دارستانی سەماکەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-12-21-15:30:00 - کۆدی بابەت: 7336
دارستانی سەماکەر

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دارستانی سەماکەر

دارستانی سەماکەر بە ئینگلیزی (Dancing Forest)، بە ڕووسی (Танцующий лес)، دارستانێکی سنەوبەرییە لە نزیک شاری کالینینگراد لە وڵاتی ڕووسیا، دار سنەوبەرەکانی ئەم دارستانە بەوە دەناسرێنەوە کە بەشێوەیەکی نائاسایی داری بادراون، بە پێچەوانەی دارستانە سەرخۆشەکان، درەختەکانی دارستانی سەماکەر بە چەند شێوازێک بادراون وەکو بازنەکان و شێوەی دڵی و شێوە پێچخواردووەکان کە چەماونەتەوە بۆ سەر زەوی، بەڵام بەتەواوی هۆکاری پێچخواردنی درەختەکان نەزانراوە، لەڕووی مێژووییشەوه دار سنەوبەرەکانی ئەم دارستانه لە ساڵانی 1960کان چێندراون، چەندین لێکۆڵینەوە ئەنجام دراون بۆئەوەی  هۆکاری پێچخواردنی دار سنەوبەرەکانی ئەم دارستانە دیاریبکرێت بەڵام ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان یەکلاییکەرەوە نین، تیۆرییە زانستییە پێشەنگەکە ئەوەیە کە کرمۆکە مۆرانەکانی قەدی دار سنەوبەرەکان لە سەرەتای تەمەنیاندا زیانیان بەر گۆپکە لوتکەییەکانی قەدەکانیان گەیاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە گۆشەیەکی سەیردا لە گۆپکە لاوەکییەکانیان گەشە بکەن، لەبەرئەوەی ڕووەکەکان بە شێوەیەکی سروشتی ڕووەو خۆر گەشە دەکەن، بۆیە لە کۆتاییدا خۆیان ڕێککردەوە و دیسان دەستیان بە گەشەکردن کردەوە، بەڵام بە شێوە ڕێکە نوێکانیانەوە، هەندێک کەس بای بەهێز دەکەن بە هۆکاری پێچخواردنی دار سنەوبەرەکان، هەندێکی تر مرۆڤەکان تاوانبار دەکەن بە دەستکاریکردنی ئەم درەختانە، لایەنگیرانی سەروو سروشت پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە دارستانەکە لە شوێنێکدایە کە وزە ئەرێنی و نەرێنییەکان بەریەکدەکەون و ئەو هێزانەش دەستکاری شێوەی دارەکانیان کردووە، لەکاتێکدا هەندێک دەڵێن دارەکان بە ئەنقەست شوێن جووڵەی گردە لمەکان دەکەون، هەروەها ئەفسانەیەکی ناوچەیی دەڵێت کە دارە سەماکەرەکان پێچدەخۆن و دەچەمێنەوە چونکە سەدەها ساڵ پێش ئێستا دارەکان بە شێوەیەک چێنران سەما بکەن بۆئەوەی هێزی خواوەندی مەسیحی بسەلمێنن، ئەم ئەفسانانەش پشتگیری چەندین بیردۆز دەکەن و هەروەها دارستانی سەماکەری کردووە بە سەرچاوەیەکی بەناوبانگی هیواخواستن، وەک وتراوە ڕۆشتن بەناو ئەڵقەیەکی درەختە پێچخواردووەکانی ئەم دارستانە ساڵێک بۆ تەمەنی کەسەکە زیاد دەکات یان ئارەزوویەکی ئەو کەسە دەهێنێتەدی.


سەرچاوەکان



813 بینین