ڕووباری ئەمازۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-02-01:16:00 - کۆدی بابەت: 7065
ڕووباری ئەمازۆن

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ڕووباری ئەمازۆن

ڕووباری ئەمازۆن گەورەترین ڕووباری جیهانە لەڕووی قەبارەی ئاوەکەیەوە و دەکەوێتە ئەمریکای باشوورەوە و بە وڵاتانی بەڕازیل و پیرۆ و کۆڵۆمبیادا تێدەپەڕێت، هەروەها زۆرجار وا بیر دەکرێتەوە کە درێژترین ڕووبارە لە جیهاندا و درێژییەکەی 6,992 کیلۆمەترە و بەرزی ئاوی ڕووبارەکە 5,220 مەترە، قەبارەی مۆژەی ئاوەکەی 7,000,000 کیلۆمەتر سێجایە، لەگەڵ ئەوەشدا کەمترین پانی 1 کیلۆمەترە و ئەوپەڕی پانی 100 کیلۆمەترە، کەمترین قوڵی 20 مەترە و زۆرترین قوڵی 100 مەترە، ڕووباری ئەمازۆن زیاتر لە 1100 لق و پۆپی هەیە، کە 12یان زیاتر لە 1500 کیلۆمەتر "932 میل" درێژن، هەرچەندە هەندێک مشتومڕ هەیە دەربارەی ئەو شێوازەی کە بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی ئەم ڕووبارە.

ڕووباری ئەمازۆن لەڕووی زەویزانییەوە

ڕووباری ئەمازۆن وەک ڕووبارێکی کیشوەربڕ لە سەردەمی میۆسن لە نێوان 11.8 ملیۆن و 11.3 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا سەرچاوەی گرتووە و نزیکەی 2.4 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا لە سەرەتای سەردەمی پلایستێسین شێوەی ئێستای وەرگرتووە.

بەدرێژایی چەرخی تەباشیری ئەمازۆنە سەرەتاییەکە بەرەو ڕۆژئاوا هەڵدەقوڵا وەکو بەشێک لە سیستمی ڕووباری ئەمازۆنی سەرەتایی کۆنگۆ لە نیشتیمانی ئەفریقای ئێستا لەکاتێکدا کە کیشوەرەکان پێکەوە بەسترابوون، گۆندوانای ڕۆژئاوایی پێکدەهێنا، 80 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، دوو کیشوەرەکە دابەشکران، هەروەها پازدە ملیۆن ساڵ لەمەوپێش، قۆناغی سەرەکی بووژانەوەی گۆڕانکاری و گەشەسەندنی توێکڵی زەوی زنجیرە چیاکانی ئەندرێز دەستی پێکرد،

جووڵەی ئەم گۆڕانکاری و گەشەسەندنی توێکڵی زەوییە لە ئەنجامی داکێشانی تەبەقی نازکا بۆ ژێر تەبەقی ئەمریکای باشوور ڕوویدا، بەرزبوونەوەی ئەندێز بەستنەوەی تەبەقی بەردە سەختەکانی ژێر زەوی بەڕازیلی و گویان، ڕووبارەکەیان بلۆککرد و دروستبوونی حەوزی ئەمازۆن بە دەریایەکی ناوەکی فراوانی لێکەوتەوە، وردە وردە، ئەم دەریایە ناوەکییە بووە بە دەریاچەیەکی گەورەی ئاوی شیرین و دانیشتوانە دەریاییەکان خۆیان لەگەڵ ژیانکردن لەناو ئاوی شیریندا گونجاند.

11 بۆ 10 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، ئاو لە ڕۆژئاواوە لە بەردە لمینەوە دەڕۆشت و ئەمازۆن دەستی کرد بە هەڵقوڵی بەرەو ڕۆژهەڵات، ئەمەش بووە هۆی دەرکەوتنی دارستانی بارانی ئەمازۆن، بەدرێژایی چاخی بەستەڵەک ئاستی ئاوی دەریا دابەزی و بە خێرایی ئاوی دەریاچە گەورەکەی ئەمازۆن کەمی کرد و بوو بە ڕووبارێک، لە کۆتاییدا بوو بە دووەم گەورەترین ڕووباری جیهان.

