خەوی قووڵ 

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-27-22:58:00 - کۆدی بابەت: 7012
خەوی قووڵ 

ناوه‌ڕۆك

قۆناغی خەوی قووڵ چییە؟

زۆربەی کات دەوترێت کەسانی پێگەیشتوو دەبێت ڕۆژانە لەنێوان ٧ بۆ ٩ کاتژمێر بخەون، بەڵام تەنها کاتەکە گرنگ نییە بەڵکوو شێواز و کوالیتی خەوەکەش گرنگە، کاتێک مرۆڤ پشوو دەدات و دەخەوێت، لەشی بە چەندین قۆناغی نووستندا تێپەڕ دەبێت لە سوڕی خەودا، خەوی قووڵ یەکێکە لە قۆناغەکانی خەوتن، ئەو قۆناغەی خەوە کە هۆکارە بۆ ئەوەی دوای هەستان لەخەو هەست بە نوێبوونەوە و ئاسوودەیی بکرێت، لە خەوی قووڵدا لەش و شەپۆلەکانی مێشک بە تەواوی خاودەبنەوە، قورسە بۆ ئەوەی لە خەوی قووڵ هەستیت، ئەگەر هەستیت ئەوا لەوانەیە هەست بە بێهێزی و بێئاگایی بکەیت.

قۆناغەکانی خەو چین؟

خەو بەسەر دوو جۆردا دابەشکراوە: 

خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاو

لە شەودا دوای تێپەڕبوونی سوڕی ئەم خەوە، خەوی خێرا جوڵاندنی چاو دەست پێدەکات، سوڕی ئەم خەوە بە درێژایی شەو بەردەوام دەبێت بۆ هەر ٩٠ خولەکێک، خەوی قووڵ لە کۆتا قۆناغی ئەم خەوەدا ڕوودەدات.

قۆناغەکانی خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاو

قۆناغی یەکەمی ئەم خەوە چەند خولەکێک دەخایەنێت، لەم قۆناغەدا مرۆڤ لە ئاگاییەوە دەڕوات بەرەو خەولێکەوتن، بە درێژایی ئەم قۆناغە:

  • کردارەکانی لەشی وەک لێدانی دڵ و میکانیزمی هەناسەدان و جوڵاندنی چاوەکان خاو دەبنەوە.
  • ماسولکەکان خاودەبنەوە و تەنها جوڵەی جارناجاری خودکاریان دەبێت.
  • شەپۆلەکانی مێشک دەست دەکەن بە خاوبوونەوە لە دۆخی ئاگاییەکەیان.

قۆناغی دووەمی ئەم خەوە نزیکی ٥٠٪ هەموو خەو دەگرێتەوە، ئەم قۆناغەی خەو لە هەموو قۆناغەکانی دیکە درێژترە بە درێژایی شەو، لەم قۆناغەدا:

  • سیستمی لەش بەردەوامە لە خاوبوونەوە و پشوودان.
  • پلەی گەرمی ناوەکی نزم دەبێتەوە.
  • جووڵەی چاو دەوەستێت.
  • شەپۆلەکانی مێشک خاون، بەڵام هەندێک چالاکی کورتی ماوە.

لە قۆناغی سێیەم و چوارەمدا ئەزموونی خەوی قووڵ دەکرێت، بە درێژایی ئەم قۆناغانە:

  • کاتێک کە ماسولکەکان لەوپەڕی خاوبوونەوەدان، لێدانی دڵ و تێکڕای هەناسەدانیش لەوپەڕی خاوبوونەوەدان.
  • شەپۆلەکانی مێشک خاودەبنەوە بۆ خاوترین.
  • قورسە بەخەبەربێیت هەتا بە بوونی دەنگی بەزریش.
  • خەوی قووڵ پێشی دەوترێت خەوی شەپۆلی خاو.

یەکەمین قۆناغی خەوی قووڵ بەزۆری ٤٥ بۆ ٩٠ خولەک دەخایەنێت، لە نیوەی یەکەمی شەودا کاتی زۆرتر دەخایەنێت و دواتر وردە وردە کەم دەبێتەوە لەگەڵ هەر سوڕێکی خەودا.

خەوی خێرا جووڵاندنی چاو

ئەم جۆرەی خەو ٩٠ خولەک دوای خەولێکەوتن و تێپەڕین بە خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاودا ڕوودەدات، یەکەمین ماوەی ئەم خەوە ١٠ خولەک دەخایەنێت، وردە وردە ماوەی ئەم جۆرەی خەو زیاد دەکات بە زیادکردنی ماوەی خەوتن، درێژترین ماوەش یەک کاتژمێر دەخایەنێت، هەروەها خێرایی لێدانی دڵ و هەناسەدان زیاد دەکات، بە درێژایی ئەم قۆناغە:

  • چاوەکان بە خێرایی لە لایەکەوە بۆ لاکەی دیکە دەجووڵێن.
  • خەوبینین دەست پێدەکات بەپێی چالاکی مێشک.
  • دۆخی بەئاگایی ڕوو لە زیادبوون دەکات.
  • خێرایی لێدانی دڵ زیاد دەکات و نزیک دەبێتەوە لە خێراییەکەی لە دۆخی بەئاگاییدا.
  • تێکڕای هەناسەدان خێرا دەبێت، بەڵام هێشتا ناڕێکە.
  • دەست و قاچ هێشتا لە جووڵە کەوتوون.

