خۆراکی گونجاو بۆ برینی کۆئەندامی هەرس

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-15-16:04:00 - کۆدی بابەت: 5907
خۆراکی گونجاو بۆ برینی کۆئەندامی هەرس

ناوه‌ڕۆك

برینی کۆئەندامی هەرس

برینی هەرسی بریتین لە کۆمەڵێک برین کە لە ڕووپۆشی ناوەوەی گەدە دەردەکەون، یان لە بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵە باریکە، دوو جۆر برینی هەرسی هەیە، جۆری یەکەمیان بریتییە لە برینی گەدە کە لە گەدەدا ڕوودەدات، جۆری دووەمیان برینی دوانزەگرێیە کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵە باریکە، ئەم برینانە زۆرجار بەهۆی بەکتریای هیلیکۆبەکتێر پایلۆری (H.pylori) ڕوودەدەن، کە لەو ڕووکەشە شانەیەدا دەژی کە شانەکانی گەدە و ڕیخۆڵەی داپۆشیوە و دەیانپارێزێت، یان بەهۆی بەکارهێنانی ڕێکخراوی ئەسپرینەوە یان ئازارشکێنەکان بۆ ماوەیەک زۆر یان بەهۆی خواردنی بڕێکی زۆری دەرمانی دژە هەوکردنەکان کە دەبێتە هۆی هاندانی ڕووپۆشی گەدە و ڕیخۆڵە. 

گرنگە بزانرێت کە فشاری دەروونی و دوودڵی و هیلاکی و خواردنی بڕێکی زۆری بەهارات و جگەرەکێشان، هۆکارێک نین لە هۆکارەکانی برینی کۆئەندامی هەرس، بەڵام دەکرێت ببنە هۆی زیادکردنی ئەگەری توشبوون و دەرکەوتنی هەندێک نیشانە، لە بڵاوترین هۆکارەکانی برینی کۆئەندامی هەرس بریتیە لە هەبوونی ئازار و برینی گەدە. 

پێویستە کەسی توشبوو بە برینی کۆئەندامی هەرس چی بخوات؟

پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی بۆ کەسانی توشبوو بە برینی گەدە و ڕیخۆڵە بەشێکی گرنگی پلانی چارەسەرەکەیە کە یارمەتیدەرە لە چاکبوونەوە و سنوردارکردنی نیشانەکان، ئامانجی سیستمی خۆراکی بریتییە لە کەمکردنەوی ئازار و هاندانەکان کە بەهۆی هەوکردنەکەوە دروست دەبن، هەروەها هاندانی چارەسەربوونی برینەکە و سنوردارکردنی بەرهەمهێنانی ترشی زیادەی گەدە، بەڵام گرنگە بزانرێت کە سیستمی خۆراکی بە تەنها توانای چارەسەرکردنی برینەکانی کۆئەندامی هەرسی نییە، بەڵکو تەنها نیشانەکان سووک دەکات و یارمەتیدەرە بۆ چاکبوونەوە، بە جۆرێک کە هەندێک خۆراکی وەکوو: شیرەمەنییەکان یارمتیدەربێت لە باشکردنەوەی ئەو شنانەی ڕووپۆشی گەدە و ڕیخۆڵەکان دەکات و دەیانپارێزێت، بەڵام هەندێک خۆراکی برژاو دەکرێت کێشەکە زیاتر بکات و نیشانەکان پەرەپێبدات، بۆ ئەمەش پێیویستە ڕێنمایی لە پزیشک وەربگیرێت و چارەسەری گونجاو بۆ حاڵەتی نەخۆشەکە دیاریبکرێت، دواتریش پەیڕەوی سیستمێکی خۆراکی بکرێت کە یارمەتیدەری چاکبوونەوەیە.