هێڵی جیابوونەوەی ئاو

حەوزی ئەمازۆن گەورەترین حەوزی جیهانە و نزیکەی 40%ی ئاوی ئەمریکای باشوور لەخۆدەگرێت، ڕووبەری ڕووەکەی نزیکی 7,050,000 کیلۆمەتر دووجایە، لە ڕۆژئاواوە دەڕوات بۆ ڕۆژهەڵات و لە وڵاتی پیرۆوە هەڵدەقوڵێت بەدرێژایی بەڕازیل لەوێشەوە بۆ ئۆقیانووسی ئەتڵەسی، هەروەها ڕووباری ئەمازۆن و لق و پۆپەکانی بە ناوچە دارستانیە بەرفراوانەکان تایبەتمەندن کە لە وەرزی زستاندا نقومی ئاو دەبن، وە هەموو ساڵێک ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکە زیاتر لە نۆ مەتر بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمازۆن بەرپرسی نزیکەی 20%ی ئاوی شیرینی جیهانە کە دەڕژێتە زەریاکانەوە.

گیانلەبەر و ڕووەکەکانی ناو ڕووباری ئەمازۆن

چەندین جۆری جیاواز لە گیانەوەرەکان و ڕووەکەکان لەم ڕووبارەدا دەژین و لێرەدا باسی هەندێکیان دەکەین:

فونا

زیاتر لە سێیەکی جۆرە ناسراوەکانی فونا لە جیهاندا لە دارستانی بارانی ئەمازۆندا دەژین، دارستانێکی گەورەی گەرمەسێر و گۆلاوی ڕووبارە بە ڕووبەری زیاتر لە 5400,000 کیلۆمەتری چوارگۆشە (21 ملیۆن میل چوارگۆشە)، هەروەها دەوڵەمەندترین دارستانی گەرمەسێری جیهانە لە ڕووی زیندەفرەجۆرییەوە و زیاتر لە 3,000 جۆری ماسی لێیە کە لە گۆلاوی ئەمازۆندا دەناسرێنەوە، وە ساڵانە جۆری زیاتریش دەدۆزرێتەوە، جگە لە هەزاران جۆری ماسی، ڕووبارەکە ژیان بۆ قرژاڵ و قەوزە و کیسەڵەکان دابین دەکات.

ئاژەڵە شیردەرەکان

ڕووبارەکانی ئەمازۆن و ئۆرینۆکۆ یەکێکن لە شوێنە سەرەکییەکانی باڵندە، هەروەها بە دۆلفینی ڕووباری ئامازۆنیش ناسراوە، ئەمەش زۆرترین جۆری دۆلفینی ڕووبارە و دەتوانێت گەشە بکات بۆ درێژی تا 2.6 مەتر، ڕەنگی پێستی لە بەدرێژایی تەمەنی دەگۆڕێت، ئاژەڵە بچووکەکان ڕەنگیان خۆڵەمێشییە، بەڵام دواتر لە کاتی گەورەبووندا ڕەنگیان دەبێتە پەمەیی و سپی، دۆلفینەکان شەپۆلە دەنگییە دراوەکان بەکار دەهێنن بۆ گەڕان و ڕاوکردن لە قووڵایی ڕووبارەکەدا.

هەروەها جۆرێکی تری دۆلفینەکان کە پێی دەگووترێت "tucuxi" لە گۆلاوەکانی ڕووباری ئەمازۆن و کەنارە ئاوییەکانی ئەمریکای باشوور دەبینرێن، وە بەرخی دەریایی ئەمازۆنی لە بەشی باکووری گۆلاوی ڕووباری ئەمازۆن و لقو پۆپەکانی ڕووبارەکەدا دەبینرێن، مەڕی دەریاییەکان شیردەر و گیاخۆرن، ژمارەی ئەم مەڕانه سنوردارە و لە ژینگەی ئاوی سازگاردا نیشتەجێن، وە بە پێچەوانەی بەرخە دەریاییەکانی ترەوە پەم جۆرە بەرخەی کە لەم ڕووبارەدا دەژین سەرکێشی ناکەن و ناچنە ناو ئاوی سوێرەوە و لەلایەن یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشتەوە وەکو ئەو ئاژەڵانە پۆلێنکراون کە لەبەر مەترسیدان.