سوودەکانی خەوی قووڵ چین؟

  • زیندەپاڵی گلوکۆز لە مێشکدا زیاد دەکات بە درێژایی خەوی قووڵ، کە پاڵپشتی بیرەوەری درێژخایەن و بیرەوەری کورتخایەن و فێربوون بە شێوەیەکی گشتی دەکات.
  • هەروەها لە خەوی قووڵدا ژێرمێشکەڕژێن هۆڕمۆنە گرنگەکان هەڵدەگرێت، وەک هۆڕمۆنی گەشەی مرۆڤ کە دەبێتەهۆی گەشە و بەرەوپێشچوونی لەش.

سوودەکانی دیکەی خەوی قووڵ بریتین لە:

  • نوێکردنەوەی وزە.
  • نوێکردنەوەی خانەکان.
  • زیادکردنی پێدانی خوێن بە ماسولکەکان.
  • زیادکردنی گەشە و چاککردنەوەی شانە و ئێسکەکان.
  • بەهێزکردنی سیستمی بەرگری.

چی ڕوودەدات کاتێک مرۆڤ بەپێی پێویست ناخەوێت؟

خەوی قووڵ بەرپرسە لە ئەو پرۆسەی ڕێکخستنی ئەو زانیارییانەی کە مرۆڤ ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەبێ بوونی خەوی پێویست مێشک ناتوانێت زانیاری بگوازێتەوە بۆ بەشی یادەوەری، جگە لەوە نەبوونی خەوێکی کوالیتی باش دەبێتە هۆی توشبوون بە چەندین حاڵەتی وەک:

مرۆڤ پێویستی بە چەندێک خەوی قووڵە؟

نزیکی ٧٥٪ خەوی شەوانە لە جۆری خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاوە و نزیکی ٢٥٪ لە جۆری خەوی خێرا جووڵاندنی چاوە، کەواتە لەم نێوانەدا نزیکی ١٣٪ بۆ ٢٣٪ خەوی شەوانە بریتییە لە خەوی قووڵ، وەک دەڵێن بەپێی تێپەڕبوونی تەمەن کاتی خەوی قووڵیش زیاد دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر کەسێک تەمەنی لە ٣٠ ساڵ کەمتربێت نزیکی ٢ کاتژمێری خەوی شەوانەی بریتی دەبێت لە خەوی قووڵ، بەڵام ئەگەر کەسێک تەمەنی زیاتربێت لە ٦٥ ساڵ ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە شەوانە نزیکی نیو کاتژمێر دەکەوێتە خەوێکی قووڵەوە، یاخود هەر ناکەوێتە خەوی قووڵەوە، هیچ تایبەتمەندییەکی پێویست نییە بۆ کەوتنە خەوی قووڵەوە، بەڵام کەسانی گەنج زیاتر پێویستیان بە خەوی قووڵە چونکە یارمەتیدەرە بۆ گەشە و بەرەوپێشچوونی لەش، کەسانی بە تەمەنیش بە هەمان شێوە پێویستیان بە خەوی قووڵە، بەڵام نەکەوتنە خەوی قووڵەوە نابێتە هۆی توشبوون بە کێشەکانی خەو.

چۆن بزانیت کە بەپێی پێویست خەوتوویت یان نا؟

ئەگەر لەخەو هەستایت و هەستت بە بێهێزی و ماندوویەتی کرد ئەوا نیشانەی ئەوەیە کە خەوێکی قووڵی پێویستت نەبووە، ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە ئامێرێک بوونی هەیە کە ڕێژەی خەوتن دەپێوێت بە تۆمارکردنی جووڵەکانی لەش بەدرێژایی شەو، ئەم تەکنۆلۆژیایە تا ڕادەیەک نوێیە، لە کاتێکدا کە یارمەتیدەرە بۆ دیاری کردنی شێوازەکانی خەوتن، بەڵام ناتوانێت بە شێوەیەکی تەواو دیاری بکات کە کەسەکە تا چەند کەوتووەتە خەوێکی قووڵەوە.

ئەو ڕێگایانەی یارمەتیدەرن بۆ کەوتنە خەوی قووڵەوە

  • گەرمی یارمەتیدەرە بۆ زیاتر خاوکردنەوەی شەپۆلەکانی نووستن، بۆ نموونە گەرماوکردن بە ئاوێکی گەرم یان بەسەربردنی کات لە ساونادا پێش نووستن.
  • خواردنی ئەو خواردنانەی کە ڕێژەی کاربۆهیدرات تێیاندا کەمە.
  • ڕۆژانە با کاتی خەوتن و هەستانت دیاریکراو بێت و هەموو ڕۆژێک لەکاتی خۆیدا بخەوە و هەستە.
  • دووربە لە کارکردن لە چەند کاتژمێرێکی پێش نووستندا.
  • خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی کە کافایین و کحول و نیکۆتینیان تێدایە هۆکارە بۆ ئەوەی کە خەولێکەوتنت قورس بێت و بەباشی نەخەویت.
  • چەند ڕۆتینێکی وەک خوێندنەوەی کتێب یان گەرماوێکی گەرم پێش نووستن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بوونی خەوێکی قووڵ.
  • با شوێنی نووستنەکەت دووربێت لە ڕووناکی زۆر و دەنگی بەرز.
  • زۆر بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و سەیرکردنی تەلەفزیۆن دەبێتە هۆی ئەوەی بە قورسی بتوانی پشوو بدەیت.
  • لە جێگادا مەمێنەرەوە و بسوڕێیت بە ئەم دیو و ئەو دیوی خۆتدا و خەوت لێنەکەوێت، باشترە هەستیت و چەند چالاکییەکی ماندووکەری وەک خوێندنەوەی کتێب ئەنجام بدەیت تاکوو دووبارە هەست بە ماندوویەتی دەکەیت.
  • هەوڵبدە سەرینەکەت بگۆڕیت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکارت هێنا و لێی بێزار بوویت.


سەرچاوەکان



1254 بینین