپەکە بخۆ و ئەگەریش دوای هەموو ئەمانە حاڵەتی دڵتێکچوون هەر بەردەوام بوو و کاریگەری خستە سەر حەزی خواردنت و کێشی لەشت ئەوا سەردانی پزیشک بکە.

زیادبوونی کێش

زیادبوونی کێش لە هەفتە و مانگەکانی سەرەتای بەکارهێنانی حەپەکەدا دیاردەیەکی بڵاوە، هەڵبەتە ئەم زیادبوونی کێشە کاتییە و زیاتر بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوەوەیە، زۆرینەی کات دەرمانەکانی دژە سکپڕی کە بڕێکی زۆری هۆڕمۆنی (ئیستڕۆجین)ـیان تێدایە دەبنە هۆی ئەم حاڵەتە.
هەروها ئەو حەپەی کە بڕێکی زۆر (ئیستڕۆجین) تێدایە دەتوانێت ببێتە هۆی چرچ و لۆچی لە ڕان و قۆڵ و سنگدا.
ئەگەر نیگەرانی زیادبوونی کێشتی دەتوانیت حەپێک بەکار بهێنیت کە (ئیستڕۆجین)ـی کەمی تێدا بێت وهەروەها ئاگاداری خۆراکت بە و ڕۆژانەش وەرزش بکە تا کێشت زیاد نەبێت.

هەوکردنی کەڕووی ناولەش

هەوکردنی کەڕووی ناولەش کە دەبێتە هۆی خوران، سوتانەوە و ئازار و سوتانەوەی ناوچە زۆر هەستیارەکان و دروستبوونی بڵق، یەکێکی تریش لە نیشانەکان ڕێژەی هۆڕمۆنی (ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆن) دەگۆڕێت و باڵانسیان تێکدەدات ڕێژەی زۆری (ئیستڕۆجین) دەبێتە هۆی هەوکردنی کەڕوو.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان زانکۆی تەندروستی گشتی لە میشیگان لە ساڵی٢٠٠٦ـدا هاتووە کە مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی کەڕوویی دوو بەرامبەر زیاد دەکات بە بەکارهێنانی حەپەکانی دژە سکپڕی و سێ بەرامبەر زیاد دەکات بە بەکارهێنانی دەرمانی (سپێرم کوژ) کە ئەمەش دەرمانێکە هەر بۆ ڕێگری لە سکپڕی بەکاردێت.
لە ڕاستیدا ئەم مەترسییە زۆر زیاترە لەنێو ئەو ژنانەی کە شەکرەیان هەیە یاخود سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە.
هەروەها گۆڕان لە ترشێتی و هەوکردنی زیاتری ناوچەی زێ.

خەمۆكی

یەکێکی دیکە لە نیشانەکان بریتییە لە خەمۆکی، کە زۆرێک لە خانمان کاتی بەکارهێنانی حەپەکە هەستی پێدەکەن و بێتاقەت دەبن، چونکە بڕی هۆڕمۆنەکان دەستکاری دەکرێت، بۆیە کار دەکاتە سەر مێشکی کەسەکە و هەستەکانی بگۆڕێت.
لێکۆڵینەوەیەک لەساڵی ٢٠٠٣ لە ڕۆژنامەی ژنان و منداڵبوون بڵاوکرایەوە، کە باس لەوە دەکات بەکارهێنانی حەپی دژە سکپڕی نیشانە قورسەکانی پێش سوڕی مانگانەش زیاد دەکات و حاڵی ئەوانە خراپتر دەکات کە پێشینەی نەخۆشی خەمۆکییان هەبووە، ئەگەر پێشینەی خەمۆکیت هەیە پێش بەکارهێنانی حەپەکە پرس بە پزیشک بکە.

گۆڕانکاری لە بینیندا

ئەگەر چی حەپی دژە سکپڕی پەیوەندیەکی وای نییە بە چاوەوە، بەڵام ئەو ژنانەی کە عەدەسەیان لەچاوە و چاویان کزە لەوانەیە ئەم حەپە ببێتە هۆی ئەوەی کە چەند گۆڕانکارییەک دروست بکات لە بینینیاندا.

کۆبوونەوەی ماددە هۆڕمۆنیەکان لە جەستەدا دەبێتە هۆی هەوکردنی کۆرنیەی چاو، تەنانەت لەوانەیە کاریگەری هەبێت لەسەر شێوەی کۆرنیه.
ئەگەر یەکسەر دوای خواردنی حەپەکانی دژە سکپڕی ئەم کێشەیەت بینی لە چاودا ئەوا زوو سەردانی پزیشکی چاو بکە.
بۆ ماوەیەکی زۆر بەکارهێنانی حەپەکانی دژە سکپڕی دەکرێت ببێتە هۆی گلوکۆما (کۆبوونەوەی ئاوی ڕەش لەچاودا) کە زیان دەدات لە بینایی چاو و بەتێپەڕبوونی کات خراپتر دەبێت.
لە خوێندنەوەیەکی ساڵی ٢٠١٦ کە لە ئەکادیمیای پزیشکی چاوەوە بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات کە بەکارهێنانی حەپەکانی دژە سکپڕی بۆ ماوەی سێ ساڵ یان زیاتر دەکرێت ببێتە هۆی زیادبونی مەترسی گلوکۆما یان فشاری بەرزی چاو.

