پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-02-11-16:54:00 - کۆدی بابەت: 7803
پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

گرنگی پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ

هەموو مرۆڤەکان بە پێی تەمەنیان لە جیهاندا پێویستیان بە پەیوەندییە، کاتێک کە پێویستییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانی منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە بەدیبهێنرێت منداڵ بە شاد و خۆشحاڵی گەورە دەبێت، بە هۆی گەشەی تواناکان و کەسایەتی دەتوانێت باشتر لێهاتووییەکانی بدۆزێتەوە.

بیر و هۆش شتێکە کە پێویستی بە پەروەردەکردن هەیە ئەگەر منداڵێک لە ژینگەیەکی جێگیر و دووبارەبووەوە گەشە بکات کە ورەی بۆ فێربوون نەبێت، هەرچەندێک کە ئاستی بیر و هۆشی بەرز بێت بەپێی کات دادەبەزێت، بۆ نموونە ئەگەر دوو منداڵ لە یەک ئاستی هۆشیدا لە دوو ژینگە و کولتووری جیاوازدا دابنێین، تێدەگەین ئەو منداڵەی کە لە ژینگەیەکی کولتوور هەژاردا گەشە دەکات تەنانەت ڕەنگە دووچاری دواکەوتنی ژیری ببێت، کات و ژینگە بۆ گەشەی تواناکانی دابین نەکراوە بە پێچەوانەی ئەو منداڵەی کە لە کۆمەڵگایەکی کوولتور دەوڵەمەنددا گەشە دەکات، گەشەی بیر و هۆشی زۆر پێشکەوتوە و لە ژیانیدا پێشکەوتنی باشی دەبێت، بەم شێوەیە دەزانین کە ژینگە و کولتوور کاریگەریی زۆریان لەسەر شێوازی گەشەی منداڵ هەیە، ئەگەر ژینگەکە بۆ گەشەی تواناکانیان ئامادە بکەین دەتوانین گەشەی بیر و هۆشیان ببینین.
منداڵ جگە لە گەشەی جەستەیی پێویستی بە گەشەی کۆمەڵایەتی و دەروونیش هەیە، ئەگەر ژینگەی گونجاو فەراهەم بکرێت بۆ نموونە، کەرەستەی یاری گونجاو و پێویست، میکانۆ، پەرتووکی چیرۆک، هەروەها ژینگەیەکی سەوز، بەشداریکردن لە چالاکییە بە کۆمەڵەکان بەباشی گەشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەکات.

ئەو هۆکارانەی پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ بەدیبهێنن

هەستی پارێزراوی و ئاسایش

منداڵ پێویستی بەوەیە هەست بکات لە ئاسایشدایە و پارێزراوە، لە ژینگەیەکدا کە بێ مەترسی و ئارامە ژیان دەکات و فێر دەبێت، دایکان و باوکانیش دەیانەوێت منداڵەکەنایان لە زیانی رۆحی و جەستەیی بپارێزن، منداڵ بەرپرسیارێتی هەموو هەستەکانی دەدات بە دایک و باوکی تاکوو وەکوو پاڵەوانێک پارێزگاری لێ بکەن، منداڵەکان نەخەنە بارودۆخێکەوە تێیدا دووچاری شکت ببن.

هەستی خۆشەویستی و گرنگی پێدان

هەموو منداڵێک پێویستی بەوەیە ئەزموونی خۆشەویستی و گرنگ بوون بکات لەلایەن دایک و باوکییەوە، دەبێت بڕوا بکات کە دایک و باوکی هەموو هەوڵی خۆیانی بۆ دەدەن و ئامادەن هەموو شتێک بۆ منداڵەکەیان بکەن، بەم کارە منداڵ دەزانێت کە چەند گرنگە بۆ دایک و باوکی و هەست بە گرنگی خۆی دەکات.

هەبوونی هەستی ڕێکخراوی

منداڵ دەبێت هەست بکات کە دەتوانێت تا ڕادەیەک کۆنتڕۆڵی ژیانی بکات و ڕەفتارەکانی هەڵبسەنگێنێت، بۆ ئەمەش دەبێت دایک و باوکیش لەڕووی ڕەفتارەوە باش بن و کارەکانی خۆیان بە ڕێکخراوی و بە یاسا ئەنجام بدەن تاکوو منداڵیش فێر ببێت.

