ئەنفلۆنزا لە منداڵاندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-11-23:24:00 - کۆدی بابەت: 7171
ئەنفلۆنزا لە منداڵاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەنفلۆنزا لە منداڵاندا نەخۆشییەکی باو و گشتییە و لە کۆنەوە هەیە هەرچەندە نەخۆشییەکی مەترسیدار نییە بەڵام ئەگەر قورس بێت و چاودێری باش نەکرێت و لە کاتی خۆیدا چارەسەر وەرنەگرێت دەکرێت لێکەوتی خراپی لێ ببێتەوە.

ئەنفلۆنزا چییە؟

ئەنفلۆنزا هەوکردنێکی ڤایرۆسییە کە لەلایەن یەکێک لە ئەم سێ جۆری ڤایرۆسی ئەنفلۆنزایانەوە واتە A,B,C ـدروست دەبێت، زۆر کەس ئەنفلۆنزا بە سەرمابوون تێدەگات، لەکاتێکدا کە ئەم دوو نەخۆشییە جیاوازن، سەرمابوون بەهۆی کۆمەڵێک ڤایرۆسی ئاشکراوە تووش دەبیت کە بەشی سەرەوەی ڕێڕەوی کۆئەندامی هەناسە دەگرێتەوە وەک لووت و دەم و گەروو، ئەم نەخۆشییە بەگشتی خۆی چاک دەبێتەوە و تەنها پێویستی بە پشوودان و چاودێرییە، بەڵام ئەنفلۆنزا بەهۆی ڤایرۆسی تایبەتەوە دروست دەبێت بە بەراورد بە سەرمابوون قورستر و مەترسیدارترە.
منداڵی خوار تەمەن ٥ ساڵ و کەسانی بەتەمەن بە قورسی تووشی ئەنفلۆنرا دەبن و پێویستییان بە چاودێری زیاتر هەیە.

چ هۆکارێک دەبێتە هۆی ئەنفلۆنزا؟

هۆکاری ئەنفلۆنزا ڤایرۆسەکانن، ساڵانە ئەنفلۆنزا لە وەرزە ساردەکاندا بەهۆی ڤایرۆسەکانی جۆری A,B ڕوودەدات.

ئایا ئەنفلۆنرا گوازراوەیە لە منداڵاندا؟

ئەنفلۆنزا لە منداڵندا گوازراوەیە و بە دوو ڕێگاش دەگوازرێتەوە.

ڕێگای ڕاستەوخۆ

ئەگەر کەسێکی توشبوو پژمە و کۆکەکەی بە هەوادا بڵاوبووبێتەوە و کەسێکی دیکەش هەڵیمژیبێت ئەوا بۆی دەگوازرێتەوە و ئەویش تووش دەکات، هەروەها هەر جۆرە پەیوەندییەک وەک باوەش و ماچکردن و خواردنی خۆراکی بەردەم کەسی توشبوو یاخوود بەکارهێنانی قاپ و چەقۆی ئەو کەسە، کۆکە و پژمەی کەسی توشبوو دەتوانێت ١.٨ مەتر بڵاوببێتەوە لە هەوادا و هەر کەسێک لەو ناوەدا بێت تووش دەبێت.

ڕێگای ناڕاستەوخۆ

لێرەدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای کەلوپەلەکانەوە دەگوازرێتەوە و ئەو کەلوپەلانە دەبنە هۆکارێک بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، کاتێک ڤایرۆسەکەیان لەسەرە و منداڵەکە دەستی لێ دەدات و دەستی دەبات بۆ دەم و لووتی ڕاستەوخۆ ئەو ڤایرۆسە دەگوازرێتەوە بۆی، ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا دەتوانێت ٣ بۆ ٥ ڕۆژ بمێنێتەوە بە کەلوپەلەوە.

