هەنگاوەکانی پاراستن و گرنگیدان بە پێست

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-14-00:27:00 - کۆدی بابەت: 7594
هەنگاوەکانی پاراستن و گرنگیدان بە پێست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆربەی مرۆڤەکان ئارەزووی پێستێکی ڕوون و پاک و بێخەوش دەکەن، زۆربەشیان یەک بۆ دوو کێشەی پێستیان هەیە، لەڕاستیدا پێستی بێخەوش بوونی نییە، بەڵام شتێکی چاوەڕوانکراوە کە پێستێکی تەندروستت هەبێت و دەرکەوتەیەکی جوانی هەبێت، ئەم چەند تێبینییەی خوارەوە ڕێنوێنییت دەکەن دۆزینەوەی ئەوەی کە پێستت دەیەوێت.

قۆناغی یەکەم

هەنگاوە بنچینەییەکان بۆ هەموو جۆرە پێستێک

دەستەواژەی گرنگیدان بە پێست ئاڵۆز دەبێت ئەگەر بیر لەو شتانە بکەیتەوە کە دەبێتە بەکاری بهێنیت لە هەنگاوەکانی گرنگیدان بە پێستدا، وەک: سیڕەم، لەوشن (نەرمکەر)، پاککەرەوە (غسول)، ڕوونکەرەوە (تۆنەر) و زەیتەکان.
کاتێک دێتە سەر باسی گرنگیدان بە پێست هەر پێستێک ویستێکی جیاوازی هەیە، بەڵام چەند بەرهەمێکی بنچینەیی و ڕاهێنانێک هەن کە هەموو کەسێک دەتوانێت تاقی بکاتەوە و سوودی لێ ببینێت.
یەکەم ڕێگا بۆ بوون بە خاوەنی پێستێکی باش ئەوەیە کە بە سادەیی بیپارێزیت و بەرهەمی زۆر تیژی بۆ بەکارنەهێنیت، هەنگاوە سادەکانی دیکە بریتیین لە:

یەکێکی تر لە بنچینە گرنگەکانی پاراستنی پێست ئەوەیە کە هەریەک لەم بەرهەمانە بە بڕی پێویست بەکاربێن و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانیاندا نەکرێت.
زۆربەی پزیشکانی بواری پێست دەڵێن: بەکارهێنانی هەموو ئەو بەرهەمانە هیچ سوودێکی نابێت ئەگەر دژەخۆر بەکارنەهێنیت، هەروەها بەکارهێنانی بەرهەمی زۆر نەک سوود بە پێستت ناگەیەنێت بەڵکوو زیانیشی پێدەگەیەنێت.
جگە لە بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە شارەزایانی بواری پێست پێشنیازی چەند تێبینییەکی تر دەکەن بۆ بەرەوپێش بردنی ڕۆتینی گرنگیدان بە پێست، تێبینییەکانیش بریتیین لە:

  • بەرهەمەکان بە ڕیزبەندی بەکاربێن.
  • حەفتەی یەک جار لابەری پێستی مردوو (تقشیر) بەکاربێت.
  • هەمیشە دژەخۆر بەکاربێت.
  • خواردنەوەی ئاوی زۆر.
  • لەگەڵ ڕووخساردا ملیش پاک بکرێتەوە.

ڕێکخستنی بەرهەمەکان

بەرهەمەکان دەبێت لە سووکترینیان لەسەر پێستەوە بەکاربێن بۆ قورسترینیان لەسەر پێست، ئەم یاسا سادەیە بەکاربهێنە بۆ ڕێکخستنی بەکارهێنانی بەرهەمەکانت.
وەک لەفەیەکی ساندویچ بیر لە سیستمی گرنگیدان بە پێستت بکەوە، بەم شێوەیە: نانەکانی هەر لایەکی لەفەکە پاککەرەوەی پێست و شێدارکەرەوەیە، هەروەها بەشە گەورەکەی ناو لەفەکە بریتییە لە سیڕەم، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت شێدارکەرەوە و پاککەرەوەی پێست شتێکی زۆر بنچینەیین و دەبێت پێش بەکارهێنانی سیڕەم گرنگیان پێ بدرێت.

لابەری پێستی مردوو

لابەری پێستی مردوو (تقشیر) یارمەتی لابردنی خانە مردووەکانی پێستت دەدات، بەڵام زۆر بەکارهێنانی دەبێتە هۆی ئەوەی پێستت بە دەردانی بڕێکی زۆری چەوری یان زیانپێگەیشتنی وەڵام بداتەوە، باشترە بەشێوەیەکی مامناوەند و هەفتانە یەکجار بەکاربێت.

