چیای ئێڤێرێست

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-04-20:30:00 - کۆدی بابەت: 7495
چیای ئێڤێرێست

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی چیای ئێڤێرێست

چیای ئێڤێرێست (بە ئینگلیزی: Mount Everest)، (بە چینی: 珠穆朗玛峰)، چیای ئێڤێرێست بەرزترین شاخی سەر زەوییە لەسەر ئاستی دەریا و دەکەوێتە زنجیرە شاخە لاوەکییەکانی ماهالانگور هیمال لە زنجیرە شاخەکانی هیمالایا، لە نێوان نیپاڵ و تبت کە ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری چینە، بەرزی چیاکه بەم دواییانە و لە ساڵی 2020دا لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینی و نیپاڵییەوە دیاری کراوە و بە 8,848.86 مەتر (29,031.7 پێ) خەمڵێنراوه، هەروەها لە سەدەی نۆزدەیەمدا ئەم چیایە بە ناوی جۆرج ئێڤێرێست (George Everest)ـی سەرپەرشتی گشتی پێشووی هیندستانەوە ناونراوە و ناوە تبتییەکەی چۆمۆلونگما (Chomolungma)ـیە کە بە واتای "دایکی خوداوەندەکانی جیهان" دێت، ناوه نیپاڵییەکەشی ساگارماتا (Sagarmatha) یە، کە چەندین واتای جیاوازی هەیە، پۆوتانی چیاکە بریتییە لە 27°59′17″N 86°55′31″E.

یەکەم کەسی تۆمارکراو کە بەسەر چیای ئێڤرێستدا سەرکەوتبێت شاخەوانی نیوزلەندی (ئێدموند هیلاری) و ڕێ نیشاندەرە تبتییەکەی (تێنزینگ نۆرگای) بوون، که لە ساڵی ١٩٥٣دا بەسەر چیاکەدا سەرکەوتن، هەروەها بەرزی چیای ئێڤێرێست بۆ یەکەمجار و زۆر زووتر لە ساڵی ١٨٥٦دا تۆمارکرا، زەویپێوە بەریتانییەکان چیای ئێڤێرێستیان بە بەرزترین لووتکەی جیهان تۆمارکرد.

زنجیرە شاخەکانی هیمالایا لەمێژە نیشتیمانی ئەو گروپ و کۆمەڵە ڕەسەنانە بوون کە لە دۆڵەکاندا دەژیان، لەنێو ئەو کۆمەڵانەشدا بەناوبانگترینیان خەڵکی (شێرپا)ـنن، وشەی (شێرپا) زۆرجار بۆ ئاماژەدان بە ڕێ نیشاندەری شاخ بەکاردێت، هەرچەندە لە ڕاستیدا ئاماژە بە گروپێکی نەژادی دەکات، خەڵکی (شێرپا) شارەزاییەکی باشیان لە شاخەوانیدا هەیە و دەتوانن ڕێ نیشندەر و ڕێبەری شاخەوانانی تر بن، بە شێوەیەکی گشتی سەرکەوتن بەسەر چیای ئێڤێرێستدا ئەستەمە ئەگەر یارمەتی لۆجستی و زانیاری شێرپاکان نەبێت.

ئەزموونکردنی شاخەوانی چیای ئێڤێرێست

سەرەڕای مەترسیدارییەکەی بەڵام سەرکەوتن بەسەر چیای ئێڤێرێستدا بووە بە سەرکێشییەکی باو لەنێو شاخەواناندا، سەرکەوتن بەسەر چیای ئێڤێرێستدا پێویستی بە ئەزموونێکی زۆر هەیە و شاخەوان دەبێت بەسەر شاخی تردا سەرکەوتبێت و یەکەم جاری نەبێت، دەبێت تەندروستی باش بێت و مۆڵەتی پزیشکی هەبێت، کەرەستەی شاخەوانی پێبێت و ڕێ نیشاندەرێکی ڕاهێنراوی نیپاڵی لەگەڵ بێت، بەفر و سەهۆڵی سەر چیاکە مەترسی کوشندەی وەک هەرەسی بەفر دروست دەکات و بەهۆی خراپی کەشوهەواوە تەنیا لە وەرزێکی دیاریکراودا دەتواندرێت بەسەر چیاکەدا هەڵبگەڕێن، بەڵام لەوانەشە گەورەترین مەترسی خودی بەرزاییەکە بێت، چونکە زۆربەی شاخەوانەکان بە بەرزایی زۆر و ئاستی ئۆکسجینی نزم ڕانەهاتوون و پشت بەو بتڵە ئۆکسجینه دەبەستن کە لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن، بۆیە ئەو ناوچەیەی کە لە سەرووی 8000 مەتر (26,000 پێ) بەرزە لەسەر چیای ئێڤێرێست بە "ناوچەی مەرگ" ناودەبرێت، ئەو شاخەوانانەی کە ماوەیەکی درێژ لەم ناوچەیەدا بەسەر دەبەن دەشێت تووشی نەخۆشی بەرزی و ئاوسانی مێشک بن.

پیشەسازی گەشتیاری چیای ئێڤێرێست بووەتە جێی مشتومڕ، چونکە کاتێک ناوبانگی شاخەوانی زیادیکرد ھاتوچۆی زیاتر لە ڕێوبانی چیاکەدا دروست بوو، ئەمەش لەبەرئەوەی شاخەوانەکان کاتێکی زۆر لە ناوچەی مەرگدا بەسەردەبەن و چاوەڕێی دەرفەتێکن بۆئەوەی بەرەو لووتکە بڕۆن، هەروەها لە ئەنجامی سەرکەوتنی شاخەوانەکان بۆ بەشی سەرەوە و نزیکبوونەوەیان لە لووتکەی چیاکە ناوچەکە زیاتر پیس دەبوو چونکە شاخەوانەکان زۆربەی کات کەلوپەلە نەویستراوەکانیان بەدرێژایی چیاکە فڕێدەدەن، سەرەڕای ئەوەش خەڵکی شێرپا لەلایەن شاخەوانەکانەوە بەکار دەهێنران و شێوازی نەریتییان لەلایەن شاخەوانانی بیانییەوە تێک دەدران، ڕێ نیشاندەرە شێرپاییەکان بە ڕابەریکردن و یارمەتیدانی شاخەوانەکان بە ڕێژەیەکی زۆر بەرزتر ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە وەک لە هەر بوارێکی کارکردنی تردا و بە پارەیەکی زۆر کەمیش ئەم کارە ئەنجام دەدەن، هەروەها لەبەرئەوەی زۆربەی شاخەوانەکان بە درێژایی ڕێگاکە گیانیان لەدەستداوە و ئەستەمیشە تەرمەکانیان بهێنرێنەوە بۆیە شاخەوانەکان کاتێک بەرەو چیاکە بەڕێ دەکەون دەبێت بەناو لاشەکاندا تێپەڕن.


سەرچاوەکان



1690 بینین