خواردنی خۆراکی توون لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-21-23:00:00 - کۆدی بابەت: 5457
خواردنی خۆراکی توون لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

ئایا خواردنی خۆراکی توون لەماوەی دووگیانیدا ڕێگەپێدراوە؟

خواردنی خۆراکی توون لەماوەی دووگیانیدا یەکێکە لە نیگەرانیەکانی دایکانی دووگیان، چونکە دەیانەوێت باشترین شت بخۆن بۆ سەلامەتی خۆیان و منداڵەکەیان و دایکان لە تەواوی ماوەی دووگیانیدا لەوانەیە حەزیان بۆ جۆرەها خواردن بڕوات و بێزووی پێوە بکەن.

خواردنی خۆراکی توند لەماوەی دووگیانیدا ڕێگەپێدراوە و کێشەی نییە بۆ دایک و منداڵەکە، بەڵام زۆر خواردنی بێزارت دەکات و کێشەی ترت بۆ دروست دەکات بۆیە واباشترە کە هەمیشە دووربیت لە ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر بەهاراتیان تێدایە بەڵکوو هەمیشە هەوڵبدە کە بەهارات بە بڕێکی مامناوەند بەکاربهێنیت.

خۆراکی توون لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

خواردنی ئەو خۆراکانەی کە بەهاراتیان تێدایە و توونی بەتایبەت لە سێ مانگی یەکەمدا بێ کێشەن و کاریگەری ناخەنە سەر گەشەی منداڵەکە، هەرچەندە لەبارچوونی منداڵ لە سێ مانگی یەکەمدا شتێکی زۆر بڵاوە بەڵام ناکرێت بڵێین کە خۆراکی تون یەکێکە لە هۆکارەکانی لەبارچوون و بۆیە بێ کێشەیە.

خۆراکی توون لە سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانیدا

لەم شەش مانگەی کۆتایی دووگیانیەکەدا خواردنی خۆراکی توون ئەگەری دڵەکزە و گەڕانەوەی تڕشەڵۆکی گەدە بۆ سورێنچک زیاد دەکات، چونکە خۆی لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا دڵەکزە و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە ڕوودەدات و خواردنی تون ئەم حاڵەتە زیاتر دەکات.

کاریگەرییە لاوەکیەکانی خواردنی توون لەماوەی دووگیانیدا

ئەم کاریگەری و زیانانە تەنها بۆ دایکەکەیە نەک منداڵەکە و واتە خواردنی توون کار ناکاتە سەر منداڵ، بەڵام ئەگەر ئەم نیشانانەت هەبوو یان هەستیاریت بۆ دروست بوو ئەوا باشترە لەپێناو سەلامەتی خۆت بەکاری نەهێنیت و ئەگەریش هیچ کام لەمانە ڕووینەدا ئەوا چێژ وەرگرە لە هەر خواردنێکی توون و بیخۆ.

دڵەکزە

زۆرینەی خانمان بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان و فشاری منداڵەکە لەسەر گەدە دووچاری دڵەکزە دەبنەوە، دڵەکزە یەکێکە لە کێشە سەرەکیەکانی کۆئەندامی هەرس لەماوەی دووگیانیدا و بەگشتی لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا دەست پێدەکات و لە سێ مانگی سێیەمدا دەگاتە لوتکە و زیاتر دەبێت.

خواردنی خۆراکی توند ئەم حاڵەتە زۆر زیاتر دەکات بۆیە دەبێت دایکان ئاگاداربن و ئەگەریش زۆر سوریت لەسەر خواردنی خۆراکی توون ئەوا پێش ئەوە کەمێک هەنگوین بخۆ یاخود دوای خۆراکە تونەکە پەرداخێک شیر بخۆرەوە تاکوو دڵەکزەکەت چارەسەر ببێت.

دڵتێکچوونی بەیانیان

دڵتێکچوون لەماوەی دووگیانیدا، بەهۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکان لە سەرەتاکانی دووگیانیدا زۆر بڵاوە، خواردنی توونی لەماوەی دووگیانیدا ئەم حاڵەتی دڵتێکچوونی بەیانیانە زیاتر دەکات.

ئەگەر خانمێک دڵتێکچوونی بەیانیانی زۆرە و لەگەڵیشیدا زۆر دەڕشێتەوە ئەوا دەبێت بەتەواوی واز لە خواردنی خۆراکە توونەکان بهێنێت.

هەستیاری

خواردنی خۆراکی توون لە هەندێک لە دایکاندا لەوانەیە دایکەکە تووشی هەستیاری بکات، تەنانەت ئەگەر پێش دووگیانیش توونی خواردووە و هیچ هەستیاریەکی بۆ دروست نەکردبێت، ئەمە نابێتە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە لەماوەی دووگیانیدا تووشی هەستیاریت نەکات، دەبێت بزانیت کە لەماوەی دووگیانیدا ئەگەری هەستیاری زۆرتر دەبێت

ئەگەریش پێش دووگیانی بە خۆراکی توونی تووشی هەستیاری بوویت ئەوا دەبێت بەیەکجاری خواردنی خۆراکی توون لەمێشکت دەربکەیت.

