هەشت پێ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-25-13:05:00 - کۆدی بابەت: 6708
هەشت پێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەشت پێ (بە عەرەبی: أخطبوطيات، بە ئینگلیزی: octopus)، لە کۆمەڵەی بێبڕبڕەکاندا پۆلێندەکرێت و لە پلەی ئەو جۆرە ئاژەڵانەیە کە ملی نییە و سەری ڕاستەوخۆ بە جەستەیەوە نوساوە، سەرێکی دیاری هەیە لەگەڵ دەمێک کە بە ٨ پێ دەورەدراوە و هەریەکەیان چەند مژەرێکی سادەی تێدایە، جەستەیەکی نەرم و شلی هەیە چونکە ئێسکە پەیکەری نییە، بە هۆی ئەوەی ئێسکی نییە بە ئاسانی لە درزە تەسکەکاندا جێی دەبێتەوە و خۆی حەشاردەدات، تاک و تەنها جێگە کە ڕەقە لە جەستەی هەشت پێیەکان برتییە لە شەویلگەیەکی بەهێزی هاوشێوەی دەنووک کە لە دەمیدایە، ئەم گیانەوەرە دەریایییە سێ دڵی هەیە، یەکەمیان بەرپرسە لە پاڵنانی دڵ بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستەی، لە کاتێکدا دووەم و سێیەم بەرپرسن لە پاڵنانی خوێن بۆ ئەندامە دەرەکییەکانی هەناسەدان، بەمەش هەشت پێیەکە دەتوانێت سود لە ئۆکسجینی ناو ئاو وەربگرێت بە کۆکردنەوەی و دواتر بەکارهێنانی، هەروەها ڕەنگی خوێنی هەشت پێ شینە، چونکە لە خوێنیدا پڕۆتینێک هەیە کە دەوڵەمەندە بە مس لە بری ئاسن.

خۆراک

هەشت پێ گیانەوەری گۆشتخۆرە، هەریەک لە ماسییەکان و ڕۆبیان و باڵندە و گوێچکە ماسی و قرژاڵی دەریا دەخوات، بۆ ڕاوکردنی هەریەکەیان  سوود وەردەگرێت لە پێیەکانی، کە دەیئاڵێنێت لە دەوری نێچیرەکەی و بەرەو دەمی دەیهێنێتەوە و قوتی دەدات، کاتی ڕاوکردنەکەش بە شەودا دەبێت، هەندێک جۆر لە هەشت پێکان لە کاتی گرتنی نێچیرەکەی ئەوا ژەهراوی دەکات بە سود وەرگرتن لە ئەو دەنووکانەی کە لە دەمیدا هەیە دەیگەزێت، لە هەمان کاتدا ئەو دەنووکانە بۆ شکاندن و کونکردنی گوێچکە ماسییەکانیش بەکاردەهێنێت.

یەکگرتن و زۆربوون

نێرینەکانی هەشت پێ یەکێک لە دەستەکانی تایبەتمەندە بە کرادری یەکگرتن، بە گشتی سێیەم پێی ڕاستیەتی کە تۆوەکان دەگوازێتەوە بۆ ئەندامی مێینەی هەشت پێکان واتە جۆگەی هێلکەدانی، هەر نێرینەک دەتوانێت لەگەڵ چەند مێینەیەک یەکگرتن ئەنجام بدات واتە هەشت پێکان گیانەوەری فرەژنن، هەروەها بە پێچەوانەی زۆربەی زیندەوەرانەوە مێینەکانیش دەتوانن تۆو لە زیاتر لە نێرنەیەک وەرگرن، واتە لەگەڵ زیاد لە نێرینەیەک یەکگرتن ئەنجام دەدەن، لە دوای ماوەیەکی کەم لە یەکگرتن نێرینەکان دەمرن، و مێینەکانیش بە دوای جێگەیەکی هێمن و ئارامدا دەگەڕێن بۆ دانانی هەزاران هێلکە بە جارێک، دواتر مێینەکە گرنگی دەدات بە پاککردنەوەی هێلکەکان و دابینکردنی هەوای پێویست بۆی هەتا کاتی هەڵهاتنی بێچووەکان لە هێلکەکان، دوای هەڵهاتنی بێچووەکان مێینەکەش دەمرێت، بۆیە تەمەنی هەشت پێکان ماوەیەکی کەمە لە نێوان ١-٣ ساڵدایە و لەوە زیاتر تێپەڕ ناکات.

