کێشەی خەو لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-13-21:36:00 - کۆدی بابەت: 7184
کێشەی خەو لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەگشتی خانمانی دووگیان لە کاتی خەوتنیاندا کێشەی زۆریان بۆ دروست دەبێت، کە کێشەکانیش لە هەر سێ مانگەکەی دووگیانیدا جیاوازن و گرنکە دایکەکە بزانێت چۆن خەوی ڕێک دەکاتەوە و چی بکات تاکوو خەوێکی ئارامتری هەبێت.

هۆکارەکانی کێشەی خەو لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

سێ مانگی یەکەم بەگشتی نیشانەکانی بریتین لە دڵتێکچوون و ڕشانەوە و میزکردنی زۆر و گەورەبوونی قەبارەی مەمک و ماندوویەتی و بێهێزی، هەموو ئەمانە هۆکارێکن تاکوو خەوی قووڵ و ئارام بگرنەوە لە دایکەکە، وە ئەو هۆکارانەی کە وادەکات شەوانە دایکەکان خەویان لێ نەکەوێت لەم سێ مانگەدا ئەمانەن:

دڵتێکچوونی شەوانە

لەوانەیە دڵتێکچوونی شەوانە تاکوو هەفتەی ١٤ـیەمی دووگیانی بەردەوامی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت واباشترە ئێواران یاخود پێش خەوتن خواردنی قورس و چەور نەخۆیت.

میزکردنی زۆر

سێ مانگی یەکەم بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هۆڕمۆنەکان و زیادبوونی ڕێژەی خوێنی دایکەکە، ئەم دوو هۆکارە دەبنە هۆی ئەوەی کە شەوانە زۆر میز بکەیت، شەوانە ناچار بیت کە چەند جارێک بچیتە تەوالێتەوە، ئەم هەموو هەستان لە خەوەش خەوی تۆ تێک دەدات، واباشترە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ئەو بڕە ئاوەی کە پێویستە بۆ جەستەت بە ڕۆژدا بیخۆیتەوە نەک بە شەودا.

گەورەبوونی قەبارەی مەمک

گەورەبوونی قەبارەی مەمک وادەکات کە نەتوانیت وەک پێشتر پاڵبکەویت و خەوێکی ئارامت هەبێت بۆیە واباشترە کە بەلای چەپدا بخەویت.

هۆکارەکانی کێشەی خەو لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا

لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا بڕی دەردانی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن بەراورد لە سێ مانگی یەکەم کەمتر دەبێتەوە و دایکان وزەیان زیاترە و حاڵەتی دڵتێکچوونیش وردە وردە نامێنێت، تەنانەت لەوانەشە بێهێزیشی نەمێنێت و بۆیە خەوێکی باشتری دەبێت، بەڵام هەرگیز خەوەکەی وەک خەوی پێش ماوەی دووگیانی لێ نایەتەوە چونکە چەند هۆکارێک هەن کە وادەکەن خەوی تێک بچێت لەم سێ مانگەشدا وەک:

هەناسە توندی

زیادبوونی کێش و هەروەها ئاوسانی لووت لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا دەبێتە هۆی هەناسەتووندی و خەو تێک دەدات، ئەم کێشەیە لەوانەیە لە کۆتاییەکانی سێ مانگی دووەم و سێیەمدا زیاتر ببێت، هەناسەتووندی زۆر هەندێک جار کاریگەری هەیە لەسەر گەیاندنی خوێن بە منداڵەکە و هەر بۆیە پێویست دەکات کە ئەگەر هەناسەتووندییەکە زۆر بوو سەردانی پزیشک بکەیت.

کێشەکانی کۆئەندامی هەرس و دڵەکزە

بەهۆی گەدانەوەی تڕشەڵۆکی گەدە بۆ سورێنچک تووشی دڵەکزە دەبیت و بەمەش خەوت تێک دەچێت، وە بە زیادبوونی ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن لە جەستەدا ماسولکەکانی گەدە وردە وردە لاواز دەبن و بۆ نەمانی ئەم کێشانە واباشترە کە خۆراکی قورس و چەور نەخۆیت بە شەودا.

کەشەنگبوونی ماسولکەکانی قاچ

بە گەورەبوونی منداڵدان و زیادبوونی کێشی دایکەکە، پەستان دەکەوێتە سەر شادەماری قاچ  و دەبێتە هۆی کەشەنگبوونی ماسولکەکانی قاچ  بە خەوتن بەلای چەپدا دەتوانیت کە پەستان کەم بکەیتەوە لەسەر قاچەکانت.

