منداڵی تازە لەدایکبوو چۆن دەبینێت؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-08-14:34:00 - کۆدی بابەت: 5791
منداڵی تازە لەدایکبوو چۆن دەبینێت؟

ناوه‌ڕۆك

بینینی منداڵی تازە لەدایکبوو

بینینی منداڵی تازە لەدایکبوو زۆر ناڕوونە و تەنها دەتوانێت شێوە و ڕوناکی و جوڵەکان هەست پێبکات، منداڵی تازە لەدایکبوو ڕووخساری کەسانی دەوروبەری خۆی تەنها ٢٠ بۆ ٣٠ سانتیمەتر دوورتر لە لە خۆی دەبینێت، بەم مەودایە دەتوانێت ڕووخسارەکان لە یەکتری جیابکاتەوە، ئەگەر ئەم مەودایە زیاد بکات بۆ ٦٠ سانتیمەتر، ڕووخسارەکان زۆر تاریک و ناڕوون دەبێت لای منداڵەکە، هەروەها منداڵەکە دەتوانێت بەو ئاستی بینینە بەشە جیاوازەکانی ڕووخساری کەسەکان لە یەکتری جیابکاتەوە، وەک لووت و ڕوومەت و ئەندامەکانیتر.

کەواتە دڵنیابە لەوەی کە دەتوانێت ڕووخساری جیاواز بناسێتەوە و کەسانی نوێ جیادەکاتەوە لە دایک و باوکی، منداڵەکە سەرەتا هەموو شتێک بە سێبەرێکی تاریک دەبینێت و هەموو شتێکی دەروبەری بە ڕەنگی ڕەش و سپی دەبینێت.

تێبینی: ڕێژەی بینایی منداڵی تازە لەدایکبوو بەرامبەر بە کەسانی پێگەیشتوو تەنها ٪٦٠ـە.

بینین و تێگەیشتن

منداڵی تازە لەدایکبوو لە سەرەتای ڕۆژەکانیاندا تەنها دەتوانن ببینن نەک ئەوەی کە تێبگەن، لێکۆڵەرەوان بە سوود وەرگرتن لە وێنەی جوڵاو هەوڵیانداوە کە تاکوو بڕی تێگەیشتنی بینینی منداڵ، دەرکەوتووە کە منداڵی تازە لەدایکبوو تەنها ڕووخسار دەبینێت بەڵام ناتوانێت لە کاردانەوەکانی ڕووخسار تێبگات.

بینینی منداڵ لە تەمەنی ١ بۆ ٢ مانگیدا

کاتێک منداڵ دەگاتە تەمەنی ١ بۆ ٢ مانگی فێر دەبێت کە بڕوانێتە چاوی کەسی بەرامبەر و هەست بە جوڵەی چاوەکانی بکات، هەروەها دەتوانێت هەست بە وەستانی کەسەکە بکات لە کاتی قسەکردندا، جوڵانی شتێکی بچووک وادەکات کە زوو هەستی پێبکات و سەرنج بداتە ئەو جێگایەیی کە جوڵەکەی تێدا بووە، هەروەها دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ چاوی کەسی بەرامبەردا دروست بکات و هاوکات لەگەڵ ئەودا سەری بجوڵێنێت.

بینینی منداڵ دوای تەمەنی ٥ مانگی

کاتێک کە منداڵ لە تەمەنی ٥ مانگی تێدەپەڕێت، دەتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان شتی بچوکدا و ورد ببێتەوە لێیان، لە تەمەنی ٨ مانگیشیدا بینینی تا ڕادەیەک بەهێزە و دەتوانێت کەلوپەلەکانی ژووەکە بناسێتەوە و جیایان بکاتەوە.

بینینی منداڵ لە تەمەنی ٢ ساڵیدا

کاتێک منداڵ دەگاتە تەمەنی ٢ ساڵی وردە وردە ڕەنگەکان جیادەکاتەوە و بە تەواوی هەموو کەلوپەلێکیش لە یەک جیادەکاتەوە، وردە وردە ڕەنگەکان دەناسێتەوە بە ڕادەیەک کە دەتوانێت ڕەنگی پڕتەقاڵی و سوور جیابکاتەوە، هەروەها ڕەنگە کاڵەکان و ڕەنگە تۆخەکانیش جیادەکاتەوە.


سەرچاوەکان



1136 بینین