بریتن وودز

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-10-01:55:00 - کۆدی بابەت: 5820
بریتن وودز

ناوه‌ڕۆك

بریتن وودز چییە؟

ڕێککەوتننامەی بریتن وودز (Bretton Woods) ناوی خوازراوی کۆنگرەی دراوی نێودەوڵەتییە کە لە 1 تا 22ـی 7-1944 گرێدرا لە دارستانەکانی نیوهامبشەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لەم کۆنگرەیەدا نوێنەری 44 دەوڵەت ئامادە بوون، پلانیان بۆ سەقامگیریی سیستمی دارایی جیهانی و هاندانی دووبارە بوژاندنەوەی بازرگانی دادەنا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، نوێنەرەکان خوازیاربوون بەربەستەکان بە شێوەیەکی درێژ مەودا لاببرێن لە بواری قەرزپێدان و بازرگانی نێودەڵەتی و حەواڵەکردندا.

کۆنگرەی بریتن وودز پلانەکانی بەرزکردەوە بۆ هەردوو دامەزراوەی نێودەوڵەتی کە بریتین لە: ''سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودوەڵەتی بۆ بنیاتنان و گەشەپێدان''. سندوقی دراو کاری لەسەر هاندانی سەقامگیری دارایی نێودەوڵەتی دەکرد، ئەمەش لەڕێگەی فەراهەمکردنی هاریکاریی کورت مەودا بۆ هاوکاری کردنی ئەو ئەندامانەی کە تووشی کورتهێنان هاتوون لە سەنگی خەرجییەکاندا، هەروەها سندوقەکە قەرزی نێودەوڵەتیی درێژ مەودای پێشکەش دەکرد، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی کە گەشەکردن تیایاندا نزم بوو.

مێژووی بریتن وودز

لە بەرواری 1 تا 22ـی 7-1944 ڕێککەوتن کرا لەسەر جێگیرکردنی دراوە بیانییەکان لە بەرامبەر دۆلار، دۆلاریش بە نرخی 35 دۆلار دانرا لە بەرامبەر یەک ئۆنس زێڕ. 

ئەم ڕێککەوتنە ئامانجی فەراهەمکردنی سەقامگیرییەکی دارایی نێودەوڵەتی بوو بەوەی کە ڕێگری بکات وڵاتان دراو لەگەڵ یەکدی بگۆڕنەوە و سنوورێک بۆ پێکدادانی دراوە بیانییەکان لەگەڵ یەکدی دابنێت، لە پێش بریتن وودز یاسا و عورفی گۆڕینەوە بە زێڕ ئەنجام دەدرا کە ئەم شێوازە لە ساڵی 1876ـەوە تا جەنگی جیهانی دووەم پەیڕەو دەکرا، ئەو سیستمە لە سەردەمی خۆیدا پاڵپشتێکی گەورە بوو و دراوەکان چوونە چاخێکی نوێی سەقامگیرییەوە بەهۆی نرخی جێگیری ئاڵتوونەوە.

ڕێککەوتننامەی بریتن وودز لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بەسترا، ئامانجی ڕێکخستن و دروستکردنی سەقامگیری بوو لە بازاڕی فۆڕێکسدا، وڵاتانی بەشدار لە کۆنگرەکەدا ڕەزامەندییان دەربڕی لە بەشداریکردن لە دروستکردنی ئەم سەقامگیرییە، ئەویش لە ڕێگەی دانانی دۆلار وەک پێوەرێک بۆ بەهای دراوەکانیان، هەر کاتێکیش ویستیان دەتوانن لە بەرامبەر دۆلاردا زێڕ وەرگرن.

لەم ڕێککەوتنەدا دۆلار سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا و بووە دراوی مەڕجەعی، ئەم گۆڕانەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانی دەسەڵاتی جیهان بوو لە ئەوروپاوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەم ڕێکەوتننامەیە ڕێگری لە وڵاتان دەکرد کە بەهای دراوەکانیان نزم بکەنەوە تاوەکو پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیان قازانجی پێبگات، تەنانەت ئەگەر کردبێتیشیان تەنها توانیویانە 10٪ـی بەهای دراوەکانیان دابەزێنن.

ساڵی 1971 پێشوازیی لە نەمانی بریتن وودز کرد لەبەر ئەوەی کە نەدەکرا دۆلار بگۆڕدرێتەوە لەگەڵ زێڕدا، بە هاتنی 1973ـش هێزی خواست و خستنەڕوو کۆنترۆڵی بەهای دراوی وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانی کرد. 


سەرچاوەکان



746 بینین