هۆکارەکانی کێشەی خەو لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا

ئەگەر لە سێ مانگی دووەمدا کەمێک خەوی ئارامت هەبووبێت ئەوا کێشەکانی خەو لە سێ مانگی سێیەمدا زیاتر دەبنەوە وەک:

گەورەبوونی سک

بەهۆی گەورەبوونی سکەوە نەتوانیت بە ئاسانی پاڵبکەویت، هەوڵبدە کە بەلای چەپدا بخەویت و سەرینێک بخەرە پشتت و نێوان قاچەکانت، ئەمە وادەکات کە گەورەیی سکت پەستان زۆر نەخاتە سەر جەستەت.

نیگەرانی و دڵەڕاوکێ

بە نزیکبوونەوەی کاتی منداڵبوون دووچاری دڵەڕاوکێ و پەستانی دەروونی دەبیتەوە لەبارەی ژانی منداڵبوون و تەندروستی منداڵەکەتەوە، هەموو ئەمانە وادەکات کاتی خەو بیرکردنەوەی زۆر بێتە مێشکتەوە و نەتوانیت خەوت لێ بکەوێت.

دڵەکزە

دڵەکزە کە لە سێ مانگی دووەمدا دەستی پێ کرد لە سێ مانگی سێیەمدا زۆر زیاد دەکات و ناهێڵێت شەوان خەوت لێ بکەوێت.

خەوی ناخۆش

بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ و ئازارەوە لەوانەیە شەوان خەوی ناخۆش ببینت و خەوت تێک بچێت.

باشترین شێوازی خەوتن لەماوەی دووگیانیدا

خەوتن لەسەر سک گونجاو نییە و بە تایبەت لەدوای گەورەبوونی سکەوە دایکەکە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بکەوێت بە سکدا، هەروەها خەوتن بە پشتدا پەستان دەخاتە سەر ئەو دەمارەی کە خوێن لە قاچەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ دڵ، پەستان خستنە سەر ئەم دەماره دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وروژمی خوێنی جەستە و لە ئەنجامدا نەگەشتنی خوێنی باش بە منداڵەکە، هەروەها کاتێک خانمێکی دووگیان بە پشتدا دەخەوێت تووشی هەناسە توندی دەبێت.
باشترین خەوتن بۆ خانمانی دووگیان شێوازی خەوتنە بەلای چەپدا کە خوێن و خۆراکێکی باشتر دەگات بە منداڵەکە.

ڕێنمایی بۆ ڕێکخستنی خەو لەماوەی دووگیانیدا

  • سەرینێکی باش بەکاربهێنە و بیخەرە پشتتەوەو نێوان ڕانەکانت تاکوو ئاسودەتر بخەویت.
  • تاکوو دەتوانیت دوورکەوە لە خواردنەوە کافایینەکانی وەک چا و قاوە و ساردی، ئەمانە وادەکەن خەوت بزڕێت.
  • تا دەتوانیت واز لە کێشەکانت بهێنە و زۆر بیریان لێ مەکەرەوە تاکوو پەستانی زۆرت لەسەر نەبێت.
  • سەرخەوشکاندنی ڕۆژت کەمتر بکەرەوە تاکوو شەو خەوت لێ بکەوێت، هەروەها دەتوانیت دوای سەرخەوشکاندن وەرزش یاخود کاری ناوماڵ ئەنجام بدەیت تاکوو بۆ شەو ماندوو ببیت و ئەوەندە وزەت پێ نەبێت کە نەتوانیت بخەویت.
  • بەرنامەی خەوت ڕێکبخە و هەموو ڕۆژێک لە کاتێکی دیاریکراودا هەڵبستە و بخەوە.
  • مەساجی جەستەت بە تایبەت قاچ و پشتت زۆر یارمەتیدەرە تاکوو زووتر خەوت لێ بکەوێت و خەوێکی ئارامترت هەبێت.
  • خواردنەوەی زۆر لە ڕۆژدا بخۆرەوە و شەوان زۆر شلەمەنی و ئاو مەخۆرەوە چونکە ناچار دەبیت بەردەوام بچیت بۆ تەوالێت و بەمەش خەوت تێک دەچێت.
  • پێش خەوت دوورکەوە لە خواردنی قورس و ئەوانەی کە زۆر چەور و شیرینن، چونکە دەبنە هۆی دڵەکزە و قورسن لەسەر گەدە و خەوت تێک دەدەن.
  • ڕۆژانە ماوەیەک وەرزش و یۆگا ئەنجام بدە.
  • ژوورێکی گونجاو هەڵبژێرە بۆ خەوتنت، با تاریک و بێدەنگ بێت و دوور بێت لە مۆبایل و تەلەفزیۆن.
  • لەسەر جێگاکەت پاڵبکەوە و بکەوە بەلای چەپدا و دەمت دابخە و بە لووت هەناسەی قووڵ هەڵبمژە و بە دەمت بیدەرەوە، هەناسە هەڵمژینی قووڵ هێمنت دەکاتە و مێشکت ئارام دەکاتەوە بۆ خەوێکی باش.


سەرچاوەکان



2947 بینین