دژەخۆر

گرنگترین بەرهەم بریتییە لە دژەخۆر، هەرگیز نابێت بەکارهێنانی دژەخۆر پشتگوێ بخرێت، بە پشت بەستن بە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٣ زیانی تیشکی خۆر هۆکارە بۆ ئەم کێشانە:

  • وشکبوونەوە
  • چرچبوون
  • پەڵە
  • ناڕوونی

تەڕکردنەوە

تەڕکردنەوە یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ پێستێکی تەندروست و بریقەدار، پێستی وشک زبر و ناڕوون دەبێت و تووشی خوران دەبێت.
خواردنەوەی شلەمەنی بە درێژایی ڕۆژ گرنگە بۆ هێشتنەوەی شێداری لەش لە ئاستێکی بەرزدا.

قۆناغی دووەم

دوای ئەوەی کە زانیت هەنگاوە بنچینەییەکانی قۆناغی یەکەمی گرنگیدان بە پێست چین، دەتوانیت بۆ زیاتر گرنگیدان بە پێستت پەیڕەوی چەند هەنگاوێکی دیکە بکەیت کە بریتیین لە:

بەکارهێنانی دوو پاککەرەوە

بەکارهێنانی دوو پاککەرەوە (غسول) یارمەتیدەرە بۆ لابردنی ئەو پیسی و ماکیاج و چەورییانەی کە بە درێژایی ڕۆژ لەسەر پێست کەڵەکە بوون، بە دڵنیاییەوە کە لەم هەنگاوەدا جۆری پاککەرەوەکان گرنگی خۆی هەیە، دەبێت یەکێکیان بنچینەکەی چەوری بێت (بە ئینگلیزی: oil-based cleanser) و ئەوی دیکەیان ئاو بێت (بە ئینگلیزی: water-based cleanser)، پاککەرەوەی بنچینە چەوری داڕێژراوە بۆ لابردنی ئەو پیسییانەی کە هۆکارەکەیان چەورییە، وەک: ماکیاج، دژەخۆر، چەوری پێست و پیسی ژینگەی دەوروبەر، دوای ئەوەی کە یەکەمجار پاککەرەوەی بنچینە چەورییت بەکارهێنا، هەنگاوی دواتر پاککەرەوەی بنچینە ئاوە، ئەم پاککەرەوەیە کاریگەری تەواوەتی خۆی دەخاتەسەر قووڵایی پێست، پیسییەکانی وەک ئارەق و پیسی ژینگەی دەوروبەر بەتەواوی لادەبات.
بەکارهێنانی دوو پاککەرەوە تەنها پێست پاک ناکاتەوە، بەڵکوو پێستی ناڕوون دەبوژێنێتەوە و ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی تری گرنگیدان بە پێست زیاتر کاریگەربن لەسەر پێست.
گرنگە کە بزانیت بەکارهێنانی دوو پاککەرەوەی بنچینە ئاو ئاساییە ئەگەر کەسێکیت کە پاککەرەوەی بنچینە چەوری بە پێستت ناکەوێت.

ڕوونکەرەوە

زیادکردنی ڕوونکەرەوە (تۆنەر) بۆ پێست مانای ئەوەیە کە تۆ هەلێکی دیکە دەدەیت بە پێستت تاکوو زیاتر پاک ببێتەوە و پێستی ڕووخسارت زیاتر هاوسەنگ بێت، هەروەها ئەو ماددە سوودبەخشانە دەگەڕێننەوە بۆ پێست کە لەوانەیە لەگەڵ پاککەرەوەدا لاچووبن.

ڤیتامین C

هەنگاوی دوای پاککەرەوە و ڕوونکەرە بریتییە لە سیڕەمی ڤیتامین C، کرێمەکانی ڤیتامین C پێست دەپارێزن دژی تیشکی زیانبەخشی خۆر، بەپێی تێپەڕبوونی کات وا لە پێست دەکەن زیاتر درەوشاوە و ڕوون بێت، باشترە کە ڤیتامین C لە ڕۆتینی بەیانیاندا بەکاربێت.

ڕێتینۆڵ

ڕێتینۆڵ  یەکێکە لە ناسراوترین بەرهەمەکانی تایبەت بە پاراستنی پێست، چارەسەرێکە کە بەبێ ڕەچەتەی پزیشکی بەکاردێت، ڕێتینۆڵەکان بریتیین لە دارێژراوەی ڤیتامین A کە بەکاردێن وەک دژەپیربوون و چارەسەری کێشەکانی پێستی وەک زیپکە.
لە هەندێک جۆری پێستدا ڕێتینۆڵ دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە، بۆیە باشترە پێش بەکارهێنانی پرس بە پزیشکەکەت بکەیت یاخود لەسەر بەشێکی بچوکی قۆڵت تاقی بکەیتەوە، نابێت ڕێتینۆڵ لەگەڵ ئەو بەرهەمانەدا بەکاربێت کە ڤیتامین C تێدایە.