ماوەی مانەوەی ئەنفلۆنزا چەنێکە؟

ئەو منداڵانەی توشبوون بە ئەنفلۆنزا دەتوانن ڕۆژێک پێش دەرکەوتنی نیشانەی نەخۆشییەکە ببنە هۆی توشبوونی کەسانی دیکە بە نەخۆشییەکە و دەگوازرێتەوە، هەندێک کات دەکرێت منداڵێک کە نیشانەی زۆر کەمی هەیە کەسانی تر تووش بکات زۆر بە قورسی.

نیشانەکانی ئەنفلۆنرا لە منداڵاندا

  • تای ٤٠ پلە، لەرز، ئازاری ماسولکەکان، سەرئێشە، ئازاری گەروو، کۆکەی وشک و بێتاقەتی ئەمانە نیشانە باوەکانی ئەنفلۆنزان، زۆرینەی ئەم نیشانانە بەگشتی ٣ تاکوو ٤ ڕۆژ دەمێننەوە بەڵام دوو نیشانەی وەک کۆکە و ماندوویەتی لەوانەیە هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە بمێننەوە.
  • ئەنفلۆنزا لە منداڵانی بچووکتردا لەوانەیە وەک نەخۆشییەکی ئاسایی بێت یاخود هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە، وەک هەوکردنی قوڕگ و بۆرییەکانی هەوا و لقە بۆری هەوا، هەوکردنی درێژخایەنی سییەکان، ئازاری سک، ڕشانەوە و سکچوون، ئەمانە باوترین نیشانەکانی ئەنفلۆنزان لە منداڵاندا، کە زۆرینە زیاتر دڵتێکچوون و ڕشانەوەیە، بەگشتیش تایان بەرزە و بێتاقەت و بێ ئۆقرەشن.
  • ئەنفلۆنزا لە منداڵی تازە لەدایکبوودا زۆرجار دیاری ناکرێت، چونکە نیشانەکان زۆر دیار نین و وەک نیشانەیەکی بەکتریایین، بەگشتی لە منداڵانی خوار تەمەن ٦ مانگدا ئەنفلۆنزا کەمتر دەبینرێت، بەڵام ئەگەر منداڵەکە تووش ببێت نیشانەکانی بریتیین لە، بێهێزی، نەمانی حەزی خواردن، دایک و باوک دەبێت سەرنجی خواردنی منداڵەکە و هەر جۆرە کێشەیەک بدەن لە کۆئەندامی هەناسەیدا، ئەگەر مەودای گۆڕینی دایبی منداڵەکە لە جاران زیاتر بوو ئەوە دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ وشکبوونەوەی جەستەی منداڵەکە.

چ کاتێک دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت؟

بەگشتی ئەنفلۆنزا زۆرجار بەبێ سەردانی پزیشک چاودێری دەکرێت ئەویش بە چاودێریکردنی منداڵەکە لە ماڵەوە و پێدانی خۆراکی باش و شلەمەنی، بەڵام ئەگەر منداڵەکەت هەر حاڵەتێک یاخود نیشانەیەک لەمانەی تێدابوو ئەوا سەردانی پزیشکی پێ بکە: منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵ و ٢ ساڵ بە تایبەتی، هەروەها هەر منداڵێک لە هەر تەمەنێکدا بێت کە نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت وەک ڕەبۆ.

بۆ ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان سەرو ٥ ساڵە و هیچ جۆرە نەحۆشییەکی درێژخایەنیشیان نییە، بەڵام ئەم نیشانانەیان تێدا دەرکەوت سەردانی پزیشک بکە:

  • تای منداڵەکە تاکوو ٣ ڕۆژ کۆنتڕۆڵ نەکرێت.
  • ئاوی لووت بەردەوامی هەبێت تاکوو دوای ١٠ ڕۆژ.
  • دەردراو و ئاوی چاو.