ڕووباری ئامازۆن و لق و پۆپەکانی نیشتیمان سەرەکی سەگی ئاوی زەبەلاحن و هەندێک جار بە "گورگی ڕووبار" ناسراوە، هەروەها یەکێکە لە باشترین گۆشتخۆرەکانی ئەمریکای باشوور، بەهۆی وێرانبوونی شوێنی نیشتەجێیان و ڕاوکردنەوە ژمارەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

خشۆکەکان

مارە بێژەهرەکان لە ئاوی گۆلاوە کەمقووڵەکانی ڕووباری ئەمازۆندا دەبینرێن، مارە بێژەهرەکان یەکێکە لە گەورەترین جۆرەکانی مار لە جیهاندا، ئەم جۆرە مارە زۆربەی کاتەکانی لە ئاودا بەسەر دەبات تەنیا لووتەکانی لەسەر ڕووکەشەکەن، هەروەها جۆرەکانی تیمساحی ئەمریکی "ئەلیگاتۆر"، کە لە جۆرەکانی کڕۆکۆدیلەکان و تیمساح و گیاندارە خشۆکەکانی ترن  لە ڕووباری ئەمازۆندا دەژین وەک جۆرە جیاوازەکانی کیسەڵەکان.

ماسییەکان

ماسییە ئەمازۆنییەکان سەنتەرێکی هەمەجۆرە بۆ ماسییەکانی سەر بە ناوچەی جوگرافیای گیانەوەری کە ئەمریکای ناوەندی و باشووری و کارائیب دادەگرێ لە ئێستادا، بە 5600 جۆر ناسراوە، ساڵانە نزیکەی پەنجا جۆری نوێ دەدۆزرێتەوە، هەروەها جۆرێکی تری ماسی "ئاراپایما" یە کە لە وڵاتی بەڕازیل بە پیراروکو  ناسراوە، ماسییەکی ئاوی شیرینی خولگەیی باشووری ئەمریکایە و یەکێکە لە گەورەترین ماسییەکانی ئاوی شیرین لە جیهاندا، کە تا 15 پێ (4.6 مەتر) درێژ دەبێت، یەکێکی تر لە ماسییەکانی ئاوی شیرینی ئەمازۆن ماسی ئاروانایە، وەکو ئارانای زیووی کە ماسی دڕندەن و هاوشێوەی ماسی ئاراپایمایە، بەڵام تەنیا 120 سانتیمەتر (47 ئینچ) درێژە، هەروەها لە ژمارەیەکی زۆردا پیرانە بەناوبانگەکان هەن، ماسییەکی هەمەخۆرە کە لە پۆل و کۆمەڵە گەورەکاندا کۆدەبنەوە و لەوانەیە هێرش بکەنە سەر ئاژەڵە زیندووەکان و تەنانەت جاروبار هێرش دەکەنە سەر مرۆڤەکان، نزیکەی 30 بۆ 60 جۆری پیرانە هەیە، هەرچەندە تەنها هەندێک لە جۆرەکانیان ناسراون کە هێرش دەکەنە سەر مرۆڤەکان، کە دیارترینیان پیرانەی سک سوورە.

زیندەوەرە وردەکان

میکرۆبەکانی ناو ئاوی شیرین بە گشتی ناسراو نین، وە ئەو میکرۆبانەشی کە لە سیستمێکی ژینگەیی دارستانێکی وەکو ئەمازۆندا دەژین زۆر کەم ناسراوترن، لەم دواییانەدا، لێکۆڵەرەوەکان وەڵامی پێویستیان دەربارەی جۆری میکرۆبەکان کە لە ڕووبارەکەدا دەژین داوەتەوە، زۆربەی میکرۆبە گرنگەکانی ناو ڕووباری ئەمازۆن بریتین لە Actinobacteria و Alphaproteobacteria و Betaproteobacteria و Gammaproteobacteria و Crenarchaeota.


سەرچاوەکان



2127 بینین