وروژاندنی منداڵدان

ئەگەر چی خواردنی خۆراکی توون لەماوەی دووگیانیدا بێ کێشەیە، بەڵام خواردنی زۆر و لەڕادەبەدەری جگە لە کێشەی کۆئەندامی هەرس لەوانەیە کێشەی تریش بۆ دایکەکە زیاد بکات، لە هەندێک لە خانماندا خۆراکی توون دەبێتە هۆی وروژاندنی منداڵدان و ڕیخۆڵەکان، بە گشتی خواردنە توونەکان زووتر لە خواردنە بێ بەهاراتەکان بە گەدەدا تێپەڕدەبن و هەرس دەبن تەنانەت لەوانەشە ببێتە هۆی سکچوون و گازی ناو ڕیخۆڵەکان، کە ئەمانە دەبنە هۆی وروژاندنی ڕیخۆڵەکان و بەهۆی نزیکی ڕیخۆڵەکان لە منداڵدانەوە دەبێتە هۆی وروژاندنی منداڵدانیش.

گرنگترین نیشانەی وروژاندنی منداڵدان، هەستکردن بە پێچ خواردن یان ڕەقبوونی ماسولکەکانی منداڵدان و لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا دەبێتە هۆی گرژبوونی منداڵدان ئەو خانمانەی کە ماوەی دووگیانیان کەمترە لە ٣٨ هەفتە و ئەم نیشانانەیان هەیە دەبێت زوو خۆیان بگەیەننە لای پزیشک.

سوودەکانی خواردنی خۆراکی توون لەماوەی دووگیانیدا

یارمەتیدەرە بۆ هەرسکردنی ماددە خۆراکیەکان

زۆرینەی خانمان دووچاری کێشەی کۆئەندامی هەرس و بەتایبەت قەبزیی دەبنەوە، بەڵام خواردنی خۆراکی توون لەم ماوەیەدا ئەو حاڵەتە زۆر کەم دەکاتەوە جگە لە قەبزیی، غازاتی ناو ڕیخۆڵەکان و ڕەقبوونی ماسولکەکانیش چارەسەر دەکات.

لەناوچوونی خانە شێرپەنجەییەکان

لەماوەی دووگیانیدا مەترسی ناڕێکی زۆربوونی خانەکانی لەش بوونی هەیە، کە لە داهاتوودا دەیکات بە شێرپەنجە، بیبەر پێکهاتووە لە (Carotenoid) کە ئەنتی ئۆکسیدانتە، هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە (Capsaicin)ـی ناو بیبەری سوور دەتوانێت خانە شێرپەنجەیەکانی سییەکان لەناوببات.

بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش

لەکاتی دووگیان بوونی هەر خانمێکدا سیستمی بەرگری لەشی زۆر لاواز دەبێت، بیبەری توون بڕێکی زۆر ڤیتامین C تێدایە و دەتوانێت سیستمی بەرگری لەش بەهێز بکات و دایک و منداڵەکە لە توشبوون بە کۆمەڵێک نەخۆشی بپارێزێت، وەک (هەڵامەت و کۆکە).

یارمەتیدەرە بۆ شەکرە

خواردنی توونی بۆ ئەو خانمانەی کە تووشی شەکرەی کاتی دووگیانی بوون زۆر گرنگە و بیبەر دەتوانێت ڕێژەی شەکری ناو خوێن کەم بکاتەوه، و ئەم کەمبوونەوەیەش یارمەتی جگەر دەدات بۆ دروستکردنی ئەنسۆلین.

زیادبوونی زیندەچالاکی 

بیبەری توون گەرمی و وزە بە جەستە دەدات و هۆکارێکە بۆ زیادبوونی زیندەچالاکی و وزەی زۆری خانمە دووگیانەکە.

پاراستنی هاوسەنگی فشاری خوێن

ئاشکرایە کە بەرزی فشاری خوێن هەڕەشەیەکی جددییە بۆ خانمانی دووگیان، خواردنی پۆتاسیۆم یارمەتیدەره تاکوو هاسەنگی فشاری خوێن بپارێزێت و هەوڵبدەن ئەو بیبەرە تونانە بخۆن کە کەمێکیش پۆتاسیۆمی تێدایە.

چەند باوەڕێکی هەڵە لەبارەی خواردنی توونەوە لەماوەی دووگیانیدا

تێبینی: هیچ کام لەم خاڵانەی خوارەوە ڕاست نین و هیچ بنەمایەکی پزیشکیان نییە.

  • خواردنی توون لەوانەیە زیان بگەیەنێت بە منداڵەکەش.
  • دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵەکەت زووتر لەدایک ببێت واتە هۆکارێکە بۆ منداڵبوونی پێش وەختە.
  • لەوانەیە ببێتە هۆی لەبارچوون و نەخۆشییە زگماکیەکان.
  • دەبێتە هۆی کوێربوونی منداڵەکە.


سەرچاوەکان



6674 بینین