جەنگی داغستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-18-22:23:00 - کۆدی بابەت: 7214
جەنگی داغستان

ناوه‌ڕۆك

شەڕ لە داغستان

داگیرکردنی داغستان یان شەڕی داغستان (بە ئینگلیزی: War of Dagestan)، جەنگێکی ماوەکورتی نێوان ڕووسیا و کۆماری داغستان بوو لە ساڵی ١٩٩٩.

جەنگەکە

لە ڕۆژی ١٩٩٩/٨/٧ سوپای ئیسلامی بۆ پاراستنی ئاشتی (IIPB) کە ڕێکخراوێکی ئیسلامییە بە سەرکردایەتی سەرکردەکانی (شامیل باسایڤ، بن خەتتاب، ڕەمەزان ئەحمەدۆڤ و عەرەبی باراییڤ) هێرشی کردە سەر کۆماری داغستانی دراوسێی چیچان، ئەمەش بە هاوکاری ئەنجوومەنی شورای داغستان کە ویستی جیابوونەوەی لە ڕووسیای فیدراڵی هەبوو.

لە ١٩٩٩/٨/٤ کۆمەڵێکی زۆر چەکداری ڕووسی لە شەرێکی سەر سنوور کوژران کە لەگەڵ کۆمەڵێک چەکداری ماگۆمیدۆڤ بە سەرۆکایەتی باگۆتدین کیبدۆڤ ڕووبەڕوو بووبوونەوە، لە ٧ـی مانگی ئاب باساییڤ و خەتتاب بە فەرمی هێرشیان کردە سەر کۆماری داغستان بە کۆمەڵێک چەکداری لە نێوان ١,٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ سەرباز کە لە خەڵکی داغستان و چیچان پێک هاتبوون لەگەڵ کۆمەڵێک جیهادیی وڵاتانی دیکە، بەهۆی ئەوەی پێیان وابوو ناوچەکانی قەوقاز هی موسوڵمانانە و نابێت لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیدا بێت.

خەتتاب بە سەرکردەی سەربازی هێرشەکە و باساییڤیش بە سەرۆکی گشتیی مەیدانی جەنگ دیاری کران، لە هەردوو ناوچەی تسومادی و بۆتلیک کۆمەڵێک گوندیان داگیرکرد هەتاوەکوو ١٠ـی٨، لەوکاتەشدا دەوڵەتی داغستانی ئیسلامیی سەربەخۆیان ڕاگەیاند و جەنگیان دژی حکوومەتی داغستانی خیانەتکار و هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا ڕاگەیاند.

وەڵامدانەوەی فیدراڵی بۆ دۆخەکە هێواش بوو و بەخێرایی نەجوڵانەوە، بۆیە یەکەمین بەرگری لەلایەن پۆلیسی داغستان و خەڵکی مەدەنی و دامەزراوەی ناڕێکخراوەوە ئەنجام درا، باساییڤ و خەتتاب ئەوەی چاوەرێیان دەکرد ڕووینەدا و خەڵکی پێشوازی لێ نەکردن و خەڵکێکی زۆر دژی سوپا ئیسلامییە توندڕەوەکە کۆبوونەوە.

لەدوای بەرگری خەڵکی سوپای ڕووسیا هاتە سەر هێڵ و بە تۆپباران و هێرشی ئاسمانی بەشداری جەنگەکەی کرد و یەکەمین هێرش لەلایەن سوپای ئاسمانی ڕووسیاوە کرایە سەر گوندی تاندۆ، بەهۆی ئەم هێرشانەوە چەکدارەکان ڕێگای پشتیوانییان لێ بڕا و شپرزەبوون، لەو کاتەشدا لە مۆسکۆوە هێرشی پێچەوانە بە فەرماندەیی ڤیکتۆر کازانتسیڤ ئامادەکرا، لە ٨/٢٣ باساییڤ و خەتتاب لە ناوچەی بوتلیخسکی کشانەوە بۆ خۆڕێکخستنەوە و دووبارە هێرش کردن.

ئەم جەنگەش تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ تانکی تی-٩٠ـی ڕووسی کە تێیدا بە ٨ بۆ ١٢ تانک لە ناوچەی کادار بەرگرییان کرد و یەکێک لە تانکەکان سەرەڕای پێکرانی بەردەوام بوو لە کارەکانی.

لە شەوی ٤ـی ئەیلوول کاتێک هێزەکانی ڕووسیا کۆتا بەرگریی ناوچەی کاداریان دەشکاند، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر بینایەکی سەربازی لە گوندی بۆیناکسکی داغستان و ٦٤ کەسی تێدا کوژرا کە بە تەقینەوەکانی شوقەکان ناسرا، لە بەرەبەیانی ٥ـی ئەیلوول کۆمەڵێک چەکداری چیچانی هێرشیان کردە سەر ناوچەی نۆڤۆلاکسکۆی داغستان و گوندی توخاری سنووریان داگیرکرد، لەوێ زۆرێک لە چەکدارە ڕووسی و داغستانییەک لەسێدارە دران. دواتریش پێنج کیلۆمەتری شاری خاساڤیۆرت داگیرکرا، لە هەڵمەتی دووەمدا هێرش کرایە سەر ناوچەی کەرامخی و ئەمەش هەردوو مۆسکۆ و ماخاتشکالای شۆک کرد. جەنگەکە هەتاوەکوو ١٢ـی ئەیلوول بەردەوام بوو و چەکدارەکان کشانەوە بۆ چیچان، هەرچەند تا ماوەیەک ماوەماوە شەڕ بەردەوام بوو. 

جەنگەکە بە سەرکەوتنی سوپای ڕووسیا لە کۆماری داغستان کۆتایی هات لە ڕۆژی ١٣ـی مانگی هەموو گوندەکان ئازادکران و لە ڕۆژی دواتر هەموو ڕێکخراوەکە کشایەوە بۆ بنکەی سەرەکی خۆی لە چیچان، بەڵام جەنگەکە و ڕووداوەکانی دواتری بوونە هۆی دروستبوونی جەنگی دووەمی چیچان، سوپای ڕووسیا لەدوای کشانەوەی ڕێکخراوەکە هێرشی ئاسمانی کردە سەر کۆمەڵێک ناوچە لە ناو چیچان.

لە ٤ بۆ ١٦ـی مانگی ئەیلوول چوار تەقینەوەی گەورە ڕووسیایان هەژاند و ڕووسیا هێرشەکانی خستە ئەستۆی چیچان کە تێیدا ٣٠٧ کەس کوژران. بەهۆی ئەوەشەوە هێزە پیادەکانی ڕووسیا هێرشیان کردە سەر چیچان و جەنگی دووەمی چیچان دەستی پێکرد.

لە جەنگەکەدا ٣٢,٠٠٠ هاوڵاتی داغستان ئاوارەبوون و سەدان چەکداری ڕێکخراوە ئیسلامییەکە کوژران و سوپای ڕووسیا ٢٧٥ کوژراو و ١٥ ونبوو و ٩٣٧ برینداری ڕاگەیاند.


سەرچاوەکان



547 بینین