ڕەشی ژێر چاو

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-29-18:55:00 - کۆدی بابەت: 7028
ڕەشی ژێر چاو

ناوه‌ڕۆك

ڕەشی ژێر چاو چییە؟

بازنەی ڕەشی ژێر چاو بریتییە لە یەکێک لە نیشانەکانی نەخۆشی و بە شێوەیەکی گشتی لە پیاواندا باوترە وەک لە ژنان، و دەکرێت ئەم ڕەشییەی ژێر چاو گەورەتر لە تەمەنی ئاسایی خۆت نیشانت بدات و هەندێک جار ڕزگاربوون لێیان کارێکی زۆر زەحمەتە، کۆمەڵێک هۆکار هەن کە دەتوانن بەشداری لە دروستبوونی بازنەی ڕەشی ژێر چاوەکان بکەن، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا هیچ پێویست بە نیگەرانی ناکات و پێویستی بە چاودێری پزیشکی نییە.

ڕەشی ژێرچاو بە زۆری لەم کەسانەدا باون

- بەساڵاچوان
- هەبوونی پێشینەیەکی بۆماوەیی
- ئەو جۆرە کەسانەی کە پێستیان سپی نییە چونکە جۆری ڕەنگەکانی پێست کاریگەری بەرچاویان هەیە لە ڕەشبوونی ژێر چاو
- هەروەها کەسانی ماندوو چونکە ماندوویەتی لەوانەیە وەک مەنتیقیترین ڕوونکردنەوە بۆ ئەم بارودۆخە دەربکەوێت

چی دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕەشی ژێر چاو؟

ماندوویەتی

زیاد لە پێویست خەوتن، ماندوویەتییەکی لە ڕادەبەدەر، هەروەها درەنگتر خەوتن بۆ ماوەیەکی درێژ کە زیاتربێت لەو کاتە ئاساییەی کە دەبێت تێیدا بخەویت، هۆکارن بۆ دروستبوونی بازنەی ڕەشی ژێر چاو.

خەوی پچڕپچڕ

خەوی پچڕپچڕ دەکرێت بە هەمان شێوە هۆکاربێت بۆ دروستبوونی تاریکی و زەرد هەڵگەڕاوی پێست، چونکە خەوی پچڕپچڕ ڕێگا بە ڕەشبوونی شانەکان و دەماری خوێنی ژێر پێست دەدات و بەمەش پێست تاریکتر و ڕەشتر دەردەکەوێت، هەروەها کەم خەوی دەکرێت هۆکاربێت بۆ دروستبوونی جۆرە شلەیەک لە ژێر چاوەکانت و ئەم شلەیەش دەبێتە هۆی ئاوسانی چاو، لە ئەنجامدا، ئەو بازنە ڕەشانەی کە لە ژێرچاودا دەیانبینیت لەوانەیە وەک سێبەرێک دەربکەون.

تەمەن

پیری سروشتی هۆکارێکی تری باوی ئەو بازنە ڕەشانەیە کە لە ژێر چاوەکانتدا پەیدادەبن، چونکە بە زیادبوونی تەمەن، پێست لاوازتر دەبێت و بەمەش هەموو چەورییە سروشتییەکان و کۆڵاجینە پێویستەکانی پێست کەمدەبنەوە کە هۆکارن بۆ مانەوەی پێست بە ساف و درەوشاوەیی، هەروەها لە کاتی ڕوودانی ئەم بارودۆخەدا، دەمارە ڕەشبووەکانی ژێر پێست زیاتر لە ژێر چاو و دەوروبەری چاودا دەردەکەون و دەبنە هۆی ڕەشبوونی ژێر چاوەکان. 

ماندووکردنی چاو

زیاد بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و تەلەفیزیۆن دەکرێت هۆکاری سەرەکی ماندووکردنی چاوبن، چونکە ئەم ماندووکردنە دەبێتە هۆی فراوانبوونی دەمارەکانی خوێنی ژێر چاو، لە ئەنجاندا، ئەو پێستەی کە دەوری چاوەکانتی داوە ڕەشدەبێت.

هەستیاربوون

کاردانەوەی چاو بۆ ئەو هۆکارانەی کە پێی هەستیارە و وشکبوونی چاو دەبێتە هۆی ڕەشبوونی ژێر چاو، کاتێک کە تۆ بە شتێک هەستیار دەبیت، جەستە دەستدەکات بە دەردانی هەستامینەکان کە ئاوێتەیەکە بۆ وەڵامدانەوەی بەکتریا زیانبەخشەکان، هەروەها جگە لە دروستکردنی نیشانە ناڕەحەتییەکانی دیکەی وەک سووربوونەوە و ئاوسانی چاو و خوران، لە ئەنجامدا هەیستامینەکان دەبنە هۆی فراونبوونی دەمارەکانی خوێن و زیاتر لە ژێر پێستدا دەردەکەون، هەروەها هەستیاری دەبێتە هۆی خووراندنی چاو و دروستبوونی نیشانەکانی دیکەی وەک هەوکردنی چاو، شکانی دەمارەکانی خوێن و ئاوسانی چاو، ئەمانەش دەبنە هۆی دروستبوونی سێبەرێکی ڕەش لە ژێر چاودا.

وشکبوونی چاو

وشکبوونەوەی چاو یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی دروستبوونی ڕەشی ژێر چاو، کاتێک کە جەستە بڕی ئاوی پێویستی دەست ناکەوێت، ئەوا پێستی ژێر چاو دەست بە ڕەشبوونەوە دەکات و چاوەکانیش بێهێز دەبن، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکییان لە ئێسکی ژێرەوە.

بەرکەوتن بە تیشکی خۆر

زیاد بەرکەوتنی جەستە بە تیشکی خۆر دەبێتە هۆی ئەوەی کە جەستە ماددەی میلانین زیاتر بەرهەم بهێنێت، میلانین ماددەیەکە لە جەستەدا کە بەرپرسیارە لە دابینکردنی ڕەنگی پێست و تاکوو زیاتر بەرهەمبهێنرێت ڕەنگی پێست تۆختر دەبێت، هەروەها بەرکەوتنی زۆر بە خۆر بەتایبەتی بەرکەتنی خۆر بە چاوەکان، دەبێتە هۆی پەیدابوونی ڕەنگی ڕەشی ژێر چاوەکان. 

بۆماوەیی

پێشینەی خێزان ڕۆڵێکی گرنگی لە پەرەسەندنی ڕەشبوونی ژێر چاوەکان هەیە، کە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکان و هەر لە منداڵییەوە هەستی پێ دەکرێت، هەروەها بە گەورەبوونی تەمەن ئەم پەڵە ڕەشانەی ژێر چاو لە هەندێک منداڵدا لەوانەیە زیادبکات و لە هەندێکی دیکەشدا کاڵ دەبێتەوە و نامێنێت.

نەخۆشی

هەبوونی پێشینەی نەخۆشی وەک نەخۆشی سایرۆیدەکان یاخود نەخۆشییەکانی دیکە، هۆکارن بۆ دروستبوونی ڕەشی ژێر چاو. 


سەرچاوەکان



2599 بینین