ئەو سیستمەی کە توشبووانی برینەکانی کۆئەندامی هەرس پەیڕەوی دەکەن پێویستە دەوڵەمەند بێت بە پڕۆتین واتا نزیکەی ١,٢ گرام پڕۆتین بۆ هەر کیلۆگرامێک کێشی لەشی کەسەکە، هەروەها پێویستە کاربۆهیدراتی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵەکان لەخۆبگرێت، وەکوو: پاقلەمەنی و دانەوێڵە و میوە و سەوزە، بە جۆرێک کە ڕیشاڵەکان دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئەگەی توشبوون بە برینەکانی کۆئەندامی هەرس، هەروەها بڕێکی زۆری ڤیتامین و کانزاکان لەخۆ بگرێت وەکوو: زینک و سیلینیۆم، هەروەها ئامۆژگاری دەکرێت بە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە تایبەتمەندی و پێکهاتەی دژە ئۆکسان و دژە بەکتریاکان تێدایە وەکوو پێکهاتەی پۆلیفینۆڵ کە ئەویش ئاوێتەیەکی دژە ئۆکسانە کە لە زۆربەی خواردنگە سەوزەواتییەکاندا هەیە، وەکوو: هەنار و چای سەوز و توو و پاقلەی سودانی و زەردەچەوە، کە یارمەتیدەرن لە چاکبوونەوەی داخورانی گەدە بە شێوەیەکی خێراتر، هەروەها بەکتریاکان لەناودەبات و ڕووپۆشی ناوەوەی گەدە بەهێزتر دەکات. 

ئەو خۆراکانەی کە کەسانی توشبوو بە برینەکانی کۆئەندامی هەرس دەبێت بیخۆن

  • میوە و سەوزەی تازە یان بەستوو وەکوو: توو، هەنار، سێو، بڕۆکلی، قەرنابیت. 
  • پڕۆتینی بێ چەوری وەکوو: ماسی و خواردنە دەریاییەکان و هێلکە و پاقلەمەنی و گۆشتی مانگای بێ چەوری. 
  • بەرهەمی شیری هەوێنکراو، وەکوو ماست.
  • نان و دانەوێڵە: وەکوو شۆفان و کینوا و هەرزن. 
  • گیا و بەهاراتی نوێ و وشککراوە: وەکوو زەردەچەوە و زەنجەبیل و توور و دارچینی
  • چەوری تەندروست وەکوو: زەیتی زەیتون و ئەڤۆگادۆ و بوندوق. 
  • چای سەوز. 

ئەو خۆراکانەی کەسانی توشبوو بە برینەکانی کۆئەندامی هەرس پێویستە لێی بەدوور بن

پێویستە سیستمێکی خۆراکی دابنرێت بۆ ئەو کەسانەی برینی گەدە و ڕیخۆڵەیان هەیە کە خۆراکی ترش و تفت و چەوری بەرز لەخۆنەگرێت، هەروەها گرنگە بزانرێت کە هەموو خۆراکەکان کار لە هەموو کەس ناکەن وەکوو یەک، بۆیە پێویستە هەموو کەس ئەو خواردنانە بناسێتەوە کە دەبنە هۆی زوو باشبوونەوەی یان قورسکردنی نیشانەکانی بۆ سنوردارکردنی، گرنگترین ئەو خۆراکانەش کە پێویستە لێی بەدووربیت بریتین لە:

  • خواردنەوەکان: وەکوو شیری پڕ چەوری و شیری شکولاتە، هەموو ئەو خواردنەوانەی کافاینیان تێدایە، نەعنا و چای نەعنا، شەربەتی پرتەقاڵ و میوەی بەهەشت (Grape fruit)، ئەو خواردنەوانەی کهولیان تێدایە.
  • بەهاراتی تفت: وەکوو بیبەری ڕەش و سوور و تۆوی خەردەل و گوێزەبۆن و ساسی تفت. 
  • هەندێک خۆراکی تر: وەکوو  شیرەمەنییەکانی دروستکراو لە شیری پڕ چەوری یان لە کرێم، شکولاتە و پەنیر و هالینبۆی تفت و بیبەری ڕەش، هەروەها گۆشتی خۆشکراو بە بەهارات و پڕ چەوری و بیبەری تفت و دۆشاوی تەماتە و ساسی تەماتە و شەربەتی تەماتە و گۆشتی سۆسەج. 


سەرچاوەکان



1510 بینین