شێدارکردنەوەی پیشەگەرانە

بەکارهێنانی شێدارکەرەوە ڕێگای دروستی خۆی هەیە، مەساج بە شێدارکەرەوە بکە لەسەر ڕووخسار و ملت بە ئاڕاستەی سەرەوە و دوور لە ناوەندی ڕووخسارت، واتە بە ئاڕاستەی گوێیەکان و دوور لە لووت.

پاککردنەوە بە ئاوی سارد

ئاوی گەرم زۆر توندە بۆ پێست، بۆیە هەمیشە ئاوی سارد یان شلەتێن بەکاربهێنە، هەروەها دووربە لە شۆردنی ڕووخسارت لە گەرماودا.

خۆراک

گۆڕانکاری لە ڤیتامین و ژەمدا کاریگەری هەیە لەسەر پێست، زۆربەی بەڵگە زانستییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە کاربۆهیدرات و شیرەمەنی لە هەندێک کەسدا هەوکردنی پێست زیاد دەکەن، هەوڵبدە بەپێی ئەزموونی خۆت ئەو خۆراکانە بدۆزیتەوە کە سوودبەخشن بۆ پێستت.

مەساجی ڕووخسار

مەساجی پێست یان ڕۆڵەی پێست یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی ئاوسانی پێست، ڕۆیشتنی خوێن بۆ پێست زیاد دەکات و دەرکەوتەیەکی ڕوون و نوێ دەدات بە ڕووخسار.

تێبینی دەربارەی میکیاج

پارچەیەک خاولی یان کرێمی پاککەرەوە (بە ئینگلیزی: cleansing balm) بەکاربهێنە بۆ لابردنی میکیاجەکەت، زۆربەی شارەزایانی بواری پێست لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەم دووانە زۆر کاریگەرترن لە لۆکە بۆ لێکردنەوەی میکیاج.
لەبیرت بێت هەمیشە فڵچەی ماکیاجەکەت بە خاوێنی ڕابگریت، چونکە بەکتریا لەسەر فڵچەکەت کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی گرتنی کونیلەکانی پێستت و دروست بوونی زیپکە.

پاراستنی پێست لە ماڵەوە

هەتا ئەگەر بەدرێژایی ڕۆژەکە لە ماڵەوە مایتەوە، ئەوا هەر دەتوانیت بەباشی گرنگی بە پێستت بدەیت، شارەزایانی بواری پێست پێشنیازی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەن:

  • بەکارهێنانی دژەخۆر: یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی پێست دژی ڕووناکی شینی شاشە ئەلیکترۆنییەکان.
  • سەرینەکەت: زوو زوو پشتییەکەت پاک بکەرەوە، هەوڵبدە قوماشەکەی ئاوریشم یان مس بێت.
  • خەوتن بە پشتدا تاقی بکەرەوە: خەوتن لەسەر پشت کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی چرچیی ڕووخسار.
  • خەوی باش: خەوێکی باش لە شەودا کلیلی بوونی پێستێکی جوانە.

پاراستنی زیاتری پێست

ئەگەر ویستت گرنگی زیاتر بدەیت بە پێستت کاتێک لە ماڵەوە دەچیتە دەرەوە، دەتوانیت:

  • شێدارکەرەوەی لێو و دژەخۆر لەگەڵ خۆتدا ببەیت و ناوبەناو نوێی بکەیتەوە.
  • خۆپاراستن لە پیسی ژینگە و تەپوتۆز بە بەکارهێنانی شێدارکەرەوە.
  • خۆپاراستن لە تیشکی خۆر بە بەکارهێنانی کڵاو و وەستان لە سێبەردا تاکوو دەتوانیت.
  • ئەگەر ماسکی پارێزەر بەکاردێنیت ئەوا ڕۆژانە بیشۆ.