هەستی سەربەخۆیی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی

منداڵ دەبێت وەکوو گەورە هەستی سەرکەوتن تاقی بکاتەوە، هەندێک کات تامی سەرکەوتن بکات و هەست بکات کە بەهێز و بەتوانایە، بۆ ئەمەش ئێوە دەتوانن ئەرکی بچووکی پێ بدەن، کە منداڵ بتوانێت ئەنجامی بدات و بە ئەنجامدانی هەست بە شایستەبوون و سەربەخۆیی بکات، هەڵبەت ڕەنگە زۆر کات پێویستی بە کەمێک یارمەتی بێت بۆ ئەنجامدانی کارەکە، کە ئێوە دەتوانن هاوکاری بکەن تا سەردەکەوێت.
یەکێکی تر لە سوودەکانی ئەم کارە ئەوەیە یارمەتی دایک و باوک دەدات ئاشنای کارە دڵخوازەکانی منداڵ ببن، تێدەگەن کە منداڵەکەیان دەتوانێت چی کارێک بەباشی ئەنجام بدات، بە دووبارەکردنەوەی ئەو کارە دەتوانن هەستی ڕەزامەندی و سەربەخۆیی لای منداڵ گەشە پێ بدەن.

پێویستی لێ تێگەیشتن و گرنگی پێدان

منداڵ پێویستی بەوەیە بزانێت دایک و باوکی گرنگی پێ دەدەن و سەرنجی دەدەن، هەروەها کاتێک قسە دەکات و شتێک دەردەبڕێت لێی تێبگەن، قسەکانی بێ ئەنجام نەبووبێت، بزانێت کە دایک و باوکی بەهای قسەکانی دەزانن و باوەڕی پێ دەکەن.
هەندێک کات منداڵ بە پەرۆشەوە باسی شتانێکی سەیر دەکات و دەیانگێڕێتەوە، چاوەڕێیە کاردانەوەی ئەوانی تر ببینێت، لەم کاتەدایە کە دەبێت ئێوە وەکوو دایک و باوک بە سەرنجەوە گوێ لە قسەکانی بگرن و بە جۆرێک قسەی لەگەڵ بکەن کە وادیار بێت لە قسەکانی تێ گەیشتوون و باوەڕ دەکەن، تەنانەت لەسەر ئەو بابەتەی باسی دەکات پرسیاری لێ بکەن تا لە سەرنجتان بۆ بابەتەکە تێبگات، ئەم کارە هەستی گرنگ بوون لای منداڵ گەشە پێ دەدات.

ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی

مێشکی منداڵان کاتێک گەشە دەکات کە ئەزمونی زۆر و جیاوازی هەبێت و شتی زۆر بینیبێت، دەستی لێ دابێت، گوێی لێ بووبێت، تامی کردبێت یان بۆنی کردبێت، لەبەر ئەوە دەبێت ئێوە ژینگەیەک بۆ جووڵە و چالاکییەکانی منداڵ دابین بکەن، تاکوو بتوانێت بە ئاسانی و ئارامی چالاکییەکانی ئەنجام بدات و ئەزمونیان بکات.

ئەنجامەکانی دابینکردنی پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ

کاتێک ئێوە پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ دابین دەکەن، پەیداکردنی هاوڕێ و دروستبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەکەوێتەوە سەر منداڵەکە، هەروەها کاتێک منداڵ لە خێزانەکەی دوور دەکەوێتەوە و تێکەڵی منداڵانی تر دەبێت، ئاسانتر دەتوانێت پەیوەندی دروست بکات و ئەم کارانەی خوارەوە ئەنجام بدات:

هاوبەشیکردن

هاوبەشیکردن بە خواردن یان کەرەستەی یاری منداڵ لەگەڵ منداڵانی تر دەتوانێت لە پەیداکردنی هاوڕێ یان هێشتنەوەی یارمەتی منداڵ بدات، منداڵ لە دوای دوو ساڵی کاتێک شتێکی زۆر پێ دەبێت حەزدەکات لەگەڵ کەسانی تر هاوبەشی پێ بکات، بۆ دروستکردنی ئەم ڕەفتارە نابێت منداڵ ناچار بکەن هاوبەشی بە شتێک بکات، بەڵکو کاتێک منداڵ خۆی ئەم کارە ئەنجام دەدات هانی بدەن و باسی گرنگی ئەو کارەی بۆ بکەن کە ئەنجامی داوە و دەست خۆشی لێ بکەن.

هاوکاریکردن

دەبێت منداڵ فێر ببێت بۆ چارەسەرکردنی هەندێک شت پێویستی بە کاری بەکۆمەڵ و تیم هەیە، دەبێت بە هاوکاری و هاوبەشیکردن لەگەڵ یەکتر ڕووبەڕووی هەندێک شت ببنەوە، بۆ فێرکردنی هاوکاری بۆ منداڵ دەبێت باسی گرنگییەکانی کاری بە کۆمەڵی بۆ بکرێت هەروەها لە خێزاندا کارەکان بەکۆمەڵ ئەنجامبدرێن، دواتر باسی سوود و باشییەکانی کاری بەکۆمەڵ و تیم بکرێت، لەو سوودانەش:

-  پەیڕەویکردنی یاسا
-  دروستبوونی پەیوەندی نێوان چاوەکان
-  ڕێزگرتن
- ڕێزگرتن لە سنووری کەسی ئەوانی تر
-  گوێگرتن


سەرچاوەکان



1349 بینین