ئۆتۆمبێلی ئاوهاوێژ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-15-22:16:00 - کۆدی بابەت: 7261
ئۆتۆمبێلی ئاوهاوێژ

ناوه‌ڕۆك

ئۆتۆمبێلی ئاوهاوێژ چییە؟

ئۆتۆمبێلی ئاوهاوێژ یاخود ئاوهەڵدەر (بە ئینگلیزی: Water Cannon – بە عەرەبی: مدفع المياه)، ئۆتۆمبێلێکی گەورەی پۆلیسە و بۆ بەگژداچوونەوەی کۆبوونەوە و ناڕەزایی و خۆپێشاندان بەکاردێت، ئەم ئۆتۆمبێلە لوولەیەکی ئاوی لەسەرە و بەستراوە بە تانکەرێکی ئاوەوە کە لە پشتەوەی بارهەڵگرەکەیە و بە گورزێکی گەورە ئاو بەرەو خۆپیشاندەرەکان فڕێ دەدات و دووریان دەخاتەوە، دوورییەکەی دەگاتە دەیان مەتر و سەروو ٣٠ مەتر، ئەم ئۆتۆمبێلە بۆ مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگریش بەکاردێت کە سەرچاوەکەی لە پشێوییەوە دروست ببێت.

زۆرجار لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بە ئۆتۆمبێلی ئاوەکە دەناسرێت.

مێژوو

یەکەمین بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی ئاوهاوێژ دژی خۆپیشاندان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سییەکان لە ئەڵمانیا.

شێوە

ئۆتۆمبێلەکە بە قەبارەی گەورە و مامناوەند بوونی هەیە و هەندێکیان لوولەیەک و هەندێکی دیکەشیان زیاتر لە لوولەیەکیان هەیە، ئۆتۆمبێلە نوێیەکان لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن و شۆفێرەکە تەنیا شۆفێری دەکات، بارهەڵگرەکان بە ڕووپۆشێک داپۆشراون کە لە ئاستی دووە و دەیپارێزێت لە تەقینەوە و لێدانی بەرد و ئاگر و تەقینەوەی مین و عەبوە (مەرج نییە هەموویان بەمشێوەیە بن)، بە گشتی دەتوانن لە ژینگەی زۆر گەرم و شێداریشدا کاربکەن.

ئۆتۆمبێلی WeWe 10,000

لە ئۆتۆمبێلە زۆر پێشکەوتووەکانی ئێستادا بەکارهێنانی ئاوەکە لە دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە و بە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، ئۆتۆمبێلی WeWe ١٠,٠٠٠ـی نەمسایی کە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە بەکاردێت دەتوانێت ١٠,٠٠٠ لیتر (٢٢٠٠ گاڵۆن) هەڵبگرێت و لەڕێی سێ هاوێژەرەوە دەتوانێت بۆ هەموو لایەکانی هەڵبدات و لە دوورەوە بە کۆنتڕۆڵ کاردەکات، هەردوو لوولەی پێشەوە دەتوانن بە هێزی ٢٠ لیتر لە چرکەیەک ئاو بهاوێژن، و لوولەی دواوەش بە هێزی ١٥ لیتر لە چرکەیەک دەتوانێت ئاو بهاوێژێت.

نموونەی زیانەکان بەهۆی ئۆتۆمبێلەکەوە

دەکرێت هێزی ئاوەکە ببێتە هۆی برینی شکاوی و تەنانەت کوشتنیش بۆ ئەو کەسەی بەری دەکەوێت، یان بەهۆی ئەو ماددانەی تێی دەکرێت وەک ئەوەی لە ئێندۆنیزیا لە ساڵی ١٩٩٦ بووە هۆی کوشتنی خۆپیشاندەر بەهۆی ئەوەی ئاوەکە تێکەڵەی ئامۆنیای تێدابوو، ساڵی ٢٠٠٧ـیش لە وڵاتی زیمبابۆی بووە هۆی مردنی سێ کەس، و ساڵی ٢٠١٣ـیش لە تورکیا بەهۆی ئەوەی گازی فرمێسک ڕژی تێدا بەکارهێنرابوو.

ساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی ئۆکرانیا چالاکوانێک و کارسازێک دوای بەرکەوتنیان بە ئاوی ئۆتۆمبێلەکە کە پلەی گەرمییەکەی لە ڕێژەی جێگیر نزمتربوو، بەهۆی تووشبوونیان بە هەوکردنی سییەکانەوە گیانیان لەدەست دا.

دەکرێت بەهۆی بەرکەوتن بە ئاوەکەوە کەسەکە فڕێ بدات یاخود جلەکانی بدڕێنێت یاخود ئێسکەکانی بشکێن.

لە ڕۆژی ٢٠١٠/٩/٣٠ لە خۆپیشاندانێک دژی پڕۆژەی شتوتگارت ٢١ لە ئەڵمانیا، ئەندازیارێک بەناوی دێیتریچ واگنەر بەهۆی بەرکەوتنی ئاوەکە لە ڕووخساری پێڵووەکانی شێوا و بە یەکجاری چاوەکانی لەدەستدا و ڕووداوەکەش بە ڤیدیۆ تۆمارکرا.


سەرچاوەکان



427 بینین