پاراستن بەپێی جۆری پێست

شارەزایانی بواری پێست پێشنیازی ئەوە دەکەن زانینی جۆری پێست و تێگەیشتن لە تایبەتمەندی پێست، یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی هەڵبژاردەی ڕاست لە کاتی بەکارهێنانی هەر بەرهەمێکدا بۆ پێست، جۆرەکانی پێست بریتیین لە: (وشک، چەور، تێکەڵ و ئاسایی)

پێستی چەور

پێستی چەور بێزارکەر و پەستکەرە، بۆ پاراستنی ڕەونەقەی پێستت ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بکە:

  • زیادەڕەوی مەکە لە بەکارهێنانی ماسک و ئەو بەرهەمانەی دیکە کە پێست وشک دەکەنەوە.
  • هەفتەی یەک بۆ دووجار لابەری پێستی مردوو بەکاربهێنە.
  • دووربە لە کرێمی شێدارکەرەوە و هەوڵبدە جێڵێکی سووکتر (بە ئینگلیزی: lighter gel) بەکاربهێنیت.
  • ئەو پڕایمەر و بنچینانە (ئەساس) بەکاربهێنە کە تایبەتمەندی ماتکەری پێستیان هەیە.
  • سیڕەمی نایاسینەماید یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی چەوری پێست.

پێستی وشک

مامەڵەکردن لەگەڵ پێستی وشک کەمێک قورسە، ئەم تێبینیانەی خوارەوە جێبەجێ بکە بۆ بە شێدار هێشتنەوەی پێستت:

  • پێستت شێدار بکەرەوە بۆ پاراستنی شێدارییەکەی.
  • دووربە لە بەکارهێنانی ئاوی گەرم.
  • خواردنەوەی کافایین و خواردنی خوێ کەم بکەوە، چونکە پێست زیاتر وشک دەکەنەوە.
  • با هەمیشە شێدارکەرەوەی لێوت پێ بێت، چونکە دەکرێت لەگەڵ پێستدا لێویشت بە درێژایی ڕۆژ وشک ببێتەوە.
  • هەفتەی یەک جار پێستت بە ماسکی شێدارکەرەوە شێدار بکە، دواتر شێدارکەرەوەی لێبدە.
  • زەیتی ڕووخسار شەوانە دوای بەکارهێنانی شێدارکەرەوە یەکێکی دیکەیە لە باشترین ڕێگاکان.

پێستی تێکەڵ

ئەگەر پێستت لە ناوچە جیاوازەکانی ڕووخسارتدا چەور و وشکە، ئەوا تۆ خاوەنی پێستێکی تێکەڵیت، ئەم زانیارییانە بزانە دەربارەی پێستت و گرنگی پێدانی:

  • ناوچەی تی (بە ئینگلیزی: T-zone) کە ناوچاو و لووت و چەناگە دەگرێتەوە چەورە و سەر ڕوومەتەکان وشکن، ئەگەر خاوەنی ئەم پێستەیت ئەوا پێویستت بە بەرهەمی جیاوازە بۆ هەر بەشێکی پێستت.
  • ئەو بەرهەمە نیانانە هەڵبژێرە بۆ پێستت کە پێستت بێزار ناکات، بەتایبەت ئەو بەرهەمە شێدارکەرەوانەی کە کحولیان تێدا نییە.
  • بە نەرمی پێستی مردووی ڕووخسارت لابدە، لە کاتێکدا کە حەفتانە بەکارهێنانی لابەری پێستی مردوو بۆ پێستی چەور باشە، بەڵام بەشە وشکەکانی پێستت خراپتر دەکات، بۆیە هەوڵبدە نێوانی بەکارهێنانی لابەری پێستی مردووەکەت لە هەفتە زیاتر بخایەنێت و بە نەرمی بەکاری بهێنیت.

پێستی ئاسایی

پێستی ئاسایی بەوە جیادەکرێتەوە کە نە بەتەواوی وشکە و نە چەورە، بەم شێوەیە پێستە ئاساییەکەت بپارێزە:

  • شەوانە لەوشن یان کرێم بەکاربهێنە لەبری جێڵی شێدارکەرەوە.
  • بەرهەمی زۆر بەکارمەهێنە بۆ پێستت، چونکە پێستی ئاسایی پێویستی بە گرنگی پێدانی کەمترە و زیادکردنی هەنگاوی نا پێویست بۆ قۆناغەکانی گرنگیدان بە پێست دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پێستت.
  • پێستت بپارێزە بە بەکارهێنانی دژەخۆری (SPF 30) یان بەرزتر.