هەندێک کات پێویستە بە زووترین کات منداڵەکەت ببەیت بۆ نەخۆشخانە ئەویش کاتێک منداڵەکەت ئەم نیشانانەی خوارەوەی تێدابوو:

  • کاتێک تەنانەت لووتی منداڵەکەشت پاک دەکەیتەوە هەر بە شێوەیەکی نائاسایی هەناسە بدات و یاخود هەناسەدانی زۆر قورس بێت.
  • ڕەنگی پێستی منداڵەکە شین ببێتەوە.
  • منداڵەکە بە تەواوی ئاگای لە خۆی نەمێنێت و هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبێت بۆ کارەکانی دەوروبەری و بەزۆر چاوی بکرێتەوە و سەیری دەوروبەری بکات.
  • بەباشی شلەمەنی و ئاو نەخواتەوە منداڵەکە و بە تەواوی نیشانەی وشکبوونەوە لە جەستەیدا دەردەکەوێت، گریان بەبێ فرمێسک، کەمبوونەوەی ڕێژەی میزکردنی، وشکبوونەوەی لێوەکان، زمان، چاوەکان.
  • بەشێوەیەکی بەردەوام و توند بڕشێتەوە.
  • خواردن نەخوات.
  • تایەک کە بە هیچ ئازار شکێنێکی وەک پاراسیتامۆڵ و پڕۆفین دانەبەزێت.
  • تایەک کە سووربوونەوە و بڵقی سەر جەستەی لەگەڵدا بێت.
  • منداڵەکە گەشکە بکات.

کام منداڵانە ئەگەری توشبوونیان زیاترە بە ئەنفلۆنزا؟

ئەو منداڵانەی کە ئەم نەخۆشی و نیشانانەیان هەیە زیاتر ئەگەری توشبوونیان هەیە:

  • نەخۆشی درێژخایەنی کۆئەندامی هەناسە وەک ڕەبۆ.
  • ئەو منداڵانەی کە کێشەی جیناتیان هەیە وەک، ئیفلیجی مێشک، گەشکە، ناتەواوی بیروهۆش، دواکەوتنی گەشە.
  • نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە.
  • نەخۆشییەکانی جگەر و گورچیلە.
  • ئەوانەی دەرمان بەکاردەهێنن بۆ نەخۆشییەکی درێژخایەن وەک حەپی ئەسپرین.

چارەسەری ئەنفلۆنزا لە منداڵاندا

لە منداڵاندا زۆرجار ئەنفلۆنزا سادەیە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی نییە، بە خۆراک و خواردنەوە و خەوی باش دەتوانیت کۆنتڕۆڵی نیشانەکانی بکەیت، بەڵام ئەگەر هاتوو باش نەبوو نابێت بە هیچ شێوەیەک لەخۆوە دەرمان بدەیت بە منداڵەکەت بەبێ پرسی پزیشک، چونکە ئەنفلۆنزا هۆکاری توشبوونەکەی ڤایرۆسە و بەڵام زۆرجار دەرمانی دژە بەکتریا بەکاردەهێنرێت بۆ منداڵەکە کە هیچ سوودێکی نییە تەنها کەمێک نیشانەکان کەم دەکاتەوە، بۆیە ئەگەر پێویست بکات پزیشک خۆی بەپێی جۆری ڤایرۆسەکە دەرمانی دژە ڤایرۆسی پێ دەدات.

ڕێگریکردن لە توشبوونی منداڵ بە ئەنفلۆنزا

  1. پاکوخاوێن ڕاگرتنی و شۆردنی دەستەکانی بە ئاو و سابوون.
  2. کارێکی ئەستەمە ڕێگری بکەیت لە منداڵێکی بچووک کە دەست نەدات لە دەم و لووتی بەڵام ئەستەم نییە پاکوخاوێن ڕایبگریت و دەسەکانی بشۆیت.
  3. منداڵەکەت دووربخەوە لە کەسی توشبوو بە ئەنفلۆنزا.
  4. دوورکەوتنەوە لە شوێنی پیس و ئالوودە بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا، ئەگەر ژوورێکت هەیه کەسێکی توشبووی تێدایە مەهێڵە منداڵەکەت بچێتە ناویەوە یاخود پاکی بکەرەوە ئینجا.


سەرچاوەکان



1588 بینین