پۆڵەندا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-14-13:38:00 - کۆدی بابەت: 6297
پۆڵەندا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی پۆڵەندا

پۆڵەندا کە ناسراویشە بە کۆماری پۆڵەندا، وڵاتێکی هەڵکەوتەی ناوەڕاستی ئەوروپایە و دابەش دەبێت بۆ ١٦ هەرێمی کارگێڕی سەربەخۆ، ڕووبەری خاکەکەی لە وڵاتە بەرینەکانی ئەوروپایە و ٣١٢,٦٩٦ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، مەودایەکی فراوانی پلەی گەرمی هەیە بەهۆی بوونی لە هێڵی کەمەرەیی زەوی، ڕێژەی دانیشتووانی بە نزیکەیی ٣٩ میلیۆن کەس دەبێت کە بەمەش دەبێتە پێنجەم قەرەباڵغترین وڵاتی ناو یەکێتی ئەوروپا، شاری وارشۆ گەورەترین و پایتەختی وڵاتەکەیە.

زانیاری گشتی

ناوی فەرمی کۆماری پۆڵەندا
پایتەخت وارشۆ
زمانی فەرمی پۆڵەندی، لەگەڵ چەند زمانێکی لاوەکی تر
سیستەمی سیاسی کۆماری
ڕووبەر ٣١٢,٦٩٦ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە 
دانیشتووان بە پێی خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٠ ٣٨,٢٦٨,٠٠٠ کەس.
چڕی دانیشتووان ١٢٣/کیلۆمەتر چوارگۆشە 
گرووپە ڕەگەزییەکان ٩٨٪ پۆڵەندی، ٪٢ نەتەوەی تر  
ئایین
  • ٨٦,٢٪  مەسیحی کاسۆلیکی
  • ١,٣٪  مەسیحی ئەرسۆزۆکسی
  • ٠,٤٪ مەسیحی پرۆتێنستانت
  • ٦٪ بێ ئایین 
  • ١٪ دینەکانی تر
  • ٣٪ نادیار
داهاتی ساڵانە ٦٤٢ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ١٦,٩٣٠ دۆلار بۆ هەر کەسێک.
ڕۆژی سەربەخۆیی ١١ ی تشرینی دووەمی ١٩١٨
دراو زلۆتی
کات UTC +1
وەرزی هاوین UTC +2
شێوازی لێخوڕین ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٤٨
سامانى سروشتی خەڵوز، باروت، مس، گازی سروشتی، زیو، خوێ
کەش و هەوا مامناوەند و کەمێک ساردە، لە زۆربەی وەرزە کاندا هەور و باراناوییە.

جوگرافیا

پۆڵەندا دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەوروپاوە، ڕووبەری خاکەکەی ٣١٢ هەزار ٦٩٦ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی ٣٨ میلیۆن دانیشتووانی هەیە، لە ٩٨.٥٢٪ خاکەکەی وشکانییە و ڕێژەی ئاو تەنها ١.٤٨٪ یە، نۆیەم گەورەترین وڵاتی ئەوروپایە لەڕووی ڕووبەرەوە، لە باکوورییەوە دەریای بەڵتیک هەیە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لیتوانیا و ناوچەی ستالینگرادی ڕووسیا هەیە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بیلاڕووس و ئۆکرانیا، لە باشوورەوە لەگەڵ سلۆڤاکیا و کۆماری چیک هاوسنوورە، وڵاتی ئەڵمانیاش دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەوە، لە باکوورەوە ڕێی ئاوی کراوەی هەیە و لەسەر دەریای بەڵتیک کەنداوی گدانسک هەیە، بەشی ناوەڕاستی وڵات زۆربەی تەختاییە، لە بەشی باشوورییەوە زنجیرە چیاکانی کارپاسیان هەیە کە سێیەم درێژترین زنجیرە چیای ئەوروپایە لەدوای ئۆڕاڵ و زنجیرە چیاکانی ئەسکەندەناڤیاوە.