پێستی زیپکاوی

ئەو پێستانەی کە زیپکاوین مامەڵەکردن لەگەڵیاندا کەمێک سەختە، ئەم خاڵانەی خوارەوە چەند تێبینییەکن بۆ ئەوەی پێستت بە خاوێنی بپارێزیت:

  • جۆری پێستەکەت بناسە، ترشی سالیسیلیک (بە ئینگلیزی: Salicylic acid) بەسوودە بۆ نەهێشتنی زیپکەی سەرڕەش و سەرسپی، لە کاتێکدا کە ژوورئۆکسیدی بەنزۆیڵ (بە ئینگلیزی: benzoyl peroxide) بەسوودە بۆ زیپکە گەورە و قووڵەکان.
  • پێستت بە شێداری بهێڵەرەوە، لە کاتێکدا کە دەتەوێت پێستت وشک بکەیتەوە بۆ ئەوەی کەمتر چەور ببێت، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی پێستەکەت زیاتر چەوری بەرهەم بهێنێت بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو چەورییە لەدەست چووە بکاتەوە.
  • دەستکاری زیپکەکانت مەکە و هەڵیان مەکەنە چونکە دواتر جێگاکەیان دەردەچێت و دەبێت بە پەڵە بە ڕووخسارتەوە.
  • دوای بەکارهێنانی تۆنەر و پێش شێدارکەرەوە کرێمێک یان بەرهەمێکی تایبەت بە چارەسەری زیپکە بەکاربهێنە.
  • ڕێتینۆڵ بەکاربهێنە، بەکارهێنانی ڕێتینۆڵ لە ئێواراندا سوودێکی باشی دەبێت بۆ چارەسەری زیپکە و دواخستنی پیربوونی ڕووخسار.

پیاوان و گرنگیدان بە پێست

پێست هەر پێستە و جیاوازی نییە هی چ ڕەگەزێکە، چونکە بەپێی جۆر و کێشەکانی پێستەکە بەرهەم و چارەسەر بەکاردێت نەک بەپێی ڕەگەز، چەند تێبینییەک تایبەت بە پیاوان بۆ پاراستنی پێستیان:

  • لووت لەبیر مەکە کاتێک ڕۆتینی پاراستنی پێستەکەت جێبەجێ دەکەیت
  • ڕۆژانە پاککەرەوەی ڕووخسار و تۆنەر و شێدارکەرەوە و دژەخۆر بەکاربهێنە.
  • با ئەو گوێزانە یان ئەو مەکینەیەی بەکاری دەهێنیت بۆ تاشینی موو هەمیشە خاوێن بێت.
  • پاککەرەوەی ڕیش بەکاربهێنە بۆ خاوێن ڕاگرتنی موو و پێستی چەناگەت.

وردەکاری پیشەگەرانەی بەکارهێنانی بەرهەمەکان

ئاماژە بەو بەرهەمانە درا کە پێویستن بۆ پێست و بەپێی جۆری پێستەکان گونجاون، ئەم چەند تێبینییەی خوارەوە بەسوودن بۆ باشتر بەکارهێنانی بەرهەمەکان و زیاتر سوود لێ بینینیان:

  • لەسەرخۆبە، لە نێوان بەکارهێنانی هەر بەرهەمێک و بەرهەمێکی دیکەدا چەند خولەکێک بوەستە، بۆ ئەوەی کاریگەری بەرهەمەکان زیاتر بکەیت.
  • خێرا دەست مەکە بە گۆڕینی بەرهەم و کات بدە بە پێستت تاکوو لەگەڵ بەرهەمێکی نوێدا ڕادێت.
  • شتی زیادە و ناپێویست مەکڕە، هەروەها تاکوو دەتوانیت لە دەرمانخانەکان بەرهەمی تایبەت بە پێستت بکڕە.
  • گۆڕانکاری بکە، ڕۆتینی پاراستنی پێستەکەت بەپێی سووڕی ژیان و وەرز و تەمەنت بگۆڕە.
  • ڕێگری بکە لە چرچبوونی دەوری لێوت بە بەکارهێنانی کرێمی ژێر چاوەکەت بۆ چواردەوری لێویشت.
  • ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆرەوە.

پوختە

گرنگیدان بە پێست هەمیشە کارێکی ئاسان نییە، بیرت بێت کە ئاواتخواستن بۆ پێستێکی بێخەوش بەتاڵە، ئەوەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بانگەشە بازرگانییەکاندا دەبینرێت فلتەر و فۆتۆشۆپە و دەستکاری کراوە، بێخەوشی لە پێستدا نییە، هەموو مرۆڤێک کەموکورتییەک یان ناڕێکییەک لە پێستی هەیە، دەکرێت لە قۆناغێکی ژیانیدا تووشی دڵەڕاوکێ ببێت و کار لە پێستی بکات، ئەمە شتێکی ئاساییە و بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دێت، گرنگ ئەوەیە ئەو پێستەی هەتە خۆشت بوێت.
ئەو تێبینییانەی باسکران جێبەجێ بکە و هەڵبژاردنی خۆت بکە بۆ بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێست و شێوازی بەکارهێنانیان بەپێی پێویستی پێستت.


سەرچاوەکان



1730 بینین