شێوازی خۆپاراستنی هەشت پێکان

ئەم گیانەوەرانە تایبەتمەندن بە توانای بەرزیان بۆ خۆپاراستن لە دوژمنەکانیان، و خۆحەشاردان لە نشینگەکانیاندا، بە سوود بینین لە کۆمەڵێک خانەی بۆماوەیی و خاسیەتی جەستەی، بەم شێوەیە:

  • خانە هەڵگرەکانی ڕەنگێنە (گلێنەی چاو): خانەی وێنەدانەوەن، دەتوانن گۆڕانکاری گەورە و دیار بهێنێت بەسەر جەستەی هەشت پێکان، بە وێنەدانەوەی ڕەنگەکانی ژینگەکەی بۆ پێستی هەشت پێکە.
  • مەمیلەکان: پێستی هەشت پێکان بە مەمیلە و گۆی بچووک داپۆشراوە، دەبێتە هۆی گۆڕینی بەرکەوتنەکانی جەستەی هەشت پێکە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی تێکەڵبن لەگەڵ ماددەکانی نشینگەکەی وەک لم و شیلانەکان.
  • مەرەکەب: لە پێکهاتەی جەستەیدا لە نزیک ڕێچکەی هەرسکردنی کیسێک مەرەکەب هەیە، لە کاتی هەستکردن بە مەترسی دەریدەدات، بۆ دروستکردنی شێوە هەورێکی تاریک هەتا کات و توانای هەڵهاتن یان خۆ حەشاردانی هەبێت، هەروەها ئەم مەرەکەبە ئەنزیمێکی تێدایە دەبێتە هۆی دووهێندە کردنی هەستەکانی بۆنکردن و چەشتن، بە هۆیەوە ئاژەڵە هێرشکەرەکە دەشڵەژێت.
  • خانەکانی هەڵگری بۆیە (ڕەنگ): لە ماوەی کەمتر لە یەک چرکەدا هەشت پێ دەتوانێت چەند جارێک ڕەنگی جەستەی بگۆڕێت، بۆ ئەوەی هاوتا بێت لەگەڵ نشینگەکەی، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە هەزارن خانەی هەڵگری بۆیە ڕودەدات کە پێستی هەشت پێ دادەپۆشن، و هەر خانەیەک هەڵگری سێ کیسی بۆیەیە.

بەناوبانگترین جۆرەکانی هەشت پێ

  • هەشت پێی ئەتڵەسی: ئەم جۆرە تایبەتمەندە بە هەبوونی کۆمەڵێک کارامەیی تایبەت بۆ بەرگری کردن لە خۆی و ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمنە دڕندەکانی، دیارترین کارامەیشی بریتییە لە خۆحەشاردان لە ماوەی چاوتروکاندنێکدا، ئەمەش بەهۆی هەبوونی کۆمەڵێک بۆیەی تایبەتمەند لە سەر ڕووی جەستەی، بەڵام ئەگەر ئاشکرا ببێ ئەوا مەرەکەبێک دەردەدات کە هاوشێوەی هەورە بۆ ئەوەی کاتی پێویستی هەبێت بۆ دەربازبوون، ئەم جۆرە نشینگەکەی بریتییە لە هەموو ناوچە ئاوییەکانی زەریای ئەتڵەسی.
  • هەشت پێی شینی ئەڵقەیی: ئەم ناوەی لێنراوە بەهۆی دروستبوونی کۆمەڵێک ئەڵقەی شین لەسەر جەستەی لە کاتی کاردانەوەکانیدا و ئەم جۆرە کوشندەترین جۆری هەشت پێیەکانە، کە دوو جۆری جیاواز ژەهر دەردەدات، یەکەمیان بۆ ڕاوکردنی نێچیرەکانییەتی و دووەمیش بۆ بەرگری کردنە لەخۆی کاتێک گیانەوەرە دڕندەکان هەوڵی ڕاوکردنی دەدەن، هەروەها نشینگەکەی کەناراوەکانی ئوستوڕالیا و ئیندۆنوسیا دەگرێتەوە.
  • هەشت پێی شیلانەیی: لە چالاکترین جۆرەکانی هەشت پێیە، کە بە بەردەوامی دەجوڵێت بۆ دۆزینەوەی ژەمە خۆراکییەکانی، قەبارەیەکی بچووکی هەیە و بەهۆی پێکهاتەی جەستەیەوە دەتوانێت بەتەواوەتی لەگەڵ نشینگەکەی تێکەڵ ببێت و بە دوایدا لەلایەن گیانەوەرە دڕندەکانەوە نابینرێت، هەروەها ئەم جۆرە لە کاتی یەکگرتندا نێرینەکەی سەمایەکی ئاڵۆز ئەنجام دەدات بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکەی، کە تەواوی جەستەی نێرینەکە دەبێت بە ڕەنگێکی تێر جگە لە ناوچەیەکی بچووکی نەبێت دایدەگیرسێنێت بۆ سەرنجڕاکێشانی مێینەکەی.


سەرچاوەکان



1857 بینین