زیاتر لە ٧٠ چیای هەیە کە سەرووی ٢ هەزار مەتر بەرزن، کە هەموویان دەکەونە ناو زنجیرە چیاکانی تاتراس لە باشووری وڵات و سنووری نێوان وڵاتی پۆڵەندا و سلۆڤاکیا، بەرزترین لووتکە لە وڵاتی پۆڵەندا لوتکەی (چیای ڕیسی) یە کە بەرزییەکەی دەگاتە ٢٤٩٩ مەتر، ڕووباری ڤیستوالا درێژترین ڕووباری ئەم وڵاتەیە کە ١٠٤٧ کیلۆمەتر درێژە، دارستانەکان نزیکەی ٢٩.٦% ی ڕووبەری وڵاتیان داگیرکردووە، نزیکەی ٢٣ باخی گەورەی نێودەوڵەتی هەیە، پۆڵەندا لە کۆنەوە وڵاتێکی کشتووکاڵی بووە و زیاتر لە نیوەی خاکەکەی کێڵگەیە کە دەکاتە زیاتر لە ١٦ میلیۆن هێکتار زەوی، نزمترین خاکی ئەم وڵاتە لە (ڕاسکی ئێلبلاسکی) یە کە ١.٨ مەتر لە خوار ئاستی ڕووی دەریاوەیە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی پۆڵەندا لە مەودایەکی گەورەی پلەی گەرمیدا دەسوڕێتەوە، ئەم کەشوهەوایە لە باکووری ڕۆژئاواوە کاریگەری ئاو و هەوای زەریایی هەیە بەهۆی بوونی زەریای ئەتڵەسییەوە لە ڕۆژئاوای ئەوروپا، هاوین بەگشتی گەرمە کە تێکڕای پلەی گەرمی لە نێوان ١٨ بۆ ٣٠ پلەی سیلیزیدا دەبێت بەپێی هەرێمەکە، لە زستاندا ساردە و پلەی گەرمی لە باکووری ڕۆژئاوا دادەبەزێت بۆ ٣ ی سیلیزی و لە باکووری ڕۆژهەڵات نزیکی -٦ پلەی سیلیزی دەبێتەوە.

گەرمترین ناوچەی (نزماییەکانی سیلێسیا) یە لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کە لە گەرمترین کاتەکانی ساڵدا لە مانگی تەمووز و ئاب پلەی گەرمی دەچێتە نێوان ٣٤ بۆ ٣٩ پلەی سیلیزی، ساردترین ناوچەی وڵاتەکە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لە شاری سواڵکی لە هەرێمی پۆدالسکی کە کاریگەری کەشوهەوای ئەسکەندەناڤیا و سیبیریای لەسەرە، لە وەرزی زستاندا پلەکانی گەرمی دادەبەزێتە ٤ بۆ ٦ پلەی ژێر سفر.

ئابووری

ئابووری پۆڵەندا لە ڕیزبەندی شەشەم باشترین ئابووری وڵاتاندایە لەناو یەکێتی ئەوروپادا بەپێی (GDP nominal) (کە داهاتی ناوخۆیە بە گۆڕینەوەی بە دۆلار) وە ڕیزبەندی پێنجەمین وڵاتی خاوەن زۆرترین داهاتی یەکێتی ئەوروپا بەپێی سیستمی (GDP ppp) کە دەپێورێت بەپێی داهاتی ساڵانەی ناوخۆی وڵات، هەروەها یەکێکە لە وڵاتە خاوەن خێراترین گەشەسەندنە ئابووریەکانی ناو یەکێتییەکە. 

لە ٦٠٪ ی کارکردنی دانیشتووانی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکەی خزمەت (یەکەیەکی ئابوورییە) ٣٠٪ بۆ باڵەخانە و پیشەسازییەکان، ١٠٪ ی دانیشتووانیش خەریکی کاری کشتوکاڵن، زۆرینەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتون لە بەکارهێنانی دراوی یۆرۆ وەک دراوی فەرمی، بەڵام پۆڵەندا دراوی تایبەت بەخۆی هەیە کە پێی دەوترێت زلۆتی.

پۆڵەندا وڵاتی پێشڕەوی ئابوورییە لە ناوەڕاستی ئەوروپادا، کە نزیکەی لە سەدا ٤٠ ی ٥٠٠ گەورەترین کۆمپانیاکانی ناوەڕاستی ئەوروپا دەکەونە ئەم وڵاتە، گەورەترین ئاڵوگۆڕی لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی وەک (ئەڵمانیا، چیک، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا) دا هەیە. 

پۆڵەندا تاکە وڵاتی ئەوروپی بوو کە لە داڕمانە ئابوورییە گەورەکەی ئەوروپا بێبەری بوو و ئابووری ناوخۆی وڵات بەجێگیری هێشتەوە، لە ڕیزبەندی بیستەمی جیهاندا دێت بۆ هاوردە و هەناردەکردنی ماددە و کەلوپەلی وەک (ئامێر، بەرهەمە خۆراکییەکان، کەلوپەلی ناوماڵ، جلوبەرگ، پێڵاو بابەتی جوانکاری و یارییە ڤیدیۆییەکان).

