هامبۆرگ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-10-23:50:00 - کۆدی بابەت: 7795
هامبۆرگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شاری هامبورگ (بە ئینگلیزی: Hamburg)، دووەم گەورەترین شاری ئەڵمانیایە لە دوای بەرلین، بە شێوەیەکی گشتی حەوتەمین شاری گەورە و گەورەترین شاری یەکێتی ئەورووپایە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 1.84 ملیۆن کەسە، ناوچەکانی سەر بەم شارە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی لێ نیشتەجێیە، هامبورگ دەکەوێتە سەر ڕووباری ئێڵبی و دوو لە لق و پۆپەکانی ڕووبارەکە، هەروەها شاری هامبورگ یەکێکە لە 16 ویلایەتەکانی فێدراسیۆنی ئەڵمانیا و لە بەشی باکوورەوە بە ویلایەتی شلێسڤیگ-ھۆلشتاین و لە بەشی باشوورەوە بە ویلایەتی ساکسۆنیای خواروو دەوردراوە.

ناوی شارەکه لەڕووی وشەزانییەوە

ناوی هامبورگ لە قەڵایەکی ناوچەکەوە هاتووە کە ئیمپراتۆر شارلمان لە ساڵی 808ی پێش زایین فەرمانی بە دروستکردنی کرد، وشەی هامبورگ (Hammaburg) لە دوو بڕگە پێکدێت، بڕگەی (Hamma) واتایەکی دڵنیاکەرەوەی نییە و بڕگەی (burg) بە مانای قەڵا دێت.

دانیشتوانی شارەکە

شاری هامبورگ یەکێکە لە شارە ناسراوەکانی ئەڵمانیا، ئەم شارە تەنیا شوێنێکی سەرنج ڕاکێش نییە بۆ سەردان کردن، بەڵکو ئەو شوێنەیە کە چەندین تایبەتمەندی جیاوازی هەیە و بەدرێژایی سەدەکان چەندین جار وێران کراوە، هەر جارێک کە کاولکارییەک بەسەر هامبورگدا ئەهات دانیشتوانەکەی کاریان بۆ ئەوه دەکرد کە شارەکە باشتر لە جاران بنیادبنێنەوە، دانیشتوانی هامبورگ لە نێوان ساڵانی 1995 و 2010دا کەم بوونەوەیەکی بە خۆییەوە بینی، بەڵام لە دوای ئەم کەمبوونەوەوە بەخێرایی گەڕایەوە باری ئاسایی، هەروەها چڕی دانیشتوان لە ناو شاردا زۆر بەرزە و 6,010 کەسە بۆ هەر میلێکی چوارگۆشە.

ئایین

ئامارەکان لە ئێستادا ئەوە دەردەخەن کە ئەو ئایینانەی لە شاری هامبورگ هەن بریتین لە مەسیحی، پڕۆتستانتی (گاورەكان) و كاسۆليكی، ٪65ی دانیشتوانی ئەم شاره بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مەسیحین، 23٪ پڕۆتستانتی و 31٪ یش کاسۆلیکین و کاسۆلیکی بە ئایینی سەرەکی خۆیان دەزانن، ئایینی زیاتر لەناو وڵاتەکەدا هەیە و موسڵمانان لە ئێستادا هەوڵی ئەوە دەدەن ئایینی خۆیان پۆلێن بکەن، بەڵام هیچ داتایەکی هەنووکەیی جگە لە گفتوگۆیەکی بەردەوامی ناو حکومەت بوونی نییە و لەبەر ئەم هۆکارە موسڵمانانیش سکاڵایەکیان پێشکەش کردووە.

کەشوهەوای هامبورگ

هامبورگ کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، گەرمترین مانگەکانی ئەم شارە بریتین لە حوزەیران، تەمووز و ئاب، پلەکانی گەرمی 20.1 بۆ 22.5 پلەی سەدییە، ساردترین مانگەکانیشی بریتین لە کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و شوبات، پلەکانی گەرمی 0.3− بۆ 1.0 پلەی سەدییە، هەروەها ڕێژەی بارینی بەفر لە چەند دەیەیەکی ڕابردوودا زۆر جیاواز بووە، لە کۆتایی ساڵی 1970 بۆ سەرەتای ساڵی 1980ڕێژەی بەفر بارین لەو وڵاتە زۆر بووە، بەڵام مانگەکانی زستانی ئەم ساڵانەی دواتر کەمتر سارد بوون و لە ساڵێکدا چەند ڕۆژێک بەفر دەبارێت.

گەشتیاری

گەشتیاری لە شاری هامبورگ وەکوو زۆربەی شارە مێژووییەکان بەشێکی گرنگی ژیانە، گەشتیاری لەم شارەدا ساڵانە بەلایەنی کەمەوە 7.2% گەشە دەکات، لە ساڵی 2017دا زیاتر لە 6,783,000 سەردانکەر سەردانی شارەکەیان کردووە و 13,822,000 کەسیش لە شەودا ماونەتەوە، کەرتی گەشتیاری زیاتر لە 175000 کارمەندی هەیە و بە شێوەی فوڵ تایم (واتە هەفتانە 40 کاتژمێر) لە کاردان و داهاتەکەشی نزیکەی 9 ملیار یۆرۆیە، ئەمەش وا دەکات پیشەسازی گەشتیاری ببێت بە هێزێکی گەورەی ئابووری لە ناوچەکانی سەر بە هامبورگ، ئەم شارە یەکێک لە خێراترین پیشەسازییەکانی گەشتیاری لە وڵاتی ئەڵمانیا هەیە. لە ساڵی 2001 بۆ 2007 ڕێژەی بە شەودا مانەوەی سەردانکەرەکان 55.2٪ زیادی کردووە.


سەرچاوەکان



867 بینین