کۆنیشانەی دەردە گورچیلە

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-11-01-22:29:00 - کۆدی بابەت: 7058
کۆنیشانەی دەردە گورچیلە

ناوه‌ڕۆك

کۆنیشانەی دەردە گورچیلە چییە؟

کۆنیشانەی دەردە گورچیلە (Nephrotic Syndrome) کێشەیەکی گورچیلەیە کە وا دەکات لەش بڕێکی زۆری پڕۆتین لەڕێگەی میزەوە بکاتە دەرەوە، زۆرینەی جار دەردەکە بەهۆی تێکچوونی مولولەکانی ناوەوەی گورچیلە ڕوودەدات کە پاککەرەوەی ئاوی زیادە و ماددە ناپێویستەکانی لەشن، حاڵەتەکە هۆکاری ئاوسانە لە پەلەکانی سەرەوە و خوارەوەی لەشدا هەروەها مەترسی کێشەی تەندروستی دیکە زیاد دەکات، چارەسەری نەخۆشیەکەش بریتییە لە چارەکردنی هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیەکە و بەکارھێنانی دەرمانی پێویست، دەردە گورچیلە مەترسی میکڕۆبەهەوکردن و مەیینی خوێن زیاد دەکات.

نیشانەکانی نەخۆشیەکە

- هەڵاوسانی قورس لە دەوروبەری چاو و پەلەکاندا.
- میزی چەور بەهۆی بەرزی ڕێژەی پڕۆتین لە میزدا.
- زیادبوونی کێش بەهۆی مژینەوەی شلە.
- ماندوویەتی.
- نەمانی ئارەزووی خواردن.

هۆکارەکان

گیرفانەکانی گورچیلە پاککەرەوەی خوێنن لە ماددەی ناپێویست، گورچیلەی تەندروست بڕی پڕۆتینی خوێن بەتایبەت پڕۆتینی ئەلبومین لە ئاستی پێویستی خۆیدا دەهێڵێتەوە، پڕۆتینی ئەلبومین ڕاگری شلەی لەشە لە ئاستی ئاسایی خۆیدا، کاتێک گیرفانەکانی گورچیلە تێکدەچن پڕۆتینێکی زۆر لە ڕێی میزەوە دەچنە دەرەوەی لەش و نەخۆشیەکە ڕوودەدات:
- نەخۆشی شەکرەی گورچیلە: هۆکاری تێکدانی گیرفانەکانی گورچیلەیە بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە (Diabetic Nephropathy).
- نەزانراو: زۆرینەی هەرە زۆری ئەم هۆکارە لە تەمەنی مناڵاندایە و تائێستاش نازانرێت.
- بەقاوغبوونی گورچیلە: سەرەنجامی ئەم هۆیەش دروستبوونی برینە لە گورچیلەدا بەهۆی پێشینەی بۆماوەیی یاخود بەکارهێنانی دەرمانەوە.
- نەخۆشی پەردەی گورچیلە: بەرگری لەش وادەکات پەردەی دەوری گورچیلە ئەستوور ببێت لەڕێی نیشاندنی ماددەی تایبەتەوە، پێدەچێت ئەستوربوونەکەش پەیوەندی بە نەخۆشی دیکەوە هەبێت وەک هەوکردنی جگەری جۆری B و مەلاریا و شێرپەنجە و سیلی پێست.
- خۆییە بەرگرییە نەخۆشییەکان.
- کەڵەکەبوونی پڕۆتینی ئەمایلۆید.

مەترسییەکانی تووشبوون

- هەوکردنی جگەر جۆری B و C.
- مەلاریا.
-  ئایدز.
- شەکرە.

لێکەوتە خراپەکانی دەردە گورچیلە

- مەیینی خوێن: کەمبوونەوەی توانای پاڵاوتنی خوێن لە لایەن گورچیلەوە هۆکاری کورتهێنانی پڕۆتینەکانی خوێن مەیاندنە و هەلی دروستبوونی قەتماغی خوێن لە خوێنهێنەرەکاندا زیاد دەکات.
- بەرزبوونەوەی چەوری و کۆلیسترۆڵی خوێن: کاتێک کە پڕۆتینی ئەلبومین لە لەشدا کەمدەکات، جگەر پڕۆتینێکی زیاتر دروست دەکات لە هەمان کاتدا کۆلیسترۆڵ و چەوری زیادتر دەردەدات.
- بەدخۆراکی: لەدەستدانی ئەو بڕە زۆرەی پڕۆتین دەبێتە هۆی بەدخۆراکی، سەرەنجامی بەدخۆراکیش کەمبوونەوەی کێشە تا ڕاددەیەکی مەترسیدار، دەشێت هەڵاوسان لە پەلەکاندا بەدخۆراکیەکە بشارێتەوە.
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن: بەهۆی لەکارکەوتنی گیرفانەکانی گورچیلەوە بڕێکی ئێجگار زۆری شلە لە لەشدا کۆدەبێتەوە و پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە.
- نەخۆشی گورچیلەی کورتخایەن: ئەگەر گورچیلە توانای ئەوەی نەبوو کە خوێن بپاڵێوێت، ماددەی ناپێویست بەخێرایی لە خوێندا کەڵەکە دەبێت، ئەگەر ئەوە ڕووبدات کرداری شۆرینی گورچیلە دەکات بە کارێکی زۆر پێویست لەڕێی ئامێری تایبەتەوە.
- نەخۆشی گورچیلەی درێژخایەن: پاش تێپەڕینی کاتێکی زۆر بەسەر لەکارکەوتنی گورچیلە و کرداری شۆردنی گورچیلەدا، چاندنی گورچیلە بژاردەیەکی گونجاو دەبێت بۆ نەخۆشەکە.
- میکڕۆبەهەوکردن: ئەوکەسانەی دەردە گورچیلەیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە میکڕۆبەهەوکردن زیاترە.


سەرچاوەکان



993 بینین