چرچبوونی پێست

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-28-13:59:00 - کۆدی بابەت: 7021
چرچبوونی پێست

ناوه‌ڕۆك

چرچبوونی پێست

بە گشتی چرچبوونی پێست یەکێکە لە نیشانە سروشتییەکانی چوونە تەمەنەوە، دیارترین ئەو بەشانەی پێستیش کە چرچبوونیان زیاتر پێوە دیارە بریتین لە پێستی ڕووخسار و مل و دەست و باسک، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی بۆماوەیی کاریگەری سەرەکی هەیە لەسەر دیاریکردنی جۆر و پێکهاتەی پێست، هەروەها یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی چرچی پێست بریتییە لە بەرکەوتنی خۆر، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە پێستێکی ناسکیان هەیە، هەروەها جگەرە و ماددە پیسکەرەکانی پێست بە هەمان شێوە پەیوەندیان بە چرچبوونی پێستەوە هەیە، ئەگەر چرچەکانی پێستت بێزارت دەکات، ئەوا لە هەموو کاتێکدا بژاردەی زیاترت هەیە بۆ یارمەتیدان و سافکردنیان یان کەمتر بینراویان، چونکە دەرمانەکان و ڕێگاکانی نوێبوونەوەی پێست و فیللەر و نەشتەرگەری لە لوتکەی گاریگەرترین چارەسەرەکانی چرچبوونی پێستن.

نیشانەکان

چرچبوونی پێست لە شێوەی چەند خەت و لۆچییەک لەسەر پێست دەردەکەوێت، هەروەها هەندێکی دیکە لە چرچییەکان وەک درز و قڵیشی قووڵ دەردەکەون و  بە زۆری دەکرێت لە دەوروبەری چاو و مل و دەم هەستیان پێ بکرێت. 

کەی دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت؟

ئەگەر چرچی و لۆچی پێستت نیگەرانی کردیت، ئەوا  دەتوانی سەردانی پزیشکی تایبەت بە پێست بکەیت، چونکە ئەو دەتوانێت پێستت هەڵبسەنگێنێت و یارمەتیت بدات پلانێکی تایبەت بە چاودێری پێست دروست بکەیت، هەروەها پزیشکی پێست دەتوانێت چارەسەری پزیشکیش بۆ چرچبوونی پێست پێشنیار بکات.

هۆکارەکانی چرچپوونی پێست

چرچبوونی پێست بەهۆی کۆمەڵە هۆکارێکی تێکەڵەوە  پەیدادەبێت، و هەندێکیان دەتوانیت کۆنتڕۆڵیان بکەیت بەڵام هەندێکی دیکەشیان توانای کۆنتڕۆڵکردنیان نییە، هۆکارەکانی چرچبوونی پێست بریتیین لە:

تەمەن

بە شێوەیەکی سروشتی، بە زیادبوونی تەمەن پێست ناسکتر و جیڕتر دەبێتەوە، و دروستبوونی ڕۆنە سروشتییەکانی سەر پێستیش کەمدەکاتەوە و پێست وشک دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات چرچی و لۆچی لەسەر ڕووخسار دەربکەوێت، هەروەها چەورییە قووڵەکانی بەشی ناوەوەی پێست کەمدەکات و دەبێتە هۆی شلبوون و شۆڕبوونی پێست و دروستبوونی هێڵ و لۆچی زیاتر لەسەر پێیست.

بەرکەوتن بە تیشکی سەرو بنەوشەیی

تیشکی سەرو بنەوشەیی کە بەشێوەیەکی سروشتی پڕۆسەکانی پیربوونی پێست خێراتر دەکات، یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی زوو چرچبوونی پێست، تیشکی سەرو بنەوشەیی دەبێتە هۆی تێکشکاندنی شانەکانی پێست و کۆڵاجین و ئیلاستین کە (جۆرە پڕۆتینێکە)، هەروەها بە نەبوون و بەکارنەهێنانی هیچ پاڵپشتیکەرێکی پێست، ئەوا پێست دەست بە بێهیزبوون و جیڕبوون دەکات، و دواتر وردە وردە چرچی و لۆچی لەسەر دەر دەکەوێت.

جگەرەکێشان

جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارەکانی خێراترکردنی پڕۆسەی پیربوونی پێست و پەیدابوونی چرچ و لۆچی پێست، لەوانەیە ئەمە لەبەرئەوە بێت کە جگەرە کاریگەری هەیە لەسەر کۆڵاجین.

جوڵە پەیوەندیدارەکانی ڕووخسار

هەروەها ئەو جوڵانەی پەیوەندیان بە ڕووەوە هەیە لەگەڵ دەربڕینەکانی وەک پێکەنین دەبنە هۆی پەیدابوونی هێڵەکانی چرچ و لۆچی، هەر کاتێک کە ماسولکەکانی ڕووخسار بەکاردێنیت، کەلێنێکی بچوک لە ژێر ڕووخسارت دروست دەبێت و کاتێک پێستەکە پیردەبێت، ئەوا جیڕییەکەی لەدەست دەدات و ناتوانێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بارە ئاساییەکەی خۆی و لە کۆتایدا ئەم کەلێنانە دەبنە چرچ و لۆچی بۆ هەمیشە لەسەر ڕووخسار دەمێننەوە.

ڕێگرییەکانی چرچبوونی پێست

پاراستنی پێست لە تیشکی خۆر

هەوڵبدە ئەو کاتانەی کە لەبەر تیشکی خۆر بەسەری دەبەیت سنوورداریان بکەرەوە، بەتایبەتی لە نیوەڕواندا، هەروەها هەمیشە پۆشاکی تایبەت بە خۆپارێزی بپۆشە وەک کڵاوە فراوانەکان، پۆشاکی قۆڵ درێژ، چاویلکەی دژە خۆر، و هەروەها دژەخۆر بەکاربێنە کاتێک کە دەڕۆیتە دەرەوە، بەرهەمێک بەکاربێنە کە دژەخۆر لە پێکهاتەکەیدا هەبێت، چونکە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی تیشکی سەرو بنەوشەیی و ناهێڵێت زۆر زیان بە پێست بگات.

بەکارهێنانی شێدار کەرەوە

خانەکانی پێستی وشک زوو دەچنەوە یەک و ئەمەش دروستبوونی چرچی و لۆچی پێست زیاد دەکات، بەڵام کە تۆ پێستت شێدار دەکەیتەوە ئەمە دەبێتە هۆی بچوکردنەوەی هێڵە چرچ و لۆچییەکان، لەوانەیە پاش چەند هەفتەیەک لە بەکارهێنانی بەرهەمەکە ئەوکات سوودەکانی لەسەر پێستت دەربکەوێت.

جگەرەنەکێشان

تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر و بە بەردەوامی و بە شێیوەیەکی زۆر جگەرەت کێشاوە، ئەوا هێشتا دەتوانیت ڕەنگ و پێکهاتە و تۆنی پێستت نوێ بکەیتەوە و ڕێگری لە چرچبوونی پێست بکەیت ئەویش بە وازهێنان لە جگەرەکێشان.

شێوازی خۆراکی تەندروست

چەندین بەڵگە هەن کە دەیسەلمێنن ڤیتامینەکان لە ناو شێوازی خۆراکەکانتدا یارمەتی پاراستنی پێست دەدات، هەرچەندە لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە لەسەر ڕۆڵی خۆراک، بەڵام خواردنی سەوزە و میوە یەکێک لە ڕێگا سەرکەوتووەکان بۆ ڕێگریکردن لە پیربوونی پێست


سەرچاوەکان



621 بینین