دوورگەی ڤانکۆڤەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-05-21:45:00 - کۆدی بابەت: 7508
دوورگەی ڤانکۆڤەر

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دوورگەی ڤانکۆڤەر

دوورگەی ڤانکۆڤەر (بە ئینگلیزی: Vancouver Island)، دوورگەیەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆقیانووسی هێمن و بەشێکە لە هەرێمی کەنەدی "بریتیش کۆلۆمبیا"، ئەم دوورگەیە 456 کیلۆمەتر (283 میل) درێژی و 100 کیلۆمەتر (62 میل) پانە، هەروەها ڕووبەرێکی 32,134 کیلۆمەتر دووجایەیی (12,407 میل دووجا) داگیرکردووە لە ناوچەکەدا، دوورگەکە لەڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین و ئاوەدانترین دوورگەیە بەدرێژایی کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئەمریکا، بەشی باشووری دوورگەی ڤانکۆڤەر و هەندێک دوورگەکانی کەنداوی دراوسێ تاکە بەشی بریتیش کۆلۆمبیا یان ڕۆژئاوای کەنەدان کە لە باشووری پاڕالێڵی چل و نۆیەم درێژدەبنەوە، ئەم ناوچەیە یەکێکە لەو ناوچانەی کەنەدا کە ئاووهەوایەکی مامناوەندی هەیە و لە ناوەڕاستی ساڵانی 1990 کانەوە هەندێک ناوچەکانی ئەم دوورگەیە ئاووهەوایەکی خۆشی هەبووە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بەروبوومەکانی دەریای سپی ناوەڕاست وەکو زەیتون و لیمۆ لە ناوچەکەدا گەشە بکەن، ژمارەی دانیشتوانی دوورگەی ڤانکۆڤەر 846278 کەسە بەگوێرەی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2020، نزیکەی نیوەی ئەم دانیشتوانە (401,700) لە ناوچەی ڤیکتۆریای پایتەختی هەرێمی بریتیش کۆلۆمبیا دەژیان، شار و شارۆچکە دیارەکانی تری دوورگەی ڤانکۆڤەر بریتین لە نانایمۆ، پۆرت ئەڵبێرنی، پارکسڤیل، کۆرتنی و ڕووباری کامپبێل، هەزاران ساڵ پێش ئێستا خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە نیشتەجێی دوورگەی ڤانکۆڤەر بوون، ماوەیەکی زۆر پێش گەیشتنی تاقمە دەریاییە ئیسپانی و بەریتانییەکان لە کۆتاییەکانی سەدەی 18، هەروەها ئیسپانییەکان و بەریتانییەکان پێکەوە ناویاننا دوورگەی کوادرا و ڤانکۆڤەر، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوورگەیە یەکێکە لەو چەند شوێنەی ئەمریکای باکوور کە بە ناوی جۆرج ڤانکۆڤەرەوە ناونراوە، کە لە نێوان ساڵانی 1791 و 1794 بە کەناری باکووری رۆژئاوای زەریای هێمندا گەڕاوە و لێکۆڵینەوەی لە ناوچەکە کردووە، دوورگەی ڤانکۆڤەر 43یەم گەورەترین دوورگەی جیهانە و 11یەم گەورەترین دوورگەی کەنەدایە و دووەم ئاوەدانترین دوورگەی کەنەدییە لە دوای دوورگەی مۆنتریاڵ، هەروەها بەرزی ئەم دوورگانە لە ئاستی دەریاوە 2,195 مەترە (7201 پێ) و پۆتانی ناوچەکە (49°38′N 125°42′W) یە.

تەکنەلۆجیا

لەناو گەورەترین شاری دوورگەکەدا "شاری ڤیکتۆریا" پیشەسازییەکی گرنگی تەکنەلۆجیا و ئایتی (IT) تێدایە، بەپێی ویبسایتی ئەنجومەنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ڤیکتۆریا، زیاتر لە 800 کۆمپانیای تەکنەلۆجیا لە هەرێمی ڤیکتۆریا کاردەکەن بە کۆی داهاتی ساڵانەی 1.95 ملیار دۆلار، هەروەها لە ڕێگەی کۆمپانیایاکانی گواستنەوەی شاو (shaw) و تێلوس (Telus) و هەندێک دابینکەرانی ناوخۆیی ئینتەرنێتی خێرایی بەرز گەیەندراوەتە دوورگەکە، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکانی ئینتەرنێتی وایەرلێس لە سەرانسەری دوورگەکەدا بەردەستە و زۆربەشیان بۆ بەکارهێنانی گشتی خۆڕایین، لە کاتێکدا دوورگەکە بەشی زۆری وزەکەی لە ژمارەیەک وێستگەکانی کارۆئاوی بەرهەم دەهێنێت، زۆربوونی خواستیش لەسەر وزە پێویستی بە دروستکردنی چەندین کێبڵی کارەبایی ڤۆڵتییە بەرز هەیە، هەردوو سیستمی گواستنەوەی وزە HVDC و AC وزە بە ناو تەواوی خاکی کەنەدیدا دەگەیەنن.

ڕاوەماسی

ڕاوەماسی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ژیانی زۆربەی دانیشتوانی دوورگەدا و کەشتییە بازرگانییەکانی ماسی گرتن لە  بەندەر و لەنگەرەکانی دوورگەکەدا کار دەکەن، هەروەها کێڵگەکانی ماسی کەنارەکە ساڵانە چەندین تەن ماسی سەلمۆنی ئەتڵەسی بەرهەم دەهێنن.


سەرچاوەکان



575 بینین