هەستیاری بۆ مەمک

حەپی دژە سکپڕی لەوانەشە ببێتە هۆی هەستیاری و گەورەبوونی مەمک، ئەمە دیاردەیەکی سووکە کە پێویستی بە چەند هەفتەیەکە دوای بەکارهێنانی حەپەکە بۆ باشبوونەوە، هەروەها هەستیاری مەمک لەوانەیە لەوکاتەدا بەهۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکاندا ڕووبدات، ئەم کێشەیە زیاتر لەو خانمانەدا ڕوودەدات کە حەپی (پڕۆجیسترۆن) بەکاردەهێنن.
هەوڵبدە خوێ و قاوە کەم بخۆێت تا نیشانەکانت کەم ببێتەوە، هەروەها بۆ نەهێشتنی هەستی ناخۆش ستیانێکی گونجاو بەکاربهێنە، ئەگەر هەر باش نەبوویت ئەوا بەدڵنییایەوە سەردانی پزیشک بکە.

ئەو ژنانەی کەم ئەم حەپە بەکاردەهێنن لەوانەیە لە سوڕەکانی مانگانەدا خوێنبەربوونیان هەبێت یان پەڵە، ئەم حاڵەتەدا بە زۆری لە سێ مانگی سەرەتادا دەردەکەوێت، ئەم حاڵەتە زیاتر بەو حەپە دژە سکپڕییانە دەردەکەوێت کە بڕی بەکارهێنانەکەی کەمە.

مەینی خوێن (thrombus)

مەینی خوێن، دیاردەیەکی کەمتر باوە بەڵام جدییە لەڕێگەی خواردنی حەپەکانی دژە سکپڕییەوە لەوانەیە تووشمان ببێت، لە کۆنگرەیەکی ژنان و ماداڵبووندا کە لە ئەمەریکا سازکرا ڕاگەیاندراوە کە مەترسی مەینی خوێن لەنێوان ئەو ژنانەی کە دووگیان نین و حەپی دژە سکپڕی بەکار ناهێنن، ١ لەسەر ٥ـی ١٠٠٠٠ ژنێکن لە ساڵێکدا، و ئەم مەترسییە بە نزیکەیی لەسەدا ٣ تا ٩ ـییە لە ١٠٠٠٠ لەو ژنانەی کە حەپی دژە سکپڕی بەکاردەهێنن.
ئەو ژنانەی کە جگەرە دەکێشن و کێشیان زیادە و یان تەمەنیان لەسەر و ٣٥ ساڵەوەیە یان تازە مناڵیان بووە مەترسی زیاتریان لەسەرە کە تووشی ئەم حاڵەتە ببن.
هەروەها تووشبوون بە کێشەکانی هەناسەدان لە قەفەسەی سنگدا یان هەوکردنی قاچەکان کە دەتوانێت نیشانە بێت بۆ مەینی خوێن ئەمانەت بینی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە.

كەمبوونەوەی حەزی سێکسی

لە زۆر کەسەدا ئەم حەپانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ئەمەش بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوەیە، حەپە دژە سکپڕییەکان دروستکردنی هۆڕمۆنی (تێستێستیرۆن) دەوەستێنن و کە بە بەشی خۆی دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر حەزی سێکسی خانمان و نەمانی حەز بۆ جوتبوون.
ئەگەر ئەم حاڵەتەدا نزیکی سێ تا چوار مانگ بەردەوام بوو ئەوا سەردانی پزیشک بکە.

ڕێکارەکانی بەکارهێنانی حەپی دژە سکپڕی

١- واباشترە کە ئەم حەپانە هەموو ڕۆژێک لەکاتی خۆیدا بخورێت.

٢- ئەم حەپانە ناتپارێزن (STD) لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان.

٣- ئەم حەپانە گونجاوو نییە بۆ ئەو کەسانەی کە جگەرە دەکێشن یان کێشەیان هەیە لە پەڕەکانی خوێندا. 

٤- ئاگاداربە ئەگەر حەپی ترت هەیە چونکە لەگەڵ ئەو حەپانەی کە دژی سکپڕی دەیخۆیت کاریگەری دەبێت.

٥- ئەگەر گوومان دەکەیت کە دووگیانیت ئەوا هەرچی زووە واز لە حەپەکان بهێنە و پەیوەندی بکە بە پزیشکەوە.

٦- حەپی دژە سکپڕی وەک خۆراک لەناو بازاڕدا بوونیان هەیە، واباشترە پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەیت بۆ هەڵبژاردنی حەپی گونجاو.


سەرچاوەکان



4307 بینین