فیلی دەریا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-26-12:45:00 - کۆدی بابەت: 6997
فیلی دەریا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فیلەکانی دەریا (بە عەرەبی: الفظ، بە ئینگلیزی: walrus)، لە گەورەترین ئاژەڵە مەمکدارە وشکاوەکییەکانە، لە خێزانی زەباتە دەریاییەکاندا پۆلێندەکرێت و دابەشدەکرێت بۆ دوو جۆری سەرەکی، فیلە دەریاییەکانی باکوور و باشوور، هەردوو جۆرەکە هەمان پێکهاتەی فیزیایی جەستەیان هەیە بەڵام ڕەنگیان جیاوازە، باکوورییەکان لە کەناراوەکانی دورگەکانی بەرامبەر کالیفۆرنیا دەژین و باشوورییەکان لە جەمسەری باشووری گۆی زەوی دەژین، ئەم ئاژەڵە ناوی فیلی لێنراوە بەهۆی گەورەیی جەستەی و قەبارەکەی هەروەها هەبوونی لولەیەکی هاوشێوەی فیلەکان لە نێرینەکاندا، فیلی دەریا %٨٠ ی تەمەنی لە ئاودا بەسەردەبات توانای بۆ مانەوە لە نێو ئاودا بە بێ هەناسەدان زیاترە لە ١٠٠ خولەک، کە هیچ مەمکدارێكی دیکە ناتوانێت بەو ڕادەیە بمێنێتەوە، دەتوانێت لە قوڵایی ١٥٥٠ م لە ئاودا مەلە بکات و نێرینەکان ٦٠ خولەک دەمێننەوە مێینەکانیش ٢٠ خولەک، فیلە دەریاییەکان بە هەردوو جۆرییەوە لە سەدەی ١٩ دا مەترسی لەناوچوونیان لەسەربووە، بەڵام دواتر باشبووە و مەترسییەکە نەماوە.  

شێوەی دەرەوەی

بە گوێرەی جۆر و ڕەگەز درێژی و کێشیان دەگۆڕێت، نێرینەکان درێژییەکەیان ٦.٥ م دەبێت بەڵام مێینەکان ٣.٥ م، کێشی نێرینەکان دەگاتە نزیکەی ٣٥٣٠ کگم و مێینەکانیش دەگاتە ٩٠٠ کگم، ئەوانەی باکوور دەکرێت ڕەنگیان زەرد و قاوەیی و ڕەساسی بن لە کاتێکدا ئەوانەی باشوور شین و ڕەساسین، هەروەها دەکرێت جیاکاری بکرێت لە نێوان ئەم دوو جۆرە سەرەکییە بەوەی کە فیلە دەریاییەکانی باکوور قەبارەیان بچووکترە بەڵام ئەوانەی پێگەیشتوون درێژی لولەکەیان زیاترە لە ئەوانەی باکوور و ناوچەی سنگیان زۆر ئەستورە و ڕەنگی سوورە، مێینەکانیش بە هۆی قەبارەی لووتیانەوە جیادەکرێنەوە مێینەکان لولەیان نییە بەڵام لووتی ئەوانەی باکوور گەورەترە بە بەراورد بە باشوورییەکان.

خۆراک

فیلە دەریاییەکان جۆرە جیاوازەکانی ماسییەکان و مەرەکەب و هەشت پێ و هەرجۆرێکی هاوشێوەی کە سەری و جەستەی بەیەکەوە نووساون دەخۆن، لە وەرزی زستاندا کە بەدەستهێنانی خۆراک کەمێک سەخت دەبێت فیلە دەریاییەکان بە سود وەرگرتن لە کەڵبەکانیان قوڵایی دەریاکان هەڵدەکۆڵن بۆ دۆزینەوەی توێکڵدارەکان، توێکڵ و ڕوپۆشەکانیان ناخوات چونکە دەبنە هۆی ئاستەنگ لە کرداری هەرسکردنیدا، بەڵام بە کەڵبەکانی ڕوپۆشەکە دەشکێنێت و گۆشتەکەی ناوی دەردەکات بۆ خواردنی.

زۆربوون

نێرینەکان لە مانگی تشرینی دووەمەوە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ زۆربوون، سێ مانگ لە کەناراوەکان بەسەر دەبەن بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ زۆرترین ژمارەی مێینەکان یەکگرتن ئەنجام بدەن، ئەم فیلە دەریاییانە دەنگ و ژاوەژاو ی زۆر دەردەکەن هێرش دەکەن و لەگەڵ یەکتری شەڕ دەکەن هەتا لە ئەنجامییەوە نێرینە سەرکەوتووەکان دیاریبکرێن، دواتر هەریەکەیان ناوچەیەکی دیاریکراو دیاریدەکەن بۆ خۆیان بۆ ئەوەی کۆمەڵەی مێینەکانی تێدا کۆبکەنەوە، کە بەدوایدا هەر کۆمەڵەیەک ٥٠ مێینەی سکپڕ لەخۆدەگرێت کە یەک نێرینە پێشڕەوییان دەکات و دەیانپارێزێت لە نێرینەکانی دیکە، لە وەرزی زۆربووندا نێرینەکان و مێینەکان دوو لە سەر سێی کێشیان کەمدەبێتەوە، نێرینەکان خاوەن دڵێکی باشن و سۆز و خۆشەویستی بۆ مێینەکان دەردەبڕن و هاوکارییان دەکەن لە گەورەکردنی بێچووەکاندا، ماوەی سکپڕی فیلی دەریاییە مێینەکان ١١ مانگ دەخایەنێت بەڵام کاتی لەدایکبوونی بێچووەکەی تەنها چەند خولەکێک دەخایەنێت و بە گشتی لە هەر جارێکدا تەنها یەک بێچووی دەبێت و دواتر دایکەکە بۆ ماوەی ٢٨ ڕۆژ بە ڕۆژوو دەبێت لە خۆراک و شیر بە بێچووە تازە لەدایکبووەکەی دەدات، ماوەی شیر پێدانەکەی بۆ چەندین مانگ درێژە دەکێشێت، هەتا تەمەنیان دەبێت بە ساڵ و نیوێک و دواتر بێچووەکان ١٠ هەفتەی دیکە لەسەر زەوی بەسەردەبەن بۆ فێربوونی مەلەکردن.

تایبەتمەندییەکانی

فیلە دەریاییەکان ئاژەڵی کۆمەڵایەتین و ژیانکردنیان بە کۆمەڵە و ژیانی تاکیان بەلاوە پەسەند نییە، گرنگییەکی زۆر دەدەن بە یەکتری و هاوکاری یەکدی دەکەن لە کاتی برینداربووندا و هیچ کات بریندار بە تەنها جێ ناهێڵن، ئەگەر بە جۆرێک بریندار بێت کە نەتوانێت مەلە بکات فیلەکانی دیکە بریندارەکە دەخەنە سەرپشتیان و سەری دەبەنە دەرەوەی ئاوەکە بۆ ئەوەی بە ئاسانی هەناسەبدات، ئەگەر برینەکەشی زۆر قوڵ بێت ئەوا فیلە دەریاییەکە هاوشێوەی شێت هێرش دەکاتە سەر بەلەمەکان و لێیان دەدات بە کەڵبەکانیان بەمەبەستی ئازار گەیاندن بە ئەو ڕاوچیەی کە برینداری کردووە، بۆ کاتی خەوتنیش فیلە دەریاییەکان سەر سەهۆڵ و بەفریان بەلاوە پەسەندە.


سەرچاوەکان



624 بینین