ڕووباری نیل

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-23-14:09:00 - کۆدی بابەت: 5495
ڕووباری نیل

ناوه‌ڕۆك

ڕووباری نیل لە کوێوە هەڵدەقوڵێت؟

ڕووباری نیل درێژترین ڕووباری جیهانە و بە باوکی ڕووبارە ئەفریقییەکان ناوی دەرکردووە، درێژییەکەی دەگاتە 6853 کم، ئەم ڕووبارەکە بە تەواوی دەکەوێتە کیشوەری ئەفریقا، لە شوێنی سەرچاوەی تاوەکو ڕژانە ناو دەریای چەندین ژینگەی جۆراوجۆری ڕووەکی لەسەر ڕواوە، وەک دارستانە باراناوییە کەمەرەییەکان لە نێوان ڕووباری نیل و کۆنگۆ و باشووری خۆرئاوای ئەسیوبیا، هەروەها چەندین کۆمەڵەی گیانەوەری جۆراوجۆری تێدایە، وەک کەرکەدەن، ماسیی شێری ئەفریقی، ماسیی سلەور، باڵندە کێوییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە نەورەس، بۆق، کیسەڵە دەریاییەکان و تیمساحی نیل کە یەکێکە لە بەناوبانگترین گیاندارەکانی نێو نیل.

سەرچاوەی نیل لە کوێوەیە؟

بنەڕەتی ناوی نیل لە وشەیەکی یۆنانییەوە هاتووە کە ''نیلۆس''ـە، واتە دۆڵ یاخود دۆڵی ڕووبار، میسڕییە کۆنەکان و یۆنانییەکان ناوی کیم یان کیمی ـیان لێدەنا، کە بە واتای ڕووباری ڕەش دێت، ئەم ناوە بەهۆی ئەو ڕاماڵراوە ڕەشانەوە بوو کە ڕووبارەکە لەگەڵ خۆی دەیهێنان، ڕووباری نیل لە خەرتومی پایتەختی سودان یەکدەگرێت، لە دوو سەرچاوەی سەرەکییەوە ئاوەکەی دێت، کە بریتین لە:

نیلی سپی

ئەم ئاوە لە دەریاچەی ڤیکتۆریاوە دێت، لە سەرەتاوە ڕووباری رۆفیرۆزا لە بۆرۆندی دێت و دەڕژێتە سەر ڕووباری کاجیرا، ڕووباری کاجیراش دەچێتە سەر دەریاچەی ڤیکتۆریا، دەریاچەی ڤیکتۆریاش بە سەرچاوەی سەرەکیی ڕووباری نیل دادەنرێت، هەروەها دووەم گەورەترین دەریاچەی ئاوی سازگارە لە جیهاندا، ڕووباری نیل لە دەریاچەی ڤیکتۆریاوە دەردەچێت لە لێوارەکانی شاری جینجادا، ئەم بەشەی نیل ناوی لێنراوە نیلی ڤیکتۆریا، ئەم ڕووبارە درێژ دەبێتەوە هەتا دەگاتە دەریاچەی کیوجا، پاشان لە بەندەری ماسیندی جێی دەهێڵێت، ڕووبارەکە بەم ئاڕاستەیەی بەردەوام دەبێت تا دەگاتە دەریاچەی ئەلبێرت، ئەم خاڵە 500 کیلۆمەتر لە دەریاچەی ڤیکتۆریاوە دوورە و 514 مەتریش نزمترە، پاشان ئەو ناوچەیەی لەوێوە دەستپێدەکات ناوی نیلی ئەلبێرتە، ئیدی نیل لە لای شاری نیمۆلیدا دەگاتە باشووری سودان، لەم ڕێڕەوەدا بە تاڤگەکانی فولا کە بە زەریای شاخ ناوبراوە تێدەپەڕێت، پاشان نیل لەگەڵ ڕووباری ئەسوا بەیەک دەگەن، دوای ئەمە نیل دەگاتە بەنداوی ئاسک، ئاڕاستەی بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات تا دەگاتە زەریای زەڕاف، پاشان ڕووباری سوباتی پێدەگات کە سەرچاوەکەی حەبەشەیە، دوای ئەوە بۆ مەودای 720 کیلۆمەتر بەرەو باکوور دەڕوات، لەو ناوچە و هەتا دەگاتە خەرتوم پێی دەڵێن نیلی سپی.

نیلی شین

سەرچاوەکەی لە دەریاچەی تانای ئەسیوبیایە، ئەم دەریاچەیە سەرچاوەیەکی باشی ئاوی سازگارە بۆ نیل، بەڵام ئەم ئاوە تەنیا لە وەرزی هاویندا کە لەوێ وەرزی دابارینی بارانە دەگاتە سەر نیل، نیلی شین بە هەردوو ڕووباری رەهد و دەندر ـی سوودان دەگات، لەوێ پێی دەڵێن ئەبای، بەڵام دوای بڕینی 1400 کیلۆمەتر و لەوێ پێی دەڵێن نیلی سپی، لە شاری خەرتوم دەگات بە نیلی سپی، پاشان نیل بە میسڕدا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە دەریای ناوەڕاست.

بەیەکگەیشتنی نیل

شوێنی بەیەکگەیشتنی هەردوو نیلەکە لە شاری خەرتومە، لە خەرتوومەوە ئاڕاستەکەی بەرەو باشووری ڕۆژئاوا دەڕوات، بەڵام پاش مەودایەک دەگەڕێتەوە سەر ڕێڕەو و ئاڕاستە سەرەکییەکەی.


سەرچاوەکان



8268 بینین