ئەنتاڵیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-20-14:00:00 - کۆدی بابەت: 8003
ئەنتاڵیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەنتالیا (بە ئینگلیزی: Antalya) پێنجەم ئاوەدانترین شاری تورکیا و هەروەها پایتەختی پارێزگای ئەنتالیایە، ئەم شارە دەکەوێتە سەر کەناری باشووری ڕۆژئاوای ئەناتۆلیا کە هاوسنوورە لەگەڵ چیاکانی تۆرۆس، ئەنتالیا گەورەترین شاری تورکیایە لە کەناری دەریای سپی ناوەڕاست لە دەرەوەی ناوچەی ئیجە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە پایتەخت زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە.

مێژووی شارەکە

شاری ئەنتالیا بۆ یەکەم جار لە دەوروبەری 200 ساڵ پێش زایین خێزانی دەسەڵاتداری (ئاتەلیدی شاری پێرگەمۆن)ـی لێ جێگیر بوو‌، کە دەسبەجێ لەلایەن ڕۆمانەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرا، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ڕۆمانییەکاندا شارەکە لە چەند ڕوویەکەوە گەشایەوە، لەوانە دروستکردنی چەندین مۆنۆمێنتی نوێ، وەکوو دەروازەی هادریان و زۆربوونی شارەکانی دراوسێ، ئەم شارە چەند جارێک دەستی بەسەردا گیراوە و هەرجارەو لایەنێک فەرمانڕەوایی ناوچەکەی کردووە، لەوانە لە ساڵی 1207دا لەژێر دەسەڵاتی سوڵتانی سەلجوقیدا بوو و هەروەها لە ساڵی 1391دا دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ناوچەکەدا بەرفراوان بوو، دەسەڵاتی عوسمانی بۆ ماوەی پێنج سەد ساڵ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەرقەرار کرد، ئەم شارە لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەلایەن ئیتالیاوە داگیرکراوە، بەڵام لە جەنگی سەربەخۆییدا لەلایەن تورکیایەکی تازە سەربەخۆوە دووبارە دەستی بەسەردا گیرایەوە.

گرنگی شارەکە

شاری ئەنتالیا گەورەترین هاوینەهەواری دەریای نێودەوڵەتی تورکیایە، دەکەوێتە سەر ڕیڤیرای تورکی و لە ساڵی 2019دا 13.6 ملیۆن گەشتیار بەناو شارەکەدا گەڕاون.

کەشوهەوای شارەکە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای شاری ئەنتالیا تایبەتمەندی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستی هەیە کە هاوینی گەرمە و بەلایەنی کەمەوە چوار مانگی ساڵ پلەکانی گەرما لە سەرووی 10 پلەی سەدییەوەن، هاوینی ئەم شارە گەرم، وشک و شێدارە، زستانیشی باراناوییە، ئەنتالیا شارێکی زۆر هەتاوییە و ساڵانە نزیکەی 3,000 کاتژمێر خۆر بە ئاسمانەوە دەدرەوشێتەوە، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە یەکی تەمووزی ساڵی 2017دا 45.4 پلەی سەدی بوو، کە بە شێوەیەکی ئاسایی تێکڕای بەرزی پلەی گەرمی شارەکە 34.4 پلی سەدییە. هەروەها نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی شوباتدایە و 4.6- پلەی سەدییە، لە کاتێکدا تێکڕای نزمی پلەی گەرمی ئەنتالیا 6.1 پلەی سەدییە. لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی دەریا لە وەرزی زستاندا 16 پلەی سەدییە و لە هاویندا 27 پلەی سەدییە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

لە ساڵی 2010دا، سیستمی تۆمارکردنی ڕێژەی لەدایکبوون ژمارەی دانیشتوانی سەر بە ئەنتالیای بە 1,001,318 کەس پیشاندا، کە 502,491 هاوڵاتی نێر و 498,827 مێ لەخۆدەگرێت.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی شارەکە

  1. خاکی ئەفسانەکان
  2. تەلەفریکی ئۆلیمپۆس
  3. بازاڕی مەناڤگات
  4. جیپ سەفاری
  5. هاوینەهەوارەکانی کەنار دەریا
  6. یاری پاراگلایدەر
  7. تەلەفریکی ئالانیا
  8. ئەنتالیا ئەکواریۆم
  9. کواد یان قواد سەفاری
  10. ڕووباری مەناڤگات کروز


سەرچاوەکان



631 بینین