وڵاتی پۆڵەندا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشتدەبەستێت بە سووتەمەنی بەبەردبوو (بە ئینگلیزی: fossil fuels) کە بریتییە لە جۆرێک سووتەمەنی سروشتی کە لە مانەوەی جەستەی زیندەوەران لە ژێر خۆڵ و خاکدا بۆ ماوەیەکی درێژ دروست دەبێت، چەند نموونەیەک لە سووتەمەنییە بەبەردبووەکان بریتین لە نەوت و گازی سروشتی و خەڵوزی بەردین، زۆربەی یەکەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە کارگەکانی وڵاتدا خەڵووز بەکاردەهێنن وەکو مادەی خاو بۆ بەرهەمهێنان وزەکەیان و زۆرترین هەناردەکاری خەڵووزیش بۆ ئەوروپا هەر لەم وڵاتەوەیە.

وزە نوێبووەوەکانیش بەکاردەهێنرێن بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر، وزە نوێبووەوە بەو وزانە دەوترێت کە لەڕێی خۆر و با و شەپۆلی ئاو و سەرچاوە سرووشتیەکانی ترەوە دەستدەکەون، ئەم جۆرەیان زیاتر سەلامەتترە لەچاو وزە بەبەردبووەکان کە ڕێژەیەکی کەمتر دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و ماددە زیانبەخشەکانی تری وەک گۆگرد و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن و بۆ ژینگەی وڵاتەکە و جیهانیش بە گشتی تەندرووستترە.

ئەم وڵاتە ڕێژەیەکی زۆر لە کێڵگەی ئاشە هەواییەکان درووستکردووە لە باکووری وڵاتەکە و لەسەر دەریای بەڵتیک، کە بە بەکارهێنانی با دەتوانن وزەی پێویست بەرهەمبهێنن بۆ کارەبا و یەکەکانی وزەی ناوەکی، ڕێژەیەکی زۆریش گازی سرووشتی بەرهەمدەهێنێت کە وەک سەرچاوەیەکی تری وزە بەکاردێت.

گەشتیاری

پۆڵەندا دوای چوونە ناو یەکێتی ئەوروپاوە لە ٢٠٠٤ دا، تێبینی هەڵکشانی بەرچاوی کرد بۆ ڕێژەی گەشتیاران و سەردانیکەرانی وڵاتەکەی، بەپێی داتای ٢٠١٩ نزیکەی ٢١ میلیۆ گەشتیار ڕووی لە وڵاتەکە کردووە کە ئەمەش سەرچاوەیەکی تری گرنگی داهاتە بۆ وڵات.

ڕاکێشانی گەشتیار بۆ وڵات بەهۆی چەند شتێکەوەیە:

  • بوونی چیا سەرنجڕاکێشەکان لە باشووری وڵات.
  • دەریا لمینەکان لە بەشی سەرەوەی وڵات کە زۆرترین سەرچاوەی ئاوی لێیە.
  • کۆمەڵێک باڵەخانە و بینای ئەندازەیی مێژوویی کە تایبەتن بە وڵاتەکە.

زۆرترین سەردانیکەر بۆ شاری (کراکۆ) یە کە پێشتر پایتەختی وڵات بووە، کە شوێنەواری چاخی ئاڵتوونی پۆڵەندا و سەردەمی ڕێنیسانسە، لەگەڵ ئەوەشدا جێی شاهانەی زۆرترین پاشاکانی پێش سەردەمی کۆمار بووە کە ئەوکات پاشا و شاژنەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ٧ سەدە لەو ناوچەیە ژیاون. 

 یەکێک لە شارە مێژووییەکانی ئەم وڵاتە شاری ڤرۆتسوافە (بە پۆڵەندی: Wrocław) کۆنترین شار لە ناوچەکەدا، کە چەندین ناوچەی سەرنجڕاکێشی هەیە وەک بازاڕە گەورەکان، باخچەی ئاژەڵانی ڤرۆتسواف کە کۆنترینە لەناو پۆڵەندادا.

شوێنی زۆری هەیە بۆ بەسەردبردنی کاتێکی خۆش کە گەشتیاران ڕووی تێدەکەن وەک خلیسکێنەی سەربەفر و یارییە دەریاییەکان، شاخەوانی لە ناوچەکانی باشوور، کەنار دەریاکانی بەڵتیک، بینینی کێڵگە تایبەتەکانی وڵات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا گەورەترین قەڵا لە جیهاندا لەڕووی ڕووبەرەوە دەکەوێتە شاری (مالبۆرک)ـەوە لە ناوەڕاستی بەشی باکووری وڵاتەکە.


سەرچاوەکان



2102 بینین