سوودەکانی شیردان بۆ دایک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-17-22:26:00 - کۆدی بابەت: 5376
سوودەکانی شیردان بۆ دایک

ناوه‌ڕۆك

سوودەکانی شیردان بۆ دایک چییە؟

شیردان بە منداڵ لەلایەن دایكەوە كارێكی پیرۆز و گرنگە، هەروەها خاوەنی چەندین سوودی گرنگە وەك:

یارمەتیدەرە بۆ گرژبوونی منداڵدان

شیردان بە منداڵ دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەیەکی زیاتری هۆڕمۆنی (ئۆکسیتۆسین) لە جەستەدا دەربدرێت.
ئەم هۆڕمۆنە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەری گرژبوونی منداڵدان، لە ئەنجامدا منداڵدان دەتوانێت زۆر خێراتر بگەڕێتەوە شێوەی خۆی و کاتی پێش دووگیانی.

خێراتربوونی دابەزاندنی کێش

ئەو دایکانەی کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان زۆر خێراتر ڕزگاریان دەبێت لە کێشی زۆری کاتی دووگیانیان و لاواز دەبنەوە.

کەمکردنەوەی مەترسی خەمۆکی

خەمۆکی دوای منداڵبوون حاڵەتێکی باوە و زۆر دایک تووشی دەبێت بەڵام ئەگەر شیری خۆت بدەیت بە منداڵەکەت مەترسی ئەم حاڵەتەت کەمتر لەسەر دەبێت.

کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک 

ئەو دایکانەی شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان مەترسی شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدانەکانیان لەسەر کەمترە وەک لەوانەی شیری خۆیان نادەنە منداڵەکانیان.

کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییە درێژخایەنەکان

نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم و دووەم، نەخۆشیەکانی دڵ، بەرزی کۆڵیستڕۆڵ، بەرزی فشاری خوێن ئەمانە لەو دایکانەی کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکانیان ٪١٠ بۆ ٪٥٠ مەترسی تووشبوونیان بەم حاڵەتانە کەمترە.

چەند تێبینییەک پێش شیردان

  • ئەو دایکانەی کە بڕیاریان داوە شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکەیان، دەبێت هەندێک تێبینی لەبەرچاو بگرن
  • زۆرێک لە دایکان لە هەفتەی یەکەمەوە تا ١٠ ڕۆژ دوای دەستکردن بە شیرپێدان هەست بە ئازار و ناڕەحەتی دەکەن لە مەمکیاندا، ئەم ئازارە کاتییە بەڵام دەکرێت کێشە بێت بۆ خۆراکی منداڵەکەش و دایکەکە بەهۆی ئازارەوە جوان شیری پێ نەدات.
  • منداڵ لە هەفتەکانی سەرەتای دوای لەدایکبوونیاندا، لەوانەیە ١٢ جار شیر بخۆن لە ڕۆژێکدا، ئەم هەموو شیر خواردنە لە ڕۆژێکدا کاریگەری دەخاتە سەر کاری دایکەکە و ڕۆژەکانی قورستر دەبێت.
  • قورسە بۆ دایکەکە کە بزانێت ئایا مەمکی چەند شیر بەرهەم دەهێنێت یان ئەو شیرەی کە لە مەمکیدایە بەسە بۆ تێرکردنی منداڵەکەی یان نا، کێشی منداڵەکە و میز و پیسایی دەرخەری ئەوەیە کە ئایا شیر باش دەخوات یان نا.
  • ئەو دایکانەی کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان دەبێت زۆر وریابن لە خواردنی ڕۆژانەیاندا و هەروەها بەکارهێنانی دەرماندا چونکە ئەم ماددانە لە شیری دایکەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە.

شیردان و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ منداڵەکەتدا

  • پێش ئەوەی منداڵەکە لەدایک ببێت، جەستەی دایک دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی شیر و دایکەکە بەتەواوی ئامادە دەبێت بۆ منداڵبوون و پێدانی شیر بە منداڵەکەی، یەکەمین شیردان چەند کاتژمێرێک دوای منداڵبوون دەست پێ دەکات، یەکەمین شیری دایکیش پێی دەوترێت (ژەک) کە پڕە لەماددەی بەسوود.
  • یەکێک لە گرنگیەکانی شیری دایک ئەوەیە کە خۆی ڕێکدەخات لەگەڵ پێویستیەکانی منداڵەکەدا.
  • بەرکەوتنی پێستی دایک بە پێستی منداڵەکەوە لەکاتی شیرداندا، جگە لە تێرکردنی منداڵەکە ڕێگایەکی باشە بۆ پەیوەندیەکی پتەوی نێوان دایک و منداڵەکە
  • شیردان پڕۆڤەیەکە بۆ پەیوەندی نێوان دایک و منداڵەکە، دایک فێری نیشانەی گریانی منداڵەکەی بووە و خێرا وەڵامی دەداتەوە.
  • لەچەند هەفتەی سەرەتای دای منداڵبووندا دایکەکە ڕۆژانە ٨ بۆ ١٢ جار شیر دەدات بە منداڵەکەی لە ئەنجامدا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دایک و منداڵەکە کاتێکی زۆر بەسەرببەن پێکەوە.

شیردان و هەوکردنی کەڕوویی ناودەمی منداڵ

کەڕوو جۆرێک هەوکردنی کەڕووییە، کە لەدەمی منداڵەکەدا ڕوودەدات و ناودەمی منداڵەکە هەمووی سپی دەبێت، و زیاتر لە ناوچە گەرم و شێدارەکاندا ڕوودەدات، و لەوانەیە لە دەمی منداڵەکەشەوە بگوازرێتەوە بۆ گۆیی مەمکی دایکەکە و نیشانەی لە دایکەکەدا زۆر قورسە ئەوانیش (ئازاری زۆر، سووربوونەوەی گۆیی مەمک، لێبوونەوەی پێستەکە و خورانی زۆر، هەروەها لەوانەیە لەدەمی منداڵەکەشەوە بگوازرێتەوە بۆ مەڵاشوو و قوڕگی منداڵەکە).


سەرچاوەکان



6230 بینین